هه‌رچه‌نده دیدو تێڕوانینی مه‌رجه‌عیه‌تی سه‌در تا ئه‌ندازه‌یه‌ك سیمایه‌كی عێراقیانه‌ی هه‌یه، به‌ڵام هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه له چوارچێوه‌ی ئامانجه گشتییه‌كه‌ی شیعه له‌ناوچه‌كه و ستراتیجی ته‌شه‌یوع كه ئێران به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، موقته‌دا سه‌در جه‌مسه‌رێكی گرنگیەتی. له دوای كه‌وتنی سه‌دامیشه‌وه به كردار ئه‌و خزمه‌ته‌ی سه‌در له عێراق به شیعه و به ئێرانی كردووه، هیچ گرووپێكی دیكه‌ی شیعه پێی نه‌كراوه. له به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌مریكاوه بۆ پاكتاوكردنی نه‌یاره‌كانی شیعه و نه‌هێشتنی تارمایی سوننه به‌سه‌ر به‌غدای پایته‌خته‌وه، تا خۆشكردنی زه‌مینه‌ی زاڵكردنی هه‌ژموونی ئێران به‌سه‌ر بڕیاری به‌غداوه، دیاری ده‌ستی موقته‌دا بووه بۆ ئێران. به‌ڵام ئێران حه‌ز به موقته‌دا ناكات.
خه‌سڵه‌تی كاركردنی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و گرووپانه‌ی له مه‌داری ئێران‌دا ده‌خولێنه‌وه به‌جۆرێكه له‌گه‌ڵ پێگه و كاریزمایی و رابه‌رایه‌تیكردنی موقته‌دا یه‌ك ناگرێته‌وه. ئێران نایه‌وێ ئه‌و هێز و كاره‌كته‌رانه‌ی لێوه‌ی نزیكن خاوه‌ن ئیراده و ناوه‌ندی بڕیاری به‌هێز بن. به سرووشت ئه‌و هێزه سیاسیانه‌ی ده‌بنه پاشكۆی ئێران، له هه‌ناوی خۆیاندا ده‌بن به گرووپ گرووپی جیاواز و ئێران ده‌ست ده‌گرێت به‌پشتی هه‌موویانه‌وه، وایان لێده‌كات به‌بێ ئێران نه‌توانن هیچ بڕیارێك بده‌ن. هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ی له وڵاتانی ناوچه‌كه دۆستی ئێرانن، ئه‌گه‌ر له رابردوودا خاوه‌ن سه‌ركردایه‌تی به‌هێز و ناوه‌ندی بڕیاری تۆكمه‌ش بوو بن، ئێران به شێنه‌یی وایلێكردوون وابه‌سته‌یی له‌نێوانیاندا نه‌مێنێ، ناوه‌ندی بڕیار و سه‌ركرده‌ی كاریزمای نه‌مێنێت، هه‌ستێكیان بۆ دروست ده‌كات كه ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه، ده‌ستگرتنه به كه‌مه‌ری ئێرانه‌وه.
موقته‌دا سه‌در وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سیاسی و دینی، خاوه‌ن كاریزماییهكی به‌هێزه، شوێنكه‌وتووانیشی به ره‌هایی وابه‌سته‌ی رابهرهكهیانن، ئێران هه‌ردوو ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی ره‌وتی سه‌دری پێناخۆشه. هه‌موو ئه‌و به‌رزیی و نزمییه له په‌یوه‌ندی نێوان سه‌در و ئێران له نزیك به دوو ده‌یه‌ی رابردوو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌در نه‌چێته ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئێرانه‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌در ده‌یكات و خه‌ڵكانێك به دژایه‌تی ئێران لێكیده‌ده‌نه‌وه، یا پێیان وایه سنووردانانه بۆ ئێران، بنه‌مایه‌كی دروستی نییه. ئه‌وه‌ی موقته‌دا ده‌یكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ئێرانه، هه‌ر گله‌یی و نیگهرانییهكیشی له ئێران هه‌بێت له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه ئێران بۆچی بایه‌خ به كه‌سایه‌تی ناكاریگه‌ر ده‌دات و پشت به سه‌در نابه‌ستێت.
ئێران هیچ گومانی له دڵسۆزی سه‌در نییه، ته‌نانه‌ت كه هاوپه‌یمانیێتی رزگاری نیشتمانی له‌گه‌ڵ پارتی و سوننه‌كان دروستكرد، ئێران ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بوو به‌وهۆیه‌وه له ئێران دووركه‌وێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌شی ده‌زانی كه سه‌در ده‌بێته یارمه‌تیده‌رێكی باش بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و سوننه‌كانیش به‌ره‌و ئه‌و ئامانجانه ببات، كه ئێران ده‌یخوازێت، پرۆژه‌یاسای به‌تاوانناساندنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نموونه‌یه‌كی ئه‌و به‌خششه‌ی سه‌در بوو بۆ ئێران و ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌كان وه‌ك پێشتر بمانایه‌ته‌وه ره‌نگه چه‌ندین یاسا و بڕیاری هاوشێوه‌ی دهركردایە. به‌ڵام ئێران ئه‌وه‌ی نه‌ویست.
هیچ گومانێكیش له‌وه‌دا نییه له‌ژێر گوشاری ئێران له په‌رله‌مان كشایه‌وه و گۆڕه‌پانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و كاره‌كته‌ره لاواز و هێزه ناكاریگهرانه چۆڵ كرد كه سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی سه‌درن له ئێران، ته‌نانه‌ت ئه‌م نوێژه یه‌ك ملیۆنییهشی (نوێژی یه‌كگرتویی) هه‌ر بۆ ئێران كرد. به هه‌موو رێگەیه‌ك ده‌یه‌وێ به ئێران بڵێت من پێگه‌م له هه‌موو كاره‌كته‌ر و هێزه سیاسی و دینییهكانی دیكه‌ی شیعه به‌هێزتره و بۆچی له‌بری هه‌موویان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ من ناكه‌یت. ئه‌گه‌ر ئامانجی سه‌در له نوێژی یه‌كگرتوویی بۆ ده‌رخستنی هێز و توانای رابه‌رایه‌تیكردنی بێت و له‌و رێگه‌یه‌وه بیه‌وێ سه‌رنجی ئێران بۆ خۆی زیاتر راكێشێت، ئێران نه‌ك به‌و جۆره گوشارانه ده‌ستبه‌رداری خهسڵهتهكەی خۆی نابێت، بیر له‌وه ده‌كاته‌وه چۆن ئه‌م نوێژی یه‌كگرتووییه بكاته فاتیحای سه‌در.
له نێوان ئه‌م دوو تێڕوانینه جیاوازه‌ی سه‌در و ئێران، چاوه‌ڕوانكراوه له‌داهاتوودا ململانێكان له عێراق قوڵتر ببنه‌وه. له‌لایه‌ك سه‌در به شێواز و رێگە و ئامرازی جۆراوجۆر ده‌یه‌وێ ئه‌وه بكاته ئه‌مری واقیع كه به‌دیلی سه‌در ته‌نها سه‌در خۆیه‌تی. ئێرانیش به هێمنی و له‌سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و كار بۆ لاوازكردنی پێگه و رۆڵی سه‌در ده‌كات. به‌دووریش نازانرێت له‌دوای په‌یامه‌كه‌ی نوێژی یه‌كگرتوویی، كه سه‌در چه‌ند مه‌رجێكی له شێوه‌ی داواكاری ئاراسته‌ی به‌رانبه‌ره‌كانی كرد، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بایه‌خ و مه‌رج و داواكانی موقته‌دا، ئێران به‌وه یه‌كه‌مین گورز له سه‌در بدات پێچه‌وانه‌ی داواكانی ئه‌و بكات له پێكهێنانی حكومه‌ت. به‌تایبه‌تی كه سه‌در سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌وه بوو، نابێت رێگە بدرێت ئه‌وانه‌ی پێشووتر له ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتی بوون له عێراق، ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرنه‌وه، مه‌به‌سته‌كه‌شی به‌رهه‌م ساڵح و نووری مالكی بوو. كه مالیكی دوو خول سه‌رۆكوه‌زیران و خولێكیش جێگری سه‌رۆككۆمار بوو، دكتۆر به‌رهه‌میش جارێك وه‌زیر و دوو جار جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و چوار ساڵیشه سه‌رۆككۆماره.
پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی پێیان وایه ئێران كارێك ناكات سه‌در تووڕه و نیگه‌ران بكات و له پێكهێنانی حكومه‌ت و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كاندا ره‌چاوی خواست و داواكانی سه‌در ده‌بێت. وای ده‌بینم ئێران پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان و پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كاته ده‌ستپێك بۆ شكاندنی شكۆی سه‌در و سه‌رباری په‌یامه راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆكانی بۆ رێگری له وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆككۆمار له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه، ئێران ده‌یباته‌وه كۆشكی سه‌لام و ئه‌گه‌ر مالكیش نه‌كاته‌وه سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌كو سه‌رۆكوه‌زیرانی سێبه‌ر سه‌ركردایه‌تی قۆناخی داهاتوو ده‌كات، كه به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركیان په‌ڕوباڵكردنی سه‌در ده‌بێت. هه‌رچه‌نده نه بۆ ئێران و نه بۆ هیچ لایه‌نێك لێدان له سه‌در كارێكی ئاسان نابێت، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ی سه‌در كه جه‌ماوه‌ره هه‌ژار و برسییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی عێراقن له به‌غدای پایته‌ختن، ئه‌و چینه فهرامۆشكراوهی كۆمه‌ڵگەن كه رق و كینه‌یه‌كی په‌نگخواردوو له هه‌ناوی هه‌ر تاكێكیاندایه و ته‌نها بانگه‌وازێك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی به سنگی رووته‌وه رووبه‌ڕووی گولله ببنه‌وه.
به‌ڵام نه ئێران گوێی له ژیان و مه‌رگی عێراقییه‌كانه و نه ئه‌و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی عێراقیش، كه شه‌ڕیان له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵییه، ده‌ربه‌ستی خوێنی خه‌ڵك دێن. بۆیه ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه نوێژیی یه‌كگرتویی ده‌رگە بۆ لێكترازانێكی فراوان بكاته‌وه.