بەرژەوەندی گەلێك لە پۆستی كەسێك گرنگتر نیە ؟؟

عیماد عەلی

ئەوەی روونە كە ئەو هەموو قەیران و ئاتڵۆزیەی ئێستا هەیە بە نیاز پاكی و لە خۆبردوویی باش دەبێت. با وادانێین كە پارتی سواری سەری خۆی بووە و دەیەوێت هەموو شتێك بە دڵی ئەو بێت و خەڵكی تر راوبۆچونیان نەبێت و بە سیاسەتی دەستبادانەوە مامەڵە لەگەڵا سەرجەم لایەنەكان  لەسەر سەرجەم پرس و بابەتەكان دەكات، بەڵام ئەوەی جێگەی تێرٍامانە كە ئەوەی لە بەرامبەر پارتیش بوونی هەیە كەس ئەوە لەبەر چاو ناگرێت و ئەو ملهوریەی پارتی ناخوێنێتەوە و بە هەمان شێوە مامەڵە دەكات، كە ئەمەش وادەگەیەنێت زۆر بە ئاسانی گرفتەكان گەورە ببنەوە و چارەسەری ئاسان نەبێت و سازش لەسەر بچوكترین شت نەكرێت و وا ببینرێت كەس لە خەمی میلەت نپیە و حزب و سەركردە و بەرژەوەندیەكان لە پێش هەموو شتێكدایە و ئایندەی كوردستانیش زۆر لێڵە.
لە دەرئەنجامی بەرژەوەندی حزبی و كەسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرێ كوێرەی  تێكەوت و كێشەكە ئاڵۆز بوو ،  ئەگەر واقعیانە و بە وردی و دڵسۆزانەوە بەرامبەرەكانی پارتی  عەقڵیەتی پارتی بخوێننەوە ، هەموویان باش دەزانن كە هەمیشە و لە مێژووی خۆیدا ئەم حزبە چۆن رەفتار دەكات و قسە و بۆچونەكانی چۆنە و چیی دەوێت , بەڵام دەبێت بەرامبەرەكانی باش بزانن كە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان و قوربانیدان و ژیانی خەڵك هەیە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. 
تەنازول لە پێناو میلەت و قوربانیدان  سەربەرزی و خەباتە. با بەدوور لە سەرجحەم بابەتەكانی تر و ناكۆكی پارتی و یەكێتی و سەرجەم جزبەكان و كێشە نێوخۆییەكانی هەرێم، باس لە دیاریكردن و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق بكەین. یەكێتی زانی كە پارتی بەو شێوەیە و وابیردەكاتەوە و نیازی پێشوەختی وایە بەرژەوەندی باڵای كوردستان ئەوە نەدەهێنا كە رایەكی تری هەبوایە،  هەمووان دكتۆر بەرهەم دەناسن كە بۆ پۆستەكەی حزبەكەی خۆی فرۆشت و هەزار و یەك قسەی كرد و لەولاشەوە پارتی بەو شێوەیە تەماشای ئەوكەس و پرسە دەكات ،دەكرا هەر هیچ نەبێت یەكێتی گەورەیی خۆی بنوێنایە و كەسێكی تر و جێگەی قبوڵی هەمووان بێت دیاری بكات و جێی رەزامەندی سەرجەم لایەن و تەنانەت خەڵكی كوردستان بێت،  تۆ بڵێی میلەت و بەرژەوەندیە باڵاكانی ئەوەندە نەهێنن كە پۆستێك لە كەسێك  بسەنرێتەوە یان لەمەشدا دەستی دەرەكی ئەوەی فەرزكردووە و  كارلێكە سیاسیەكەی عیراق و پەیوەندی لایەنە شیعەكان و خۆبەستنەوەی جەمسەرگیری هەردوو حزب پارتی و یەكێتی وایكردووە ناتوانن هیچ هەڵوێستێكیان لەوبارەوە هەبێت نەك رابوچون و ئەخلاق و هەڵوێستی پارتی.    


18/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر