شەڕی ئیرادە

رێبوار كەریم وەلی
ئەگەرچی نێوانی پارتی و یەکێتی نەگەیشتۆتە مریشکە ڕەشە، بەڵام گەڕێکی دیکە لە دەستبادانی سیاسیان لە پێشە. دوایین پەرەسەندنەکان ئاماژەی رونیان تێدایە کە ھەر لە رۆژی یەکەمەوە، لای پارتی ھەندێک شت بڕاوەتەوە و یەکێتیش تا ماوەیەک بەدوای کڵاوی بابردووەوە بووە.

پارتی و بە دەقیقیش بارزانی بڕیاری یەکلاکەرەوەیان ئەوە بووە کە ئەمجارە پۆستی سەرۆککۆمار ئیستیحقاقی پارتییە و خۆیان گوتەنی لەسەر یەکێتی و لەسەر شەخسێک تاپۆ نەکراوە.

یەکێتی دوا بڕیاری ئەوەیە کە بەرھەم ساڵح تاکە کاندیدیانە بۆ ئەو پۆستە. ھۆکارەکانیشی روونن کە کشاندنەوەی بەرھەم ساڵح ھیچی لە موعادەلەکە نەدەگۆڕی و، ئەگەر کشاندبایانەوە ھەم بێ ئیرادەیی خۆیان دەردەخست و ھەمیش بەرگێکی مەغدورییەتیان بۆ بەرھەم ساڵح دەدوری کە ئەو بەرگەی دواتر لە سلێمانی دەپۆشی!

لە ئێستاوەڕا گرەوکردن لەسەر ئەوەی کێ دەیباتەوە، رەنگبێ لای ھەندێک کەس ئاشکرا بێت یان قابیلی پێشبینی بێت، بەڵام ئەم شەڕە لە درێژماوەدا یەک دۆڕاوی دەبێ کە ئەویش پارتییە. کاندیدی پارتی بیباتەوەش، پارتی براوە نابێ؛ سەقامگیریی سیاسیی کوردستان کە پارتی خۆی بە خاوەنی دەزانێ، تەفروتوناش نەبێ ھەڵدەتەکێ.

بەرھەم ساڵح سەربکەوێت، چوارساڵی کۆتایی بەڕێدەکات. وەک چوارساڵی یەکەم خەریکی مەرایی نابێ بۆ چوارساڵی دیکە و چی لەدەست بێت لە تۆڵەکردنەوە لە پارتی و حکومەتەکەی دەیکات.

ئینجا دیسان ئەگەر یەکێتی بدۆڕێت رەنگبێ زۆر شتی دیکەش لەسەر ھەردوو ئاستی ناوخۆیی(کشانەوە لە حکومەت) و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش کار بۆ روخاندنی حکومەتەکەی بەغدا دەکات.

ئەم حیساب بۆنەکردنەی پارتی ئەگەر جاران یەک کەس لە دژی وەستابێتەوە، ئەمڕۆ (بە قوباد تاڵەبانیشەوە کە نەرمترین کارەکتەری مامەڵە کردن بوو لەگەڵ پارتیدا) لەلایەن تێكڕای یەکێتییەوە بە شەڕی ئیرادە یان شەڕی ئیسپاتی بوون و نەبوون حیسابی بۆ دەکرێت و لەو پێناوەشدا، دەبێ بتوانن بەرامبەر بە پارتی بوەستن.

ئەم شەڕەیان پێدەکرێ یان نا؟ ئەوە باسێکی دیکەیە، بەڵام پارتی توانای ئیدارەدانی ئەم ھەموو ململانێیەی نییە. کردنەوەی بەرەیەکی دیکە لەم قۆناغەدا، توانای پارتی لە حوکمڕانیدا ئیفلیج دەکات. ئەگەر دوو ئیدارەییش دروست نەکاتەوە، ئەوا ھەرکەسەو دەبێتەوە حاکمی زۆنی خۆی.

24/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر