گوز بەرامبەر گوز خورما وە نرخ بازار

عیماد عەلی
دوێنێ پەندێكی پێشینانی شێوەزاری ئەو دەڤەرەی گەرمەسێرم نوسی، لەوبارەوەپرسیارێكی زۆرم لێكرا، ئەم پەندەش رێك و كتومت بۆ ئەم ركابەری و ململانێَیەی پارتی و یەكێتی دەگونجێت و هەر یەكەیان بەرگری لە رەفتاری نابەجێی خۆی لەكاری نائاسایی وشەرم هێنەر و ناپاكی خۆی دەكات و هەموو مێژووی خۆی زۆر بە جوانی  و بێگەرد باس دەكات،  وەكو ئەوەی ئەوەندە دڵسۆز و خاكپەرست و كوردپەروەر بێت نمونەی نەبێت و ئەویتریش دەداتە بەر رەخنەی هەمەجۆر و تانە و تەشەر و دەیگەیەنێتە سەر سفر و هیچ بەهاو نرخێكی بۆ ناهێڵێتەوە.

كابرایەكی كرماشانی بە ناوی میرەوەگ لە سیەكانی سەدەی پێشوو لە كرماشان خەریكی خورما فرۆشتن دەبێت ، عەلی میر یش پاوێكی پیری دنیادیدە دەبێت، رۆژێك دەچیّت بۆ خورما كرٍین لای خاڵۆ میرەوەگ . لەوكاتەدا كە خەریكی كێشانی خورماكە دەبێت دەنگێكی لێ بەرزدەبێتە و بە كرماشانی پێی دەڵێن  گوز.  خاڵۆ عەلی میریش دەڵێت مادام گوزێكت لێبەربووەوە دەبێت خورماكە  بەهەرزان و نیمە قیمەت پێم بدەیت، ئەگینا دەرٍۆم لەبازار هاوار دەكەم و دەڵێك میرەوەگ گوزێكی لێ بەربۆتەوە و حەیات دەبەم, خاڵۆ میرەوەگیش رازی دەبێت دەڵێت: ئەمە ناحەقیە و خواهەڵیناگرێت  بەڵام قەیناكا بە نیمە قیمەتەكە بیبە و باسی گوزەكە مەكە و حەیام مەبە. عەلی میریش لەو كاتەدا دەیەوێت خورماكە هەڵگرێت و برٍواتەوە بۆ ماڵەوە، ئا لەو كاتەدا ئەویش دەنگێكی لێ بەرزدەبێتەوە، خاڵۆ میرەوەگیش وەكو هەنگوینی لەداردا دۆزیبێتەوە، دەڵێت: هاا عەلی میر ( گوز بەرانبەر گوز خورما وە نرخ بازار) باسی كێ دەكەیت و حەیای كێ دەبەیت، ئەوە هەردوكمان یەكسان بووین و پارەی خورماكەشم وەك نرخی بازار پیدەدەیت و هیچ قسە ناكەیت . هەر لەو رۆژەوە ئەمەش بۆتە پەندێك ولەسەر زمانی كوردانی گەرمەسێر دەوترێتەوە.

لای خۆمانیش، پارتی 31ی ئابی هەیە و یەكتێیش 16ی  ئۆكتۆبەر، كەچی  هەر یەكە و ئەویتر بە ناپاك و خیانەتكار تۆمەتبار دەكات و خۆی لە هەموو شتێك بێبەری دەكات و هەموو كوردستانیش دەزانێت  هەردوانیان دوو گوزیان لێبەربۆتەوە و رێك وەكو یەكن، بەڵام ئەوان وەكو ئەوەی نە بایان  دیبێت نە باران  تا ئێستاش بزەی سمێڵیان دێت و هیچ شەرمێك نایانگرێت. بەڵێ با باش خۆیان و كردەوەكانیان بناسن و گوزەكانیان لەبیر نەكەن و كار وا بكەن پاشەڵیان پاك بكەنەوە  و ئەوسا یەكتر رەخنەباران بكەن.      

03/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر