له هه‌ر وڵاتێك یان
له‌ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كدا تاوان به‌بێ سزا تێپه‌ڕی، پێش ئه‌وه‌ی به‌دوای هه‌ر هۆكارێكی
دیكه‌دا بگه‌ڕێیت، پێویسته په‌نجه‌ی خه‌تا بخه‌یته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی.
چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ر ژینگه‌یه‌كی سیاسی، ئیداری، كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌خسابێت و هۆكاربێت
بۆ ئه‌وه‌ی تاوانبار له‌بری كونجی زیندان له ده‌ره‌وه بێت، له بنه‌ڕه‌تدا خه‌تاباری
سه‌ره‌كیی دروستبوونی ئه‌و ژینگه و هه‌لومه‌رجه‌ش هه‌ر بۆ لاوازیی ده‌سه‌ڵاتی
دادوه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه.
چونكه خه‌سڵه‌تی مرۆڤ
چی وه‌ك تاك و به كۆمه‌ڵیش به جۆرێكه ئه‌گه‌ر شتێك نه‌بێت سنووری بۆ دابنێت، غه‌ریزه‌ی
زێده‌ڕۆیی و ئاره‌زووی ئه‌نجامدانی تاوان تێیدا گه‌شه ده‌كات. به‌تایبه‌تیش كاتێك
مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا هه‌بوو، ئه‌گه‌ر رێسا و یاسایه‌ك ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته سنووردار نه‌كات، له قاڵبی به‌رپرسیارێتی ده‌چێته ده‌ره‌وه، ئه‌و
كات به‌هێزه‌كان لاوازه‌كان ده‌چه‌وسێننه‌وه. ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌نێوان ئه‌م
دووانه‌دا راده‌گرێت و رێگە له غه‌ریزه شه‌یتانییەكانی مرۆڤ ده‌گرێت كه زیان به
كه‌سانی دیکە بگه‌یێنێت، یاسایه. ئه‌وه‌شی واده‌كات لاواز و به‌هێز، ده‌وڵه‌مه‌ند
و هه‌ژار، دانا و نه‌زان، هه‌مووان له به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانبن، ده‌سه‌ڵاتی
دادوه‌رییه. بۆیه به‌رپرسیارێتیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریی
لای خوا و له به‌رده‌م خه‌ڵكیشدا له سه‌رووی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌وه‌یه.
له هه‌رێمی كوردستان
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك ژێرخانێكی پێشتری هه‌بوو، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی
ده‌زگا ئیدارییه‌كانی حكومه‌تی كوردستان و په‌رله‌مان، ئه‌م ده‌زگایه‌ش په‌ره‌ی پێدرا
و فراوانكرایه‌وه. به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ئه‌و كاتی
دامه‌زراندنی بناخه‌ی حكومه‌تی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌رعیه‌تی شۆڕش، هه‌ژموونی
حیزب و كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كانی ناو حیزبه‌كان به‌سه‌ر ئه‌م ده‌زگایه‌دا زاڵكرا.
به‌و هۆیه‌وه به‌درێژایی ئه‌م سی ساڵه‌ی رابردوو نه‌یتوانیوه ئه‌و رۆڵ و به‌رپرسیارێتییه
بگێڕێت كه ئه‌رك بوو له‌سه‌ر شانیان. حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات زۆر كه‌سیان خزانده
ناو ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای لایه‌نگیری و پابه‌ندێتییان به حیزبه‌كانه‌وه،
پۆسته گرنگه‌كانی ناو ئه‌م ده‌زگایه‌یان پڕكرده‌وه. ئه‌مه‌ش وایكردووه كاره‌كته‌ره‌كانی
ناو ئه‌م ده‌زگایه زۆرجار بكه‌ونه‌ژێر كاریگه‌ریی بڕیار و داوای حیزبه‌وه و چاوپۆشی
له زۆر تاوان بكرێت، یان بڕیاری نادادپه‌روه‌رانه له‌سه‌ر زۆر پرس و كێشه بدرێت
كه لێكه‌وته‌كانی بوونه هۆكاری زیاتر بێمتمانه بوونی خه‌ڵك ئه‌م ده‌زگایانه.
ئێستا ئه‌گه‌ر ته‌ماشا
بكه‌یت وه‌ك ده‌رئه‌نجام ده‌بینیت كێشه‌ی جۆراوجۆری خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ناو
هه‌رێمی كوردستان روو له هه‌ڵكشانن، رێژه‌ی تاوان به‌رده‌وام روو له به‌رزبوونه‌وه‌یه.
خه‌ڵك ئارامی كه‌مبووه‌ته‌وه و له‌سه‌ر كێشه‌ی لاوه‌كی و بچووك، په‌نا ده‌باته
به‌ر كوشتن. یا له به‌رامبه‌ر هه‌ر زوڵم و سته‌مێك هه‌وڵ ده‌دات خۆی تۆڵه بكاته‌وه
و مافی خۆی وه‌رگرێته‌وه. ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵگە به هه‌موو
مانایه‌ك خه‌ریكه ده‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسییه‌وه. ئه‌و دیارده ترسناكه‌ی ئێستا
له‌ناو هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه له دروستبوونی دیوه‌خانی عه‌شیره‌ته‌كان
و كۆبوونه‌وه‌ی تیره و تایفه‌كان له ده‌وری یه‌كدی و په‌نابردن بۆ دروستكردنه‌وه‌ی
رایه‌ڵه‌ی عه‌شیره‌ت، شانبه‌شانی كۆمه‌كی ده‌سه‌ڵات به‌م دیارده‌یه، هۆكاره‌كه‌ی
به پله‌ی یه‌كه‌م له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری لاوازه،
چونكه هاوڵاتیی ئاسایی بۆ پاراستنی كه‌رامه‌تی خۆی پێویستی به‌وه‌یه په‌نا بۆ شوێنێك
به‌رێت كه هه‌ستی كرد زوڵمی لێده‌كرێت بیپارێزێت، متمانه نه‌بوون به دادگە و ده‌سه‌ڵاتی
دادوه‌ری ناچاری كردووه په‌نا به‌رێته به‌ر دیوه‌خانی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی.
له‌م رۆژانه‌ی رابردوو
تۆمارێكی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییەكان بڵاوكرایه‌وه كه دوو ژن له گوندێكی
نزیكی دێگه‌ڵه قسه بۆ میدیاكارێك ده‌كه‌ن كه ئاغه‌یه‌ك باوكیان و دوو برایانی
به به‌رچاوی ئه‌مانه‌وه كوشتووه و دادگە هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی نه‌كردووه. وه‌ك
ئه‌وان باسیان ده‌كرد بكوژ كه‌سێكی ده‌ستڕۆیشتووی ده‌سه‌ڵاتداره. خه‌ڵك به‌چاوی خۆی
ده‌بینێت یاسا به‌سه‌ر كه‌سانی لاوازدا ده‌سه‌پێندرێت و ده‌ستڕۆ و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان
جا مه‌رج نییه هه‌ر كاره‌كته‌ری حیزبی و حكومی بن، ته‌نانه‌ت ده‌ستڕۆی ناو عه‌شیره‌ت
و دیوه‌خانه‌كانیش جۆرێك له پارێزبه‌ندییان بۆ دروستبووه. ئه‌و بێئومێدییه‌ی خه‌ڵك
به داهاتوو، ئه‌و بێبه‌هابوونه‌ی هه‌موو پیرۆزییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان
لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
ده‌بێت ئه‌وه بزانرێت
هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك نه‌بووه له مێژوودا خۆی ئاره‌زووی ئه‌وه بكات سنوور و چوارچێوه
بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دابنرێت، یاخود ده‌سه‌ڵاتی به‌رته‌سك بكرێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه
هه‌میشه خه‌ون و خولیای ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه ده‌سه‌ڵاتی به‌رفراوانتر بێت. له
هه‌موو ئه‌و هه‌لومه‌رج و بارودۆخانه‌یشدا كه نه‌توانراوه چوارچێوه بۆ سنووری
ده‌سه‌ڵاتی میر و پاشا و سوڵتانه‌كان دابنرێت، تاوانگه‌لی ئێجگار زۆر روویانداوه.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر بچووكبكرێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و بنه‌ماڵه و خێزانیش هه‌روا
بووه، ته‌نانه‌ت بۆ تاكیش راسته. بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ئاسایش و ئۆقره‌یی
به‌رقه‌رار بێت، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ئینتیما بۆ خاك و وڵات گه‌شه بكات، ده‌بێت
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ بكرێت، ده‌بێت یه‌كسان بوون له به‌رده‌م حوكمی یاسا
بچه‌سپێندرێت.
له كوردستاندا ئه‌م
توێژه نه‌خراونه‌ته به‌رده‌م ره‌خنه و به‌رپرسیارێتی، به‌ڵام پێویسته هه‌ست و
ویژدانی تاك به‌تاكی كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو داموده‌زگای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له
هه‌رێمی كوردستان بخرێته به‌رده‌م هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی
به‌سه‌ر خه‌ڵکدا دێن. خراپیی ئیداره‌دانی ژیان و كاروباری هاوڵاتییان، بوونی گه‌نده‌ڵی
و تاڵان و بڕۆ له سه‌رچاوه‌كانی داهات و قووتی خه‌ڵك، تا ده‌گاته زوڵم و سته‌م
له‌سه‌ر هه‌رتاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له شار و له دێهاته‌كان، ئۆباڵه‌كه‌ی بخرێته
گه‌ردنی ئه‌وان، چونكه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌سه‌ڵاتێكی كارا و دادپه‌روه‌ر
بێت، ئه‌و تاوانانه رووناده‌ن، ئه‌گه‌ر رووشبده‌ن به‌بێ سزا تێناپه‌ڕن.
هێشتا له‌ناو داموده‌زگاكانی
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و له‌ناو داواكارانی گشتیدا كه‌سانی باش و ئازا زۆرن، به‌ڵام
ده‌بێت خه‌ڵكیش هیچ نه‌بێت له‌پێناوی ئاینده‌ی خۆماندا پشتیوانیی كه‌سه ئازا و
باشه‌كانی ناو ئه‌م ده‌زگایانه بكه‌ین. وه پێویسته رووی ره‌خنه و سه‌رنجه‌كانمان
له‌سه‌ر ئه‌م دامه‌زراوه‌یه بێت كه پاشكۆیه‌تی حیزب و شێخ و ئاغا قبووڵ نه‌كه‌ن.
پێویسته به‌رده‌وام لۆمه‌بكرێن له به‌رامبه‌ر بێمتمانه‌یی خه‌ڵك پێیان، تا هێنده
به‌خۆیاندا بچنه‌وه سه‌ربه‌خۆبن. وه‌ك چۆن ده‌گوترێت (سه‌ربه‌خۆیی نادرێ، ده‌سه‌ندرێ)
ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو داموده‌زگا دادوه‌رییه‌كانی كوردستان كار ده‌كه‌ن
چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌بن خه‌ڵكانی دیكه سه‌ربه‌خۆییان بده‌نێ، پێویسته خۆیان به‌ده‌ستی
بهێنن. ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتییه له ئه‌ستۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دادپه‌روەر‌بن،
بۆ ئه‌وه‌ی ویژدانیان له به‌رده‌م خه‌ڵك و خودادا ئاسوده بێت، پێویسته هه‌ڵوه‌سته
له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه خراپه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورد بكه‌ن، كه خه‌ریكه ئاشتی و ئاسایشی
كۆمه‌ڵگه تێكده‌چێت و به راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئۆباڵی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری
ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ی
رێژه‌ی تاوان له ناویاندا زۆر كه‌مه، ئاسایش و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی تێیاندا به‌رقه‌راره،
یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری تێدایه، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ناو
ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌دا كارایه.