ئایە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا؛ دەوڵەتی ئایینیی بەچارەسەر زانیوە؟!

نیاز سەعید
یەکێک لەو بابەتانەی کە لەدوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفاوە ورووژاوە ؛ پەیوەندیی بەبڕگەیەکی وتارەکەی مامۆستا عەلی باپیری ئەمیری گشتیی (کۆمەڵی ئیسلامیی)ەوە هەیە ، کە ڕۆژی (٢١/٥/٢٠١٧) ، لەگردی زەرگەتە ، لەمەراسیمی ناشتنی تەرمی کۆچکردوودا ، پێشکەشی کردو تیایدا ئاماژەی بەدیدارێکی دووقۆڵیی نێوانیانی لەساڵی (١٩٨٧) کرد ، ناوبراو لەبڕگەیەکی وتارەکەیدا باسی گفتوگۆی نێوانیان ،  لەبارەی ئایینی ئیسلام و چارەسەری ئیسلامیی بۆ کێشەی کورد کرد ؛ لەمبارەیەوە وتی ؛ (کاک نەوشیروان مستەفا قاییل  بوو  بەدەوڵەتێکی ئیسلامیی ، کە بڕوای بەئازادیی گەلان و دادوەریی هەبێت) !       
(بەندە) ؛ چ وەکو ئاگادارێک لەئەدەبیات و ڕەوشی فکریی و کەلتوورو مەعریفەی سیاسیی (ی ن ک) لەڕابردوودا ، چ وەکو بەدواداچوونکارێکی تایبەتمەند بەکاروباری ئیسلامی سیاسیی و عەلمانیی ، چ وەکو لێپرسراوی پەیمانگەی کادیرانی (ی ن ک) ؛ کە چەندین جار کاک نەوشیروانمان بانگهێشتکردووە بۆ پێشکەشکردنی وانەی تایبەتیی لەخولەکانی پەیمانگەدا ، ئەتوانم بۆ خستنەڕووی دیدو تێگەیشتن و جیهانبینیی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ؛ لەسەر چۆنیەتی چارەسەری کێشەی کوردو  مۆدێلی فەرمانڕەوایی ئایینیی و ڕۆڵ و پێگەی ئایین ؛ لەناو سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ئاماژە بەم         خاڵانەی خوارەوە بکەم :                                                                             
١-ڕەوانشاد خاوەنی ژمارەیەکی زۆری بەرهەمی چاپکراوە ، لەکتێب و نامیلکەو وتارو توێژینەوە ، سەرەڕای ژمارەیەکی زۆری چاوپێکەوتنی میدیایی و وانەی پێشکەشکراو ؛ ئەتوانم بڵێم لەهیچ یەکێکیانداو لەهیچ جۆرە دۆکیۆمێنتێکیشدا ئاماژەی بەبڕوابوون بەچارەسەری دەوڵەتی ئایینیی نەکردوە بۆ کێشەی کورد. لەمڕووەوە (بەندە)و دەیان کادیری بەشداربووی خولەکانی پەیمانگەی کادیران ؛ گەواهیی زیندووین ، کە لەچوارچێوەی تەوەر و وەڵامی پرسیاری کادیرەکاندا ، لەکاتی پێشکەشکردنی وانەی تایبەتییدا ؛ چەندین جار ئاماژەی بەبڕوابوون بەچارەسەری دەوڵەتی نەتەوەیی و سیکۆلار و دیموکراسیی کردووە  بۆ کێشەی کورد ، بۆ تەنها جارێکیش ؛ دەوڵەتی ئایینیی بەچارەسەر نەزانیووە بۆ کێشەی کورد ، ئەو لەمسۆنگەیەوە بەردەوام ئاماژەی بەمۆدێلی دەوڵەتی سیکۆلار و پێشکەوتوو لەڕۆژئاوا ئەکرد ، وەکو نموونەیەکی باڵای پەیڕەو دیموکراسیی و ئازادیی و پارێزەری مافی مرۆڤ و بەدیهێنەری دادپەروەریی و خۆشگووزەرانیی .                                                                                    
٢-ڕەوانشاد لەڕوانگەی پرانسیپەکانی دیموکراسیی و ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ ، کە بریتییشبوون لەدروشمە سەرەکییەکانی (ی ن ک ) ؛ باوەڕی بەفرەیی کاری سیاسیی ، بۆ هەموو هێزەکان هەبوو ؛ بەڕەوتی ئیسلامی سیاسییشەوە ، لەهەمانکاتدا باوەڕی بەپیادەکردنی ئازادیی ئایینیی و ئایینزایی و ڕێزگرتن لەهەستوسۆز و  پابەندییە ئایینییەکان هەبوو ، بۆ هەموو ئایین و ئایینزا و ڕێباز و گرووپە ئایینییەکان ، بەڵام ئەستەمە بتوانین بڵێین کە بڕوای بەمۆدێلی سیستەمی فەرمانڕەوایی ئایینیی هەبوو بێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد .                                                                      
چەمکی دەوڵەتی ئایینیی وەکو چارەسەر بۆ کێشەی کورد ؛ لەبیرو هزرو پەیام و نووسینەکانی کاک نەوشیرواندا ، ئامادەیی نەبووە ، ئەگەر ئەو  باوەڕی بەو مۆدێلە هەبووایە ؛ ئەوا زووتر خۆی یەکلایی ئەکردەوەو ئەچووە سەر ڕێبازی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی ، وەک چۆن چەندین سەرکردەی سیکۆلاری شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخوازی جەزائیریی و فەڵەستینیی و میسریی و عێراقیی ، لەڕووی ئایدیۆلۆژیی و کاری سیاسییەوە ؛ لەئاراستەی سیکۆلارییەوە وەرچەرخان بەرەو ئاراستەی ئیسلامی سیاسیی !               
٣-کاک نەوشیروان لەدوای شەهیدبوونی کاک (ئارام)ەوە ، لەساڵی (١٩٧٨) ؛ بەپراکتیکیی بووەتە سکرتێری (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) ، تا هەڵوەشانەوەی (کۆمەڵە)و یەکگرتنی لەگەڵ (یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان)دا ؛ ڕەوانشاد یەکێک بووە لەداڕێژەرە سەرەکیی و پێشەنگەکانی هێڵی ئایدیۆلۆژیی و ئەدەبیاتی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ) ، هەروەها ڕۆڵی بنەڕەتیی و نەخشێنەریی هەبووە لەداڕشتنی  ئەدەبیات و  سیاسەت و جیهانبینیی و دیدی (ی ن ک) ، ئەتوانین بڵێین لەهیچ ئەدەبیات و بڵاوکراوەو دۆکیۆمێنتێکی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) و (ی ن ک)دا ؛ هەروەها لەهیچ نووسین و بڵاوکراوەو دۆکیۆمێنتێکی  تری خودی ڕەوانشاددا ؛ هیچ ئاماژەیەک بۆ بڕوابوون بەچارەسەری دەوڵەتی ئایینیی بەدیناکرێت بۆ کێشەی کورد ، لەبەرامبەردا ئەتوانین بڵێین ؛ (ی ن ک) و لەناویدا (کۆمەڵە) ؛ لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و شۆڕشگێڕیی کوردستاندا ، بەهێزێکی پێشەنگ و ئاراستەیەکی سەرەکیی و کاریگەری  ڕەوتی سیکۆلاریزم ئەژمار ئەکرێ.                           
٤- مامۆستا عەلی باپیر ؛ ئەو بڕگەیەی لەسەر کاک نەوشیروان ، لەدوای کۆچی دوایی و بەبێ ئاماژەکردن بۆ بەدۆکیۆمێنتکراویی ئەو بۆچوونە ، لەوتارێکی سەرپێیدا خستەڕوو ، ساغکردنەوەی ئەو بۆچوونە ؛ پێویستی بەدۆکیۆمێنت و وردبوونەوەو بەدواداچوونی زیاتر و بەراووردکاریی سەرجەم تێزو نووسین و دەربڕینە تۆمارکراوەکانی ڕەوانشاد هەیە ، لەگەڵ ئەو بڕگەیەی وتارەکەی عەلی باپیر ، ئەمەش کارێکی ئاسانە ؛ چونکە نووسین و تێزو بڵاوکراوەو دەربڕینە میدیاییەکانی کاک نەوشیروان لەبەردەستەو ناوبراویش بەوە ناسراوە کە هەمیشە دیدو بۆچوون و بیروڕا و  تێز و تێگەیشتنی خۆی لەسەر         مەسەلەکان ؛ بەڕاشکاویی خستۆتەڕوو .                                                       


24/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر