بۆ پشتگیریی لەوتاری دوێنێ، نموونە بۆ چەند پۆپۆلیست‌و برایم زەبۆکێک‌و پێشنیارێک

نیاز سەعید




یەکێک لەدەرفەتە زێڕین و زەمینە بەپیتەکان ، بۆ پۆپۆلیست و برایم زەبۆکەکان ؛ بریتییە لەقۆناغی قەیران ، تاکو بیقۆزنەوە و بۆ خۆ نواندن ؛ پەردەیەکی تری شانۆگەریی تیا نمایش بکەن ، ئەیانەوێت لەم شانۆگەرییەدا ، کار لەناخ و هەستوسۆزی هاووڵاتییان بکەن و فریوویان بدەن و خۆشەیان بکەن ؛ بە بەرژەوەندیی ناو و ناووبانگی خۆیان و تۆمارێکی جوان و سەرنجڕاکێش ، بخەنە سەر میمۆرییان ، بەڵام لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی چاو و گوێ ، لەخوارەوە ئاماژە بە نمایشی چەند پۆپۆلیست و برایم زەبۆکێک ، لەم قەیرانی کرۆنایەدا ئەکەم :

 
١- پۆپۆلیست و برایم زەبۆکێک ؛ کە بە ڕێگەی جیاجیا و بە فێڵێ یاسایی و بە پشتیوانیی کەسانی دەستڕۆیشتووی گەندەڵ ؛ دەستی بەسەر دەیان ملیۆن دۆلاری هاووڵاتییاندا گرتووە و سکاڵای یاسایی زۆری لەسەرە ، ئەمە بەدەر لەدەیان کاری تری نایاسایی و سکاڵای تری جۆراجۆر و قەرزاریی تر، ئێستا ئەو پسپۆرەی بواری نمایشکاریی !! ؛ لەم قەیرانی کۆرۆنایەدا ؛ لەپەردەیەکی تری شانۆگەرییەکانیدا ، چەواشەکارانە ئەوێت خۆی بکاتە چاکەخواز و خەمخۆری خەڵک و موزایەدە ئەکات ، ئەوێت پەلاماری بەردێکی زۆر گەورە بدات ، کە زۆرینەی حکومەتەکانی جیهان ، لەم قەیرانی کۆرۆنایەدا ، تاشە بەردێکی ئەو بەردە گەورەیەی ئەو نمایشکارەیان پێ هەڵناگیرێت ، لەکاتێکدا موزایەدەکەی هەمووی شانۆگەرییەکی چەواشەکارییە و بە پراکتیکیی ئەوە نییە کە بانگەشەی بۆ ئەکات!

 
٢- برایم زەبۆکێکی تر کە لەبواری بزنسدا؛ بەوە تاوانبارە کە بە فێڵی یاسایی ، دەستی بەسەر پارەیەکی زۆری هاووڵاتییاندا گرتووە ، لەڕێگەی رێکخراوێکی تایبەت بە کاروباری ئابووریی، بڕێکی زۆر لەئازووخە و کۆمەکی لەبازرگان و دەوڵەمەندەکان وەرگرتووە ، بۆ یارمەتییدانی هەژاران و لێقەوماوان ، بەڵام لەمیدیا و سۆشیال میدیادا ؛ کردوویەتی بە ڕیکلام بۆ خۆی و بە هیچ شێوەیەک ، ئاماژە بەوە ناکات کە ئەو کۆمەکانەی لەخەڵکانی تر وەرگرتووە!

 
٣- برایم زەبۆکێکی تری نمایشکار؛ لەسەر میدیا بەشێوازێک قسەی ئەکرد ؛ کە کار بکاتە سەر هەستوسۆزی خەڵک و ناخیان بوورووژێنێت و بەهۆیەوە وەکو میهرەبان و دڵسۆزی هەژاران بناسرێت ؛ کەچی خودی خۆی ، کە بەهۆی گەندەڵێیە زۆرەکانییەوە بووەتە خاوەنی پشکێکی زۆر؛ بە بەهای زیاتر لە پانزە ملیۆن دۆلار، لەهەندێک کارگە لەبازیان، لەڕۆژانی ڕابردوودا ؛ بەڕێوەبەری یەکێک لەو کارگانە ؛ پەیوەندیی پێوە کردووە بۆ ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی برێک پارەی کارگە ، بۆ یارمەتییدانی هەژاران لەم قەیرانەدا ؛ ئەو ئیبراهیم زەبۆکە نمایشکارە لەوەڵامدا وتوویەتیی ؛ ئێمە کوا ئەوەندە قازانجمان کردووە ، تاکو بەشێکی قازانجەکەمان بۆ خێرخوازیی تەرخان بکەین و ڕەتی کردۆتەوە!

 
٤-چەندین پۆپۆلیستی ناو زۆرینەی هێزە سیاسییەکان ، کە لەرابردوودا بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی پۆپۆلیستیی لەکوردستان ، پلە و پۆستی جیاجیان وەرگرت و لەسایەی پلە و پۆستەکانیاندا ، سەدان ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرتووە ، کامیان لەم قەیرانەدا ؛ بیری ئەو ڕۆژگارەی کەوتەوە ، کە ئەو وەکو پۆپۆلیستێک ؛ چەند بەڵێن و گفتی جوان و مژدەبەخشی داوە بە خەڵکە بەپۆپۆلیستکراوەکان!

 
ئایە تاکو ئێستا پۆپۆلیستێک جوورئەتی کردووە ، تەنها مووچەی مانگێکی تەرخان بکات ، بۆ ئەو خەڵکە هەژارە بەپۆپۆلیستکراوانەی کە سواری شەپۆلەکەیان بوون و بەسەر شانی ئەواندا هەڵکشان بۆ پلەو پۆست و مووچەی خەیاڵیی بەرز!

 
لەکاتێکدا چەندین پۆپۆلیست و برایم زەبۆک ؛ بۆ نمایش و بۆ فریودان ، لەسەر میدیا و سۆشیال میدیا ؛ ئاوا ئەم قەیرانەیان قۆستۆتەوە و سواری ملی قەیرانەکە بوون ، هاوکات دەیان و سەدان ؛ کەسی چاکەکار و خەمخۆری هەژاران ، دوور لەچاوی میدیا و سۆشیال میدیا ؛ ژمارەیەکی زۆری خێزانە هەژارەکانیان بەسەر کردۆتەوە و کۆمەکی جۆراوجۆریان پێ گەیاندوون .

 
پێشنیار

 
لێرەوە بۆ ئەوەی چیتر ، پۆپۆلیست و برایم زەبۆکەکان ؛ نەتوانن ئەم قەیرانە بۆ خۆ نمایشکردن بقۆزنەوە ، هاوکات بۆ ئەوەی پرۆسەی یارمەتییدان و کۆمەککردنی هەژاران لەم قەیرانەدا ، بە سیستەماتیک و ڕێکبخرێت ، پێویستە چەند کەسایەتییەکی چاکەخوازی (نا پۆپۆلیست) و (نا برایم زەبۆک) و نوێنەری چەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیی ؛ تۆڕێکی خێرخوازیی دروستبکەن و ئەوان سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکەن ، چ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و یارمەتییەکان ، چ بۆ دابەشکردنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر کەسان و خێزانە شایستەکاندا.


28/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر