ئامانجی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا تەنها پەكەكە نیە

عیماد عەلی

ئەمە یەكەمجار نیە توركیا ئەم ئۆرپەراسیۆنانە بە ناوی لێدانی پەكەكەوە ئەنجام دەدات و ئەگەر لە رووی عەسكەریەوە پێشتر زۆرینەی شكستی هێناوە بەڵام ئەمجارە زۆر جیاوازە و ئامانجی سیاسی دیكەی هەیە و بە ناوی جیاوازەوە هەوڵی دەستەبەری زەمینە و هەلی فراوانخوازیەكی گەورەی توركیی یەكلاكەرەوە لە ئایندەیەكی دیاردا لەم ناوچەیە دەدات.

ئەردۆغان باش ئیستغلالی سەرقاڵبونی جیهان بە شەرٍەكەی ئۆكراین  و وەزعی نێوخۆی كوردستان و عیراق دەكات و بۆ قووڵایی و شوێنی ستراتیجی زیاتر هەنگاو دەنێت , ئەمەش زیاتر بۆ باشتر كردنی پێگە عەسكەریەكانیەتی لە هەرێمی كوردستان لە پێناو ئامانج گەلێك كە پاشان پێویستی پێی هەیە، ئەمەجگە لە زیاتر كردنی سەربازگە و شوێنە سیخوریەكانی و زاڵبونی و لاسەنگ كردنی كارلێكە سیاسییەكان و راكێشانی هاوسەنگی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ لای خۆی و تێپەرٍاندنی ئێران و فشارەكانی لە بەشێك لە عیراق. ئەمە ئەگەر ئەو پێگە سەربازیانە و سەنگ و قورسایی لە ناردنی نەوت و غازی هەرێم لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی نەكاتەوە و هەوڵی لاوازكردنی  فشار و قورسایی ئێران و جەمسەرەكەی لەمەر ئەم مەسەلەیە بۆ مەرامی خۆی بەكارنەهێنێت.  

ئەوەی لە نێوخۆی هەرێم هەیە لە پەرشوبڵاوی و ناكۆكی حزبەكان  و گوێنەدانیان بە هیچ شتێك تەنانەت چارەنوسسازیش بێت بۆ كورد وایكردووە كە هیچ كات لەم قۆناغە باشتر نیە بۆ توركیا لە سەرجەم رووەكانەوە تەراتێن بكات. وەزعی عیراقیش لەولاوە بوەستێت كە ئاڵۆزی و ناكۆكیەكان وایكردووە توركیا بە ئاسانی مەرامی خۆی زیاتر بپێكێت.

ئەردۆغان خەونی گەرانەوەی شكۆ و مەجدی عوسمانی لە عیراق و ناوچەكە دەداتوەكو چۆن چەندین جار دووبارەی كردۆتەوە. لە نێوخۆی توركیاش وا دەزانێت كە ئەم ئۆپەراسیۆنە و پێكانی ئامانجەكانی وادەكات دەنگێكی باش  لە هەڵبژاردنی 2023 مسۆگەر بكات و سەربكەوێت و چەندین چۆلەكە بە یەك بەرد بپێكێت لە رووی تەكتیك و ستراتیجیشەوە. لە لایەكی دیكەوە هەوڵی سەرەكی توركیا ئەوەیە كە لە قۆناغی ئاوابوونی قورسایی جەمسەرە جیهانیەكان و لێكەوتەكانی قەیرانی ئابووری جیهانی و كزبونی رۆَڵی چەند زلهێزێك  لە ناوچەكە وایكردووە توركیا بیر لەوە بكاتەوە بەڵكو پێگەیەكی بەهێز و قورس بۆ خۆی لەم ناوچەیە بەدەست بێنێت و وەكو زلهێزێك حسابی بۆ بكرێت و لە سەرجەم رووەكانەوە ئێران بەجێبهێڵێت.

ئەم جارە وادیارە بە راستی یەكێتی خاكی عیراق و نەخشەی سیاسی ناوچەكە گۆرٍانكاری بەسەردا دێت و دەكرێت ناوچەكە جێگۆركێی هێزی ناوچەیی تێیدا رووبدات و زلهێزەكانی جیهانیش هەر یەكە و دەوڵەتێكی نزیك لە خۆی یان لە جەمسەرەكەی نوێنەرایەتی بكەن لە ناوچەكە، لەمەشدا كە توركیایەك بەو شێوەیە بێت و ئێرانیش هەوڵی خۆی بدات و كاردانەوەی هەبێت، ئەوا كورد لە وەزعێكی نالەباری شپرزەی ئاوها چۆن دەبێت و چی دەكات و بەر كوێ دەكەوێت و پرسەكەی چی بەسەردا دێت، ئەوا روونە .


21/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر