له هه‌رێمی كوردستان له ژیان و باری ته‌ندروستی هه‌ركه‌سێك ده‌پرسیت؟ پێتده‌ڵێت باشم، به‌ڵام فڵانه نه‌خۆشیم هه‌یه، یان ده‌ڵێت دایكم یان باوكم، خوشكم یاخود برام تووشی نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌ن بووە. ئه‌و تووشی شێرپه‌نجه بووه، ئه‌وی دیكه‌یان چه‌وری له‌سه‌ر گورچیلهكانیەتی، فڵان كه‌س تووشی هه‌وكردنی جگه‌ر بووه. به‌ده‌گمه‌ن خێزانێك ده‌بینی ئه‌ندامێك یان زیاتری خێزانه‌كه‌یان نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌تی تووش نه‌بووبێت. له میدیاكانیشه‌وه رۆژانه گوێمان له‌و هه‌واڵ و راپۆرتانه ده‌بێت كه به ئامار باس له به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی نه‌خۆشییه مه‌ترسیداره‌كان ده‌كه‌ن. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌گه‌ر وه‌ك كۆمه‌ڵگەیه‌كی بچووك كراوه ته‌ماشای هه‌رێمی كوردستان بكه‌ی، له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گشتی ده‌چێت.
ئایا هه‌ر به‌ڕاستی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن و پرسیار نییه؟ كۆمه‌ڵگەیه‌كی بچووكی چه‌ند ملیۆنی له‌نێو سرووشتێكی (چوار وه‌رزه‌ی پڕ) كه نه تیشكی هه‌تاوی كه‌مه، نه باران. ئه‌م هه‌موو نه‌خۆشییه چییه رووی كردووەته خه‌ڵكه‌كه‌ی؟ ئایا هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی هاوشێوه هه‌یه به‌م شێوه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكه‌كه‌ی گیرۆده‌ی ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشییه جۆراوجۆره بووبن؟
هه‌رچه‌نده هیچ ناوه‌ندێكی زانستی توێژینه‌وه‌ی له‌وباره‌وه نه‌كردووه، یان ئه‌نجامی پشكنین و كوالێتی ماده خۆراكییه هاورده‌كان ئه‌وه‌ی نه‌سه‌لماندووه، به‌ڵام من بۆ خۆم هیچ گومانم له‌وه نییه به‌شێكی سه‌ره‌كی سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیانه له وڵاتانی ئێران و توركیاوه‌یه. چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له رۆژنامه‌ی (رووداو) وتارێكم سەبارەت به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی نه‌زۆكی له‌نێو ژنان و پیاوانی كوردستان له‌ژێر ناونیشانی (رێگریی له نه‌وه‌خستنه‌وه، جینۆسایدێكی به‌رده‌وام) بڵاوكرده‌وه. له‌وێش هۆكاره‌كه‌یم گه‌ڕاندبووه‌وه بۆ ئه‌و دوو وڵاته كه له سۆنگه‌ی دووژمنایه‌تیان به‌رانبه‌ر گه‌لی كوردستان به‌دووری نازانم له رێگه‌ی ئه‌و خۆراكانه‌ی هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كه‌ن، هۆكاربن بۆ رێگری له نه‌وه‌خستنه‌وه. ئێستا گوێم له هه‌ندێك پزیشكی پسپۆڕ ده‌بێت كه ئه‌وانیش گه‌یشتوونەتە ئه‌و ئه‌نجامه‌ی رێژه‌كه به ئاسایی نابینن و گومانیان بۆ په‌یدابووه.
مو‌سا عه‌نته‌ر له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌یگێڕێته‌وه له نیسانی ساڵی 1958 له ناوچه‌کانی باکووری کوردستان جۆرێك گه‌نم لەلایەن حکومەتی تورکیاوە به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا دابه‌ش كرا، پاش ئه‌وه‌ی گه‌نمه‌كه له ئاش دهكرایە ئارد و ئارده‌كه ده‌كرایه نان، دوو نه‌خۆشی به‌دوای خۆیدا هێنا، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو كه زۆر ژن تووشی نه‌زۆكی بوون، هه‌روه‌ها رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له منداڵان تووشی نه‌خۆشییه‌ك بوون برینی ره‌شی گه‌وره له‌سه‌ر جه‌سته‌یان دروست بوو، هاوشێوه‌ی مه‌یمون توكیان لێده‌ڕوا و ده‌مردن، به‌وهۆیه‌وه رێژه‌یه‌كی زۆری منداڵ له ناوچه كوردییه‌كان له‌نێوچوون.
ته‌ماشا بكه‌ن توركیا شه‌ست و پێنج ساڵ پێش ئێستا بیری له‌وه كردبێته‌وه له رێگه‌ی (نان)ه‌وه، له‌لایه‌ك منداڵی كورد بكوژێت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه رێگه له‌وه بگرێت ژنانی كورد منداڵ بخه‌نه‌وه. ده‌بێت ئێستا توانای زانستیی ئەم وڵاتانە گه‌یشتبێته چ ئاستێك و له چ رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه ژه‌هر ده‌رخواردی كورد بده‌ن و ئێمه‌ش هه‌ر بیرمان بۆی نه‌چێت؟ بۆ نموونە توانای ئێران و تورکیا له به‌كاربردن و گه‌شه‌پێدانی ڤایرۆس و به‌كتریا و ته‌نانه‌ت له چه‌كی بایه‌لۆجی، زۆر گه‌شه‌ی كردووه.
ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەم دوو وڵاتە لەڕووی ستراتیژییەوە هه‌ر قەوارەیەکی كوردستانی به دووژمن و مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌بینن. پلانی روون و ئاشكراشیان رێگرییه له‌هه‌ر لهسهرپێوهستانێكی كورد له ناوچه‌كەدا. ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ده‌بینن كه مانه‌وه و درێژه‌كێشانی ته‌مه‌نی، ده‌بێته ئه‌مری واقیع به‌سه‌ریانه‌وه. بۆیه ده‌بێت به‌رچاومان روون بێت له‌وه‌ی هه‌موو رێگەیه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر بۆ له په‌لوپۆخستنی ئه‌م قه‌واره‌یه، لەبەرئەوەش کۆنترۆڵی جۆری بۆ هەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆر زۆر لەپێشە.
ئه‌وه‌ی بووه‌ته لهمپەر و رێگر له‌به‌رده‌م هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی خێرا، یان په‌لاماردانێكی راسته‌وخۆی وڵاتانی ناوچەکە بۆ له‌نێوبردنی هه‌رێمی كوردستان، دوو شته. یه‌كه‌میان سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی یارمه‌تیده‌ر نییه بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته. دووه‌میشیان په‌ند وه‌رگرتنه له ئه‌زموونی رابردوو. ئه‌وان ده‌زانن كه دروستبوونی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی تێدا خوڵقا، كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی سه‌دام بوو به‌رانبه‌ر به گه‌لی كوردستان له عێراق. بۆیه نایانه‌وێ جارێكی دیكه كیمیایی بكرێت به‌سه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا، به‌ڵام ده‌یانه‌وێ له رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه ژه‌هره‌كه بكه‌نه ناو جه‌سته‌ی هاووڵاتییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، وەک ئه‌وه‌ی ئێستا تووشی هاتووین. له هه‌ڵه‌بجه 5 هه‌زار كه‌س شه‌هید بوو، ئێستا هه‌موو ساڵێك زیاتر له‌و ژماره‌یه ته‌نیا به شێرپه‌نجه ده‌مرن.
ئه‌مڕۆبێت یان سبه‌ی ئه‌و راستییانه به لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زانستیبن یان له به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتی ناوه‌نده ههواڵگرییهكانەوە ده‌رده‌كه‌ون كه چۆن له‌ڕێگه‌ی ( رۆن، ئارد، چپس، شه‌ربه‌ت، هیلكه، كۆلا، دۆشاوی ته‌ماته، به‌روبوومی كشتوكاڵی، ئاو و هه‌واوه) به ستراتیژێكی دوورمه‌ودا به هه‌زاران كورد كوژراوە. به‌ڵام هه‌ر به‌ته‌نیا دەوڵەتەکان به‌رپرس نین له‌م تاوانكارییه، ئه‌وه‌ی زه‌وینه‌ی خۆشكردووه‌و كارئاسانی كردووه كه بهڕێگەیهكی ئاسان و هه‌رزان كوردی پێ له‌ناوبه‌رن، خۆمانین.
دوو شێوازی مامه‌ڵه‌كردن و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی کوردستان، ته‌واوكه‌ری ئه‌و ستراتیژه دووژمنكاریانهیه كه له‌به‌رانبه‌ر كورد گیراونه‌ته‌به‌ر. یه‌كه‌میان ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یه كه له ده‌روازه سنوورییه‌كان و شێوازی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران گیراونه‌ته‌به‌ر، كه سەرپەڕەی حوكمڕانانی هه‌رێمی کوردستان له‌و سی ساڵه‌دا چۆنیەتی به‌ده‌ستهێنانی داهات بووه نه‌ك جۆری كاڵاكان، كه به‌هۆیه‌وه كوردستان بووه‌ته بازاڕێكی بێ چاودێری بۆ به‌روبوومی بێكوالێتی و ته‌نانه‌ت ماوه بهسهرچوویش. هه‌روه‌ها له‌به‌ر نه‌بوونی توانای زانستی بۆ پشكنینی ورد، ئه‌و ده‌رگایه‌شی كردووەته‌وه به‌ئاسانی ژه‌هر ده‌رخواردی خه‌ڵك بدرێت.
دووه‌م هۆكاریش ئه‌و شێوازی مامهڵهكردنانهیه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان، پاڵاوگه‌ی خراپ و به‌رهه‌می خراپی گازی ئۆتۆمبێل و موه‌لیده‌ی كاره‌بای گه‌ڕه‌كه‌كان و به‌نزینی بێكوالێتی، به جۆرێك كاریان كردووەته سه‌ر ژینگه‌ی كوردستان، هیچ دوودڵییه‌كی ناوێت ئه‌گه‌ر بته‌وێ هه‌رێمی كوردستان به‌ناوچه‌ی ژه‌هراوی ناوبه‌ریت.
ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كان كاتێک له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان پشكنین ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌ن به‌هه‌ڵا ژههرخواردكراوین و راسته‌وخۆ گومانیان بۆ نه‌یاره سیاسییه‌كانیان ده‌چێت له پشتی ئه‌و كاره‌بن، دڵنیابن كه‌ستان ژه‌هرخوارد نه‌كراون، به‌ڵام هه‌مووشتان جه‌سته‌تان پڕه له ژه‌هر. هه‌ر هاووڵاتییه‌كی كوردستان به‌ریته تاقیگه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی نه‌خۆشخانه‌ی وڵاتێكی پێشكه‌وتووی جیهان، له پشكنینه‌كانیدا ئه‌و ماده ژه‌هراویانه هه‌ن كه ئاماژه‌ن بۆ ژه‌هرخواردكردنی. ئه‌و سه‌ركرده‌و سیاسیانه‌ی تائێستا نه‌یانكردووه به‌هه‌ڵا كه ژه‌هریان دراوه‌تێ، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه پشكنینی وردیان نه‌كردووه.
من ده‌زانم هه‌ندێك له به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداران و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش، ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی به‌كاری ده‌هێنن، ئه‌وانه نین كه له بازاڕه‌كانی كوردستان هه‌ن. به رێگه‌ی تایبه‌ت و له‌ژێر چاودێری وردی پشكنینی پزیشكی و به‌رهه‌می بێ غهلوغهشیان پێده‌گات، به‌ڵام هیچیان دڵنیایی ئه‌وه‌یان نییه كه سه‌لامه‌ت ده‌بن، چونكه سەرئه‌نجام ئه‌وانیش له‌ناو ژینگه‌ی ژه‌هراوی هه‌رێمی کوردستاندان و ئه‌و ئۆكسجینه هه‌ڵده‌مژن كه خۆیان پڕیان كردووه له ژه‌هر. بۆیه پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكرێت، به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداران رابچڵهكن له‌وه‌ی خۆیان و ئه‌و میلله‌ته‌یان خستووەته به‌رده‌م چ چارهنووسێكهوه.