یەكێتیی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان، چۆن دامەزرا؟

عەلی مەحمود

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان، كە سەرەتا ناوی "یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال"ـی لێنرابوو و پاشان لە كۆنفڕانسی دامەزراندن ناوەكەی گۆڕدرا، بیرۆكەیەك بوو لە ماوەی (٥ مانگ و ٥ ڕۆژدا) هاتە بەرهەم.. كە دەستەیەكی ئامادەكاری شەش كەسی، بێی هیچ پاڵپشتیەكی مادی و حیزبی بە توانای خودی، توانیان بیهێننە بەرهەم.
ئەم رێكخراوە لە چركەساتی دەستكرد بە ئامادەسازی بۆ دامەزراندنی لە (13/6/2021) تا سازدانی كۆنفڕانسی دامەزراندن لە (18/11/2021)، هەشت كۆبونەوەی ئامادەسازی ئەنجامدا، كە پێنج كۆبونەوەی بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.. لەگەڵ كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەكە لە (25/9/2021) لە شاری هەڵەبجە.
هاوكات وەك لە یەكەم نامەی دەستەی سێی كەسیەكەی یەكەم كۆبونەوەی دامەزراندن "كە ئاڕاستەی نوسەرانی بواری جینۆساید كراوە"، هاتووە؛"دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید.. زەرورەتی نیشتمانی و قۆناغەكە واپێویست دەكات، كە تواناكانی ئەم توێژە لە نوسەرانی بواری جینۆساید، لە چوارچێوەی رێكخراوێكی پیشەیی رێكبخرێتەوە".
ئەگەرچی یەكەم كۆبونەوەی كرداری لە (13/6/2021) بۆ دامەزراندنی ئەم رێكخراوە دەستی پێكرد، بەڵام لە چەند ساڵی پێشووتر چەند هەولێكی هاوشێوەش لەلایەن كۆمەلێك نوسەری دیكەوە نرابوو، بەڵام ئەو كۆبونەوانە نەگەیشتبوون بە ئەنجام.

یەكەم كۆبونەوە و دانانی بەرنامەكان
رۆژی (13/6/2021) هەر یەك لە (شێخ سدیق ئەحمەد و عەلی مەحمود و هێمن حەسیب) لە كتێبخانەی دیالۆگ لە شاری كەركوك دانیشتنێكیان سازدا و تێیدا تاوتوێی بیرۆكەی دامەزراندنی رێكخراوێكی پیشەیی تایبەت بە نوسەرانی بواری جینۆسایدیان كرا.
دیارە پێشتر ئەم بیرۆكەیە لە نێوان خۆیاندا واتا (شێخ سدیق ئەحمەد و عەلی مەحمود و هێمن حەسیب) چەندجارێك تاوتوێی كرابوو، بەڵام یەكەم دانیشتن و دانانی بەرنامە بۆ دەستكردن بە كاركردن لە ڕۆژی (13/6/2021) ئەنجامدرا.
لە كۆبونەوەی ئەم دەستە سێی كەسیە، سێی بەرنامەی كار دانرا، كە بریتی بوون لە:
یەكەم: بە شێوەیەكی سەرەتایی ناوی یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆساید دیاری بكرێت.
دووەم: گروپێك لە ئەپلیكەیشنی (واتس ئاپ) دروست بكرێت و هەموو نوسەرانی بواری جینۆساید بانكهێشتی گروپەكە بكرێن بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژەكە، بۆ ئەو مەبەستە (هێمن حەسیب) راسپێردرا.
سێیەم: نامەیەك بنوسرێت و ئاڕاستەی تەواوی نوسەران بكرێت، بە مەبەست ئاشناكردنیان بە پڕۆژەكە.
چوارەم: چەند خاڵێكی سەرەتایی وەك مەرجی ئەندامبوون دیاری كرا، كە بریتی بوون لە:
1ـ هەر نووسەرێك دوو كتێبی لە بواری جینۆساید هەبێت.
2ـ هەر ئەكادیمیستێك كە تێزی دكتۆراكەی یاخود ماجستێرەكەی لەسەر جینۆساید بێت.
3ـ سەرنووسەر و بەڕێوبەری گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە ئەنفال و جینۆساید.
لە دوای ئەو دانیشتنە، یەكەم هەنگاوی كردەیی لە ڕۆژی (14/6/2021) بە دروستكردنی گروپێكی واتس ئاب لە نوسەرانی بواری جینۆساید دەستی پێكرد و پاشان نامەیەك بە ناوی چوار كەس (شێخ سدیق ئەحمەد و عەلی مەحمود و هێمن حەسیب و لەتیف فاتیح فەرەج)، ئاڕاستەی نوسەرانی بوارەكە كرا.. ئەمەی خوارەوە دەقی نامەكەیە:

نامەیەكی كراوە بۆ نووسەرانی بواری جینۆساید
پڕۆژەی (یەكێتی نووسەرانی بواری جینۆساید) بۆچی؟
لە نیو دووەمی سەدەی رابردوو، گەلی كورد لەسەر دەستی ڕژێمەكانی عێراق، رووبەرووی چەندین شاڵاوی پاكتاوی رەگەزی و نەژادی و كۆمەڵكوژی و كیمیاباران بۆتەوە، كە دەرئەنجامی هەموو ئەو تاوانانە لە بەرەگێكی یاساییدا بە (تاوانی جینۆساید) لە یاسا و پەیماننامە نیودەوڵەتیەكاندا پێناسەكراوە.
وەك ئاشكرایە... لە دەرئەنجامی ئەو تاوانانە و لێكەوتە و دەرهاویشتەكانی لەسەر كۆمەڵگای كوردستان، توێژێكی خەمخۆر لە نووسەرانی كورد، ئەركی كۆكردنەوەی زانیاریی و بەڵگەكەكان لەسەر تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و بە دیكۆمێنتكردنیان لە ئەستۆ گرت.. دەرئەنجامی ئەم هەواڵانەشە چەندین كتێب و توێژینەوەی بەرهەمداری لە بواری تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد بەرهەمهێنا... كە وەك ئەرشیفێكی گرنگ بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە.
بەڕێزان... دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید، كە دەتوانین سەرەتاكەی بۆ پاش ڕاپەرینی بەهاری (1991) وەربگرین.. ئەمڕۆ نووسین لە بواری جینۆساید تایبەتمەندی وەرگرتووە و نووسەرانی ئەو بوارەش تایبەتمەند بوونە.. كە زەرورەتی نیشتمانی و قۆناغەكە واپێویست دەكات هەموو تواناكان لە چوارچێوەیەكی رێكخراوێكی پیشەیی بە چەشنی یەكێتی نووسەرانی كورد و رێكخراو ئەكادیمیستە تایبەتەكان رێكبخرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە كە لە خوارەوە ناومان هاتووە، ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەكەین، بە ئامانجی خستنەڕووی دامەزراندنی رێكخراوێكی پیشەیی كە ببێتە كۆكەرەوەی تەواوی نووسەران و توێژەرانی بواری تاوانەكانی جینۆساید بە ناوی (یەكێتی نووسەرانی بواری جینۆساید) لە كوردستان.
ئازیزان... ئامانج لە بیرۆكەی دامەزراندنی رێكخراوێكی پیشەیی تایبەت بە نووسەرانی بواری جینۆساید لە كوردستان..بریتیە لە:
یەكەم: كۆكردنەوەی تەواوی تواناكانی ئەم بوارە لە رێكخراوێكی پیشەی بە ئامانجی زیاتر بەرەوپێشبردنی نووسین لە بوارەكە.
دووەم: نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە وەك هەر بوارێكی تر، مافی خۆیانە كە لە چوارچێوەی رێكخراوێكدا كۆببنەوە، كە ببێتە داكۆكیاری ماف و كارەكانیان.. بە تایبەت كە زۆرێكیان ژیانی خۆیان بۆ نووسین لە بواری جینۆساید تەرخان كردووە.
سێیەم: بەرجەستەكردنی هەوڵەكان و كاركردن بۆ نوێگەری لە نووسین لەم بوارەدا و رووچونە زیاتری لایەنی نووسین لەم بوارەدا.
چوارەم: دانانی بناغە بۆ درێژەدان بە بواری نووسین لە بواری تاوانەكانی جینۆساید لە نێو نەوەی داهاتوو.
پێنجەم: كاركردن لەسەر داڕشتنەوەی ستایل و بنەمای نووسین لە بوارەكەدا هاوشێوەی بوارەكانی تر.
ئەمە و دەیان خاڵی تر، ئامانجی خستنەڕووی بیرۆكەی دامەزراندنی (یەكێتی نووسەرانی بواری جینۆساید)ـە.
هاوكات بۆ هەموو لایەكیش ئاشكرای دەكەین، كە بە ئەمە تەنها بیرۆكەیە و بڕۆژەیەكی كۆتایی نییە، بەڵكو قابیلی هەر گۆڕانكاری و فراوانكردنە.. لە كۆتاییدا هیوادارین خەمخۆرانە ئەم نامەیە قبوڵ بفەرموون و پێكەوە كار بۆ ئەم ئامانجە بكەین.
ئامادەكارانی پڕۆژە:
1- شێخ سدیق
2- عەلی مەحمود
3- هێمن حەسیب
4- لەتیف فاتیح فەرەج

* هەنگاوەكانی دواتر
دوای (١٠) ڕۆژ لە كاركردن و گۆڕینەوەی راوبۆچوون لە نێو گروپی (نوسەرانی بواری جینۆساید) لە واتس ئاپ، كە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە، ڕۆژی (24/6/2021) كۆبونەوەی دووەم، بە شێوەی ئۆنلاین لە رێگەی بەرنامەی (ZOOM) ئەنجامدرا و هەر یەك لە (عەلی مەحمود، هێمن حەسیب، دكتۆر ئیبراهیم مەلا زادە، فاتیح سەنگاوی، ئیبراهیم هەورامانی) بەشدارییان تێیدا كرد و هەر یەك لە (شێخ سدیق و لەتیف فاتیح فەرەج) بەهۆی سەفەكردنەوە نەیانتوانی بەشداری بكەن.
لەم كۆبونەوەدا چەند بەرنامەی كارێك دانرا، دیارترینیان:
یەكەم: هەر یەك لە (شێخ سدیق و عەلی مەحمود) راسپێردران، پەیوەندی بە نوسەرانی بوارەكە بكەن.
دووەم: (هێمن حەسیب) راسپێردرا ڕەشنووسی پەیڕەوێكی ناوخۆ ئامادە بكات و دواتر لەلایەن (فاتیح سەنگاوی) پێداچونەوەی بۆ بكرێت.
سێیەم: بڕیاردرا ڕۆژی (1/7/2021) كۆبونەوەیەكی تر بە شێوەی ئۆنلاین سازبدرێت.
لە دوای ئەم كۆبونەوە، لە ڕۆژی (30/6/2021) واتا شەش ڕۆژ لە دوای كۆبونەوەی دووەم، ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ خرایە بەردەم نوسەرانی ئەندام لە گروپ.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاردرا بوو ڕۆژی (1/7/2021) كۆبونەوەیەكی تر سازبدرێت، بەڵام بەهۆی ئیلتزاماتی دەستەی ئامادەكاری پڕۆژەكە، كۆبونەوەكە دواخرا.. پاشان لە كاتژمێر (٩) شەوی (12/8/2021)ـی كۆبونەوەیەكی دیكە ئەنجامدرا و لە كۆبونەوەكەدا، ژمارەیەك بڕیاری نوێ دران، دیارترینیان؛ دیاریكردنی دەستەی دامەزراندن، كە سەرپەرشتی پڕۆژەكە بە شێوەی هەمیشەیی بكەن.. ئەمەی خوارەوە، كۆنووسی كۆبونەوەی سێیەمە:

كۆنووسی كۆبونەوەی سێیەم
وبەرنامەی كار
شەوی پێنج شەممە (12/8/2021)، بۆ جاری دووەم بە شێوەی ئۆنلاین كۆبونەوەیەك ئەنجامدرا.. تێیدا جارێكی تر تاوتوێی پڕۆژەی (یەكێتی نوسەرانی بوار جینۆساید) كرا بە بەشداری (شێخ سدیق ئەحمەد، عەلی مەحمود، هێمن حەسیب، فاتیح سەنگاوی، ئیبراهیم هەورامانی، رێكار مزوری).. لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بە:
یەكەم: دەستەی دامەزراندن دیاریكرا لەم بەڕێزانە (شێخ سدیق ، هێمن حەسیب، لەتیف فاتیح فەرەج، ئیبراهیم هەورامی، فاتیح سەنگاوی)، كە بە شێوەی هەمیشەیی سەرپەرشتی پڕۆژەكە دەكەن.
دووەم: پێداچونەوە بە ڕەشنووسی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی ئامادەكراو.
سێیەم: ئامادەسازیكردن بۆ سازدانی كۆبونەوەیەكی فراوان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، كە سەرجەم نوسەرانی بواری جینۆساید بانگێشت دەكرێن و كۆبونەوەكە لە مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە سازدەدرێت.
چوارەم: كۆبونەوەیەكی مەیدانی لە ڕۆژی چواشەممە (25/8/2021) لە مۆنۆمێنتی ئەنفال ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی ڕاپەڕاندنی كارەكانی و ئامادەسازی بۆ كۆبونەوەی گشتی.
بۆ ئەو مەبەستە ڕەشنووسی پەیڕەوی ئامادەكراوە، جارێكی تر لە گروپ بڵاودەكرێتەوە، تا سەرجەم بەڕێزانی ئەندامانی گروپ راو بۆچووی خۆیان بخەنەڕوو….لەگەڵ زێردا.

كۆبونەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ
ئەم كۆبونەوەیە بە دووەم كۆبونەوەی مەیدانی دادنرێت لە دوای یەكەم كۆبونەوە لە (13/6/2021) و هاوكات بە یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزراندن دادەنرێت، كە لە كۆبونەوەی ئۆنلاینەكەی ڕۆژی (12/8) بڕیاری لەسەر درابوو.
لە كۆبونەوەكەدا كۆمەڵێك هەنگاو و بڕیار گیرانەبەر، دیارترینیان ناوی پڕۆژەكە لە (یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆساید گۆڕدرا بۆ یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال)، ئەمەی خوارەوە دەقی كۆنووسی كۆبونەوەكەیە:

كۆنووسی لیژنەی ئامادەكاری دامەزراندنی
(یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆساید و ئەنفال)

ڕۆژی چوارشەممە (25/8/2021)، كاتژمێر (11) بەیانی، كۆبونەوەی دەستەی دامەزراندنی (یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆساید و ئەنفال) بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (شێخ سدیق ئەحمەد - مامۆستا فاتیح سەنگاوی - لەتیف فاتیح فەرەج - هێمن حەسیب - ئیبراهیم هەورامانی)، بەڕێز (عەلی مەحمود)، بە هۆكاری سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات نەیتوانی بەشداربێت.. لەم كۆبونەوەدا (هابیل حاجی ئەحمەد) وەك بەڕێوبەری مۆنۆمێنت بەشداری كۆبونەوەكە بوو.. لە كۆبونەوەكەدا ئەم هەنگاوانە گیرانەبەر:
یەكەم: پێداچونەوە بە ڕەشنووسی بەیڕەو وپڕۆگرامی ئامادەكراوە كرا بە لەبەر چاوگرتنی سەرجەم تێبینی و پێشنیار و رەخنەكان كە لە گروپی واتس ئاپ خرابونەڕوو... هاوكات بەڕێز (لەتیف فاتیح فەرەج) راسپێردرا، ڕەشنووسی دیباجەیەك ئامادە بكات.
دووەم: هەر یەك لە بەڕێزان (لەتیف فاتیح فەرەج - شێخ سدیق ئەحمەد)، راسپێردران، پارێزەرێك لە سنوری پارێزگای هەولێر دیاری بكەن، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رێكارە یاساییەكانی تایبەت بە دامەزراندنی رێكخراوەكە.
سێیەم: بڕیاردرا بە بانگەوازكردنی سەرجەم نوسەرانی بواری جینۆساید و توێژەرانی ئەم بوارە، كە پەیوەندی بكەن بەم هەنگاوە بە مەبەستی یەكخستنی تواناكان.
چوارەم: بڕیاردرا ڕۆژی (25/9/2021) دەستەی دامەزراندن لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی، پڕۆژەی یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆساید بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و رای گشتی رابگەیەنێت و هەر لە هەمان ڕۆژ كۆبونەوەیەكی دیكەی دەستەی دامەزراندن بە ئامادەبوونی ژمارەیەك نووسەری بواری جینۆساید بەڕێوەبچێت.
پێنجەم: ناوی پڕۆژەكە لە (یەكێتی نوسەرانی بواری جینۆساید بگۆڕدرێت بۆ یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال).
شەشەم: لە كۆبونەوەی (25/9)، بڕیار بدرێت لەسەر كات و شوێنی سازدانی یەكەمین كۆنفڕاسی دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید.
حەوتەم: (هێمن حەسیب) ڕاسپێردرا، كە پەیوەندی بە چەند كەسێكی شارەزا بكات، بۆ ئامادەكردنی لۆگۆی رێكخراوەكە..
لە دوای ئەم كۆبونەوەیە، هەنگاوەكان و گفتوگۆكان لە نێو گروپی واتس ئاپ، زیاتر گەرم وگۆڕتر بوون و ژمارەیەكی زیاتر نووسەران لە گروپەكە بەشدارییان كرد.

كۆبونەوەی (18/9)
بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ كۆبونەوەكەی شاری هەڵەبجە و كۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەكە، شەوی (18/9/2021) دەستەی دامەزراندن، بە شێوازی ئۆنلاین كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا.. ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیار و كۆنووسی كۆبونەوەكەیە:

كۆنووسی كۆبونەوەی دەستەی دامەزراندن
بە شێوەی ئۆنلاین
كاتژمێر (٩)ـی شەوی (18/9/2021)، لیژنەی ئامادەكار كۆبونەوەیەكی ئۆنلاینی ئەنجامدا و تێیدا ئەم بڕیارانەی دەركرد:
یەكەم: پێداچونەوە بە دیباجە ئامادەكراو لەلایەن (لەتیف فاتیح فەرەج) بۆ پەیڕەوی ناوخۆ كرا.
دووەم: گروپێكی تایبەت بە دەستەی دامەزراندن لە واتس ئاپ دروست بكرێت.
سێیەم: تاوتوێی ئامادەسازییەكان بۆ كۆبونەوەكەی (25/9/2021) و كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەكە لە هەمان ڕۆژدا كرا.
چوارەم: مەرجی ئەندامێتی لە دوو كتێبەوە كەمكرایەوە بۆ یەك كتێب و مەرجی وەرگێڕی كتێبەكانی بواری جینۆسایدیش زیاد كرا.

كۆبونەوەی هەڵەبجە
وسازدانی كۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی

ڕۆژی (25/9/2021) سێیەم كۆبونەوەی مەیدانی لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە سازدرا و تێیدا لە هەموو ڕووەكانەوە تاوتوێی پڕۆژەكە.. ئامەی خوارەوە دەقی كۆنووسی كۆبونەوەكەیە:

كۆنووسی كۆبونەوەی هەڵەبجە
كاتژمێر (١٠) بەیانی ڕۆژی (25/9/2021) كۆبونەوەی دەستەی دامەزراندن، بە بەشداری پێنج نوسەری دیكەی بواری جینۆساید ئەنجامدرا، كە بریتی بوون لە (شێخ سدیق - عەلی مەحمود - لەتیف فاتیح فەرەج - م. فاتیح سەنگاوی - هێمن حەسیب - ئیبراهیم هەورامانی - مەلا شاخی - محەمەد ساڵح تۆفیق - ئیبراهیم محێدین - دانا هەڵەبجەیی) و تێیدا بڕیاردرا:
یەكەم: لە مانگی (١١) كۆنفڕانسی دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال سازبكرێت.
دووەم: شاری كەركوك دیاریكرا بۆ سازدانی كۆنفڕانسەكە، بەو پێیەی شارەكە چەقی پرۆسەی جینۆساید بووە و لە دوای رووداوەكانی (١٦ـی ئۆكتۆبەر) رووبەرووی شاڵاوێكی بەفراوانی تەعریب بۆتەوە.
سێیەم: لیژنەیەكی مەیدانی بۆ ئامادەسازی كۆنفڕانس لە (شێخ سدیق و هێمن حەسیب) پێكهێنرا، بەو پێیەی دانیشتووی شاری كەركوك و (عەلی مەحمود)ـیش دیاریكرا كە هاوكارییان بێت.. دەسەڵاتی تەواو درایە ئەم لیژنە بۆ هەموو كارێك.
چوارەم: لە كۆبونەوەكەدا، بڕیاردرا لیستێك لە نوسەرانی بوارەكە ئامادە بكرێت، كە بانگهێشتی كۆنفڕانس بكرێن.
پێنجەم: لێژنەیەك پێكهێنرا لە (لەتیف فاتیح فەرەج، شێخ سدیق، محەمەد حمە ساڵح تۆفیق، عەلی مەحمود، فاتیح سەنگاوی، ئیبراهیم هەورامانی) بۆ پێداچونەوە بە لیستی ئەندامانی كۆنفڕانس، كە (هێمن حەسیب) وەك ئامادەكاری لیستەكە هاوكارییان دەبێت.
پاشان لە هەمان ڕۆژدا لە پاش كۆبونەوەكە، كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە سازدرا و تێیدا پڕۆژەكە بۆ رای گشتی خرایەڕوو و دەقی بانگەوازەكە خوێندرایەوە.. كە كەناڵەكانی ئامادەبوو بریتی بوون لە (گەلی گوردستان ـ ماڵپەری شارپرێس ـ كەركوك تیڤی ـ ماڵپەری ئێستا ـ كوردسات نیوز ـ ماڵپەڕی رۆژنیوز ـ جەماوەر نیوز ـ ماڵپەری وێستگە ـ كەناڵی زاگرۆس ـ كەناڵی سپێدە ـ رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان)... ئەمەی خوارەوە دەقی بانگەوازەكەیە، كە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیە خوێندرایەوە.

بانگەوازێك بۆ
نووسەرانی بواری جینۆساید
پڕۆژەی دامەزراندنی (یەكێتی نووسەرانی بواری جینۆساید)
لە نیو دووەمی سەدەی رابردوو، گەلی كورد لەسەر دەستی ڕژێمەكانی عێراق، رووبەرووی چەندین شاڵاوی پاكتاوی رەگەزی و نەژادی و كۆمەڵكوژی و كیمیاباران بویەوە، كە دەرئەنجامی هەموو ئەو تاوانانە لە بەرەگێكی یاساییدا بە (تاوانی جینۆساید) لە یاسا و پەیماننامە نیودەوڵەتیەكاندا پێناسەكراوە.
وەك ئاشكراشە... لە دەرئەنجامی ئەو تاوانانە و لێكەوتە و دەرهاویشتەكانی لەسەر كۆمەڵگای كوردستانی، توێژێكی خەمخۆر لە نووسەرانی كورد، خەمخۆرانە و خۆبەخشانە ئەركی كۆكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و بە دیكۆمێنتكردنیان لە ئەستۆ گرت.. دەرئەنجامی ئەم هەوڵانەشە، چەندین كتێب و توێژینەوەی بەرهەمدار لە بواری تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد بەرهەمهێنا... كە وەك ئەرشیفێكی گرنگ بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە.
بەڕێزان... دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید، كە دەتوانین سەرەتاكەی لە دوای ڕاپەرینی بەهاری (1991) وەربگرین.. ئەمڕۆ نووسین لە بواری جینۆساید تایبەتمەندی وەرگرتووە و نووسەرانی ئەو بوارەش تایبەتمەند بوونە.. كە زەرورەتی نیشتمانی و قۆناغەكە واپێویست دەكات هەموو تواناكان لە چوارچێوەیەكی رێكخراوێكی پیشەیی و ئەكادیمیستی رێكبخرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە كە لە خوارەوە ناومان هاتووە، ئەم پڕۆژەیە بۆ ڕای گشتی و نوسەرانی بواری جینۆساید دەخەینەڕوو، بە ئامانجی خستنەڕووی دامەزراندنی رێكخراوێكی پیشەیی كە ببێتە كۆكەرەوەی تەواوی نووسەران و توێژەرانی بواری تاوانەكانی جینۆساید بە ناوی (یەكێتی نووسەرانی بواری جینۆساید) لە كوردستان... كە ئامانجەكانی بریتی دەبن لە:
یەكەم: كۆكردنەوەی تەواوی تواناكانی ئەم بوارە لە رێكخراوێكی پیشەی بە ئامانجی زیاتر خزمەتكردنی دۆسیەی جینۆساید.
دووەم: برەودان بە بواری نووسین و توێژینەوەی زانستی لە بواری دۆسیەكانی جینۆساید و  پێشێلكاری مافی مرۆڤ.
سێیەم: پرسی جینۆسایدو ئەنفال بكرێتە پرسێكی جیهانی و بە نوسین و توێژینەوە بەشداری هەموو كۆنگرە و بۆنە مرۆییەكان و مافی مرۆڤ و چۆنێتی دەربازبوون لە جینۆساید بكات.
چوارەم: هەوڵدان و كاركردن بۆ ئەوەی ئەم رێكخراوە لەگەڵ رێكخراو و ئەنجومەنە هاوشێوەكانی خۆی لە وڵاتان پەیوەندی گرێ بدات.
پێنجەم: نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە وەك هەر بوارێكی تر، مافی خۆیانە لە چوارچێوەی رێكخراوێكدا كۆببنەوە، كە ببێتە داكۆكیاری ماف و كارەكانیان.. بە تایبەت كە زۆرێكیان ژیانی خۆیان بۆ نووسین لە بواری جینۆساید تەرخان كردووە.
ئەمە و دەیان خاڵی تر، ئامانجی خستنەڕۆی بیرۆكەی دامەزراندنی (یەكێتی نووسەرانی بواری جینۆساید)ـە.
لە كۆتاییدا هیوادارین خەمخۆرانە ئەم نامەیە قبوڵ بفەرموون و پێكەوە كار بۆ ئەم ئامانجانەی سەرەوە بكەین.
بەشداربووانی كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەكە:
1- شێخ سدیق
2- عەلی مەحمود
3- لەتیف فاتیح فەرەج
4- م. فاتیح سەنگاوی
5- هێمن حەسیب
6- ئیبراهیم هەورامانی
7- رێكار مزوری
8- مەلا شاخی
9- محەمەد ساڵح تۆفیق
10- ئیبراهیم محێدین
11- دانا هەڵەبجەیی

كۆبونەوەی
لیژنە دیاریكردنی ئەندامانی كۆنفڕانس

كاتژمێر (٣) پاش نێوەڕۆی ڕۆژی (14/10/2021) لیژنەی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنفڕانس لە ناوەندی ڕۆشنبیری رەهەند لە سلێمانی كۆبونەوە، بە بەشداری (هێمن حەسیب، شێخ سدیق، محەمەد حمە ساڵح تۆفیق، عەلی مەحمود، فاتیح سەنگاوی، ئیبراهیم هەورامانی) و پێداچونەوە بە لیستی ئەندامانی كۆنفڕانس كرا و (١٢٣) نوسەر و ئەكادیمیست و ڕۆژنامەوانی بواری جینۆساید پەسەندكرا بۆ ئەندامێتی كۆنفڕانس.

كۆبونەوەی لیژنەی مەیدانی
لیژنەی مەیدانی كە لە كۆبونەوەی هەڵەبجە پێكهێنرا لە (شێخ سدیق و هێمن حەسیب و عەلی مەحمود)، بەو پێیەی دانیشتووی كەركوك و كۆنفڕانسی دامەزراندن لە كەركوك ساز دەدرێت، ڕۆژی (19/10/2021) كۆبونەوەی خۆی سازدا و بەرنامەكان بۆ سازدانی كۆنفڕانس دیاریكرد..دیارترینیان: یەكەم: بە مەبەستی دابینكردنی بودجەیەكی پێنج ملیۆنی، نامەیەك بە ناوی شەش ئەندامەكەی سەرەكیەكی دەستەی دامەزرێنەر (شێخ سدیق و هێمن حەسیب و عەلی مەحمود، لەتیف فاتیح فەرەج، ئیبراهیم هەورامانی، فاتیح سەنگاوی) بنوسرێت بۆ ئەم لایانەی حكومەت: (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان، وەزیری ڕۆشنبیری).
دووەم: ڕۆژی (18/11/2021)  دیاریكرا بۆ سازدانی كۆنفڕانس.
سێیەم: بڕیار لەسەر تەواوی كارە لۆجستیەكانی تر وەك دیاریكردنی هۆڵی كۆنفڕانس و بەرنامەی كۆنفڕانس درا.

