بەڵێ پارتیش فیشەک لە قاچی خۆی دەدات!

رێبوار كەریم وەلی

رەنگبێ ئەوەی ئێستا بۆ پارتی هەڵکەوتووە لە میژووی سیاسیی ئەو حزبەدا نمونەی نەبووبێت. هەموو جومگەکانی حوکمڕانیی وڵاتی کۆنتڕۆڵ کردووە، پیاوێکی پیاوی لەبەرامبەردا نەماوە، چەند قونچکە پیاوێکیش جار جارە سەرەقوتە دەکەن و هەر زوو تفی خۆیان دەلێسنەوە، دەگرێ و دەبڕێ و حیساب بۆ کەس ناکات و بە کورتییەکەی گونی گوندار دەردێنێ.
*
ئەم دەسەڵاتە رەهایەی پارتی کە بە تەئییدی یەکێتی و گۆڕان و، داننانیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2018 دروست بووە، رۆژ لە دوای  رۆژ بوغراتر و بێباکتر دەبێ. لە جیاتی ئەوەی بکرێتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوە ماڵی بەهەشگیراوی کورد لە دوای ریفراندۆم و 16 ی ئۆکتۆبەر، قوستراوەتەوە بۆ ئەوەی کە پارتی هەموو خوردە حیسابەکانی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی تەسفییە بکات. تەسفییە حیسابێک کە هیچ لێکدانەوەیەک بۆ دەرئەنجانەکانی ناکرێ جگە لەوەی کە تەعبیرە لە رق و نەفرەتێکی مێژوویی.
*
ئەو رق و نەفرەتە بووەتە چەقی سیاسەتێک کە پارتی و بە دیاریکراویش بازنەی بڕیاری بارەگای باریتەعالا ئامادە بن لە پێناوی دەستکەوتی بچوک ، ئاگر لە ماڵی خۆشیان بەربدەن. 
*
ئەو سیاسەتەی پارتی کە لە هەموو رەهەندێکی عەقڵانی داماڵراوە، رۆژ بە رۆژ مەیدان لە خۆی بچوکتر و تەسکتر دەکاتەوە. عینادیی پارتی و ئەو بوغراییەی کە بەرهەمی هەلهەلە و چەقەنەی چەند تڕۆڵێکی ناو سۆشیالمیدیا و کۆمەڵێکی دەستەمۆی هەرزەن، وایکردووە بەرپێی خۆی نەبینێ. هەموو هەنگاوەکانی کاردانەوەی ترسناکی بۆ سەر قەوارەی هەرێم هەبێت. ئەو هەنگاوانەی ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا، بەغدا گرتونی و دەیانگرێتە بەر، دەرئەنجامی ئەو جۆرە لە سیاسەتکردنەی پارتییە.
*
شتێک بەناوی نوخبەی سیاسی لە کوردستاندا نەماوە. نێچیرڤان بارزانی هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە نوخبەی سیاسی لەناو پارتیدا و تەنانەت لەناو حزبەکانی دیکەشدا، بە پێوە بمێنن. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو و بە دیاریکراوی دوای کۆنگرەی 13 ی پارتی، قۆناغی بەیعەت لەگەڵ مەسروور بارزانی وەک بژاردەیەک خرایە بەردەمی کادیر و نوخبەی ناو پارتی کە لەگەڵ برای گەورە(نێچیرڤان بارزانی) یان برا گەورەدای؟ لابردنی یایێکی مراوی دەیکردییەوە بە پارتیەکی عەیار 24ی سەر بە رێبازی بارزانی! لە غەیری ئەوە مەحکومی بەوەی تەسفییە بکرێی.
*
لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، یەکێتی رێک بە پێچەوانەی رێبازی تاڵەبانی، مەلعونانەترین رۆڵی بینی لە پتەوکردنی ئەم تەوژمەی ناو پارتی. لە کاتێکدا کە سور دەیانزانی کاندیدی سەرۆکی حکومەت گەورەترین بەربەستە لەبەردەم داواکارییەکانی ئەواندا و حیسابی پوشێکیان بۆ ناکات، بە بیانوویەکی پوچ بەشدارییان لە دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم نەکرد، بەڵام چەند رۆژ دواتر و بێ ئەوەی یەک داواکاریشیان هاتبێتە دی، هەموو فراکسیۆنەکەیان دەنگیان بە سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی دا. چییە دەنگی سەرۆکی حکومەت لە هی سەرۆکی هەرێم زیاتر بێت! بەڵام ئێستا هەر کە تینیان بۆ دێت هاواریان بۆ لای سەرۆکی هەرێمە.
*
ئێستا پارتی ئەو حزبەیە کە 12 ساڵە کۆنگرەی پێ نەبەستراوە. سەبەبەکەی تەنها ئەوەیە کە هێشتا کاتی گونجاو نییە بۆ ئەو گۆڕانکارییەی کە پارتی دەیەوێ بیکات. دیداری یەکێتی رێفرانسێکی باشە بۆ پارتی کە تەوریسی سیاسی لە باوکەوە بۆ کوڕ جێگیر بکات و، هەر بۆیەشە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، سەرۆکی ئێستای حکومەت پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتیی لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی یەکێتی کرد!
*
پوختەی کەلام ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی سەمامی ئەمانی ناو ماڵی کوردە، تا پەنجا ساڵی دیکەش کاریزما و  سیاسییەک لەناو کورددا، هاوتەرازی نێچیرڤان بارزانی هەڵناکەوێتەوە. گوێ نەگرتن و بە حیسابی هەندێ کەس پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ ئاشتەوایی مانای ئەوەیە پارتی نەک هەر فیشەک لە قاچی خۆی دەدات، بگرە فیشەک لە قاچی هەموو کوردیش دەدات.
*
دەرچوون لەم وەزعە ئاسانە. ئەگەر پارتی لێبگەڕێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی پێشووی هەرێم مومامەرەسەی هەموو دەستەڵاتە قانونییەکانی خۆی بکات و بڕیاری تەواوی لا بێت، دۆخی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی هەنگاو دەنێ، چونکە لە رابردوودا نێچیرڤان بارزانی چەندینجار رزگارکەری دۆخە ئاستەمەکان بووە، نەک بۆ پارتی بگرە بۆ ئەوانی دیکەش. حیساباتی بەتاڵیش لەسەر دەستاودەست پێکردنی سەرۆکی هەرێم، دەرگای جەهەننەم دەکاتەوە.

06/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر