بەغدا... شكست و هیوا

عەبدولرەزاق شەریف
كۆبونەوە و نەبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەسەلەیەكی تەواو پەیوەستیداری كێشەكانی ناو ماڵی شیعەكانی عێراقە و ئەكرێت نێوانی هەردو ئاراستە و هێزی نوری مالكی و موقتەدا سەدر بێت گەر وردتری بكەینەوە . ئەم دو هێزە وەك یەك لە ئێران و لوبنانەوە دور و نزیكن و وەك یەك كاریگەری ئەوان و مەرجەعیەتی نەجەفیشیان لەسەرە ، بۆ دۆستایەتی و وەلائی ئاینیش لە هەمو هێزەكانیتری شیعە دورترن لە ناوەندەكانی بڕیاری دەرەوە و زیاتر وەلائی عێراقی و عەرەبیان هەیە .

ئەوان شەڕی سەرۆك وەزیران و جومگە هەستیار و گرنگەكانی كابینەی حوكمڕانی ئایندە ئەكەن كە ساڵانێكە هێزەكەی مالكی لە زۆریانا جێگیر بوە ، بە مانایەكیتر سەدر ئەیەوێ جێگە بە مالكی لێژ بكات و مالكی شەڕی مانەوە ئەكات .
پارتی و یەكێتی لە رێكنەكەوتنی خۆیانا ، شەڕی سەرۆك كۆماریان خستۆتە ململانێی ئەوانەوە هەر یەك خۆی بە لایەكدا ، هەڵواسیوە . گەرنا هیچ هێزێك لە عێراقدا رێكەوتن و بەتەنیا كاندیدێكی كوردی بۆ سەرۆك كۆمار رەتنەكردۆتەوە ئەوە بارزانی و تاڵەبانیە رێكناكەون و هەریەك تەماحیان لە پۆستەكەدا هەیە .

ئاشكرایە تەحالوفەكەی پارتی ئەندامەكانیان بە ژمارە زیاترن و هەركات كۆبونەوە رێكبخرێت كاندیدەكەی پارتی دەرئەچێت ، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش سیناریۆیەكی لاوازە ، ملنەدانی یەكێتیش هەر لە سەرەتاوە بۆ گۆڕینی كاندیدەكەیان و سازش نەكردنیان توڕەبونی زیاتری پارتی بەدوای خۆیدا هێنا كە جارێكیتر زەحمەتە پارتی پاشەكشە بە كاندیدەكەیان بكەن . 

دواخستنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەرفەتێكی زیاترە لە پێناوی رێكەوتن و پەرتنەبونی ماڵی شیعەدا نەك وەك هەندێ بانگەشەی بۆ ئەكەن لە بەرخاتری یەكێتی  یان یەكریزی ماڵی كورد بێت .

كەواتە هەركاتێك ئەوان رێكەوتن پەرتبون و كێشەكانی ناوخۆی پارتی و یەكێتی و حیزب و لایەنەكانیتری كوردستانی لە عێراق و هەرێم زیاتر ئەبێت و خەڵكی كوردستانیش زەرەرمەندی یەكەم ئەبن .

رەتكردنەوەی ویستی پارتی لەلایەن یەكگرتو ، ویستی یەكێتی لەلایەن نەوەی نوێ وە سەربەخۆیی  ئیرادەیانی سەلماند كە مایەی رێز و پشتیوانیە بۆ ئەوەی هانبدرێن لە ئایندەشا هەر وا بمێننەوە ، نەك وەك هەندێ پێیوایە ئەو دو لایەنە دەنگەكانی خۆیان لە ترسا یان بۆ بەرژەوەندی مادی خستێبێتە پاڵ ئەم یان ئەویان . 

جارێكیتر پارتی ئەوەندەی ئیشی بە دەنگەكانی ( یەكگرتو ، نەوەی نوێ و كۆمەڵ )ە ، ئەوەندە ئیشی بە دەنگەكانی یەكێتی نیە چونكە پێویستی پارتی ئەوەندەی بەكارهێنان و نمایشی كۆدەنگی كوردە هێندە دەستهەڵبڕینی ناو ئەنجومەنی نوێنەران نیە ..!
 كەواتە دەرگایەك بۆ فشارخستنە سەر پارتی بۆ ئەو سێ لایەنە ئەكرێتەوە، خۆ ئەگەر هەرسێكیان خۆیان لە بەرەیەكی كوردستانیا رێكبخەن، خەڵك ئومێدی زیاتری پێیان ئەبێت .

ئەو هەوڵ و هیوایەی كوردیش كەچاوەڕواندەكرێت  لە بەغدا و لەسەر دەستی پارتی و یەكێتی بە شكست بگات، بە دروستكردنی جەبهەیەكی ئۆپزسیۆن لە هەولێر، هیوای سەركەوتنێك بۆ كورد لە هەرێمی كوردستان ئەگەڕێنێتەوە .




26/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر