ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد له سێ ده‌یه‌ی رابردوو به چاوێكی ستراتیژییانه‌وه نه‌یڕوانیوه‌ته گرنگیی ئاو له كوردستان. ئه‌گه‌ر به بایه‌خه‌وه له داهاتووی ئاوی بڕوانیایە، له 30 ساڵی رابردوو ده‌یتوانی و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یشی هه‌بوو ده‌یان به‌نداوی گه‌وره و سه‌تان به‌نداوی بچووك دروستبكات، هه‌روه‌ها ده‌یتوانی به رێگەی جۆراوجۆر ئاوی باراناو بخاته‌وه ژێر زه‌وی و كوردستان بكاته نیشتمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێر زه‌وی، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌كرد، بگره هه‌موو ئه‌و چه‌م و گۆماو و به‌نداوانه‌ی هه‌بوون، خه‌ریكه ئاویان به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه و ئاوی ژێرزه‌ویی كوردستانیش مه‌ترسیی زۆری له‌سه‌ره.
ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌رئه‌نجامیش پێی گه‌یشتووه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر ته‌نیا ساڵێك باران كه‌م ببارێت، نه‌ك هه‌ر بۆ به‌روبوومی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداریی، به‌ڵكو گرفتی ئاوی خواردنه‌وه‌ش سه‌رهه‌ڵده‌دات. جا ئه‌گه‌ر خوا نه‌كرده چه‌ند ساڵێك له‌سه‌ریه‌ك وشكه‌ساڵی بێت، دوور نییه زۆر شوێنی كوردستان ده‌رفه‌تی ژیانی تێدا نه‌مێنێت. ئه‌وه‌ی بۆ جیهان و به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی عێراق و نزیك هه‌رێمی كوردستانیش چاوه‌ڕوانكراوه ئه‌وه‌یه كه به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و گه‌رمبوونی زه‌وی و مه‌ترسیی وشكه‌ساڵیی درێژمه‌ودا، ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی بێئاویی زۆر ببێته‌وه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كه هه‌ندێ ناوچه‌ی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی به بیابانبوونی له‌سه‌ره. هیچ گومانێكیش له‌وه‌دا نییه كه تادێت لێشاوی عه‌ره‌ب له ناوچه تینووه‌كان رووده‌كه‌نه هه‌رێمی كوردستان و له داهاتوودا ژماره‌ی دانیشتووان له هه‌رێمی كوردستان زۆر زیاتر ده‌بێت، ئه‌وەش واده‌كات پێویستی به‌كاربردنی ئاویش چه‌ند جارێك له ئێستا زیاتر بێت.
هه‌رێمی كوردستان زۆر دواكه‌وتووه له‌وه‌ی بڕیار له گلدانه‌وه‌ی ئاو و كۆكردنه‌وه‌ی بكاته‌وه، به‌ڵام بۆ كاری باش هیچ كات دره‌نگ نییه. ئێستاش ده‌توانێت به پلانێكی درێژمه‌ودا هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌مئاوی له كوردستان دوور بخاته‌وه، به‌ڵام ئایا حكومه‌ت له دۆخێكی وه‌ك ئێستای قه‌یرانی داراییدا به‌ته‌نیا ده‌توانێ چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی سرووشت ببێته‌وه؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك پلانی حكومه‌ت راگه‌یێندرا ئه‌وه‌یه له داهاتوودا چه‌ند به‌نداوێك له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان دروستبكه‌ن، ئه‌مه كارێكی باشه، به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی مه‌ترسییه‌كانی وشكه‌ساڵیی ساڵانی داهاتوو نایێت و به فریای ئه‌وه ناكه‌وێت كوردستان له كه‌مئاویی رزگار بكات.
ئه‌گه‌ر له سێ ده‌یه‌ی رابردوو هه‌ر كابینه‌یه‌كی حكومه‌ت چه‌ند به‌نداوێكی دروستبکردایە و پلانی ئه‌وەی هه‌بووایە وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی به‌رده‌وام و وه‌ك ستراتیجێك ساڵانه ژماره‌ی به‌نداوه‌كان زیاد بكرابان، ده‌توانرا دڵنیایی ئه‌وه دروستبكرێت كه كوردستان مه‌ترسی له‌سه‌ر دروست نابێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له رابردوو نه‌كراوه، كه‌واتا پێویسته ئێستا قه‌ره‌بووی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی رابردووش بكرێته‌وه، وه‌ك چۆن ده‌گوترێت (كه‌سێك له‌ماڵ دره‌نگ ده‌رچوو، ده‌بێت له رێگە رابكات).
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ته‌نیا ناتوانێت به‌رپرسیارێتیی ئه‌و رێژه پێویسته‌ی به‌نداو هه‌ڵگرێت، پێشم وانییه وڵاتانی كۆمه‌ك به‌خش و نه‌ته‌وه یه‌گرتووه‌كانیش هێشتا بیریان له‌وه‌كردبێته‌وه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م كێشه‌یه له خودی ناوچه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ركراوه‌كان بدۆزنه‌وه به‌وه‌ی پرۆژه‌ی به‌نداوی گه‌وره و بچووك دروستبكه‌ن تا ژیان له‌و ناوچانه به‌رده‌وام بێت و دانیشتووانه‌كانی ناچاری ره‌وكردن نه‌بن، بۆیه چاوه‌ڕێكردن به‌وه‌ی كه خه‌ڵكی دیكه بێن یارمه‌تیده‌ری هه‌رێمی كوردستان بن له ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو، وه‌ك ئه‌و په‌نده كوردییه وایه كه ده‌ڵێت (چاوه‌ڕێی كاسه‌ی دراوسێ بیت، بێشێو سه‌رده‌نێیته‌وه).
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له دوو رێگه‌ی دیکەوە رووبه‌ڕووی ئه‌م مه‌ترسییه ببێته‌وه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه له رێگه‌ی هاندانی گوندنشینه‌كانه‌وه هه‌ڵمه‌تێكی دروستكردنی به‌نداوی بچووك ده‌ستپێبكات. له‌به‌رئه‌وه‌ی سرووشتی كوردستان به‌جۆرێكه خاكه‌كه‌ی گونجاوه بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو، له هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌كدا حكومه‌ت مه‌كاینی وه‌ك (شۆفڵ، حه‌فاره و گڵابه و...) هه‌یه و ده‌توانێت بڕیار بدات له هه‌ر گوندێك خه‌ڵكه‌ی ویستیان به‌نداو دروست بكه‌ن، به ئالیاتی حكومه‌ت یارمه‌تی بدرێن. ئه‌مه بكرێته پرۆژه‌یه‌ك بۆ هاندانی گوندنشینه‌كان بۆ دروستكردنی به‌نداو. له رابردوودا له هه‌ر گوندێكدا به‌نداوێك دروستكرابێت، هه‌ر ساڵێك بێبارانیش بووبێت ئه‌و گونده كێشه‌ی بێئاوییان نه‌بووه و ته‌نانه‌ت له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریشیان به‌هۆی زیادبوونی ئاوی ژێر زه‌وییه‌وه چه‌ندین چاوگه‌ی كانی سه‌ریان هه‌ڵداوه.
رێگەی دووه‌م ئه‌وه‌یه ئاو بكرێتە پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان. بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كانی كورد وه‌ك هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی به‌شدار پێبكرێن له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی مه‌ترسیی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو له كوردستان، ئه‌ویش له رێگه‌ی ئه‌وه‌ی بڕیار بدرێت هه‌ر كۆمپانیا یاخود سه‌رمایه‌دارێك بیه‌وێ به‌نداوی گه‌وره دروستبكات بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ بتوانێ ئاوی پرۆژه‌كه بفرۆشێت و دوای ئه‌و بیست ساڵه ببێته‌وه به موڵكی حكومه‌ت.
ئێستا ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌یت له كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆشنبیریی به‌كاربردنی ئاو نییه، هیچ جیاكارییه‌ك نییه له‌نێوان ئه‌و ئاوه‌ی بۆ خواردنه‌وه ده‌درێت به خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاوه‌ی بۆ نموونه بۆ ته‌والێت به‌كار ده‌برێت. یا ئه‌و ئاوه‌ی بۆ دروستكردنی پرۆژه‌كان، شۆردنی ئۆتۆمبێل، کارگەی بلۆك، ئاسن و چیمه‌نتۆ به‌كار دێت. له هه‌رێمی كوردستان مرۆڤێك رۆژانه چه‌نێك رێژه‌ی ئاوی پێویسته بۆ خواردنه‌وه، له‌و رێژه‌یه زیاتر ئاوی پاكی خواردنه‌وه بۆ ته‌والێت به‌كار ده‌بات. هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو بواره‌كانی دیکە. رۆژانه چه‌ندێک ئاو پێویسته بۆ خواردنه‌وه، له‌و رێژه‌یه زیاتر له پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و دروستكردنی خانووبه‌ره و كارگه و كارخانه‌كان به‌كار ده‌برێن.
ئه‌گه‌ر حكومه‌ت وابكات ئاو وه‌ك پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، بۆ نمونه له هه‌ر پارێزگایه‌ك و شار و شارۆچكه‌یه‌كدا چه‌ندین به‌نداوی تایبه‌ت به كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كان دروست بكرێت، سبه‌ینێ ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بدات حكومه‌ت ته‌نیا به‌رپرسه له‌وه‌ی ئاو بۆ ماڵه‌كان دابین بكات، نه‌ك له‌سه‌ر حسابی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان سه‌تان كۆمپانیا ئاوی خواردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ دروستكردنی كارگه‌ی بلۆك، دروستكردنی بینا و باڵه‌خانه و پرۆژه جۆراوجۆره‌كانیان به‌كاربه‌رن، ئه‌وكات سه‌رچاوه‌یه‌ك هه‌یه بۆ فرۆشتنی ئاو به پرۆژه و كارگه و كارخانه‌كان، كۆمپانیاكان و خاوه‌ن پرۆژه‌كانیش ناچار ده‌بن بچن له‌و شوێنانه ئاو بۆ پرۆژه‌كانیان بكڕن. ئه‌مه جگه له‌و سووده‌ی ئه‌و به‌نداوانه ئه‌گه‌ر موڵكی كه‌سی یان كۆمپانیاش بن، سود به ژینگه و سرووشتی كوردستان ده‌گەیێنن و ده‌بنه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئاوی ژێر زه‌وی، ده‌توانرێت سوودیان لێببیندرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، بووژانه‌وه‌ی سامانی ماسی، ده‌بێته هۆی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاری، كشتوكاڵ و ئاودێری كه به‌هۆیانه‌وه ده‌توانرێت ده‌رفه‌تی كار بۆ هه‌زاران كه‌س ده‌ستبه‌ربكات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش له‌كۆڵی حكومه‌ت و خه‌ڵك ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له به‌شی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ی ماڵان پرۆژه‌كانی پێبه‌ڕێوەده‌چێت. پاش ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌یه‌ش كه خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، حكومه‌ت ده‌بێته خاوه‌ن چه‌ندین به‌نداوی گه‌وره بێئه‌وه‌ی هیچ بڕه پاره‌یەکی تێدا خه‌رج كردبێت.