شەڕی تیرۆر و هەڕەشەکانی تورکیا

عارف قوربانی
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌مریكا و رووسیا كه‌ هێز و بنكه‌ی سه‌ربازییان له رۆژئاوای کوردستان‌ (باكووری سووریا) هه‌یه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت چینیش، له‌ ئاستی جیاجیادا هۆشدارییان داوه‌ته‌ توركیا، كه‌ نابێت هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی رۆژئاوای كوردستان له‌ باكووری سووریا كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی (په‌یه‌ده‌)دان، به‌ڵام تائێستا توركیا هه‌ر موكوڕیی خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌و پلانه‌ی بۆ هێرشی زه‌وینی دایڕشتووه‌ و پاشگه‌زنابێته‌وه‌.
 
له‌ تازه‌ترین لێدوانیشیدا رۆژی 3ی دیسەمبەری 2022 ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا له‌ شاری رووهای باكووری كوردستان جەختی لەوەكرده‌وه،‌ كه‌ به‌ قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر ده‌چینه‌ ئه‌ودیوی سنووره‌كانمانه‌وه‌. له‌ڕووی كرداریشه‌وه‌ توركیا له‌ 20ی مانگی 11ـەوه‌ هێرشی ئاسمانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ و درۆن و مووشه‌كه‌وه‌ بۆ سه‌ر به‌شێك له‌و ناوچانه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و زیانی زۆری به‌ ژێرخانی ئابووری و سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ و ئاو و كاره‌بای ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی نه‌یاری زۆری بۆ په‌یدابووه‌، به‌ڵام توركیا بێگوێدانه‌ لێكه‌وته‌كانی، به‌شێكی زۆر له‌ سوپای وڵاته‌كه‌شی بردووەته‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان و ئاماده‌ی ده‌ستپێكردنی هێرشه‌.
 
هه‌ندێك له‌ چاودێران بۆچوونیان وایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی توركیا له‌ 6 مانگی داهاتوودا ده‌چێته‌ ناو پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه‌وه،‌ كه‌ بۆ ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازه‌، به‌ دۆڕاندنی هه‌ڵبژاردن كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵات و ته‌مه‌نی سیاسی ئه‌ردۆغان دێت و بردنه‌وه‌شی شانسی ئه‌وه‌ی پێده‌دات‌ تاوەکو كۆتایی ته‌مه‌نی له‌ ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌، ئه‌م خواستی هێرش و په‌لاماردانه‌ بۆ سه‌ر باشوور و رۆژئاوای كوردستان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و پێیان وایه‌ ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هه‌ست و سۆزی زۆرینه‌ی توركه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان بۆخۆیان رابكێشن. 
 
ده‌شێ‌ ئه‌مه‌ دیوێكی راستی تێدابێت، رابردوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ ئه‌ردۆغان بۆ مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات په‌نا بۆ مه‌حاڵیش ده‌بات، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌موو راستییه‌كه‌ نییه‌. چونكه‌ ئه‌م پرسه‌ بۆ پارتی داد و گەشەپێدان دوو لایه‌نه‌یه‌، به‌ شه‌ڕی دژ به‌ كورد چه‌ند جه‌ماوه‌ر ده‌نگ بۆ خۆی زیاد ده‌كات، له‌ به‌رانبه‌ردا له‌و رێژه‌یه‌ زیاتر ده‌نگ له‌ ناو كورد له‌ ده‌ست ده‌دات. ئه‌وه‌شی وایكرد له‌سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر حوكمی ئاكپارتییه‌وه‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزی له‌ناو ده‌نگده‌ری باكووری كوردستاندا هه‌بێت، ته‌نیا دیوه‌ ئایینییه‌كه‌ی و بیروباوه‌ڕ نه‌بوو، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی و كردنه‌وه‌ی ده‌رگە به‌ڕووی كورده‌وه‌ هه‌بوو. 
 
شه‌ڕ و ناسه‌قامگیریی و دووژمنایه‌تیكردنی كورد، بۆ ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی زیانی له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ بیه‌وێ‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ پێگه‌ی له‌ناو توركه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان به‌هێز بكات. بۆیه‌ ناتوانرێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ته‌نیا وابه‌سته‌ بكرێت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌. ئامانج و ستراتیژی توركیا له‌ چاوتێبڕینی بۆ سه‌ر باشوور و رۆژئاوای كوردستان چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ له‌ خه‌یاڵدانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانیدا گینگڵ ده‌دات. خۆیشیان ئه‌مه‌یان نه‌شاردووەته‌وه‌ و له‌ ئاستی جیاجیا و له‌ قۆناخی جیاوازدا خستوویانه‌ته‌ڕوو. هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا به‌ تیرۆر نیشاندانی پرسی كورد و بزاوته‌ سیاسییه‌كانی له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. 
 
چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی شه‌ڕی تیرۆر كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌سه‌ر كورددا سه‌پێندراوه‌، له‌ژێر پرسیاردایه‌. ئه‌وه‌ی سەبارەت شه‌ڕی تیرۆر له‌ رۆژئاوای كوردستان وێنای ده‌كات، نه‌ك هه‌ر كورد، هه‌موو دونیا ده‌زانن كورد تیرۆریست نین، هه‌موو دونیا گه‌واهی ئه‌وه‌ن كه‌ له‌ سنووره‌كانی رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئارامی و سه‌قامگیری توركیا دروست نه‌بووه‌. ئه‌مریكا و رووسیا و وڵاتانی ئه‌وروپاش باش ده‌زانن ئه‌و گرووپانه‌ی ناو سووریا كه‌ ره‌فتار و كرداریان هاوشێوه‌ی داعشه‌ و هه‌رێمی عه‌فرین، سه‌رێكانی، گرێسپی و تاوەکو جه‌رابلوسیان له‌ژێر ده‌ستدایه‌ كێ‌ یارمەتیان ده‌دات. وڵاتانی جیهان هێشتا دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی داعش و شه‌ڕی داعشیان بیر نه‌چووەته‌وه‌. ئه‌و به‌راورده‌ ده‌بینن كاتێك داعش ده‌یویست كۆبانی داگیربكات، فڕۆكه‌كانی توركیا سنووری ئاسمانی سووریایان نه‌ده‌به‌زاند بۆ لێدانی داعش، به‌ڵام ئێستا گوێ‌ به‌ ناڕه‌زایی جیهان نادات و هێرشی ئاسمانی ده‌كاته‌ سه‌ر ژن و منداڵی كورد له‌ كۆبانێ‌. 
 
له‌ مێژوودا تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و رێكخراوێك به‌ ئه‌ندازه‌ی داعش كۆده‌نگی جیهانی له‌سه‌ر دروستنه‌بووه‌ له‌ ناساندنیان وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی مه‌ترسیدار، دژ به‌ هیچ گرووپێكیش هێنده‌ی داعش به‌ره‌یه‌كی فراوانی نێوده‌وڵه‌تی دروست نه‌بووه‌، به‌ڵام توركیا تاكه‌ ده‌وڵه‌تی ناو ناتۆ و ناوچه‌كه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕی داعشی نه‌كرد، هەرچەندە خۆی دەڵێت شەڕی داعشی کردووە و 450 چەکداری داعشی کوشتووە. ئه‌گه‌ر بڕیاربێت توركیا خۆی له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی تیرۆردا ببینێته‌وه‌، وه‌ڵامی چییه‌ بۆ ئه‌و راپۆرتە رۆژئاواییانەی دەیانگوت تورکیا بووەتە هایوەی داعشییەکان کە له‌ وڵاتانی رۆژئاواوه‌ له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیاوه‌ خۆیان ده‌گه‌یانده‌ ریزه‌كانی داعش و شه‌ڕی مرۆڤایه‌تیان ده‌كرد.
 
ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیی توركیا به‌تایبه‌ت له‌ به‌رهه‌مهێنانی (درۆن) ئاستێكی زۆر پێشكه‌وتووی هه‌یه‌. شه‌ڕی ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا به‌هۆی درۆنه‌كانی توركیاوه‌ به‌ قازانجی ئازه‌ربایجان كۆتایی هات. له‌ شه‌ڕی نێوان رووسیا و ئۆكرایندا، هه‌موو ئه‌و كه‌شتییه‌ جه‌نگی و پرد و ناوه‌نده‌ سه‌ربازیانه‌ی رووسیا له‌لایه‌ن ئۆكراینه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، له‌ رێگه‌ی درۆنه‌كانی توركیاوه‌یه‌، به‌ڵام توركیا له‌ درێژه‌ی 4 ساڵی شه‌ڕی به‌رده‌وامی داعش بۆ یه‌ك جاریش ئەم درۆنانەی نەناردە شەڕی داعش‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئاماده‌نه‌بوو چه‌ك به‌و هێزانه‌ش بدات كه‌ شه‌ڕی داعشیان ده‌كرد. كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو ئه‌مه‌ ده‌بینن. بۆیه‌ باسكردنی شه‌ڕی تیرۆر له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كه‌ كردوویه‌تی به‌ په‌رچه‌می دووژمنایه‌تیكردنی كورد.
 
هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ دۆست و نه‌یاره‌كانی توركیا ئه‌م راستیانه‌ ده‌زانن، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش و دامه‌زراوه‌كانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئێمه‌ی كورد باشتر ئاگاداری توركیان. نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی هه‌مووشیان به‌رانبه‌ر به‌ توركیا له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی و دۆستایه‌تی نێوان وڵاتان له‌وه‌ زیاتر چاوه‌ڕوانی لێناكرێت كه‌ هه‌ڵوێست دژی‌ توركیا بگرنه‌به‌ر. پێویسته‌ ئێمه‌ی كورد خۆمان له‌و راستیانه‌ به‌باشی تێبگه‌ین و پشت به‌خۆمان ببه‌ستین بۆ به‌رگریكردن له‌ مانه‌وه‌مان.

05/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر