رووداوه‌كانی دوو ده‌یه‌ی رابردوو، هه‌روه‌ها ئه‌و كێشه و ململانێیانه‌ی ئێستا و ئه‌و پێشهاتانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له دوو سێ ساڵی داهاتوو رووبده‌ن. هاوشێوه‌ی رووداوه‌كانی چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی رابردووه. مێژوو به‌هه‌مان شێوه‌ی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست له سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا دووباره ده‌بێته‌وه.
سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی پیشه‌سازی ئه‌وكات وایكرد سه‌ده‌ی بیست ببێته سه‌ده‌ی نه‌وت. ناكۆكی و ململانێ، شه‌ڕ و كاولكارییه‌كان، ستراتیژیی وڵاته پیشه‌سازیی و زلهێزه‌كانی جیهان بوو بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه نه‌وتیان تێدایه، هه‌روه‌ها بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و رێگەیانه بوو نه‌وت به‌هۆیانه‌وه ده‌گاتە رۆژئاوا.
پێشكه‌وتنه خێراكانی پیشه‌سازی و گه‌شه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و گۆڕانكاری له خواست و پێداویستییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌هۆی پیسبوونی ژینگه و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر ئایندهی مرۆڤایه‌تی. وه‌ك پێویستییه‌ك، ستراتیژیی وزه‌ی جیهانی له نه‌وته‌وه گۆڕیوه بۆ غازی سرووشتی. به‌تایبه‌تی به‌هۆی هه‌رزانیی نرخه‌كه‌ی به‌راورد به نه‌وت، هه‌روه‌ها كه‌میی زیانگه‌یاندن به ژینگه و به‌هۆی پابه‌ندێتیی به‌شێك له وڵاتانی جیهان به یاسا و رێسا تایبه‌ته‌كانی پاراستنی ژینگه‌ی جیهان، خواستی گۆڕینی وێستگه‌كانی كاره‌با له ئه‌تۆمه‌وه بۆ غاز، به‌كاربردنی بۆ كارگه و كارخانه و ماڵان و ئۆتۆمبێل له‌بری سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی وزه، تا دێت خواست له‌سه‌ر غازی سرووشتی زیاتر ده‌بێت. ده‌توانرێت بگوترێت ئه‌م سه‌ده‌یه سه‌ده‌ی غاز ده‌بێت.
ململانێی زلهێزه‌كانی جیهان به تایبه‌ت له نێوان ئه‌مریكا و رووسیا له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی غازی سرووشتی و رێڕه‌وه وشكانی و ئاوییه‌كانی گه‌یاندنی به رۆژئاوا، له مێژه ده‌ستیپێكردووه. رووسیا چاوی له‌وه‌یه وه‌ك چۆن سه‌ده‌ی بیست ئه‌مریكا كۆنترۆڵی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وتی جیهانی به‌ده‌ست بوو، ده‌یه‌وێ ئه‌م سه‌ده‌یه سه‌رچاوه‌كانی غازی سرووشتی له ده‌ستی رووسیا بێت، چ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی گه‌وره و له‌لایه‌كی دیکەیشه‌وه وه‌ك كارتی گوشار بۆ سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا كه به‌كاربه‌رێكی سه‌ره‌كیی غازی سرووشتین.
ئه‌وروپا له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌م سه‌ده‌یه‌وه چاوی بڕیبووه پڕۆژەیهك كه غازی سرووشتی له رۆژهه‌ڵاته‌وه به رێگه‌ی توركیاوه بگه‌یێنێته ناو خاكی ئه‌وروپا. ئومێدیان له‌سه‌ر پڕۆژەی (نابۆكۆ) هه‌ڵچنی، كاری زۆریان له‌سه‌ر كرد، به‌ڵام به‌هۆی رووسیاوه ئه‌م پڕۆژەیه شكستی خوارد. رووسیا بووه دابینكه‌رێكی سه‌ره‌كیی غاز بۆ ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستیگرت به‌سه‌ر به‌شێك له خاكی ئۆكرانیادا. ئه‌مریكا له‌م هاوكێشه‌یه‌دا دره‌نگ كه‌وت بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی غاز، هه‌روه‌ها بۆ دۆزینه‌وه و ده‌سته‌به‌ركردنی گه‌یاندنی به ئه‌وروپا. بێ ئه‌وه‌ی به‌دیلی بۆ گه‌یاندنی غازی رووسیا به ئه‌وروپا دهستهبهركردبێت، له‌لایه‌ك گوشاری جۆراوجۆری خسته سه‌ر ئه‌وروپا بۆ كۆتاییهێنان به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووسیا. له‌لایه‌كی دیکەیشه‌وه كه‌وته خه‌یاڵی به‌ستنه‌وه‌ی غاز له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات به رێگه‌ی توركیاوه و به‌ستنه‌وه‌ی به ئه‌وروپاوه.
یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك پڕۆژەی به‌دیل چاوی تێبڕی، هه‌رێمی كوردستان بوو. هه‌رێمی کوردستان گه‌رچی وه‌ك جوگرافیا بچووك و وه‌ك هێزێك له ناوچه‌كه لاوازه، به‌ڵام پێگه و رۆڵێكی گه‌وره‌ی پێدرا له‌ناو ئه‌و هاوكێشه و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا له‌سه‌ر غازی سرووشتی. هێنانی كۆمپانیای (داناغاز) و ده‌ستكردن به كاركردن له ناوچه‌یه‌ك كه ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌هۆی ئه‌و پلانه‌ی ئه‌مریكا و له‌ژێر گوشاری ئه‌مریكا عێراق بێده‌نگی هه‌ڵبژارد كه هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیبرد بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌رەوه‌ی هه‌رێمی کوردستان. هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه بیرۆكه‌ی دروستكردنی سێ وێستگه‌ی كاره‌با له چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر و زاخۆ، راكێشانی بۆریی غاز له كۆرمۆره‌وه بۆ هه‌ریه‌ك له‌م وێستگانه، پلانێكی دوورمه‌ودا بوو بۆ گه‌یاندنی غاز به توركیا. به‌ڵام له‌لایه‌ك ده‌ستگرتنی رووسیا به‌سه‌ر به‌شێك له ئۆكرانیادا و دامه‌زراندنی بۆریی غاز له رووسیاوه به خاكی ئۆكرانیا و بێلاڕووس بۆ ئه‌وروپا، له‌لایه‌كی دیکەیشه‌وه هاتنی داعش بۆ عێراق، پڕۆژەی به‌ستنه‌وه‌ی غازی سرووشتی كوردستان توركیای دواخست. ئه‌گەرنا هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2012 رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ توركیا كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی له ساڵی 2017 غازی كوردستان بگاته توركیا.
هاتنی داعش هه‌ر به ته‌نیا پڕۆژەی به‌ستنه‌وه‌ی غازی بۆ توركیا دوانه‌خست، به‌ڵكو ستراتیژیی گه‌یاندنی به ئه‌وروپا له رێگه‌ی توركیاوه گۆڕی بۆ ده‌ریای سپی نێوه‌ڕاست. بیرۆكه‌كه‌ش سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن فه‌ره‌نسییه‌كان و دواتر ئه‌مریكا و ئه‌وروپییه‌كانه‌وه تاوتوێكرا به‌وه‌ی رۆژئاوای كوردستان بكرێته رێڕه‌وی گه‌یاندنی بۆریی غاز له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ ده‌ریا. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك توركیا و له‌لایه‌كی دیکەیشه‌وه رووسیای په‌لكێشی ناو گه‌مه‌یه‌ك كرد بۆ رێگریكردن له ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م رێگەیه. رووسیا رێگەی به توركیا دا ئیدلیب له ناو سووریا داگیر بكات و یه‌كه‌م له‌مپه‌ری گه‌یشتن به ده‌ریای له‌به‌رده‌م كورد دروستكرد، دواتر عەفرین و ئه‌گه‌ر رای گشتی و هه‌ندێ ناوه‌ندی جیهانی رێگرییان نهكردایا، هه‌موو رۆژئاوای كوردستانی ده‌خسته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه. توركیا توانیی نه‌هێڵێت ئه‌و پڕۆژەیه سه‌ربگرێت و جارێكی دیکە ئه‌و بایه‌خه‌ی بۆ خۆی گه‌ڕانده‌وه كه توركیا تاكه رێگه‌ی به‌دیل بێت بۆ گه‌یشتنی غاز له رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ئه‌وروپا.
له دیووه‌كه‌ی دیکەی ئه‌م ململانێ و هاوكێشه‌یه‌وه، رووسیا هێڵی دووه‌می دروستكرد بۆ ئه‌وروپا. ئه‌مریكا نیگه‌رانییه‌كانی گه‌یشتوونه‌ته ئاستی زۆر به‌رز دژ به پڕۆژەی (ستریم 2)ی رووسیا. گوشارهكانیشی له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا زیاتر كردووه بۆ رێگریكردن له به‌گه‌ڕخستنی (ستریم2). شانبه‌شانی ئه‌وه‌ش هه‌ریه‌كه له وڵاتانی قه‌ته‌ر و ئیمارات و ئیسرائیل و میسر و هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك پێنج سه‌رچاوه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی غازی سرووشتی هێناوه‌ته سه‌رمێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پێنج سه‌رچاوه‌یه بكاته به‌دیلی رووسیا بۆ ئه‌وروپا.
گرژی و ناكۆكییه‌كانی رووسیا له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا و ئه‌گه‌ری داگیركردنی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن رووسیاوه، ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ده‌خاته به‌رده‌م حه‌تمییه‌تی جێبه‌جێكردنی پڕۆژەی به‌دیل كه رێگه‌ی توركیایه و هه‌رێمی كوردستانیش به‌خواستی خۆی بێت یاخود نا، به حوكمی پێویستیی رۆژئاوا به غاز، به‌شێكه له‌و پڕۆژەیه. ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراقیش ده‌گوزه‌رێ بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق سه‌باره‌ت به یاسای نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان و رێگریكردن له‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان بتوانێ سه‌ربه‌خۆ و بێگه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا نه‌وت و غاز هه‌نارده بكات، گوشاری ئه‌و هێزه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و ناوخۆییانه‌ن كه به‌شێكن له جه‌مسه‌ربه‌ندی دژه ئه‌مریكا و ئه‌وروپا.
بۆیه ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه شانبه‌شانی گه‌رمبوونی كێشه‌كانی رووسیا و ئۆكرانیا، ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غداش قووڵتر ببنه‌وه و لایه‌نی دیکەیش ببنە ته‌ره‌ف له‌م كێشه‌یه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ هه‌رێمی كوردستان پێویستییه‌كی حه‌تمییه، رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورده. كۆتاییهێنانه به‌و ناكۆكی و ململانێ نالۆژیكی و ناڕه‌وایانه‌ی له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كان بۆ هه‌ندێ ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیی بچووك دروست بووه.
هه‌رێمی كوردستان به حوكمی جوگرافیا و به حوكمی بوونی ئه‌و سه‌رچاوه سرووشتییه‌ی بووه به پێویستی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی، ناتوانێ خۆی دوره‌په‌رێز و بێلایه‌ن رابگرێت له‌و ناكۆكی و ململانێیانه‌ی له‌سه‌ر غازی سرووشتی هه‌ن و له داهاتوودا زیاتر ده‌بن.
بۆیه سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی دڵنیایی بۆ هه‌رێمی کوردستان پێكه‌وه بوونی هێزه سیاسیه‌كانی و پێكه‌وه‌بوونی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌تی، كه ئێستا زۆر لێك دوور و دابڕاون. ئیداره‌دانی مه‌سه‌له‌ی ئابووری به گشتی و پرسی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر پرسیاردایه. پێویسته سه‌رله‌به‌ری سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م دۆسێیه بگۆڕدرێت، به جۆرێك كه پێش هه‌ركه‌س خه‌ڵك كوردستان وه‌ك خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئه‌م سامانه، دڵنیابن له‌وه‌ی له ده‌ستێكی ئه‌میندایه.