بەڵێ کابەکەچ بووە!!

عەبدولرەزاق شەریف
هەموان پێویستە سوپاس و دەستخۆشی لەو رۆژنامەنوسە گەنجە بەرپرسیارە ئازایانە بکەین، منیش دوای رێز و سڵاو بۆیان روخسەتیان لێوەرەگرم بە کۆپی یان رونکردنەوە وەک پشتیوانیکردنیان تەوزیفێ بۆ جوامێری ئەوان بکەم، بەڵکو حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و هەمو دنیا لەو فەزیحەیە بەخەبەر بێن و ئاگادار بن .

من لام گرنگ نیە کێ و کام دەزگا و چ وەزیریک و کێها حیزب و لە پشت فەزیحەی ( یانەی سیروان )ەوەن ! ئەم مەسەلەیە تەواو چڤاکیەو پەیوەندی بە ئێستا و ئایندەی رۆڵەکانی کورد و گەشەکردنی کۆمەڵی کوردەواریەوە هەیە . 

مناڵ و توانای مێردمناڵی سامانێکی گەورە و زامنی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە، لە دنیای ئەمڕۆدا توانا و پسپۆڕی و لێزانی کایەکانی ژیانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا، لە قۆناغەکانی سەرەتایی و مێردمناڵیەوە دەرئەکەون و جیا ئەکرێنەوە، ئیتر بە بەرنامە جومگەکانی دەسەڵات و دەوڵەت بۆ هەر بوارێکی ژیان نەوەکانی خۆی ئەناسێ و ئاراستەیان ئەکات . 

خێزان وەک یەکەیەکی بچوکی ئیدارەی دەوڵەت و کۆمەڵ دەور و کاریگەری لەو ئاراستە کردن و دواجار پێشکەوتن و گەشەکردنەدا هەیە، هاندان و کارئاسانی و خۆشکردنی ئەو روبەرەش بۆ خێزان و دەوروبەر، بە یاسا و دەستور رێکخراو و پارێزراو ئەبێت، بۆیە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و پەیمان و گرێبەستە کۆمەڵایەتیەکان پارێزگاری و پارێزبەندی تەواوی بۆ تەمەنی خوار هەژدەساڵ داناوە و هەمو دەستدرێژی و یاریکردنێک بە کەرامەت و بەها مرۆییەکانی ئەوان توندترین سزای لەسەر دانراوە، هەر ئەم پارێزگاریکردنە دەستوری و یاساییەش وای لە خێزانەکان کردوە بێخەم و بەکەماڵی متمانەوە مناڵەکانیان تەسلیم بە سیستەمی پەروەردە و کایەکانی ژیانی کۆمەڵ و دەوڵەت بکەن .

خۆ ئەگەر لە حاڵەتی نەمانی ئەو متمانەیەدا، بە گومان و بەڵگەیەکی لاوازیش بێت دەسەڵات و یاسا پێشوازی نەکەن و گومانەکە نەڕەوێنن و متمانەکە نەگەڕێندرێتەوە، ئیتر کارەسات گەر نەشبوبێت مانای هەبوە و گەورەترە لەوەی کە باسکراوە . بەمانایەکیتر لە هەمو کۆمەڵگەیەکدا، فەزاحەتی هاوشێوە روئەدات و کارەساتیش ناقەومێ و پۆلیس و دەزگای دادوەری بە ئەرکی خۆیان هەڵەستن و وەک حاڵەتێکی شاز ئەچێتە ئەرشیفی پۆلیس و میدیاوە، بەڵام گەر رویدا و بەهەر هۆیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیزە بە دەرخۆنە بکرێت و دادگا و دەوڵەت کەڕوکپ بێدەنگی لێبکەن، بەڵێ کارەساتی گەورە رویداوە و کابەش کەچ بوە، کارەساتێک زۆر گەورەتر لە تاڵانی و دزی نەوت و گومرگ و زیانی زۆر زیاتر لە داتەپینی ژێرخانی ئابوری و تەنانەت لە نەمانی دەوڵەت و دەزگای دادوەری زیاتر .

21/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر