سەرەتای قۆناغێكی مەترسیداری نادیار

عیماد عەلی
لە راپەرینەوە تاوەكو ئەمرۆ چی لە كوردستان روویدابێت نەگەیشتۆتە قۆناغی گەیشتن بە مریشكە رەشەی زەنگی توند لێدانی  لە ناوچونی ئەزمونەكە تا ئەم رادەیە لای چاودێراندا، تەنانەت لە كاتی چوغزی گەرمەی  شەری ناوخۆی هەردوو حزبەكە و ماڵوێرانی خەڵك و نەداری و نەبوونیشدا تا ئەم ئاستە بێ هیوایی باڵی بەسەر كەسدا نەكێشابوو. بە ئاشكرا كەس نەیبیست كە لە دەرئەنجامی دژایەتی یەكتر ناچارن دەست دەخەنە ناودەستی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەری داگیركەری كوردستان، ئەگەر ئەو كارەش بە نهێنی پیشەی هەمیشەییان بووبێت, كەس گوێی لە پەنابردنە بەر سواڵكردن و پەنابردنە دەستپانكردنەوەی نەبوو و هەردوولایەنیش تا ئەم رادەیە بێ منەت لە خەڵك و بێباك نەبوون لە پرسە ستراتیجیەكەی و چاوەرێی دواساتەكانی خۆیان نەدەكرد و هەر هیچ نەبێت ئاواتی گەیشتن بە هەندێك لە ئامانجەكانیان هەبوو.

لە لایەنی ئابووریەوە سەرەرای داهات كەمی ئەو كاتە بەڵام باری ژیانی خەڵك لەم كاتە باشتر بوو, كەس لە ریزی موچە نەمرد و دەنگی نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەكان نەبیسترا و ریّەی هەژاری نەكەیشتبووە لوتكە و ئەم هەموو موفتخۆرە گەندەڵە ملیاردێرانەی سەر بەم دوو حزبە نەبوون، سەرەرای ئەوەی هەناردەكردنی ئاشكرای نەوت لەئارادانەبوو بەڵام دەستخستنە سەر داهات بە بوونی گەندەڵی و حەپەلوشكردنی هەردووحزب ئاوای لێنەهاتبوو كە خەڵك بە واسیتە مەعاشەكەی خۆی وەربگرێت. ئەمەیە لوتكەی نیشانەكانی گیانەڵایی ئەم مێردەزمانەی خۆیان بەسەر ئەم میلەتەدا سەپاندووە و بێدەربەستی لە رەفتاری نابەحێ و بەرەڵایی لە هەموو بوارەكان بۆتە رەفتاری دەسەڵات و ئەم حزبانە.

بۆ كوێ دەرۆین و بە كوێ دەگەین ؟ ئەم ململانێ نابەجێ و دابەشبونە بە سەر جەمسەرە عیراقی و ئیقلیمیەكە گەیشتۆتە رادەی خۆفرۆشی و بەكرێگرتەیی، كە وا بەردەوام بێت سەرمان بە چی بەردێكدا دەدات؟ ئەگەر ئەوپەری گەشبین بین دەكرێت لەوەدا یەكلایی بینەوە كە ئەم ئەزمونەی حوكمداری كورد بەم شێوەیە گەیشتۆتە حاڵەتی گیانەڵایی بە هەر تولەرێگەیەكیشدا بروات. 

ئەگەر پەند لە میّژوو وەربگرین و بگەرێنەوە بۆ ململانێ و شەری نێوان صەفەوی و عوسمانی و رۆڵی كورد لەو بەینە و چۆنێتی كۆتاییهاتنی كێشەكانیان لەسەر حسابی كورد، ئەوا لە باشترین ئەگەری دەرئەنجامی ئەم وەزعەی ناوچەكە باشترین ئەگەر لەناوچوونی هەرێمی كوردستان و بە زەلیلی گەرانەوەی یەكجارەكی كوردە بۆ باوەشی بەغدا، ئەمە ئەگەر لە مەودایەكی نزیكدا گۆرانكاری ریشەیی ئیقلیمی رونەدات، ئەگەر نا ئەوا دابەشبونی كورد بەسەر هەردوو ركابەری فارس و تورك لەسەرجەم رووەكانی سیاسی و جوگرافی و ئابووری و خۆسەپاندنی ئەو دوو هێزەی ناوچەكە و دابەشكردنی نوێی كوردستان ئەگەرێكی بەهێزی دیكەیە.

وەك دەزانین كارلێكە سیاسیەكان خۆیان فەرزكردووە بەسەر كورددا و وای لێهاتوو هیچ لایەنی ئەو قەڵەمرەویەی هەردوو زۆنەكە سەربەخۆییان نەمێنێت و بچوكرتین وردترین رەفتار و بریاریان بكەوێتە دەستی خانەخوێ و سەرپەرشتیكارە ئیقلیمیەكانیان و تەنانەت لە هەنگاوە نیوخۆییەكانی عیراق و كوردستانیش ئیعاز وەكو فەرمانی عەسكەری لە ئەنقەرە و تاران وەردەگرن. 

بۆیە، دەكرێت ئیمەی خەڵاكی سادە و خێرەلخۆنەدیو چاوەرێی باشتر نەبین و بە هیوا بین لەم حاڵەتە زیاتر نغرۆ نەبین، بەڵام دەبێت چاوەرێی ئەوە بین كە  ئەوانەی چەندین ساڵە  لەم بارەی كوردستان هەلەكەیان بەخراب قۆستۆتەوە ئێستا لە دەرفەت دەگەرێن بۆ ئەوەس لە هەر پێشهات و ئاڵۆزیەكی كتوپر بێتەئاراوە ئەگەر بە كرێگرتەیی و خۆفرۆشتنی زیاتریش بێت بە دوژمنانی داگیركەر، پێگەكەیان بپارێزن, بۆیە بە كورتی دەتوانین بڵیین هیچ ئاواتێكی بچوكیش نەماوە و روومان لە قۆناغێكی ترسناكی نادیارە و تەنها وەرچەرخانێكی چاوەرواننەكراو ئەویش بە گونجاندنی دەردانەكانی لەگەل وەزعی كورد دا  بێتەوە، دەكرێت باری لارمان تا ئەندازەیەك راست بێتەوە، بەڵام ئەویش بەهەرلایەكدا بكەوێتەوە بەم سەركردایەتیەی ئێستا بەرێوەناچێت و لەم حاڵەی ئێستامان باشتر نابێت.   


04/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر