( داروپەردوی دوای هەڵبژاردن )

عەبدولرەزاق شەریف
حەوت ساڵ بەر لە ئێستا و ئەو رۆژەی لە ناو( ی ن ک ) دا، دەستبەرداری کاری سیاسی، رێکخراوەیی بوم، وتم ( یەکێتی بەدەست یەکێتیەکانەوە نیە و وەک بەفری مانگی شوبات ئەتوێتەوە )، ئەم تەعبیرە لە کوردەواریدا بۆ فەوتی حەتمی بەڵام درەنگ و تولانی بەکاردێ .
ئێستاش، یەکێتیەکان، چمکێکی حوکمداری روبەری گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری خەڵکیان لەئەستۆیە، مێژوی خۆم و هاوڕێ شەهیدەکانم لەناویاندا، مافم ئەداتێ، تایبەت بە داروپەردوەکەی بنوسم، لە کاتێکدا، خۆیان دەستەپاچە بەدیار مەرگی رێکخراوەکەیانەوە دۆشداماون .

ئەبێ بشڵێم : جگە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هیچ پەیوەندیەکی سیاسی و رێکخراوەییم لەگەڵ هیچ ئەندامێکی ( ینک ) نیە، ( ماڵی شێخ جەنگی )ش، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوەوە، لە رێگەی (هیوا ) کە هاوڕێی تەلەبایەتی و دواتریش خانەوادەکەیان کە هاوڕێی پێشمەرگایەتیم بون ئەناسم، دوای راپەرینیش، ئەوان ماڵباتی دەسەڵاتداری تاڵەبانی و منیش بابایەک، پشت لەوان و لە پێگە و دەسەڵاتیان دابڕاو .

جەمسەرەکانی ئەمڕۆی دەسەڵات لەناو یەکێتیدا، بەموبارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی و رەزامەندی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان گەلەکۆمەیەکی پاک و پوختیان لە لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆک کردوە، ئەویش بەهەر شێوەیەک بێت، ئەوسا و ئێستا، زەمینەی بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ رەخساندون . مەسەلەکانی دەستی ژەهراوی و دەستی گەندەڵی و خراپەکاری میهەنی و نا ئەمینی و ... هتد  یان بە راست یان درۆ پێوە لکاندوە، ماکینەی گەورەی ئیعلامی، تەنزیمی، عەسکەری و دبلۆماسیان بەو مەبەستە خستۆتە گەڕ،
رەنگە تۆمەتبار یان تاوانباریش بێ ( بەڵام ئەمە کاری دادگا و دەعوەچی و یاسایە )، ئەویش مافی هەیە شکایەت و دەعوای لەسەر هەرکەسێک لەناو یەکێتیدا هەبێت، تۆماری بکات .

ئەو بەتەنیا باڵ نەیتوانیوە و ناتوانێ شەڕی بردنەوەی ( ی ن ک ) و تەنانەت مانەوەی خۆی لە ناویاندا، بکات . بۆیە
تەنیا سیناریۆی چاوەڕوانکراو لەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەر، دورکەوتنەوە و هەڵپەساردنی ئەندامێتیەتی لەناو یەکێتیدا، هاوشانی ئەوەش ئەتوانێ کەرەستە و داروپەردوی وێرانەکەی یەکێتی و هاوپەیمانەکەی بۆ کاری ئایندە کۆبکاتەوە، باشترین رێگەش بۆ ئەمە رێکەوتنێکی کۆنکرێتیە لەگەڵ ماڵی مام جەلال و مەکتەبی سیاسیەکەیان، کە تیایدا، ئازادی کاری سیاسی بۆ خۆی و هاوڕێکانی لە دەرەوەی یەکێتی مسۆگەر بکات، رێکەوتنێکی وەهاش لە ئێستادا و لەگەڵ گەرموگوڕی هەڵبژاردنا، ئاسانترە لە ساردوسڕی کەوتنی دوای هەڵبژاردن .

21/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر