یەگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادپەروەری داوای گەڕاندنەوەی ئیعدام دەكەن لە كوردستان

عەلی مەحمود

كاتێك لە رێكەوتی 19-8-2003 تیرۆریستان بارەگای نەتەوە یەكگرتوووەكانیان لە میوانخانەی قەنات لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق تەقاندەوە, لە ئەنجامدا 22 كەس كوژرا, 15ەی بیانی بوو, لە ناویان 3 كەسیان ئێرانی و ئوردنی و میسری بوون, لە ناو كوژراوەكان نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان سیرجیۆ دی میلۆ هەبوو, كاتێك لە رێكەوتی 3-7-2007  ویسترا بڕیاری ئیعدام بەسەر تاوانباری تاوانەكە ئەوراز عەبدالعەزیز مەحمود سەعید ناسراو بە باسم كوردی جێبەجێ بكرێت,  كە ناوبراو هاوكاری ئەبو مەسعەب زەرقاوی كردبوو لە نەخشە دانان بۆ ئەو تاوانە, نەتەوە یەكگرتووەكان وەك پرنسیبێك كە دژ بە ئیعدام بوو, لە گەڵ  جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە  نەبوو , داوای گۆڕینی سزاكەی  كرد.

 

نابێت تاوانباران لە سزا رزگاریان ببێت, بەڵام سزادان بە سەندنەوەی ژیان ناكرێت, ئێمە لە گەڵ  دادپەروەرین نەك  تۆڵەكردنەوە, ئیعدام سزای مەرگە بە بڕیاری دادوەر وەك توندترین سزا.  لە كوردستان سزای لە سێدارەدان  هەیە, بەڵام جێبەجێكردنی 15ساڵە  راگیراوە لە روی كردارەییەوە, كە پێویستە  وەك سزاش نەمێنێ, راگرتنەكەی  هەنگاوێكی باشە, وەلێ پێویستە هەڵوەشێتەوە, نزیك 410 كەس لە كوردستان سزای ئیعدامیان لە سەرە, بەشێكیان لەوانەن سەر بە ڕەوتی ئیسلامین و بە یاسای تیرۆر سزادراون.

 

لە جیهان 109  ولات  سزای ئیعدامی هەڵوەشاندۆتەوە, تەنها لە 55 وڵات جێبەجێ دەكرێت, رایگشتی جیهانی لە گەڵ  هەڵوەشاندنەوەی یەكجاری ئەم سزایەن, رۆژ بە رۆژ بەرەی نەیاری سزای ئیعدام لە جیهان لە گەشەكردندایە.

 

دوای ئەوەی بكوژی دكتۆر هوشیار ئیسماعیل كە سزادراوی تیرۆرەو بە ئیعدام حوكم دراوە, لە چاكسازی گەوران خەلات كرا لە لایەن وەزیری كارو كاروباری كۆمەلایەتییەوە بە ئامادە بوونی چەند كادیرێكی یەكگرتووی ئیسلامی, دۆزی ئیعدام جارێكی دیكە بووەوە جێگای مشتومڕی دوو پارتی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان, لە كاردانەوە بەرامبەر بەو روداوە هەردوو پارتەكە لە دوو بەیاننامەدا بە فەرمی داوای كاراكردنەوەی سزای لە سێدارەدانیان كردەوە لە كوردستان.

 

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا لە رێكەوتی 3/8/2022 بە پیت داوای جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان دەكات لە كوردستان كە دەڵێت: " بەداخەوە لە جیاتی بەجێگەیاندنی سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژان ، خەڵات دەكرێن. بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە ، ئیدانەی ئەو كارە نایاسایی و سەرپێچیە دەكەین .  ئەوەی كراوە لەم كەیسەدا ، لەجیاتی بكوژ  لەسێدارە بدەن ! خەڵاتی دەكەن و لە ڕاگەیاندن شانازی پێوە دەكەن ، ئەوە مایەی استفزاز و سوكایەتی كردنە بە بنەماڵە و زانا و قوتابی و هاوكارانی شەهید دكتۆر هۆشیار . بەداخەوە چەندان جار دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێكردنی سزای سێدارەدانیان دا بۆ بكوژانی دكتۆر هۆشیار بەڵام نەك جێبەجێیان نەكرد بەڵكو خەڵاتیان كرد .

 

بۆیە داوا دەكەین داواكاری گشتی ئەو بێڕێزیە بە بڕیارەكانی دادگا قبوڵ نەكەن و دەسەڵاتداران چیتر سوكایەتی بە مافی ستەملێكراو و بڕیارەكانی دادگا نەكەن" .

 

هاوكات فڕاكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی كوردستان لە رێكەوتی ٤ی ٨ی ٢٠٢٢ بەیاننامەیەكدا دەڵێن" داواكارین سەرۆكایەتی هەرێم و دامەزراوەی پەیوەندیدار سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو تاوانبارەدا جێبەجێ بكەن كە بكەری تاوانێكی چەپەڵەو مامۆستایەكی بەڕێزو خزمەتكاری گەل و وڵاتی لە شاری هەولێر تیرۆر كرد، هەر ئەمەش لەگەڵ ڕووحی شەریعەت و بنەمای عەدالەتدا گونجاوە.".

 

ئەم داواكاریانەی  یەكگرتووی  ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری داواكاری جێبەجێكردنی سزای سەر 410 راگیراوی سزای ئیعدامە لە كوردستان, سەندنەوەی ژیانە لە 410 مرۆڤ, سەپاندنەوەی رەشترین سزایە, كە رۆژ بە رۆژ لە جیهان ژمارەی ئەو ولاتانەی جێبەجێی دەكەن لە كەمبونەوەدایە.

 

بەم داواكارییەی یەكگرتوو و كۆمەڵ هەنگاوێك بزوتنەوەی مافی مرۆڤ  و خەبات بۆ نەهێشتنی سزای ئیعدامیان بردە دواوە, لە بیریان چووە لە وڵاتی دراوسێمان لە ئێران تەنها مانگی رابردوو 33 كەس ئیعدامكران, تیایاندا مرۆڤ گەلێك هەن چۆلەگەیەكیشیان ئازار نەداوە .

داواكاری گەڕانەوەی جێبەجێكردنی سزای ئیعدام لە كوردستان دژ بە مافەكانی مرۆڤە و  داواكاری سەندنەوەی ژیانە لە مرۆڤ, بەم داواارییە  هەردوو پارتی ناوبراو دەچنە لیستی رەشی پاراستنی مافی مرۆڤەوە.



04/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر