هه‌ڵه نییه ئه‌گه‌ر بووترێت عێراق یه‌كه‌مین وڵاته له‌سه‌ر گۆی زه‌ویی، هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن پێكناهێنێت. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه دوای 100 ساڵ له به‌زۆر پێكه‌وه‌لكاندنی سێ پێكهاته‌ی (كورد و عه‌ره‌بی سونه و عه‌ره‌بی شیعه) نه‌توانراوه هاووڵاتیی عێراقی دروستبكرێت. هیچ ئاسۆیهكیش نییه له داهاتوودا ئه‌مه رووبدات، ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه له عێراق سێ پێكهاته‌ی جیاوازی پێكه‌وه نه‌گونجاو هه‌ن. ئه‌مه‌ش عێراقی مه‌حكومی ئه‌وه كردووه یان ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی دیكتاتۆریانه حوكم بكرێت، یان به‌دوای سازانی پێكهاته‌كانه‌وه بێت له‌سه‌ر حسابی پێشێلكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن. له‌م حاڵه‌ته‌شدا له ناچونیهكی و ناكۆكییه‌وه بۆ سازان، رێگە بۆ ئه‌وه ده‌كاته‌وه خه‌ڵكی دیكه له‌پشتی هه‌ریه‌ك له‌م سێ پێكهاته‌یه‌وه به‌رده‌وام ده‌ستیان له هه‌ناوی عێراقدا بێت. بوونی هه‌ر ده‌ستێكی ده‌ره‌كییش بۆ گه‌ڕانه به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا نه‌ك عێراقییه‌كان، ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ن ده‌سته‌كانیش وا ده‌كات ئه‌م وڵاته هیچكات ئۆقره‌یی به‌خۆیه‌وه نه‌بینێت.
هه‌ریه‌ك له‌م پێكهاته جیاوازانه له سنوور و جوگرافیایه‌كی جیاوازدان له‌وانی دی، كورد وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی جیاواز له جوگرافیایه‌كی دیاریكراودا ده‌ژین كه نیشتمانی كوردستانه. عه‌ره‌بی شیعه كه زۆرینه‌ی رێژه‌ی دانیشتووانی عێراق پێكده‌هێنن له چه‌ند پارێزگایه‌كی جوگرافیایه‌كی دیاریكراو نیشته‌جێن كه به ناوچه‌ی شیعه ناسراوه. سونه‌كانیش سه‌ره‌ڕای 80 ساڵی حوكمیان به‌سه‌ر عێراقه‌وه و هه‌وڵی زۆریان بۆ په‌رته‌وازه‌كردنی كورد و شیعه و دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر پارێزگا جیاوازه‌كانی عێراقدا و ناردنی سونه بۆ ناوچه‌كانی كورد و شیعه، له چركه‌ساتی رووخاندنی سیسته‌می حوكمڕانیی سونه‌دا كه خۆی له رژێم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سه‌دامدا ده‌بینییه‌وه، عێراق گه‌ڕایه‌وه چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، ناوچه و نفوزی سونه‌كانیش به‌رته‌سك بووه‌وه بۆ ساتی به‌ر له دروستكردنی عێراق.
حیزبێك نییه نوێنه‌رایه‌تیی فرەڕهنگییهكهی عێراق بكات، شیعه چه‌ند ره‌وت و حیزبێكی سیاسیی شیعیی هه‌یه، سونه‌كان چه‌ند حیزب و هێزێكی تایبه‌ت به سونه‌یان هه‌یه، كوردیش به هه‌مان شێوه چه‌ند حیزب و بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی كوردی هه‌یه. له هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا حیزبه شیعییه‌كان له ناوچه شیعییه‌كان هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه و سونه له سنووره‌كانی خۆیان و كوردیش له كوردستان. هیچكات ئه‌وه روونادات حیزبێكی كوردی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بێت و ده‌نگی هاووڵاتییانی شیعی و سونه‌ی عه‌ره‌ب بۆ خۆی ببات، ئه‌مه بۆ سونه و شیعه‌ش هه‌ر وایه. هه‌ر یه‌ك له حیزبه‌كانی ئه‌م پێكهاتانه چه‌ند له‌ڕووی ژماره و رێژه‌وه زیاد بكه‌ن، هه‌ر له ناوچه‌كانی خۆیان هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه. هێزێكی شیعی ده‌بێته براوه‌ی یه‌كه‌می ناوچه شیعیه‌كان و له كوردستان و ناوچه‌ی سونه‌ش به هه‌مان شێوه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی رابردوو روویدا كه ئه‌مڕۆ ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌نجامدانیدا تێده‌په‌ڕێت و تائێستا نه‌توانراوه حكومه‌ت پێكبهێندرێت.
له كاتێكدا بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ته‌قلیده‌ی رابردوو كه ئه‌مریكا دوای رووخانی سه‌دام وه‌كو مۆدێلێك بۆ عێراق دایتاشی و وڵاته‌كه‌ی له (عێراقی هیوا و ئاشتی)یه‌وه كرد به وێرانه و لانكه‌ی فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی. وه‌كو چاره‌سه‌رێك و بۆ تێكشكاندنی ئه‌و ته‌قلیده، دوای هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌نێوان هه‌ر سێ براوه‌ی یه‌كه‌می شیعه‌كان و یه‌كه‌می ناوچه سونییهكان و یه‌كه‌می كوردستانیش پێكهات به‌ناوی "هاوپه‌یمانیی رزگاركردنی نیشتمان،" به‌ڵام رێگه نه‌درا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش حكومه‌ت پێکبهێندرێت، گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و نێوخۆیی، ئه‌و پرۆسه‌یه‌شی له‌باربرد. بۆ داهاتووی زۆر دووریش ئه‌سته‌مه رێگه بدرێت عێراق شێوه‌یه‌كی دیكه وه‌ربگرێت له دروستكردنی حكومه‌ت و له سیستمی حوكمڕانی، چونكه ئه‌وانه‌ی هه‌ژموونیان به‌سه‌ر عێراقدا زاڵه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دایه عێراق به‌م جۆره به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌وان نه‌خشیان له دروستكردنیدا هه‌بێت نه‌ك گه‌لانی عێراق.
پێشتر ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی نێووده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌كان له پشته‌وه‌ی كوده‌تاكان بوون و ئه‌و رژێم و كاره‌كته‌رانه‌ی مه‌به‌ستیان بووایە له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌یانهێنایه سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، ئێستا هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی دیموكراسییان كردووه به ئامرازی جێگره‌وه‌ی كوده‌تا بۆ هه‌مان ئامانج، به‌تایبه‌ت له‌و جۆره وڵاتانه‌ی وه‌كو عێراق كێشه و ناكۆكی له‌نێوان پێكهاته‌كانی هه‌یه؛ چونكه بوونی ئه‌و كێشه و ناكۆكییانه هه‌میشه زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی تیایه هێز و كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كانی ناو به‌ره جیاوازه‌كان به ئاسانی به‌كارببرێن. ته‌ماشا بكه‌ن چه‌ند هه‌ڵبژاردن له عێراق ئه‌نجامدراوه، كام پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بووه‌ته هۆكاری گۆڕانكاری، یاخود له كام هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگی خه‌ڵك حكومه‌ت پێكهێندراوه؟ چه‌ند كاره‌كته‌ری سیاسی گه‌یێندرانه ترۆپكی ده‌سه‌ڵات بەبێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی كورسی و ده‌نگی خه‌ڵك بن، یان خاوه‌ن نفوز و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بن؟
ئه‌مه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێت رێك ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت کە له‌بری كوده‌تای سه‌ربازی، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كراوه‌ته ئامراز بۆ گه‌یاندنی كه‌سانێك به ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر هاووڵاتییانیش نه‌یانه‌وێت. هه‌ڵبژاردن بووه‌ته جۆرێك له چه‌واشه‌كاری و چاوبه‌سته‌كی خه‌ڵك و به سوودوه‌رگرتن له ناكۆكیی نێوان پێكهاته‌كان و لایەنە سیاسییه‌كان، ئه‌وانه ده‌هێندرێنه پێشه‌وه كه ئه‌گه‌ر (ده‌سه‌ڵات له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه دیاری نهكرایە)، له رێگه‌ی كوده‌تاوه ده‌هێندران. له كوێی دونیادا روویداوه و له كام لاپه‌ڕه‌ی مێژوو تۆماركراوه له وڵاتێك چه‌ند جارێك له‌سه‌ریه‌ك دووباره ببێته‌وه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه وه‌لابنرێن و دۆڕاوه‌كانی هه‌ڵبژاردن له ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه. له كوێ روویداوه هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت و كه‌سانێك رابسپێردرێن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت نه خاوه‌ن هێزی سیاسی بن و نه كورسیی په‌رله‌مانیان هه‌بێت و نه به‌شداریش بووبن له هه‌ڵبژاردن؟ ئیدی هه‌ڵبژاردن بۆچی ده‌كرێت؟ ئه‌گه‌ر مه‌هزه‌له‌یه‌ك نه‌بێت بۆ چاوبه‌سته‌كی خه‌ڵك.
له هیچ شوێنێكی دونیاشدا تاسه‌ر به‌و جۆره خه‌ڵك ههڵنهخهڵهتێندراوه، بۆ هیچ كه‌س نه‌چووەته سه‌ر، تاوەکو له عێراق ئه‌مه هه‌ر به‌رده‌وام بێت. رۆژێك هه‌ر دێت ئه‌م چه‌واشه‌كاری و چاوبهستهكیانه بەبێ ئاكام ده‌بن، به‌ڵام تاوەکو ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵك هۆشیار ده‌بنه‌وه، قوربانیی بێ‌شومار ده‌ده‌ن و لێكه‌وته‌كانی بۆ داهاتووی زۆر دووریش ده‌مێننه‌وه. چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه عاقڵمه‌ندان و نوخبه‌ی ده‌سته‌بژێری ناو ئه‌م پێكهاته جیاوازانه لێنه‌گه‌ڕێن تاوەکو كاتی هۆشیاریی گشتی دروست ده‌بێت، ده‌بێت رۆڵ بگێڕن له دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی رزگاربوون. بۆ ئێستای هه‌لومه‌رج و دۆخی عێراق دوای شكستی هاوپه‌یمانێتیی سێ براوه‌ی سێ پێكهاته جیاوازه‌كه، ره‌نگه رێگه راست و دروسته‌كه ئه‌وه بێت كه لایه‌نه عێراقییه‌كان ئازایه‌تیی ئه‌وه‌یان هه‌بێت دان به‌و پێكه‌وه نهگونجاوییهی پێكهاته‌ی ناسرووشتیی خۆیاندا بنێن. ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆكارێكیش بیانه‌وێت لێكنهترازێن و له‌ژێر ناوێك‌دا بمێننه‌وه كه (عێراقه)، رێگەچارهكه ئه‌وه‌یه هه‌ریه‌ك له‌م سێ پێكهاته سه‌ره‌كی و ناچوونیهكه له سنووری خۆیان حوكم بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش رێگە بۆ سه‌قامگیری و ئاشتی و ئاوه‌دانی خۆش ده‌كات. جا ئه‌مه ناو ده‌نرێت سێ هه‌رێمی فیدراڵی، یان هه‌ر ناوێكی دیكه، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت عێراق بكه‌وێته سه‌ر راسته‌ڕێی خۆی و له‌وه رزگاری ببێت ناكۆكی و ناچوونیهكیی پێكهاته‌كانی بگاته دۆخی به‌ریه‌ككه‌وتن، هه‌ر ده‌بێت ئه‌وه بكه‌ن.