بەشداریی لەڕیفراندۆم بەشدارییە لەتۆماریی بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگی نەتەوەییدا

نیاز سەعید



ئەگەر ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی کوردستان؛ بووە ئەمری واقیع، پێویستە ئەوانەی کەدژن، یان لەبەر هۆکاری جیاجیاو بەپاساوو بیانووی جۆراوجۆر ڕەتی ئەکەنەوە، یان ئەوانەی کە نایانەوێت بەشداریی لەو پرۆسەیە بکەن؛ یەک ڕاستیی گرنگ هەیە، ئەبێ لەبەرچاوی بگرن و فەرامۆشی نەکەن، ئەویش ئەوەیە کە پرۆسەی تۆماری ڕیفراندۆم؛ ئەنجامێك ئەدا بەدەستەوە، ئەو ئەنجامەش ئەبێتە دۆکیۆمێنتێکی مێژوویی گرنگ، چونکە چەندین ژمارەو ڕێژەو ئاماری داتایی تیا تۆمار ئەبێت، کە بەهۆیەوە شیکردنەوەو توێژینەوەو دەرئەنجامی لێ بەدەست دێت. ژمارەو داتاکان، لەداهاتوودا ؛ کەس ناتوانێت دەستکاریی بکات و بیگۆرێت، زانیاریی و داتاکان ؛ ئەچنە ناو سەدان توێژینەوەو وتارو نامەی ماستەرو دکتۆرا، سەدان توێژەرو نووسەر، چ لە دۆست، چ لەبێلایەن، چ لەناحەز، بەکاری ئەهێنن و ئاماژەی پێ ئەکەن. بۆ نموونە نەیارانی ڕیفراندۆم، لەنەتەوەو وڵاتانی دەوروبەر؛ یان لەپێکهاتەکانی تری عێراق، یان لەحکومەت و هێزە سیاسییەکانی عێراق؛ ئومێدێک ئەگەر لاوازیش بێت، هەڵئەچنن لەسەر ئەوەی کە ڕێژەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییانی کورد، بەشداری ڕیفراندۆم نەکەن، یان بە(نەخێر) دەنگ بدەن، لەو پێناوەشدا درێغیان نەکردووە؛ لەدروستکردنی گووشارو فشارو بەرپاکردنی جەنگی دەرووینیی وهەڕەشەو دروستکردنی تابووری پێنجەمی میدیاییش؛ بۆ بەگومانکردن و باوەڕنەبوون بەپرۆسەی ڕیفراندۆم!

شارێکی وەکو سلێمانی؛ کە هەر لەبنەڕەتەوە بۆ پایتەختی میرنشینێکی کوردیی دامەزراوەو پایتەختی یەکەم دەوڵەتی کوردستان بووەو لەمێژووی خۆیدا؛ خاوەنی خەرمانێکی بێشوومار، لەسەروەریی و شانازیی و دەستکەوتی نەتەوەیی و داینەمۆو بزوێنەری ڕێبازی کوردایەتیی و خەباتی نەتەوەیی بووەو لەم شارەوە؛ وانەی کوردایەتیی و هوشیاریی نەتەوەیی، بەتیۆریی و بەپراکتیکیی وتراوەتەوە، ئەو شارەی کە بووەتە خاوەنی چەندین وەرچەرخان و ڕووداوی سیاسیی و نەتەوەیی و شۆڕشگێریی؛ کەی ڕەوایە؛ ڕێژەی بەشداریی و دەنگدانی دانیشتووانەکەی بە(بەڵێ)؛ کەمتر بێت لەڕێژەی(٩٥%)؟، کەی ڕەوایە، سلێمانی لەبەشداریی و دەنگدانی (بەڵێ)ی ڕیفراندۆمدا پێشەنگ نەبێت؟! . کەی ڕەوایە؛ شارێک بەو هەموو قووربانیی و بەخششانەی لەبواری کوردایەتیی و شۆڕش و کەلتوورو ئەدەب و هونەرو پێشکەوتنە جۆراوجۆرەکاندا؛ لەڕیفراندۆمدا لەدواوە بێت؟! . کەی ڕەوایە شارێک لەبنەڕەتدا؛ خۆی مافی چارەی خۆنووسین و کەلتووری دەوڵەت و سەربەخۆیی بۆ کورد داڕشتبێت و جۆش دابێت؟ !، دوای ڕیفراندۆم، خەڵکی ترو هێزی تر، لەناحەزانی کورد و سلێمانی؛ بێن و تیرتووانجی تێبگرن و کووردایەتیی پێبفرۆشنەوەو لەسەنگ و قوورساییەکەی کەم بکەنەوە؟! . سلێمانی هەمیشە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی خۆی خستۆتە سەروو هەموو بەرژەوەندیی و دەسکەوتێکی شارچێتییەوە، هەرگیز دەمارگیرانە؛ هەڵوێستی وەرنەگرتووە. بۆ کوردایەتیی و سەربەخۆیی و نیشتمانپەروەرییش؛ بەردەوام ئامادە بووە لەپێشی پێشەوە، هەربۆیە پێویستە؛ هاووڵاتییانی کوردستان بەگشتیی و خەڵکی سلێمانی بەتایبەتیی، هەموو ڕەخنەیەک؛ کە زۆرینەی ڕەخنەکانیش ڕەواو بابەتیی و لۆژیکییە بخەنە لاوە بۆ دوای ڕیفراندۆم؛ تاکو ئێمەی کوردیش لەم کاتەدا کە کورد ؛ بێ پشتیوان دەرکەوت لەئاستی عێراقیی و ئقلیمیی و جیهانییدا، پەیامێک بدەین بەهەمووان؛ کە چۆن ئەوان، بەهەموو ناکۆکیی و جیاوازیی و ململانێکانیانەوە؛ یەکانگیرو هاوهەڵوێست بوون؛ لەدژی ڕیفراندۆمی کورد؛ ئەوا ئێمەش بەهەموو جیاوازیی و ناکۆکیی و ململانێکانمانەوە؛ هاوهەڵوێستین لەسەر بەشداریی و دەنگدان بەسەربەخۆیی، با ئەوان دژیشی بن و دانی پیا نەنێن، گرنگ ئەوەیە ئێمە دۆکیۆمێنتێکی مێژوویی؛ کە گووزارشت لەئاستی بەرزی خواستی کورد ئەکات بۆ سەربەخۆیی؛ بخەینە بەردەمی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بانگەشەکەرانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ لەجیهان بەگشتیی و جیهانی ڕۆژئاوا بەتایبەتیی!



03/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر