چوار ساڵ به‌سه‌ر كۆچی داوایی مام جه‌لال تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام له راستیدا مام جه‌لال پێنج ساڵ به‌ر له‌وه‌ی ماڵئاوایی له ژیان بكات، به‌هۆی نه‌خۆشكه‌وتنییه‌وه ماڵئاوایی له سیاسه‌ت كردبوو. واتا ده‌كرێت بڵێین، مام جه‌لال نۆ ساڵه له ژیانی سیاسیی كوردستان و عێراقدا نه‌ماوه. لێره‌دا ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه جێی پرسیار و تێڕامانه ئه‌وه‌یه ئایا سه‌ركرده گه‌وره‌كانی دونیا به نه‌خۆشكه‌وتنیان یان به مردنیان ئیدی رۆڵیان كۆتاییدێت؟ ئایا مام جه‌لال به نه‌مانی له‌ناو كایه‌ی سیاسی رۆڵ و كاریگه‌ریی له‌ناو دونیای سیاسه‌تی كوردیدا ماوه؟ دۆست و نه‌یارانی مام جه‌لال ره‌نگه له‌وه‌دا هاوڕابن كه مام جه‌لال سیاسییه‌كی كه‌م وێنه بوو، خاوه‌ن بیر و دیدی سیاسی بوو، توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخ و پێشبینیی پێشهاته‌كانی هه‌بوو. دونیابینی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو، له‌ناو شۆڕش و كایه‌ی سیاسیی عێراق و كوردستانیشدا رۆڵی له دروستكردنی رووداو هه‌روه‌ها له ئاراسته‌كانی رووداوه‌كانیشدا هه‌بوو.باوه‌ڕی به مه‌سه‌له‌ی ره‌وا و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو، له ژیانیدا به رێگەی جۆراوجۆر كاری بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌له‌كه‌ی كرد، به شۆڕش و به په‌نابردنه به‌ر گفتوگۆ، به رێگه‌ی دیپلۆماسی.
شانبه‌شانی بڕوابوون به ره‌وایه‌یتی دۆزی میللـه‌ته‌كه‌ی، خه‌باتی بێوچانی بۆ گه‌شه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و بڵاوبوونه‌وه‌ی دیموكراسی كردووه. خه‌سڵه‌ته تایبه‌ته‌كانی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بۆ پێناسه‌ی سیاسه‌ت كه هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن و خۆگونجاندنه، مام جه‌لال به مانای وشه كه‌سێكی خۆگونجێن بووه له‌گه‌ڵ هه‌موو بارودۆخێكدا، هه‌روه‌ها له هه‌موو هه‌لومه‌رجێكی ره‌خساو و دژوار‌دا ئیداره‌ی ململانێ و هاوكێشه‌كانی داوه. لەپێناو ئامانجه ستراتیجییه‌كانیدا بۆ هه‌موو قۆناخێك پلانی تاكتیكی هه‌بوو، له كوێ پێویست بووایا چه‌پ و ماركسی بێت ماوی بوو، له‌كوێ پێویست بووایا باوه‌ڕدار به بنه‌ماكانی ئایین و په‌یوه‌ست به رێساكانی ئیمانداریی بێت مه‌لا و شێخزاده بوو.
بۆ كورد واباش بووایا روو له رۆژئاوابێ، مام جه‌لال دیموكراسیخوازێكی رۆژئاوایی بوو، پێویست بووایا ده‌ست به كه‌مه‌ری ئێرانه‌وه بگرێت، نه‌وه‌ی سه‌یدوئالوبه‌یت بوو، به‌ڵام هیچ كاتێكیش دژبه‌ری به‌ره‌كه‌ی دیكه نه‌بوو، ره‌نگه تاكه سیاسیش بووبێت هه‌مووئه‌وانه‌ی بۆ ده‌چووه سه‌ر، ته‌نانه‌ت ببوو به سیحرێك و سه‌رنجی زۆر كه‌سایه‌یتی جیهانی و ناوه‌ندی گه‌وره‌ی بۆخۆی راكێشابوو به‌وه‌ی له یه‌ك كاتدا ده‌توانێت هاوكێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو ناكۆكییه‌كاندا به هاوسه‌نگی رابگرێت. له میدیا جیهانییه‌كاندا به سه‌رسامییه‌وه ده‌نووسرا، تاڵه‌بانی تاكه‌كه‌سه له یه‌ككاتدا لایه‌كی روومه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ماچی ده‌كات و لایەکەی دیکەی روومه‌تی، كۆندۆلیزا رایس، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ جۆری ئیداره‌دانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایەنه ناكۆكه (ئێران و ئه‌مریكا).
ئه‌مانه‌م وه‌ك بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆئه‌وه نووسی كه بڵێم مام جه‌لال سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌بوو، به‌ڵام لێره‌وه به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێم، ئایا ئه‌م سه‌ركرده گه‌وره‌یه رۆڵی ته‌واو بوو، یا كارگه‌رییه‌كانی بۆ ئێستا و داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بن؟ ده‌بوو پێش هه‌ر كه‌س و ئاراسته‌یه‌كی سیاسیی دیكه، مام جه‌لال له‌دوای خۆی كاریگه‌ری و ره‌نگ و نه‌خشی رێبازه‌كه‌ی به حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌وه ده‌ركه‌وتایە، به‌ڵام شاراوه نییه كه یه‌كێتی دوای مام جه‌لال له یه‌كێتییه‌كه‌ی مام جه‌لال ناچێت. لێره‌دا به‌و واتایه دێت كه له‌دوای خۆی، رێبازه‌كه‌ی فه‌رامۆش كراوه. هه‌ر له‌دوای نه‌خۆشكه‌وتنییه‌وه له كۆتایی ساڵی 2012 وه ئیدی یه‌كێتی رۆژ له‌دوای رۆژ له سیحری تاڵه‌بانی به‌تاڵكراوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه كه زۆرترین پڕوپاگه‌نده‌یان بۆئه‌وه ده‌كرد درێژه به رێبازه‌كه‌ی مام ده‌ده‌ین.
ره‌نگه هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م باسه پێویستی به چه‌ندین توێژینه‌وه هه‌بێت، لق و پۆپه‌كانی دید و بیروباوه‌ڕی مام جه‌لال، تێز و بۆچوونه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، هه‌وڵ و خه‌باته‌كه‌ی له‌و پێناوه‌دا، پێویستی به نووسینه‌وه‌ی چه‌ندین كتێب هه‌یه. پێویستیش بوو له‌م نۆ ساڵه‌دا حیزبه‌كه‌ی مام جه‌لال خه‌رمانێك به‌رهه‌می جۆراوجۆریان له‌و باره‌یه‌وه به‌رهه‌م بهێنایە، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌یت بێوه‌فاترین حیزب له دونیادا به‌رانبه‌ر به رابه‌ره‌كه‌ی، ئه‌م یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌یه، هیچ نه‌بووایا هه‌ر وتاره‌كانی مام جه‌لال كه له بۆنه‌ی جیاجیادا پێشكه‌شی كردوون كۆبكرانایەتەوە، ئێستا ده‌یان كتێب له كتێبخانه‌ی كوردیدا له‌به‌رده‌ستی توێژه‌ر و لێكۆڵه‌راندا بوو بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی مام جه‌لال و رێبازه‌كه‌ی، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانییان ته‌نیا بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن پێویست بووبێت، بۆیه هیچ ئاوڕێكیان لێنه‌داوه‌ته‌وه. له وتارێكی وادا ده‌رفه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردكاریی به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه، بۆیه ته‌نیا باسی جۆرێك له سیاسه‌تی مام جه‌لال ده‌كه‌م كه له ژیانی خۆیدا باوه‌ڕی پێی هه‌بوو، كردبووی به بنه‌مای كاركردن له هه‌موو قۆناخه‌كانی خه‌باتدا، ئه‌ویش راگرتنی هاوسه‌نگی بوو، دۆستی هه‌موو ته‌ره‌فه‌كانی كێشه بوو بێئه‌وه‌ی خۆی ببێت به ته‌ره‌ف له كێشه‌كان.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له سووریا دامه‌زرا، به‌ڵام له‌و چركه ساته‌وه په‌یوه‌ندیی مام و یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕانی رۆژئاوای كوردستان به‌رده‌وام بوو. یه‌كێتی دۆست و پشتیوانی په‌كه‌كه و له هه‌مانكاتدا مام جه‌لال كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگەی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان كورد و توركیا بووه. له یه‌ك كاتدا دۆستی كۆمه‌ڵه و دیموكرات و ئێران بووه، سوننه و شیعه‌ی عێراق ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئایین دونیا و قیامه‌تیشیان هاوڕانین، له‌سه‌ر مام جه‌لال و پاراستنی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ی مام یه‌ك هه‌ڵوێست بوون. دوای مام جه‌لال له ئاستی ناوخۆ، ریسی مام جه‌لالیان كرده‌وه به خوری. هاوسه‌نگیان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك تێكچوو. توركیا كه بۆ په‌یوه‌ندی كێشه‌ی په‌كه‌كه رووی له یه‌كێتی بوو، نوێنه‌ری یه‌كێتی له ئه‌نقه‌ره وڵات به‌ده‌ركرد و هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنی سلێمانیشی ده‌كرد. ئێران كه بۆ كێشه‌ی كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها بۆ ئیداره‌دانی كێشه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵات رووی له مام جه‌لال و یه‌كێتی بوو، ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌شكركێشی بۆ سه‌ر كوردستان ده‌كات. ئه‌وه په‌یوه‌ندیی سوننه و شیعه و توركمانیش دیاره له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گه‌یشتووەته كوێ. له دوای مام جه‌لال یه‌كێتییان به ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌دا برد. ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی مام رایگرتبوو زوو له‌ناویان برد. وایان كرد ئه‌گه‌ر به واقیعیش یه‌كێتی ته‌ره‌ف نه‌بووبێت له‌و هه‌موو كێشه‌یه، به‌ڵام له هه‌موو كێشه‌یه‌كدا په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ درێژ بكرێت. ته‌ماشا بكه‌ن لای ئێران گومانی ئه‌وه ده‌كرێت یه‌كێتی ده‌ستی هه‌بووبێت له كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، لای ئه‌مریكا، یه‌كێتی وه‌ك ده‌سكه‌لای ئێران ده‌بیندرێت. لای هێزه كوردییه‌كانی نه‌یاری ئێران یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كرێت به ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی كادیره‌كانیان. لای توركیا تۆمه‌تباره به هاوكاریكردنی په‌كه‌كه، لای په‌كه‌كه جێی گومانه له‌وه‌ی به زانیاری هه‌واڵگری ئه‌و كادیره‌كانی له سلێمانی ده‌كرێنه ئامانج.
پێشتر مام جه‌لال و یه‌كێتی ئیداره‌ی كێشه‌ی كه‌ركووكیان دەدا، ئێستا یه‌كێك له هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی له كه‌ركووك حوكمی گرتنی هه‌یه و حیزبه‌كه‌ش ده‌بێت به مۆڵه‌ت یادی نه‌ورۆز بكاته‌وه. خۆپێشاندان له سنه و مهاباد ده‌كرێت، تۆمه‌ت بڵاوده‌كرێته‌وه دژه‌تیرۆری یه‌كێتی له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران به‌شدار بووه له سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕین. خۆپێشاندان له به‌غدا ده‌كرێت و شه‌قام ده‌بێت به گۆمی خوێن، میدیا عێراقییه‌كان ده‌ڵێن هێزێكی ئه‌منیی یه‌كێتی له سلێمانییه‌وه هاتووه بۆ سه‌ركووتی خۆپێشانده‌ر. له به‌غدا حكومه‌ت له ژووری تاڵه‌بانی پێكده‌هێندرا، ئێستا كه حكومه‌ت پێكده‌هێندرێت دوای شه‌ش مانگ وه‌ك خێر وه‌زیرێك ده‌درێت به یه‌كێتی. ئه‌مانه و ده‌یان نموونه‌ی دیكه هه‌ن كه ده‌مانخه‌نه به‌رده‌م ئه‌و پرسیاره‌ی بپرسین ئایا یه‌كێتی جه‌لالیی تێدا ماوه؟