بۆچی كۆنفڕانس دواخرا
لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو ڕۆژی (6/11/2021) كۆنفڕانس بەڕێوەبچێت، وەك لە كۆبونەوەی هەڵەبجە بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەهۆی نەتوانرا بودجە دابین بكرێت، كۆنفڕانس دواكەوت بۆ (18/11/2021).
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بكرێت، لە ڕۆژی (20/11/2021) نامەكە گەیەنرایە هەموو لایەنەكانی حكومەت بۆ دابینكردنی بودجەی كۆنفڕانس، وەك پێشتر ئاماژەمان پێداوە، هەر لە هەمان ڕۆژ وەزیری ڕۆشنبیری ئامادەیی بۆ دابینكردنی بودجەكە دەربڕی و دوای داواكردنی دەرخستە، نوسراوێكیان بە ژمارە (2/3/5293) لە ڕۆژی (3/11/2021) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كرد بۆ خەرجكردنی بودجەكە، بەڵام بەهۆی روتیناتی زۆری لە وەزارەتی دارایی رەزامەندییەكە دواكەوت.. كە وەزارەتی ناوبراو پاش (28) ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی كۆنفڕانس لە ڕۆژی (15/12/2021) بە نوسراوی ژمارە (13223) ڕەزامەندی دەربڕی.. كە دواتر لەسەر داوای دەستەی دامەزراندن، وەزارەتی رۆشنبیری بە نوسراوی ژمارە (30) لە (3/1/2022)، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕی بودجەی تەرخانكراوییان كرد، چونكە لە لایەنێكی دیكەوە، بودجەی كۆنفڕانس دابینكراوە.
لەو ماوەیەدا كە چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دارایی دەكرا بۆ خەرجكردنی بودجەی كۆنفڕانس، دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی (8/11/2021) ڕەزامەندییان لەسەر گرتنە ئەستۆی خەرجی كۆنفڕانس دەربڕی و بڕی پێنج ملیۆن دینار بۆ كۆنفڕانسەكە خەرج كرا.

كۆتا كۆبونەوە
ڕۆژی (8/11/2021) لیژنەی دامەزراندن بە ئامادەبوونی هەر شەش ئەندامەكە، دوایین كۆبونەوەی خۆی بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجامدا و تێیدا ژمارەیەك بڕیار دەركرا:
یەكەم: پەسەندكردنی كۆتا لیستی ئامادەكراو بۆ كۆنفڕانس كە پێكهتاتبوون لە (١٢٣) ئەندام.
دووەم: بڕیاردرا لەسەر پێشكەشكردنی قەڵغانێكی رێزلێنان بە (هێمن حەسیب) لە ناو كۆنفڕانس، لە بەرانبەر ماندوبوون و رایكردنی بەشێكی زۆری كارەكان.
سێیەم: بەرنامەی كۆنفڕانس پەسەندكرا و بەرنامەكان دابەشكرا، بەمشێوەیە:
أـ شێخ سدیق ئەحمەد، وتاری كۆنفڕانس بە زمانی كوردی پێشكەش بكات.
ب ـ فاتیح سەنگاوی ـ وتاری كۆنفڕانس بە زمانی عەرەبی پێشكەش بكات.
ج ـ هێمن حەسیب، بە وتەبێژی كۆنفڕانس دیاریكرا.
د ـ عەلی مەحمود، پێشكەشكردنی وتارێك و پێدانی قەڵغان بە هێمن حەسیب.
هـ ـ هەر یەك لە (عەلی مەحمود ـ لەتیف فاتیح فەرەج ـ ئیبراهیم هەورامانی) دیاریكران، بۆ بەڕێوبردنی دانیشتنی تایبەت بە كۆنفڕانس.
چوارەم: لیستی میوانان بۆ بەشداری لە دانیشتنی كردنەوەی كۆنفرانس پەسەندكرا.. كە لە (١٢٠) حیزب و دەزگا و رێكخراو و كەسایەتی پێكهاتبوون.

بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسی دامەزراندن
كاتژمێر (١٠)ـی بەیانی ڕۆژی (18/11/2021)، لە هۆڵی (گۆڵدن تایم) لە شاری كەركوك، كۆنفڕانسی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال دەستی بە كارەكانی كرد، كە لە سێی دانیشتن پێكهاتبوو.
دانیشتنی یەكەم: دانیشتنی كردنەوەی كۆنفڕانس بە ئامادەبوونی ئەندامان و میوانانی كۆنفڕانس بەڕێوەچوو، كە تێیدا شێخ سدیق ئەحمەد وتاری كۆنفڕانسی خوێندنەوە.. بڕوانە وتاری كۆنفڕانس.
پاشان وتاری كۆنفڕانس بە زمانی عەرەبی لەلایەن فاتیح سەنگاوی خوێندرایەوە و بە دوایدا (عەلی مەحمود) وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ئاماژەیدا بە ئامانجی دەستەی دامەزراندن لە پێشكەشكردنی قەڵغانی رێزلێنان بە (هێمن حەسیب).. بڕوانە دەقی وتارەكە.. بە دوایدا قەڵغانی رێزلێنان لەلایەن عەلی مەحمود پێشكەش بە (هێمن حەسیب) كرا.
هاوكات خوالێخۆشبوو (د. مارف عومەر گوڵ) وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی دەستەی دامەزرێنەری كرد بۆ گرتنە ئەستۆی ئەم كارە پیرۆزە.
دانیشتنی دووەم؛ بە بەشداری (٦٣) ئەندام لە كاتژمێر (11.30) دەستی پێكرد و دانیشتنەكە لەلایەن (عەلی مەحمود ـ ئیبراهیم هەورامانی ـ لەتیف فاتیح فەرەج) سەرپەرشتی دەكرا.. لەم دانیشتنە، كۆمەڵێك بڕیار پەسەندكرا:
یەكەم: سەرەتا وتوێژ لەسەر ناوی رێكخراو كرا، دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان، ناوەكە گۆڕدرا بۆ (یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان).
دووەم: شەش لۆگۆی پێشنیار كراو خرایە بەردەست ئەندامانی كۆنفڕانس، كە لە دەرئەنجامی دەنگدان، لۆگۆی ئێستا پەسەند كرا.
سێیەم: پرسی بارەگای سەرەكی رێكخراو خرایە بەرباس و دوای وتوێژی، بە دەنگی ئەندامان، بڕیاردرا كە بارەگای سەرەكی لە شاری هەولێر بێت.
چوارەم: سەبارەت بە پەیڕەوی ناوخۆ، ئەندامانی كۆنفڕانس لیژنەیەكی (١١) كەسیان دیاریكرد، كە لە ماوەی مانگێكدا پێداچونەوە بە تەواوی ڕەشنووسی پەێڕەوی ناوخۆ بكەن و دەسەڵاتی تەواو درا بە ئەندامانی لیژنەكە.. كە پێكهاتبوون لە (بەكر حمە حوسێن ـ د. مارف عومەر گوڵ ـ هێمن حەسیب ـ عومەر حاجی عنایەت ـ محەمەد حمە ساڵح تۆفیق ـ لەتیف فاتیح فەرەج ـ ئیسماعیل هەنارەیی ـ تاریق كارێزی ـ مەلا شاخی ـ فاتیح سەنگاوی ـ عەبدولرحیم حەسەن ـ ستارە عارف)
دانیشتنی سێیەم: لە كاتژمێر (2.30) نێوەڕۆی هەمان ڕۆژ دەستی پێكرد و دانیشتنەكە تایبەت بوو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی باڵا.
دانیشتنەكە بە سەرپەرشتی هەر سێی پارێزەر (چیا ئەیوب خورشید ـ نەوزاد ستار رەفیق ـ هەردی ئیبراهیم شەریف ـ عامر ئەسعەد غەریب) بەڕێوەچوو و سەرەتا دەرگای خۆكاندید كرایەوە و (15) كەس خۆیان كاندید كرد.
پاشان پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەچوو، كە بە شێوەیەكی ئاشكرا ونهێنی ئەنجامدرا، دواتر دەست بە ژماردنی دەنگەكان كرا و ئەم بەڕێزانە سەركەوتن:
١ـ لەتیف فاتیح فەرەج
٢ـ سالار مەحمود
٣ـ فاتیح سەنگاوی
٤ـ عەلی مەحمود
٥ـ هێمن حەسیب
٦ـ چنار نامیق
٧ـ حەسۆ هورمێ
٨ـئیسماعیل هەنارەیی
٩ـ گوڵناز عەزیز
١٠ـ ئیبراهیم هەورامانی
١١ـ بەكر حمە حوسێن

پاشان ئەنجومەنی باڵای هەڵبژێردراو، هەر یەك لە (سالار مەحمود) بە سەرۆك و (فاتیح سەنگاوی) بە جێگر و (چنار نامیق) بە سكرتێری (یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان) دیاریكرد.
 
بەلاغی كۆتایی كۆنفڕانس
كاتژمێر (٣)ـی پاش نێوەڕۆی ڕۆژی (21/11/2021) لە مۆنۆمێنتی ئەمنە سورەكە لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژێردراو، كۆنفڕانێسكی ڕۆژنامەوانی سازدرا و بەلاغی كۆتایی كۆنفڕانس پێشكەشكرا.. بڕوانە دەقی بەلاغەكە.

دەقی بەلاغی كۆتایی كۆنفڕانسی دامەزراندنی
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان

هاونیشتمانیانی بەڕێز .. نوسەران و شارەزایان .. ئەندامانی كۆنفراس

سڵاوێكی گەرم
رۆژی (18)ـی نۆڤەمبەری (2021) لە شاری كەركوك كۆنگرەی دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان بەئامادەبوونی چەندین نوسەرو شارەزایی بواری جینۆساید و تاوانەكانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بەسترا.. هەمان رۆژ كۆنگرە بەسەركەوتویی كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا.  
بە پێویستی دەزانین روونی بكەینەوە، كە بیرۆكەی ئەم پڕۆژە نیشتمانیە‌ دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر، بەڵام دواجار یەكەمین كۆبونەوەی بەكرداریكردنی بیرۆكەی ئەم پڕۆژە نیشتمانیە لە (13/6/2021) لە كەركوك لە نێوان (شێخ سدیق ئەحمەد ـ عەلی مەحمود ـ هێمن حەسیب) بەڕێوەچوو و دواتر هەردوو كۆبونەوەی سازدراو لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید، زەمینەی سازدانی یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندن بوو لە كەركوك.
كۆنگرەی دامەزراندن، بە ئامادەبوون و بەشداری (63) ئەندام، گۆڕینی ناوی یەكێتێەكەی لە (یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال) بۆ (یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان)، و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردن و سپاردنی پرۆژەی پەیڕەو و بەرنامەی كار بە لیژنەی شارەزایان بۆ پیداچونەوە و دواتر پەسەندكردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردن و لیژنەی پیداچونەوەوە، كارەكانی كۆنگرەی بەسەركەوتووییی كۆتایی پێ هێنا.
مەبەست لە سازدانی كۆنگرەكە لە كەركوك بۆ بایەخدان بوو بەو شارەی كە چەندین جار تووشی پەلاماری كۆمەڵكوژی و كاولكردن و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی مەترسیدار بۆتەوە.. بەتایبەت كە لە ئێستادا ماوەی چوار ساڵە، رووبەرووی سیاسەتێكی نوێی بە عەرەبكردن و راگواستنی گوندە كوردییەكان بۆتەوە..ئەگینا ھەموو كوردستان و دۆسیەكانی جینۆساید جێی بایەخی كاری یەكێتیەكە دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، كۆنگرە ئەم راسپاردانەی بە دەستەی بەڕێوبردن سپارد:
یەكەم: یەكێتی نوسەرانی جینۆساید، یەكێتی هەموو قەڵەمێكی بەپەرۆشی بواری ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و كۆمەڵكوژیە. كار بۆ كۆكردنەوەی هەموو تواناكانی ئەو بوارە دەكات و وەك چەترێكی گشتگیر بۆ پرۆژەی نوێ و كاری بەكۆمەڵ و تاك پاڵپشت و هاوكار دەبێت.
دووەم: سازدانی كۆڕو كۆنگرە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان بەبەشداری پێكردنی شارەزایانی بیانی و ناوخۆیی و بەستنی كۆنگرەی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بەناساندنی جینۆسایدی كوردستان.
سێیەم: دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی بواری جینۆساید و  ناوەندە ئەكادیمیەكان و دەزگاكانی پشتیوانی مافی مرۆڤ.
چوارەم: هاندانی ناوەندەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بەبایەخدان بەم كەیسە نیشتمانی و چارەنوسسازەی گەلی كوردستان بەهاندان بۆ توێژینەوەو جێكردنەوەی لە پرۆگرامەكانی خوێندن و فێركردن.
چوارەم: كۆكردنەوەی بەڵگە و بەدیكۆمێنت كردنی هەموو سەرجاوەیەك پەیوەست بێ بەجینۆسایدی كوردەوەو پاراستنیان لەناوچوون و بەكارھێنانیان بۆ چالاكی و ناساندن و مانەوە.
پێنجەم: هاوكاریكردنی هەردوو پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پابەندكردنی حكومەت بە رێكاری یاسایی بۆ زیندوو راگرتنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی كوردستان و گەلانی عێراق.
شەشەم: دەركردنی بڵاوكراوەو وەرگێڕانی نوسین دۆكیۆمێنتی تایبەت بەجینۆساید بۆ سەر زمانە بیانیەكان.
حەەتەم: هاندانی هەردوو حكومەتی عیراق و ھەرێمی كوردستان بۆ فەرامۆش نەكردنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی كوردستان و گەلانی عیراق.. ساڵانە بوجە تەرخان بكرێ بۆ مۆنۆمێنت و گۆڕە بەكۆمەڵەكان و مەزاری قوربانیان و ژیانی كەسوكاری قوربانیان.
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان بە هیواوە دەڕوانێتە بەدەنگەوە هاتنی هەموو نوسەرانی بواری جینۆساید بۆ كاری پێكەوەیی و داوای بەدەنگەوە هاتنی راستەوخۆی دامەزراوەكانی  حكومی و ناحكومی دەكەین بۆ هەماهەنگی و كاری ھاوبەش و قەرەبوكردنەوەی ئەو ساڵانەی بەكەمتەرخەمی تێپەڕین و دەست لەناو دەست بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەركانەی كە كۆنگرە بە دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی كۆنگرەی سپارد.

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان
21/11/2021

پاشكۆی یەكەم:
دەقی وتاری دەستەی دامەزرێنەر بۆ كۆنفڕانس
كە لەلایەن شێخ سدیق ئەحمەد خوێندرایەوە

بەڕێزان... ئامادەبووانی ئازیز
نووسەران و توێژەرانی بواری جینۆساید
نوێنەرانی پارتە سیاسەكان
كەسایەتیەكان و ڕۆژنامەنووسان..

لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە، گەلی كوردستان لەسەر دەستی ڕژێمەكانی عێراق، رووبەرووی شەپۆلێك لە شاڵاوی كۆمەڵكوژی و پاكتاوی رەگەزی و نەژادی و راگواستن بۆتەوە، كە دیارترینیان (تاوانەكانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانیەكان و كوردانی فەیلی و كێمیابارانی سێوەسنان و پرۆسەكانی بە عەرەبكردن و ڕاگواستن و .... هتد)، كە هەموو ئەو تاوانانە لە بەرەگێكی یاساییدا بە (تاوانی جینۆساید، تاوانی دژە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) لە یاسا و پەیماننامە نیودەوڵەتیەكاندا پێناسەكراوە.. كە بەداخەوە تاهەنووكە ئەو تاوانانە بەرانبەر بە گەلی  كوردستان بەردەوامی هەیە، كە دوایین تاوانی جینۆساید بەرانبەر بە گەلی كوردستان، جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان بوو، كە لە ساڵی (2014) لەسەر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ئەنجامدرا.. هاوكات دەستپێكردنەوەی پرۆسەی شاڵاوی بە عەرەبكردن لە سنوری پارێزگای كەركوك و قەزای دوبز بە پاڵپشتی دامەزراوە سەربازییەكانی عێراق بە ئامانجی داگیركردنی گوندە كوردنشینەكان.
بەڕێزان... وەك ئاشكرایە لای هەمووان.... لە دەرئەنجامی ئەو تاوانانە و لێكەوتە و دەرهاویشتەكانی لەسەر كۆمەڵگای كوردستانی، توێژێكی خەمخۆر لە نووسەرانی كورد، خەمخۆرانە و خۆبەخشانە ئەركی كۆكردنەوەی زانیارییەكانیان لەسەر تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و بە دیكۆمێنتكردنیان لە ئەستۆ گرت و ئەم هەوڵانەشە چەندین كتێب و توێژینەوەی بەرهەمداری لە بواری تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كوردستان بەرهەمهێنا... كە وەك ئەرشیفێكی گرنگ بۆ قۆناغی داهاتوو گرنگی خۆی هەیەو دەمێنێتەوە.
بەڕێزان... دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید، كە دەتوانین سەرەتاكەی لە دوای ڕاپەرینی بەهاری (1991)ـەوە وەربگرین.. ئەمڕۆ نووسین لە بواری جینۆساید تایبەتمەندی وەرگرتووە و نووسەرانی ئەو بوارەش تایبەتمەند بوونە.. كە زەرورەتی قۆناغەكە واپێویست دەكات هەموو تواناكان لە چوارچێوەیەكی رێكخراوێكی پیشەیی و ئەكادیمیستی رێكبخرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەك دەستەیەك لە نوسەران و توێژەرانی ئەم بوارە، ماوەی شەش مانگە، دەست پێشخەرییەكەمان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەك بە ناوی (یەكێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال) كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كۆبونەوە و هەنگاو و رێكارمان گرتەبەر و گفتوگۆمان لەگەڵ نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارەش كردووە.
لەو چوارچێوەیەدا كۆتا هەنگاومان بریتی بوو لە سازدانی ئەم كۆنفڕانسە، تا لە كەش وهەوایەكی ئازاددا، تەواوی نووسەرانی ئەم بوارە گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر دامەزراندنی رێكخراوەكەیان بكەن و لە كۆنفڕانسدا متمانە بە دەستەیەك ببەخشن، كە هەنگاوەكانی داهاتووی ئەم رێكخراوە بگرێتە ئەستۆ.
دەمانەوێت ئەوەش روون بكەینەوە، كە ئێمە دەزانین یەكێتیی نووسەرانی كورد لە كۆتای ساڵانی شەستەكانەوە دامەزراوە و مێژووییەكەی پرشگندارو پڕ لە خەباتی لە قۆناغە جیاوازەكاندا بینیووە و ئێمە خۆمان بە بەدیلی یەكێتیی نووسەرانی كورد نازانین، بەڵكو دەمانەوێت هاوپشت و هاوكاری یەكتر بین بۆ خزمەتی نوسین، كە ئەدەب و ڕۆمان و شیعر پایەیەكی گرنگە بۆ گوزارشت كردن لە تڕاژیدیاكان.
هەروەها سەندیكای ڕۆژنامەنووسان كە ئەزمۆنێكی باشی لە رێكخستنی كاری ڕۆژنامەگەری ودواتر كردنەوەی خۆێندنی لە زانكۆ و پەیمانگاو ... تا دوایی، كە ڕۆژنامەگەری ڕۆڵی باشی بینیووە لە بە دۆكۆمێنتكردنی تاوانەكانی جینۆساید.
بۆیە هەموومان دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، كە پێكەوە دەتوانین كاری باش و هەنگاوی باش بنێێن بە هەماهەنگی.
ئامادەبووانی بەڕێز... دامەزراندنی رێكخراوێكی پیشەیی كە ببێتە كۆكەرەوەی تەواوی نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە بە ناوی (یەكێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال) لە كوردستان، ئامانجەكانی بریتین لە:
یەكەم: كۆكردنەوەی تەواوی تواناكانی ئەم بوارە لە رێكخراوێكی پیشەی بە ئامانجی زیاتر خزمەتكردنی دۆسیەی جینۆساید.
دووەم: برەودان بە بواری نووسین و توێژینەوەی زانستی لە بواری دۆسیەكانی جینۆساید و  پێشێلكاری مافی مرۆڤ.
سێیەم: پرسی جینۆسایدو ئەنفال بكرێتە پرسێكی جیهانی و بە نوسین و توێژینەوە بەشداری هەموو كۆنگرە و بۆنە مرۆییەكان و مافی مرۆڤ و چۆنێتی دەربازبوون لە جینۆساید بكات.
چوارەم: هەوڵدان و كاركردن بۆ ئەوەی ئەم (رێكخراوە) لەگەڵ رێكخراو و ئەنجومەنە هاوشێوەكانی خۆی لە وڵاتان پەیوەندی گرێ بدات.
پێنجەم: نووسەران و توێژەرانی ئەم بوارە وەك هەر بوارێكی تر، مافی خۆیانە لە چوارچێوەی رێكخراوێكدا كۆببنەوە، كە ببێتە داكۆكیاری ماف و كارەكانیان.. بە تایبەت كە زۆرێكیان ژیانی خۆیان بۆ نووسین لە بواری جینۆساید تەرخان كردووە.
لە كۆتاییدا وەك دەستەی دامەزراندن، سوپاسی تەواوی ئامادەبووانی ئەم كۆنفڕانسە دەكەین و بە هیواین نوسەرانی بواری جینۆساید و ئەنفال، وتوێژێكی چڕ و بەسوود لە خزمەتی ئەم پڕۆژەیە بكەن، بە ئامانجی سەركەوتن و سەرخستنی كۆنفڕانس.
دەستەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال:
1- شێخ سدیق
2- عەلی مەحمود
3- هێمن حەسیب
4- م. فاتیح سەنگاوی
5- لەتیف فاتیح فەرەج
6- ئیبراهیم هەورامانی

پاشكۆی دووەم:

وتەی عەلی مەحمود تایبەت
بە رێزلێنانی دەستەی دامەزرێنەر
بۆ (هێمن حەسیب)
ئامادەبووانی بەڕێز.. ئامادەبووانی خۆشەویست.. هەموو لایەك بەخێر بێن
دیارە ئێمە ئەمڕۆ لێرە كۆبوینەتەوە بۆ كارێكی گرنگ و نیشتمانی و مێژوویی، كە ئەویش دامەزراندنی رێكخراوێكی گشتگیرە بۆ تەواوی نوسەرانی بواری جینۆساید.
وەك ئاشكرایە لە ماوەی (٣٣) ساڵی رابردوودا، چەندین نوسەرمان هەبوو، حەقی ئەوەیان هەبوو، زیاتر لە جارێك ڕێزلێنانیان بۆ بكرێت، لە پێشی هەموویان شەهید ڕەئوف ئاكرێی، كە یەكەمین كتێبی لە بواری جینۆسایدی ئەنفال نووسیووە تایبەت بە ئەنفالی بادینان، هەروەها د. مارف عومەر گوڵ، كە بەڕێزیان ئەمڕۆ لەگەڵمان لەم كۆنفڕانسە بەشدارە، لە پێش ڕاپەرینی (١٩٩١) دەستپێخەری كرد و كتێب و بابەتی لەسەر جینۆسایدی گەلی كورد نووسی، لەگەڵ ژمارەیەكی دیكەی نوسەران، كە لە بواری نووسینی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفالدا دەستپێشخەری باشیان كردووە، وەك رەحمان خانی  و كاك عومەری حاجی عینایەت و كاك عەبدوڵڵا كەریم مەحمود و نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا و كاك مەلا شاخی، كە گوند بە گوند دەگەڕا، تا قۆناغی ئەنفالی چواری دیكۆمێنت كرد، ئەگەر ناوەكان بژمێرین، زۆر زۆرن.
بەڵام ئێمە لە ماوەی شەش مانگەدا، كە دەستمان بە پڕۆژەی دامەزرندانی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال كرد، كۆڕێكی كە لەگەڵمان بوو، بە تەمەن لە هەموومان گەنجتر بوو، شەو و ڕۆژ كاری دەكرد بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە و كۆنفڕانسەمان سەركەوتوو بێت، ئەویش كاك هێمن حەسیب بوو.. كە زۆر لە خۆبردووانە و زۆر چالاكانە، شەو و ڕۆژ ئیشی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە دەكرد.. بۆیە ئێمە بە دەستەی دامەزرێنەران و ئامادەكارانی ئەم كۆنفڕانسەوە، رێزلێنانێكمان بۆی ئامادەكردووە، چونكە شایەنی ئەوەیە زیاتری بۆ بكرێت. 
هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، یەكێكی تر لەو گەنجانەی لە ساڵانی رابردوو لە كارەكانمان لە بوارر جینۆساید لەگەڵمان بوو، شەهید سۆران مامە حەمە بوو،  كە لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گۆڕەكەی دادەێین.
له كۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز بە هیوایان بە پاڵپشتی هەمووان، كارەكانی كۆنفڕانس، سەربخەین.

پاشكۆی سێیەم:

وتاری خوالێخۆشبوو
د. مارف عومەر گوڵ
بەڕێزان ئەم كاتەتان باش...
زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم، كە ئەمڕۆ لێرەدا لە خزمەتاندا قسە دەكەم، بە ڕاستی قسەكردن لەسەر بابەت و بواری جینۆساید زۆر گرنگە، چونكە پەیوەندی بە ژیانی رابردوو و ئێستا و داهاتووی میلەتەكەمانەوە هەیە.
ئەگەر زیادەڕۆیی نەبێت لە حزوڕی بەڕێزتان، كە بڵێم من  من زۆر زوو دەستپێخەر بووم لە ساڵی (1998)ـەوە كە هەر ئەنفال دەستی پێكرد، دەستم كرد بە نوسین و كۆكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر جینۆساید.. پاشان چومە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و لە ساڵی (١٩٩٠) یەكەم كورد بووم، كە نامەی ماجستێرەكەم لەسەر جینۆسایدی كورد بوو.. كە پاشتر بە كتێبێكی سەربەخۆ پێنج جار چاپكراوە و ئێستاش خۆشبەختانە بۆ جاری شەشەم چاپ دەكرێتەوە.
بە ڕاست كاركردن لەسەر جینۆساید، هەم نەفەسێكی دوور ودرێژی دەوێت، هەم قوربانی و ماندووبوونێكی زۆری دەوێت... كارێكی زۆر باشە كە ئەم كۆمەڵە بەڕێز و لە خۆبردووانە دەستیان كردۆتە ناو دەستی یەك و ئەم پڕۆژەیان دامەزراندووە و ئێمەشیان بانگێشتمانیان كردووە بۆ ئەم كۆنفڕانسە.. تا قسەیەك بكەین و پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە بكەین.
پێش هەموو شتێك دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە، یەكەم؛ چۆن ئەم پڕۆژەیە سەردەخرێت، دووەم؛ بە ڕاستی پشتگیریكردنی پڕۆژەكە بۆ خۆی زۆر گرنگە.. بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەگەرنا ئێمە ئەمڕۆ هەموو شتێك تەواو بكەین و دوای شتێكی ئیفلیج و نەبەكام دروست ببێت.. بۆیە ئەمە دەڵێم، چونكە من ئەزمونێكم هەیە، هەم لە ناو دەزگا رەسمیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەم لە دەرەوە، چونكە بە ڕاستی زۆر لە لیژنە و گروپ و رێكخراوانەی لە بواری جینۆساید دامەزراون، ماوەیەك توانیویانە كار بكەن و كاری زۆر باشیش بكەن، بەڵام دوای بەبێی پشتگیری ماونەتەوە، بەبێی دارایی ماونەتەوە، بەبێی ئاوڕدانەوە ماونەتەوە، بۆیە ناچاربوونە هەر یەكە بە لایەكدا بڕۆن.
نامەوێت ساردبونەوەیەك دروست بكەم بەم قسانەم، چونكە سەرجەم كۆڕ و كۆبونەوەكان لە ئەنجام دڵسۆزی و لەخۆبردوویی پێكهاتووە.. بۆیە زۆر زۆر گرنگە، كار لەسەر ئەوە بكرێت، كە ئەمڕۆ دەستەیەك دیاری بكرێت، دەستەیەك بێت، كە بتوانێت ئەركی بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژەیەی هەبێت.
هەروەها كۆمەڵێ تێبینیم لەسەر ڕەشنووسی پەێڕەوی ناوخۆی ئامادەكراو و كارنامەی كۆنفڕانس هەیە، كە لە كاتی بڕگەكانی تری كۆنفڕانس دەیخەمەڕوو و نامەوێت كاتی زیاتر لە ئێوەی بەڕێز بگرم.
بۆیە جارێكی تر من خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم و هیوادارم ئەم كۆبونەوەیە بتوانێت ئەو دەستەیە هەڵبژێرێت، كە بتوانێت بەردەوام بێت.. دەیڵێمەوە بەردەوام بێت، چونكە ئێمە ئەزمونێكمان هەیە بە ئێوەی بەڕێزیشەوە، كە لە زۆر شوێن پڕۆژە دروستكراوە و نەتوانراوە بەردەوام بێت.


24/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر