بۆچی حزبێكی كوردی نادۆزیته‌وه‌ ته‌كه‌تولبازی تێدا نه‌بێت ؟!

عیماد عەلی

سیاسه‌ت وحزبایه‌تی ته‌ندروست له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما وه‌ستاوه‌ و حزبی راسته‌قینه‌  به‌ڕاسته‌رێیه‌كدا دهڕروات كه‌ به‌ پێی به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و و  دروشمی تایبه‌ت بێت و ئه‌نه‌دام و كادران  له‌ ڕێگه‌ی كێبركێی نێوخۆیی و حزبیش به‌ ململانێی ده‌ره‌كیدا هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئامانجه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن و له‌سه‌رئه‌نجامدا ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌له‌كه‌یان به‌دیده‌هێنن و پێشبركێی گه‌لانی دیكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ پێشكه‌وتندا.
هه‌روه‌كو سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌، له‌كوردستان سیاسه‌ت وحزبایه‌تیی سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ گه‌وره‌و بوكیانه‌وه‌ ڕیچكه‌یه‌كی ناته‌ندروستی وه‌رگرتووه‌ و ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ و بنه‌ما و فكر و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی بێت له‌ نێو ئه‌م حزبانه‌دا باوی نه‌ماوه‌ و ته‌نها ڕێگه‌یه‌ك و بیركردنه‌وه‌  و كارو كرده‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ حزبیه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ده‌ستبه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سه‌كه‌كانیانه‌، به‌ڵام بۆ چه‌واشه‌كاری ئیدعای دروشمی قه‌به‌ قه‌به‌ ده‌كه‌ن . تاقه‌ ڕیگه‌یه‌ك له‌به‌رده م ئه‌و كه‌سانه‌  بمێنێته‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌دوور له‌ كێبركێی ته‌ندروست و زانستیانه‌؛ ته‌كه‌تولبازیه‌، بۆچی؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ش ده‌كرێت له‌ دوو لاوه‌ باس بكرێت ، بارودۆخه‌ بابه‌تی و تایبه‌تیه‌كه‌یه‌‌، چی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزب و رێكخراوه‌كان یان له‌ ناوه‌وه‌یاندا بێت.
أ - بارودۆخی بابه‌تی گشتی :
1-  وه‌زعی ئابووری ناله‌بار و به‌كارهێنانی حزب وه‌كو كه‌له‌به‌رێك بۆدابینكردنی  پێداویستی خه‌ڵك و، سیاسه‌ت و حزبایه‌تی كردن وه‌كو پیشه‌ و دوور له‌ هه‌ر بنه‌ما وفیكر و قوربانیدانێك.
2-  گه‌نده‌ڵیه‌كی فراون و زاڵ به‌سه‌ر  سه‌ركرده‌ و كادرانی حزب و نه‌بونی هه‌لی خۆژیاندن و  به‌كارهێنانی حزب بۆبه‌دێهێنانی مه‌به‌ستی تایبه‌تی و ته‌نها هه‌لێك بۆ دابینكردنی ئاینده‌ی خه‌ڵك چونه‌ ژووره‌وه‌یه‌ له‌ ده‌رگای حزبه‌كان یان وابه‌ستبون به‌ سه‌ركرده‌كان و بازرگانی كردن له‌ رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ و هاوبه‌شیكردنیان.
3-  به‌ده‌ستهاتنی پۆست و پاره‌ و ئیمتیازه‌كان له‌ڕێگه‌ی حزب و له‌وێشدا له‌ ڕیگه‌ی ته‌كه‌تولێكی نێو حزبه‌كه‌وه‌.
4-  زاڵبونی مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌تی كه‌سی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ ته‌سكه‌كان، ته‌كه‌تول بنیاتده‌نێت ڕیگه‌ی راسته‌قینه‌ی حزبایه‌تی ونده‌كات.
5- پشتبه‌ستنی حزبه‌كان به‌ هۆز و عه‌شیره‌ت و تیره‌ و گرنگیدان به‌ چه‌ندایه‌تی نه‌ك چۆنایه‌تی.
6- دوركه‌وتنه‌وه‌ی رۆشنبیرانی راسته‌قینه‌ و خه‌ڵكی به‌توانا و شایسته‌ له‌ حزبه‌كان و فه‌راهه‌مبونی مه‌یدانه‌ حزبیه‌كان بۆ زاڵبونی خه‌ڵكی بوده‌ڵه‌ و گه‌نده‌ڵ و نه‌زان .
7- نه‌بونی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌تی جیاوازی حزبه‌كان و نزیكبونه‌وه‌ی حزبه‌كان له‌ چۆنێتی سیاسه‌ت كردن و نه‌مانی جیاوازیه‌كان.
ب- بارودۆخی خۆیی و تایبه‌تی:
1- نه‌بوونی بریاردانی كۆكه‌سی سه‌ركردایه‌تی و زاڵبونی تاكڕه‌وی و كاری میزاجی و فه‌رزكردنی توانای عه‌سكه‌ری له‌ كاری حزبیدا.
2- خۆفه‌رزكردنی خه‌ڵكی بێ توانا و په‌یوه‌ست به‌ ته‌كه‌تول به‌ دوور له‌ هه‌ر سیفه‌تێكی پێویست بۆ كاری سیاسی له‌ نێو حزبه‌كاندا.
3- پشتنه‌به‌ستنی حزبه‌كان  له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌ خه‌ڵكی تایبه‌تمه‌ند و پسپۆری كاره‌كه‌ و به‌كارهێنانی راوبۆچونی كه‌سی و به‌تایبه‌تی كه‌سه‌ ده‌سترۆیشتوه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنی كادرانی په‌یوست به‌ خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌بردن و راییكردنی كاره‌ حزبی وحكومیه‌كانیش له‌ سه‌رجه‌م كایه‌ حزبی و حكومیه‌كان.
4- نه‌بونی كێبڕكێی ته‌ندروست و پشتبه‌ستوو به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی حزبه‌كان له‌ نێوخۆی حزیه‌كاندا.
5- كزبونی بیروباوه‌ر و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی خه‌لك و ته‌نانه‌ت حزبه‌كانیشیان لای كادرانی سه‌رجه‌م حزبه‌كان و پشتبه‌ستن به‌ خۆبردنه‌ پێش بۆ كه‌سه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كان و به‌كارهێنانی ته‌كه‌تولبازی له‌ بری ململانێی ناته‌ندروستدا.
6- نه‌بونی پاداشت و سزا و پشتبه‌ستن به‌ كه‌سی ده‌ستڕۆیشتوو و ته‌كته‌ول له‌ ده‌ربازبون له‌ هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی و گه‌نده‌ڵی له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی حزبدا.
7- خۆفه‌رزكردنی بنه‌ماڵه‌یی، بچوك بێت یان گه‌وره‌ له‌ راییكردنی كاری حزبی و جێله‌قكردنی كۆكاری له‌ نێو كادراندا.
8-  ئاڵۆزبونی په‌یوه‌ندیه‌ نێوخۆییه‌كانی نێوان كادرانی حزب و سستبونی روحی حزبایه‌تی راسته‌قینه‌ی پشتبه‌ستو به‌ بنه‌ما فكری و فه‌لسه‌فیه‌كان.
بۆیه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌ هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌یه‌ك نزیكبونه‌ته‌وه‌ به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانیت جیاوازی له‌ نێوانیاندا بكه‌یت و یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانیان ته‌كه‌تولبازیه‌وه‌  و به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.


29/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر