ساڵی 2003 له‌كاتی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانه‌كان بۆ رووخانی سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی، له داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تایبه‌ت به ته‌عریب له كه‌ركووك ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڵگه‌نامه‌م كۆكرده‌وه، ساڵی دواتر له‌ژێر ناونیشانی (كه‌ركووك و پاكتاوی ره‌گه‌زیی له به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌عسدا) له دوو به‌رگی كتێبێكدا بژارده‌یه‌ك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌م به‌چاپ گه‌یاند و جگه له زمانی كوردی، به عه‌ره‌بی و به زمانی ئینگلیزیش هه‌ردوو به‌رگه‌كه‌ی چاپكراون. له‌ناو یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا كه زۆر جێگه‌ی سه‌رنج بوو، به‌شداریپێكردنی عه‌ره‌بی میسر بوو له پرۆسه‌ی ته‌عریبی كه‌ركووكدا.
ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌بی میسری كه پێشتر بۆ كرێكاری روویان له عێراق كردبوو، له شاری به‌سره داوای مافی هاووڵاتیبوون له عێراق ده‌كه‌ن. حكومه‌تی عێراقی ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕێت به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی ئاماده‌ییان تێدابێت بچن له كه‌ركووك نیشته‌جێببن. هه‌مان ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی كه پێشتر به بڕیاری ژماره (42) ی (مجلس قیاده سه‌وره) بۆ عه‌ره‌بی هاورده بڕیاری له‌سه‌ر درابوو، له زه‌ویی نیشته‌جێبوون و پاداشتێكی 10 هه‌زار دیناری، ده‌درێته ئه‌و عه‌ره‌به میسرییانه و ده‌بنە به‌شێك له ئامرازی داگیركاری له پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی كه‌ركووكدا.
پێشتریش له ساڵی 1994 ئه‌وكاته‌ی پارتی و یه‌كێتیی له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا بوون، سه‌دام پلانێكی ئاماده كردبوو به پاساوی پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ئاواره‌ی فه‌له‌ستین و نیشته‌جێكردنه‌وه‌یان له عێراق، ده‌یوست ئاواره فه‌له‌ستینییه‌كانیش بكات به به‌شێك له ئامرازی داگیركاری و له پرۆسه‌ی گۆڕینی دیموگرافیای كوردستاندا به‌كاریان به‌رێت و له كه‌ركووك شوێنی نیشته‌جێبوونیان بۆ ده‌سته‌به‌ربكات.
ئه‌م دوو نمونه‌یه‌م بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه تا له ئاستی فاشیه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه تێبگه‌ین. سه‌دام هه‌موو داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان و سه‌روه‌ت و سامانی عێراقی خستبووه خزمه‌تی پرۆسه‌ی ته‌عریبه‌وه، هه‌موو عه‌ره‌بی شیعه و سوننه‌ی له‌به‌رده‌ست بوو وه‌ك ئامرازی گۆڕینی دیموگرافیا به‌كاری ده‌بردن، دڵی هه‌ر به‌وه‌نده ئاوی نه‌ده‌خوارده‌وه په‌نای بردووەته به‌ر ئه‌و عه‌ره‌به میسرییانه‌ش، كه بۆ كرێكاری روویان له عێراق كردبوو. یان ده‌یویست ئه‌و ئاواره فه‌له‌ستینییانه‌ش كه خۆیان قوربانیی سیاسه‌تی داگیركاری بوون، بیانكات به ئامراز بۆ داگیركردنی ماڵی كورد.
ئێستاش توركیا به‌هه‌مان ئه‌و رێگەیه‌دا ده‌ڕوات، كه سه‌دام پێیدا تێپه‌ڕی. به‌ده‌ر له‌و سیاسه‌تانه‌ی له 100 ساڵی رابردوو به قۆناخی جیاجیا به‌رانبه‌ر به كوردی باكوور په‌یڕه‌ویانكردووه، ده‌ستیان خستووەته ناو هه‌ناوی رۆژئاوای كوردستانیش، له عه‌فرین و سه‌رێكانی و ئه‌و هێڵه سنوورییه‌ی نێوان رۆژئاوا و باكووری كوردستان، ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات له پرۆسه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، گه‌یشتووەته ئاستێكی زۆر مه‌ترسیدار. رۆژانه ده‌یان خێزانی كورد ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرێن و تورك و عه‌ره‌ب ده‌هێنرێنه شوێنیان. ده‌ست به‌سه‌ر ره‌ز و باخ و زه‌ویوزار و ماڵ و خاڵی گوندنشینانی كورددا ده‌گیرێت و ده‌درێت به‌و خێزانانه‌ی به ئامانجی له كوردیخستنی ناوچه‌كه براونه‌ته ئه‌وێ. جیاواز له‌و ستراتیژه‌ی به‌ناوی گه‌ڕانه‌وه و نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئاواره سوورییه‌كانه‌وه به‌نیازن سه‌تان هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌سه‌ر خاكی كوردستان و له‌و هێڵه سنوورییه نیشته‌جێبكه‌ن. ئەردۆغان ته‌نها دڵی به‌وه ئاو ناخواته‌وه، كه چه‌ند ملیۆنێك ئاواره‌ی عه‌ره‌بی سووری له‌به‌رده‌ستدایه، نیازی وایه ئه‌و موسڵمانه ئیگۆرانه‌ی چین، كه به‌هۆی سه‌ركوتكارییەكانی چینه‌وه په‌ڕاگه‌نده و ئاواره‌ی توركیا بوون، ئه‌وانیش له رۆژئاوای كوردستان له پرۆسه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستاندا به‌كاریان به‌رێت.
ئیگۆرە‌كان كه ژماره‌یان ده‌یان ملیۆن كه‌س ده‌بێت، له‌گه‌ڵ توركه‌كان هاونه‌ژادن و به زمانی توركی قسه ده‌كه‌ن، زۆر خه‌سڵه‌ت و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تورك پێكیان ده‌به‌ستێته‌وه. له چین به‌هۆی موسڵمانبوونیانه‌وه كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌م پرۆسه‌ی پاكتاوكردن، تائێستا ده‌یان هه‌زار كه‌سیان له‌ترسی مردن له چین هه‌ڵهاتوون و گه‌یشتوونه‌ته توركیا و وه‌كو ئاواره یان په‌نابه‌ر داڵده دراون. كردنه‌وه‌ی ده‌رگەیه‌ك بۆ نیشته‌جێكردنیان له‌سه‌ر سرووشتێكی جوان و خاكێكی به‌پیتی وه‌ك رۆژئاوای كوردستان، رێگە بۆ سه‌تان هه‌زار ئیگۆری دیکە خۆش ده‌كات كه له‌و میحنه‌ت و دۆخه دۆزه‌خییه‌ی چینه‌وه ره‌و بكه‌ن بۆ كوردستان.
وه‌ك چۆن له سه‌ده‌كانی رابردوو چه‌ند خێڵێكی مه‌غۆل روویانكرده ناوچه به‌پیت و به‌ره‌كه‌ته‌كانی ئه‌نادۆڵ و له‌سه‌ر خاكی كورد و ئه‌رمه‌ن و یۆنان ده‌وڵه‌تێكیان بۆ خۆیان بنیات نا و بوونه سه‌رچاوه‌ی كێشه‌ی گه‌وره بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه. ئه‌گه‌ر رێگه له‌و نیازه‌ی ئەردۆغان نه‌گیرێت، پرۆسه‌ی هێنانی ئیگۆره‌كان له چینه‌وه بۆ رۆژئاوای كوردستان دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و مێژووه ده‌بێت و ده‌بێته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر داهاتووی كورد له‌و ناوچه‌یه. هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌كی عه‌ره‌بدا هه‌یه بۆ زیادكردن و گه‌شه‌ی ناسرووشتی خێزان، به‌هۆی كو‌لتوور و ئایینه‌كه‌یانه‌وه، ئیگۆره‌كانیش به‌و جۆره‌ن. ئه‌گه‌ر وه‌ك توركیا به‌نیازه سه‌ره‌تا په‌نجا هه‌زار كه‌سیان له رۆژئاوای كوردستان نیشته‌جێبكات، ئه‌مه جیا له‌و مه‌ترسییه‌ی ده‌بێته هانده‌ر و هۆكار بۆ په‌لكێشكردنی سه‌تان هه‌زاری دیكه‌یان، به‌ڵام هه‌ر نیشته‌جێكردنی ئه‌و ژماره‌یه‌ش پاش چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی دیكه ده‌بێته سه‌تان هه‌زار.
بۆیه پێویسته كورد له كه‌ناڵ و رێگەی جیاجیاوه كار بۆ رێگری له‌و ئامانجه‌ی توركیا بكات، له رێگەی دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێكخراوه جیهانییه‌كانی مافی مرۆڤ، تا ئاستی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ژیانی هه‌ر كه‌سێك بخاته مه‌ترسییه‌وه، كه بیه‌وێ وه‌ك ئامرازی داگیركاری له‌سه‌ر خاكی كوردستان نیشته‌جێبێت.