دیاردەیەک؛ بە تامی تیرۆر! دەستدرێژیی و هەڵکوتانەسەر خەڵک لەلایەن کەسانی نزیک لە مەسول

نیاز سەعید

دیاردەیەکی دزێو کە ڕووی لە تەشەنەسەندنە و بووتە یەکێک لە هۆکارەکانی 

دروستبوونی ترس و نیگەرانیی و نائارامیی و دڵەڕاوکێ و مەترسیی لەسەر سەقامگیریی و ڕەوشی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی خەڵک ؛ بریتیە لە ڕەفتاری شەڕانگێزیی و هەڕەشەکردن و هەڵکوتانەسەر و دەستدرێژیی و سووکایەتییکردن و شەقوەشاندن و تەقەکردنی کەسانی نزیک و پەنا ، لە هەندێک لە لێپرسراوانی باڵا و دەستڕۆیشتوو ، بۆ سەر هاووڵاتییانی ئاسایی ؛ بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر !

ئەم دیاردەیە لەبنەڕەتدا ؛ بریتییە لە پێشێلکردنی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ ، تاوانێکە وەکو دیاردەی تیرۆر مەترسییدارە ، دەرهاویشتە و لێکەوتەی زیانبەخش و خراپی لێ ئەکەوێتەوە ، جیاوازییەکەی ئەوەیە کە تیرۆریستان یان ئەکوژرێن ، یان دەستگیر ئەکرێن ، یان خۆیان ئەشارنەوە ، بەڵام ئەمان بێ منەتن و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرئەچن و بەسەر تۆڕی یاسادا ئەیانپەڕێننەوە ، لە خراپترین گریمانەشدا ؛ بە سوڵحی کۆمەڵایەتیی ، یان بە گووشار و فشاری جۆراوجۆر ؛ کەتنەکەیان بۆ پەردەپۆش ئەکرێت !

ئەگەر یاسا سەروەر بێت و کەس لە یاسا گەورەتر نەبێت ، ئەگەر مافەکانی مرۆڤ پارێزراو بێت ، ئەگەر دیاردەی چەکداریی ؛ سنوورێکی بۆ دابنرێت ، ئەگەر کەسانی نزیک لە لێپرسراوانی باڵا و دەستيڕۆیشتوو ، نە پارێزرێن و داکۆکییان لێ نەکرێت و کەتنەکانیان بۆ پەردەپۆش نەکرێت ؛ ئایە ئەوانە جورئەتی ئەوە ئەکەن بە پاسەوانەکانی لێپرسراوەکانیانەوە ، یان بە پاسەوانەکانی باوکیانەوە ؛ بە زەبری چەکداریی هەڵبکوتنە سەر هاوڵاتییان ؟

ئەگەر کەسی نزیک لە لێپرسراو ؛ خۆی بە خاوەنی هەق ئەزانێت ، ئەگەر پێیوایە سووکایەتیی پێکراوە ؛ ڕێگەی ڕاست ئەوەیە هانا بۆ دادگا ببات و سکاڵا تۆمار بکات ، ئەگەر ئەمە بکات ؛ خۆی و لێپرسراوەکەشی ، ناکەونە بەردەمی ڕەخنە و تووڕەیی و تانەوتەشەر و ڕق و بێزاریی خەڵک!

پێویستە هێزی دەسەڵاتداری یەکەم ، لە سنووری پارێزگای سلێمانییدا ، کە بریتییە لە ( یەکێتیی) ، وەک چۆن لە ڕابردوودا چەند جارێک بەگژ ئەم دیاردە قێزەوونەدا چۆتەوە ، سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت ، دەستدرێژییکاران ڕووبەرووی دادگا بکاتەوە ، تا سزای یاسایی وەربگرن و ببنە عیبرەت بۆ ئەوانی تر ، ئەو چەکدارانەشی کە بەشداریی ئەو جۆرە پەلاماردان و دەستدرێژییکردنانە ئەکەن ؛ لە دادگای  سەربازیی دادگاییان بکات و توندترین سزای سەربازییان بەسەردا بسەپێنێت .

چەندە ئەم دیاردە دزێوە ؛ کاریگەریی خراپ دروست ئەکات لەسەر ناو و ناوبانگی (یەکێتیی)، بە پێچەوانەوەش دانانی سنوور بۆی و بەگژداچوونەوەی بە توندیی ؛ کاریگەریی جوان دروست ئەکات لەسەر ناو و ناوبانگی (یەکێتیی) ، بە تایبەتیی کە ئەم جۆرە ڕووداوانە ، ناو بەناو  سەرهەڵئەداتەوە ، بووەتە سەرچاوەیەکی تری بێزاریی ڕەخنە و ئەڕژێنە ناو جامی تووڕەیی خەڵک و ڕیسەکان لە (یەکێتیی) ئەکەنەوە بە خوریی !


04/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر