( ئەسڵی مەسەلەکە )

عەبدولرەزاق شەریف

لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە و دوای گەشەکردن و پێکەوە گرێدانی تۆڕی ئیستیخباراتی جیهانی، هەمو ئینقیلاب و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیەک، هەمو دەستاودەست کردنێکی دەسەڵات بە چەک یان بەهەر رێگەیەکیتر بوبێت، پاشایەتی یان کۆماری یان هەر شێوازێکیتر بوبێت، دەزگاکانی هەواڵگری و جاسوسی تیایدا، سەرچاوەکانیان، رایەڵەی پەیوەندیەکانیان تەنانەت کەسەکانیان پارێزراو بون و جۆرێک لە پارێزبەندیان هەبوە .

 ئەمریکیەکان هەر لە دوای راپەڕینەوە دو وێستگەی ئیستخباراتیان لە هەرێمی کوردستان دروستکردوە ( قەڵاچوالان ، سەری رەش )، خۆیان نەیانشاردۆتەوە و لەزۆر یاد و یاداشتەکانیاندا، باسیانکردوە .

هەرچەندە لای ئێمە ئەو دو وێستگەیە وەک دو دەزگای پارتی و یەکێتی بە ناوەکانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری ناسراون بەڵام لە راستیدا، تەمویل و تەجهیز و تەوجیهیان لە سەرۆکایەتی ئیستخباراتی ئەمریکیەوە بۆ دێت و بە ناوەرۆک هیچ پەیوەنیان بە کاری سیاسی و حیزبایەتیەوە نیە، بە دەیان تۆڕی پەیوەندی بە مەنزومەی ئیستخباراتی جیهانیەوە بەستراون .

هەمئاهەنگی دنیای هەواڵگری وەک دنیای سیاسەت دوژمنکارانە نیە ! ئەکرێت دو وڵات و دو مەنزومەی جیاوازی سیاسی یان زیاتر، لە جەنگ و ململانێدا بن، بەڵام پەیوەندی و تەنانەت هاوکاری و کاری هاوبەش لەو بوارەدا، پێکەوە گرێیانبدات . ئەمڕۆی جیهانی سێ و ناوچەکەی ئێمەش بەتایبەتی لەزۆنێکی مەترسیداری ئەو روبەرە ئیستخباراتیەدایە، باشترین نمونەش حاڵی ئێستای ئەفگانستانە، یان هاوکاری و پەیوەندیەکانی تورکیە و ئەمریکا و هێزەکانیترە بۆ داعش و پاشماوەکانی لە لایەک، هێزە شیعە گەرا و سونە گەرا و ئەوانیتر لە لایەکیتر.

 
 وێستگەکانی ( ئەنقەرە، دوبەی، سەری رەش و یافا ) لە وێستگە بەهێزەکانی روبەروبونەوەی تیرۆر ، پارەی رەش، بازرگانی چەک و مادە هۆشبەرەکانن، هۆکاری سەرەکیش زەمین و زەمان و ئاوێتە بون و مەشغەڵەتی خودی دەسەڵاتدارەکانیان و بازاڕەکانیانە بەو کارانەوە .
 قەڵاچوالان لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی نەیتوانیوە وەڵامی ئەو خروقات و سکانداڵ و کارە نابەجێیانە ( بە چەمکی مەنزومە هەواڵگرییەکە ) بداتەوە . هاوشانی ئەوە لەمێژە ئەنقەرە و سەری رەش لەناو مەنزومەکەدا، لێی ئەخوێنن و هەوڵ ئەدەن بە راست یان درۆ هەڵە و کەموکوڕیەکانیان، بێسودی و زیانگەیاندن، پێشێلکاریە ئەمنیەکانیان و پشتیوانیان لە ( پ ک ک )، لێ گەورە بکەن . لەناو خۆشیاندا، هەوادار و پشتیوانکردنی راپۆرتەکانی دژ بەخۆیان جۆرێک لە ئیمتیاز بوە و هەبوە، بۆیە بەئاسانی بۆیان چوە سەر .
 دواجار هەمو ئەترافەکان گەیشتنە ئەو بروایەی مانەوەی ئەو وێستگەیە و کارەکانیان جەدوای نەماوە، باشترین چارەسەر داخستن و کۆتایهێنانە بە کارەکانیان .

لە زانست و هونەری کاری ئیستخباراتیدا، هاوشێوەی ئەم حاڵەتە کە رو ئەدات، کۆتایی تەمەنی سیستەمی حوکمڕانی ناوچەکەی بەدوادا دێت، وەک ئەمڕۆی لە ئەفگانستان رویداوە، بەڵام لە کوردستان نا ..! چونکە وێستگەی ( سەری رەش ) بەهێزتر ئەبێت و ئەوەی تەواو ئەبێت حوکمدارێتی راستەوخۆی ( ی ن ک )ە لەم ناوچەیەدا، تەنگژەی پێگەی( لاهوری شێخ جەنگیش ) هیچ نیە جگە لە دەرەنجامی کەوتنی وێستگەکەی قەڵاچوالان، کە زیاتر لە پانزە ساڵە و راستەوخۆ سەرپەرشتیار و بەرپرسیارێتی تیایدا، هەبوە و لە ئەستۆ بوە . 
( بارزانی )ش، لە هەموان ئاگادارترە کە دەڵێ : کوردستان لە ئەفگانستان ناچێ و بەراورد ناکرێ ! تەنیا مەبەستی ئەوەیە کە ئەوەی لێرە روئەدا، کۆتایی هەموی نیە و تەنیا کۆتایی زۆنی حوکمڕانی وێستگەکەی قەڵاچوالانە .

30/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر