ماوه‌یه‌كه له میدیاكانه‌وه زۆر باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان گوشاری زۆریان خستووەته سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ردوو حیزبە حوكمڕانه‌كه‌ی كوردستان (پارتی و یه‌كێتی) بۆ ئه‌وه‌ی په‌له بكه‌ن له یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. ده‌گوترێت گوشاره‌كانیان گه‌یشتووەته ئاستی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ی پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه ده‌كرێن و ده‌ستهه‌ڵگرتن له پشتیوانیكردنیان ئه‌گه‌ر له داهاتوویه‌كی نزیكدا یه‌ك نه‌گرنه‌وه.
بێگومان خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن یه‌ك هێزی چه‌كدار بێت، كه هێزی گه‌لی كوردستان بێت نه‌ك حیزبه سیاسییه‌كانی. بۆیه ئه‌م هه‌ڕه‌شه و گوشارانه‌ی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپایان پێخۆشه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوور له هه‌ست و سۆزی كوردانه و به چاوێكی واقیعییه‌وه بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد له باشوور هه‌ڵبسه‌نگێنین، ده‌گه‌یته راستییه‌كی تاڵ، كه ئه‌م دوو هێزه‌ی ئێستا هه‌ن، به‌هیچ جۆرێك ناتوانرێت بكرێن به یه‌ك هێز، چونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه وه‌ك هێزێكی حیزبی دروستبوون و په‌روه‌رده و عه‌قیده‌ی سه‌ربازییان عه‌قیده‌یه‌كی حیزبیانه‌یه، بۆیه ته‌نها له حاڵێكدا ده‌توانرێت ئه‌م دوو هێزه بكرێن به یه‌ك هێز كه یان پارتی و یه‌كێتی ببن به یه‌ك حیزب، یاخود یه‌كێك له‌م دوو حیزبه به‌یه‌كجاری نه‌مێنێت.
ده‌توانرێت هه‌موو هێزه‌كان بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ده‌شتوانرێت له چه‌ند لیوایه‌كی هاوبه‌شدا تێكه‌ڵ بكرێن، به‌ڵام ئه‌مه یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه نییه به‌ڵكو تێكه‌ڵكردنه. له رابردووش‌دا چه‌ندین هه‌وڵی له‌و شێوه‌یه هه‌بوون و ته‌نانه‌ت چه‌ندین لیوای هاوبه‌شی پێشمه‌رگه دروستكران، به‌ڵام كه هه‌لومه‌رج و دۆخێك دروست بوو درزی نێوان پارتی و یه‌كێتی گه‌وره كرده‌وه، ئه‌و لیوا هاوبه‌شانه‌ش كه به‌چه‌ندین ساڵ دروستكرابوون له چه‌ند كاتژمێرێكدا هه‌ڵوه‌شانه‌وه. دوو نموونه‌ی به‌رجه‌سته هه‌ن، ساڵی 1994 و 2017 یه. له دوای دروستكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ساڵی 1992 هه‌وڵێكی زۆر درا بۆ دروستكردنی له‌شكری كوردستان، دوای دوو ساڵ كه زه‌مینه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ دروستبوو له چركه‌ساتێكدا ریسه‌كه بووه‌وه به خوری و هه‌موو ئه‌و سه‌ركردایه‌تی و یه‌كه هاوبه‌شانه‌ی له‌ناو پێشمه‌رگه دروستكرابوون هه‌ڵوه‌شانه‌وه و به‌ربوونه گیانی یه‌كدی.
دوای ساڵانێكی زۆر و له‌ژێر گوشارێكی زۆری ناوخۆیی و دۆسته بیانیه‌كانیشدا، جارێكی دیكه له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانیی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانەوە، ده‌ستكرایه‌وه به دروستكردنه‌وه‌ی لیوای هاوبه‌ش و گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی یه‌كخستنی ئه‌م دوو هێزه، كاتێكی زۆر و ئیمكانیاتێكی زۆری بۆ خه‌رج كرا، به‌ڵام له رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌مووی تێكچوو.
هۆكاره‌كه‌شی زۆر روونه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م هێزه‌ی هه‌یه هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی و یه‌كێتین. هیچ كام له‌م دوو حیزبه‌ش ده‌ستبه‌رداری هێزه‌كه‌ی خۆی نابێت، بۆیه تا ئه‌م دوو حیزبه‌ش بمێنن، ئه‌م دوو هێزه چه‌كداره‌ش ده‌مێننه‌وه. له‌ژێر هه‌ر ناوێك و به‌هه‌ر شێوازێك تێكه‌ڵ بكرێن، ته‌نها یه‌كخستنێكی رووكه‌شانه‌یه، له‌ناخه‌وه ئه‌وان یه‌ك نین و ناشبن به‌یه‌ك. بۆیه هه‌ر هه‌وڵێك بدرێت بۆ یه‌كخستنیان، بێ‌ئاكام ده‌بێت. هێزی یه‌كگرتوو دروست ده‌كرێت، له دوو هێزی جیاواز دروست ناكرێت.
ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیان له واقیعی ئه‌م هێزه تێنه‌گه‌یشتوون، بۆیه به‌رده‌وام ئه‌و داوایه له پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌نه‌وه كه نابێت دوو هێزی پێشمه‌رگه‌تان هه‌بێت و پێویسته بكرێت به یه‌ك هێز. هه‌موو هه‌وڵ و كۆمه‌كێكیش له‌م پێناوه‌دا كردوویانه به رێگەیه‌كی هه‌ڵه بووه، نه‌ك نه‌بووەته هه‌وێنی هێزێكی یه‌كگرتووی كوردستانی، به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ر بووه له به‌هێزكردن و قه‌به‌كردنی هێزه حیزبیه‌كان.
ئێستاش رێگەكانی چوونه ریزی پێشمه‌رگایه‌تی به لق و مه‌ڵبه‌نده‌كانی پارتی و یه‌كێتیدا تێده‌په‌ڕن. كه‌سێك سه‌ر به‌م دوو حیزبه نه‌بێت، نه له رابردوودا توانیوێتی ببێت به پێشمه‌رگه و نه ئێستاش. تا ئه‌م شێوازه‌ش به‌رده‌وام بێت قسه‌كردن له دروستكردنی هێزێكی ناحیزبی، جۆرێكه له خه‌یاڵ. ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان ساڵانێكی زۆره له رووی سه‌ربازییه‌وه كۆمه‌ك و یارمه‌تی كوردستان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌شێك له مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌وان دابینی ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌و هاوكاری و یارمه‌تییه‌ی ئه‌وان به‌س بوو ئه‌گه‌ر به رێگەیه‌كی دروست بیر له دروستكردنی هێزێكی فه‌رمی بكرایه‌ته‌وه، كه دووربێت له ده‌ستی حیزب، به‌ڵام ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپاش رێگه دروسته‌كه‌یان نه‌گرته‌به‌ر، ئاویان كردووەته ئاشی به‌هێزبوونی هێزه‌كانی پارتی و یه‌كێتییه‌وه. ئه‌وان ده‌یانتوانی مه‌رجی ئه‌و كۆمه‌ك و یارمه‌تیانه ببه‌ستنه‌وە بە دروستكردنی هێزێكه‌وه كه رێگەی دامه‌زراندنی به ده‌رگەی كۆمیته و ناوچه‌كاندا تێنه‌په‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌كرد. بۆیه چاوه‌ڕوانكراویشه گوشار و داواكارییه‌كانیان بۆ دروستكردنی هێزێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی، هیچ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ری نه‌بێت.
ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانێك ئه‌و هاوكاریی و كۆمه‌كانه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه، نه‌ك وه‌ك سه‌رچاوه‌ی به‌هێزبوونی هێزێكی نیشتمانی نابینن، به‌ڵكو پێیان وایه رێگەیه‌كه بۆ گه‌ورەتربوونی مه‌ترسییه‌كان، چونكه له رابردوودا ئه‌م دوو هێزه چه‌ندین جار به‌ریه‌ك كه‌وتوون و شه‌ڕی خۆبه‌خۆیان كردووه. هه‌میشه مه‌ترسی سه‌رله‌نوێ به‌ریه‌ككه‌وتنه‌وه‌شیان ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه، بۆیه تا زیاتر پڕچه‌ك بكرێن و توانای سه‌ربازییان به‌هێزتربێت، مه‌ترسییه‌كانیش زیاتر ده‌بن.
زۆر ده‌گوترێت كه (ئه‌مه به‌رپرسیاریێتییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه و ده‌بێت سه‌ركرده‌كانی ئه‌م دوو حیزبه به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كانیانه‌وه، پێویسته ده‌ستبه‌رداری ئه‌و خواسته حیزبییه بن و هێزه‌كان له گیانی حیزبیانه دابماڵن و بیكه‌ن به هێزێكی نیشتمانی كوردستانی كه ئینتیمایان ته‌نها بۆ كوردستان بێت). ئه‌مانه ته‌نها قسه‌ی باشن، به‌ڵام واقیعی نین. چونكه له بیر و باوه‌ڕیاندا واقیعێكی حیزبی زاڵتره به‌سه‌ریاندا وه‌ك له بیر و باوه‌ڕی نیشتمانی.
هاوكێشه‌كه زۆر روونه، ئه‌گه‌ر بته‌وێت هێزێك هه‌بێت یان دروست بكرێت كه ئینتیمای حیزبی نه‌بێت، ده‌بێت له كه‌سانێك پێك بێت كه ئینتیمای حیزبی نه‌بێت. ئه‌م هێزه‌ی ئێستا هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ندامێتیی و ئینتیما بۆ پارتی و یه‌كێتیی دروست بووه. كارێكی مه‌حاڵه كه‌سێك وه‌ربگریت به پێشمه‌رگه به مه‌رجی ئه‌وه‌ی ده‌بێت ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتی یان یه‌كێتی بێت و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌شی لێبكه‌یت ئینتیمای بۆ حیزبه‌كه نه‌بێت. هیچ كه‌سێكی بێلایه‌ن ناتوانێت ببێت به پێشمه‌رگه، ئه‌ندامی هیچ حیزبێكی دیكه ناتوانێت ببێت به پێشمه‌رگه، جگه له‌وه‌ی ده‌بێت یان پارتی یان یه‌كێتی بێت، ئایا خه‌یاڵ نییه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌یت كه هێزه‌كه ناحیزبی بێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر خه‌مێك هه‌یه بۆ دروستكردنی هێزێكی چه‌كدار له كوردستان كه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی حیزبی بێت، یان ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان ده‌یانه‌وێ له كوردستان هێزێكی ناحیزبی هه‌بێت، ده‌بێت واز له‌وه بهێنرێت ئه‌م دوو هێزه‌ی هه‌ن یه‌كبخرێن. ئه‌مه‌ی ئێستا وه‌كو دوو ده‌ستی مرۆڤێك وایه به‌هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك ناكرێت به‌یه‌ك ده‌ست. بۆیه به‌پێچه‌وانه‌وه رێگەی دروست ئه‌وه‌یه ورده ورده ئه‌م هێزه هه‌ڵبووه‌شێندرێنه‌وە و خانه‌نشین بكرێن. پێویسته واقیعی دروستكردنی هێز بگۆڕدرێت بۆ شێوازێك له سه‌ربازیی زۆره‌ملێ، یا ئاره‌زوومه‌ندانه، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی به‌یه‌كسانی ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م گه‌نجان بكرێته‌وه بۆ چوونه ریزه‌كانی ئه‌م هێزه‌وه دوور له ئینتیمای حیزبی. دوور له‌م رێگەیه كارێكی نه‌كرده و به‌دینه‌هاتووه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بیت كوردستان خاوه‌نی یه‌ك هێزی چه‌كداری ناحیزبی بێت.