ئاراستە سەرەکییەکانی ناو کۆنگرەی یەکێتیی.. ئەسازێن ، یان ناسازێن؟

نیاز سەعید

لە زۆرینەی کۆنگرەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا  ، لەسەر هەڵبژاردنەوەی سەرکردایەتیی نوێ ، ململانێ و ڕکابەریی لە نێوان پاڵێوراوەکاندا دروست ئەبێت؛ پاڵێوراوە ڕکابەرەکان  بۆ بەدەستهێنانی دەنگی پێویست  بۆ ئۆرگانی سەرکردایەتیی ، بەپشتبەستن بە دیاردەی دەستەگەریی و چەندین میکانیزمەو هۆکاری تر ؛ هانا بۆ دروستکردنی  لیسی هاوبەش بەخۆیان ئەبەن.  

 
لە زۆرێک لە کۆنگرەکاندا ؛ بەتایبەتیی لە کۆنگرەی پارتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا ، ململانێ و ڕکابەریی لەسەر ناکۆکیی و جیاوازیی و ململانێی ئایدیۆلۆژیی نییە ، بەڵکو زیاتر لەسەر بەدەستهێنانی پلەو پۆستی ڕێکخراوەیی باڵایە ، لە نموونەی پلەو پۆستەکانی سەرۆک ، یان سکرتێر ، یان (م.س) و سەرکردایەتیی ، لە زۆرێک لە کۆنگرەکانیشدا؛ یەکێک لە ململانێ و ڕکابەرییە ئاشکراو زەقەکان ، بریتییە لە ململانێی نێوان (٢) ئاراستەی سەرەکیی ، یەکەمیان ئاراستەی ئەو گرووپەی کە پلەو پۆستە باڵاکانی پارتەکەیان بەدەستەوەیەو ئەیانەوێت لە پلەو پۆستە باڵاکانیاندا بمێننەوە ، هەندێک جار ئەم گرووپە بەگرووپی (پاسەوانە کۆنەکان) ئەناسێنرێن ، لەسەر ئەو بنەمایەی خۆیان بە خاوەنی سەروەرییەکان و دەسکەوتەکان و پارێزەری ڕاستەقینەی پارتەکە ئەزانن ، ئاراستەی دووەمیش بریتییە لە ئاراستەی گرووپی نەوەیەکی نوێی ئامادە بۆ سەرکردایەتیی ؛ کە زۆرینەیان بریتیین لە گەنج و کەسایەتیی دەرکەوتوو و هەڵکەوتووی نوێی ناو پارتە سیاسییەکە ، یان کەسانی بە تواناو بە ئەزموون ؛ کە دەرفەتی بوونە ئەندامی سەرکردایەتییان لە ڕابردوودا بۆ نەڕەخساوە ، ئەم گرووپە بەهۆی تواناو ئەزموون و شارەزایی و کارامەییانەوە ، خۆیان بە شایستەو شیاوی ئەوە ئەزانن؛ پۆستە باڵاکان بەدەست بهێنن  و پارتەکە نوێ بکەنەوە ، بۆ ئەم مەبەستە؛ ئەم ئاراستەیە هەوڵ ئەدەن بچنە ناو پێکهاتەی سەرکردایەتییەوە ، یان ببنە ئەلتەرناتیڤ بۆ سەرکردایەتیی پێشوو .

 
جاری وا هەیە ململانێ و ڕکابەریی ، بۆ پێکهاتەی نوێی سەرکردایەتیی لەناو کۆنگرە ؛ بەشێوەیەکی سەرەکیی لەناو  خودی پێکهاتەی ئاراستەی یەکەمدایە ، بە چەشنی کۆنگرەی (٢)ی (٢٠٠١) و کۆنگرەی (٣)ی (٢٠١٠)ی (ی ن ک) ، لەکۆنگرەی (٢)دا؛  هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی بەبێ سازان ، لە نێوان (٢) ئاراستەی سەرەکیی و ژمارەیەک سەرکردەو هەندێ گرووپی تر یەکلاکرایەوە ، لە کۆنگرەی (٣)شدا بە سازانی پێشوەخت؛ لە نێوان چەندین سەرکردەو گرووپی دەستەگەریی ، لەئاستێکی باڵادا، بە داڕشتنی لیستێکی هاوبەش یەکلاکرایەوە

 
بەڵام لە (٤)ەمین کۆنگرەی ئێستای (ی ن ک)دا، ڕکابەریی و ناکۆکیی و ململانێ لە نێوان (٢)  ئاراستەی دیارو سەرەکیی و چەندین سەرکردەو گرووپی بچووکدا دروستبووە ، گرووپە بچووکەکان و هەندێک لەو سەرکردانە ؛ دواتر ئەگەری دابەشبوونیان هەیە بەسەر (٢) ئاراستە سەرەکییەکەدا .

 
بە لەبەرچاوگرتنی جۆری ململانێ و ڕکابەرییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی نوێ ؛ ئەتوانین لەسەر بنەمای پێکهاتەی ئەزموون و تەمەن و ئاستی بەرپرسیارێتیی و پلەی ڕێکخراوەیی ،  (٢) ئاراستە سەرەکییەکە بەم شێوەیە بناسێنین:

 
ئاراستەی یەکەم : ئاراستەی موحافزکاری باڵادەست : ئەم ئاراستەیە لە زۆرینەی هەڤاڵانی دێرینی ناو (م.س) و سەرکردایەتیی و کەسانی تری دەستڕۆیشتووی ناو (ی ن ک) پێکهاتووە ، هەرچەندە لەناو ئەم ئاراستەیەدا؛ جیاوازیی و ناکۆکیی و ململانێ هەبووەو هەیە ، بەڵام پێشبینیی ئەکرێ ؛ زۆرینەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاراستەی دووەم ، هەڵوێستیان لەناو ئەم ئاراستەیەدا یەکبخەن ، بەتایبەتیی لەهەر دوو ئەگەری پێداگریی ئاراستەی دووەم بۆ نەسازان لە کۆنگرەداو بۆ ئامادەنەبوون ؛ بۆ گرتنەخۆی هەڤاڵانی ناو ئاراستەی یەکەم .

 
هەڤاڵانی خاوەن پێگەو دەسەڵاتی ناو ئاراستەی یەکەم ؛ درێژکراوەی ئەو ئاراستەیەن ، کە لەدوای ڕاپەڕینی (١٩٩١)و لەدوای گواستنەوەی (ی ن ک) بۆ قۆناغی فەرمانڕەوایی ، هەروەها لەدوای شەڕەکانی ناوخۆوە ؛ زیاتر باڵادەست بوون و بوونە خاوەنی پێگەو هێزو دەسەڵات و ئامرازو میکانیزمەی بەهێزبوون و تۆکمەبوون لەناو کۆمیتەی سەرکردایەتیی و (م.س) ، ئەویش زیاتر بەهۆی (٢) هۆکاری سەرەکیی ؛ بەشێکیان باکگراوەندی سەربازییان هەیەو  فەرماندەی سەربازیی باڵا بوون ، بەشێکی تریشیان خاوەنی پلەو پۆستی باڵاو هەستیاری ناو حکومەت و سیستەمی کارگێڕیی بوون ، وردتر ئەو (٢) جۆرە لە خاوەن پلەو پۆستە باڵاکانی کایەی سەربازیی و حکومەتیی ؛ زۆرینەیان لە کۆنگرەی (٢)ەمەوە ، بوونە ئەندامی سەرکردایەتیی ، یان بوونە (م.س) ، یان پێگەو دەسەڵاتیان تۆکمەترو بەهێزتر بوو ، بۆ کۆنگرەی (٣) و قۆناغی دوای کۆنگرەی (٣) .

 
ئەم ئاراستەیە لە ئێستادا ؛ کۆشش و ململانێ لە پێناوی مانەوە لە دەسەڵاتدا ئەکات ، هاوکات هەوڵی پتەوکردن و تۆکمەکردن و هەڵکشان بۆ دەسەڵاتی زیاتریش ئەدا، بۆ ئەم کۆنگرەیە ئامادەیی نیشانداوە بۆ سازان و پێکهاتنی پێشوەخت ؛ لەسەر سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی پلەو پۆستەکان ، لەگەڵ ئاراستەی دووەم .
ئاراستەی دووەم تاکو ئێستا؛ بە ڕەهایی و بە دڵنیایی ، ئامادەیی یەکلاکەرەوانەی نیشان نەداوە بۆ سازان و پێکهاتن ؛ لەگەڵ ئاراستەی یەکەم ، بەو چەشنەی کە ئاراستەی یەکەم داوای ئەکات .

 
ئاراستەی دووەم ؛ پەیامەکانی لەژێر کاریگەریی خواست و داوای بنکەی جەماوەریی و کادیرو کادیرانی پێشکەوتووی (ی ن ک)دایە ، کە ژمارەیان زیاتر لەڕێژەی (٧٥%)ی ئەندامانی کۆنگرە پێک ئەهێنێت .

 
زۆرینەی ئەم ڕێژەیە ؛ لەئاستێکی بەرزدا ، نیگەران و بێ بڕواو ڕەشبینن لە ئاراستەی یەکەم ، زۆرینەی بنکەی جەماوەریی و کادیرو  کادیرانی پێشکەوتوو ؛ ئاراستەی یەکەم بە بەرپرسیارو هۆکارو سەرچاوەی سەرەکیی ئەزانن ، بۆ داکشان و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز ، لە نێوان (ی ن ک)و ڕکابەرە تەقلیدییەکەیدا ، کە بریتییە لە(پارتی) ، هەروەها زۆرینەی ئەو ڕەخنەو هەڵەو ئەو شکستانەی کە بەسەر ( ی ن ک)دا هاتووە ، لە هەڵبژاردنەکاندا؛ بە پلەی یەکەم و سەرەکیی ، ئەیخەنە ئەستۆی ئەم ئاراستەیە ، هەروەها چەندین سەرکردەی ناو ئەم ئاراستەیە و بەشێک لە سەرکردە کۆنە یەکێتییەکانی ناو (بزووتنەوەی گۆڕان) ، بەوە تاوانبار ئەکەن ؛ کە ڕۆڵ و کاریگەریی و بەشدارییەکی زۆر خراپیان هەبووە، لە تەشەنەسەندنی ناکۆکیی و دووبەرەکیی و ململانێ ناوخۆییەکان ؛ بەرەو جیابوونەوەی (بزووتنەوەی گۆڕان) ، ئەوە بوو لەدوای ئەم جیابوونەوەیە ، بە خراپیی هاوسەنگیی هێز لە نێوان (ی ن ک)و (پارتی)دا؛ بە بەرژەوەندیی (پارتی) گۆڕاو چەندین لێکەوتەو دەرەنجام و دەرهاویشتەی خراپ و زیانبەخش و نەخوازراوی لێ کەوتۆتەوە.

 
یەکێک لە ڕەخنەکانی تر ، کە ڕووبەڕووی ئاراستەی یەکەم بووەتەوە ؛ ئەوەیە کە بەشێک لە سەرکردەکانی ناو ئەم ئاراستەیە ؛ خەسڵەتی داینەمۆیی و دەستپێشخەریی و سەربەخۆیی سیاسەتی (ی ن ک) یان ؛ وەکو پێویست و لە ئاستی شایستەدا پەیڕەو نەکردووە ، بەتایبەتیی کە لە ڕابردووداو لە دامەزراندنی(ی ن ک) و هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێوە ؛ (ی ن ک) بەوە ناسرابوو ، کە هەمیشە هێزێکی پێشەنگ و دەستپێشخەرو نەخشەداڕێژو داهێنەرو بەدیهێنەری دەسکەوت و ئامانج و سەروەرییە گەورەکان بووە و هێزەکانی تر ؛ لەدوای (ی ن ک)ەوە بوون و (ی ن ک) ؛ ئەوانی ڕاکێشاوە بۆ ناو پلان و نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی، پێچەوانەی ئەم قۆناغە . 
ئاراستەی دووەم : ئاراستەی ڕادیکاڵی نوێ ؛ ئەم ئاراستەیە بەخۆرسک و بەشێنەیی لەناو (ی ن ک)دا دروستبووەو بەرهەم و کاردانەوەی بنکەکانی خوارەوەی (ی ن ک)ە، لەبەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی (ی ن ک) لەلایەن ئاراستەی یەکەم ؛ لانی کەم لە(١٠) ساڵی ڕابردوودا. 

 
ئەم ئاراستەیە لەسەر دەستی ژمارەیەک هەڤاڵ و کادیرو کادیری پێشکەوتووی گەنج و لاو سازدراوەو بانگەشە بۆ نوێبوونەوەو گەڕانەوە بۆ ڕێبازی ڕاستەقینەی (ی ن ک) ئەکات. 

 
پێشەنگانی ئەم ئاراستەیە  لەسەر (٢) بنەما؛ هەوڵیان داوە  پشتیوانیی بەرفراوان ، لەناو بنکەکانی خوار سەرکردایەتیی لە ناو (ی ن ک)دا بەدەستبهێن و بریتیین لە :
١- خۆیان بەدرێژکراوەی ڕێبازو کەلەپووری سیاسیی ڕەوانشاد مام جەلال ئەناسێنن ، خۆیان بەخاوەنی پەیامی تازە ئەزانن ؛ بۆ بووژانەوەو درەوشانەوەو کردنەوەی (ی ن ک) ؛ بەهێزە سەرەکییە کاریگەرو جڵەودارەکەی ڕابردوو ، لەلایەکی تر پێشەنگانی ئەم ئاراستەیە؛ بانگەشە بۆ کارکردن لەپێناوی خەم و کێشەو بەرژەوەندییە گشتییەکاندا ئەکەن.

 
٢- ئەم ئاراستەیە ؛ لە پلەو پایەو پۆستی ڕێکخراوەیی باڵادا ، کەمتر کەوتوونەتە بواری پراکتیک و تاقیکردنەوە ، بنکەکانی (ی ن ک) ؛ ئەیانەوێت پێشەنگانی ئەم ئاراستەیە بگوازرێنەوە بۆ قۆناغی پراکتیک و بەرێوەبردنی دەسەڵاتی باڵا لە ناو (ی ن ک) ، تاکو ئەو بەڵێن و پەیامە نوێیانەیان ، بە کردار لە هەموو جوومگەو بوارەکانی کاری سیاسیی و ڕێکخراوەیی و فەرمانڕەواییدا جێبەجێ بکەن ؛  هەروەها کار بۆ هەستانەوەو گەشەپێدانی چۆنایەتیی و چەندایەتیی (ی ن ک) بکەن .
ئاراستەی یەکەم ؛ پێیوایە پێشەنگانی ئاراستەی دووەم ؛ (ی ن ک) بە ئاراستەی بە بنەماڵەییکردن ئەبەن و ناتوانن تەنها بە پشتبەستن بە ئاراستەکەیان ؛ (ی ن ک) ببەن بەرێوە.

 
لەم سۆنگەیەوە ئاراستەی دووەم کەوتۆتە بەردەمی تاقیکردنەوەیەکی قوورس ، ئەبێ لەلایەک بە کردارو بە هەڵوێست بیسەلمێنێت کە جڵەوی (ی ن ک) ؛ وەکو پارتێکی دوور لە خەسڵەتی بنەماڵەیی ئەمێنێتەوە ، لەلایەکی تریش پێویستە ؛ پێشەنگانی ئەم ئاراستەیە ، بانگەشەو هەوڵ و  کار ؛ بۆ بەدامودەزگاییکردنی ناوەندی بڕیارو پرۆسەی سیاسیی (ی ن ک) و سیستەمی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە (ی ن ک)دا بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە پەیڕەویکردنی تاکڕەویی ، هەروەها پێداگریی بکەن لەسەر  کارکردن بە ڕێبازێکی شەفاف ؛ لەسەر بنەمای دادپەروەریی و داکۆکییکردن لە ڕاستیی و پاراستنی هاوسەنگیی و دوور کەوتنەوە ، لە کۆشش و کارکردن بۆ خەمە تایبەتییەکان .

 
ئەم ئاراستەیە لەم کۆنگرەیەدا ئەکەوێتە بەردەمی تاقیکردنەوەیەکی تر ؛ ئەویش سووربوون و پێداگریی لەسەر بەدیهێنانی پەیامەکانی ، بەتایبەتیی پەیامی نوێبوونەوە و ئەنجامدانی  کۆنگرە ؛ دوور لە سازانی فراوان و پێکهاتن لەسەر مانەوەی ڕەوش و دۆخی ناتەندروست و خراپی ئێستای (ی ن ک) ، سازان لەبنەڕەتدا ؛ ڕەتکردنەوەی ئیرادەی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەیە بۆ نوێبوونەوە ، سازان ئەبێتە ئەلتەناتیڤی ئیرادەی زۆرینە؛ ئەم ئاراستەیە ئەبێت پشتیوانیی ، لە میکانیزمەی ئازادیی و دیموکراسیی بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی؛ نەک سازان .    



19/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر