پارتی لەسەر پشتی یەكێتی و، ئەویش لەسەر پشتی ماسی!

رێبوار كەریم وەلی

(1)

 

پەسەندكردنی سیستەمی هاوسەرۆكی لەناو یەكێتیدا كە بە دڵنیاییەوە بۆ دوو ئامۆزای بنەماڵەی تاڵەبانی دەبێت، دۆخی ناوخۆی یەكێتی و كوردستان دەخاتە قۆناغێكی نوێوە. ئەگەرچی لە رابردووشدا، ئامۆزاكان وەك دۆخی ناو پارتی، خاوەنی بڕیاری یەكلاكەرەوە بوونە، بەڵام ئەمجارە شەرعییەتی كۆنگرە و كۆدەنگییەكیان لەگەڵدایە كە بایكۆت و بەشدارینەكردنی باڵەكانی دیكەیان لە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی نوێدا، بەلاوە گرنگ نییە. چونكە ئەوان ژیرانە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای یەكێتی (دیارە دە ئەندامەكەشیان بە تەنسیب دانا) و بەرهەم ساڵحیان لە دەنگدانێكی نمایشی (دەستبەرزكردنەوە)دا هەڵبژارد، پەیڕەوی ناوخۆ و وردەكارییەكانیان نەخستە ژێر نەشتەر و خۆشیان چوونە پای سندووق. بە زۆرترین دەنگ لە سندووق هاتنە دەرەوە و مەشرووعییەتێكی موتڵەقیان دەستەبەر كرد.
 
ئەگەرچی پارتی لە ئەنجامی كۆنگرەی یەكێتی خۆشنوود نییە، بەڵام ئامرازەكانی گوشاری ئامۆزاكان وەك مۆتەكەی حكومەتەكەی پارتی لێ هاتووە و، ئامۆزاكان پەیامیان بۆ پارتی ئەوەیە كە ئەگەر ئەو واقیعە قەبووڵ نەكەی، ئێمەش تێكیدەدەین! قووڵایی دەسەڵات و هەژموونی ئامۆزاكان لە زۆنی سەوز و پەیوەندییەكانیان بایی ئەوەندە هەیە كە هەركاتێك بیانەوێ قەیران بۆ حوكمڕانی درووست بكەن و دوو ئیدارەیی بەرپا بكەنەوە. هەڵبەتە حزووری ئامۆزا قوباد وەك نوێنەری هەمیشەیی بنەماڵە (كە لەسەر فیترەتی مام جەلالە و دوور نییە ئەویش هاوسەرۆكێكی دیكە بێت) لەناو حكومەت و لای پارتی، رێگرە لەوەی كە قەیرانەكان (تەنانەت 16ی ئۆكتۆبەریش) تەشەنە بكەن و، هەر بۆیەشە باڵە ناڕازییەكانی ناو یەكێتی تا راددەیەكی زۆر بێهیوا بوونە. چونكە ئیتر پارتی بەدوای ئەڵتەرناتیڤیدا ناگەڕێ و، رەنگبێ ئیدی قەناعەتی هاتبێ كە وەك چۆن لەسەردەمی دانوستاندنەكانی كابینەی نۆدا، ناچار بوون لەگەڵیان دانیشن، ئاوهاش دەبێ لەمەودوا 16ی ئۆكتۆبەر لەبیر خۆیان بەرنەوە.
 
سیستەمی هاوسەرۆكی هەر چۆنێك بێت و چەند كەس بێت گرنگ نییە، تەنانەت دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵاش (كە هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە تەشریفاتی بن) ناتوانن رێگر بن لەوەی كە ئیتر یەكێتی موڵكی بنەماڵەی تاڵەبانییە. زیادكردنی جێگرێك یان كەسێكی دیكە بۆ بازنەی حوكمی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی رەنگبێ چارەسەرێكی كاتی بێت و لە پێناو كاتكوشتندا بێت، بەڵام پرسیاری هەرەجەوهەری دەبێ بۆ پارتی ئەوە بێت كە ئایا سەرباری ئەوەی حوكمڕانی بێ یەكێتی مەیسەر نابێ، یەكێتی خۆی حوكمی خۆی پێ دەكرێت؟
 
كێ بەرهەم ساڵحی ئاوت كرد؟
 
(2)

 
لە كاتێكدا كە هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون سیستەمی دڵخوازی ئیدارەدانی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە، بریتی بێت لە سەرۆكێك بۆ ئەنجوومەن بە رەهایی و، موناقەشەكان لەسەر دوو جێگر یان چەند جێگرێك بێت، پەسەندكردنی سیستەمی هاوسەرۆكی شۆكێكی گەورەی چاوەڕواننەكراو بوو بۆ بەرهەم ساڵح، باڵی كۆسرەت رەسوڵ و كەركووكییەكان. هەر دوابەدوای ئەوە میدیاكانی نزیك لە بەرهەم ساڵح كەوتنە تەرویجی ئەوەی كە بەرهەم ساڵح باجی هەڵوێستە سیاسییەكانی خۆی لە هەمبەر دۆخی عێراق دەداتەوە. راستییەكەی ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە.
 
گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بەبێ حیزب لە ئەیلوولی 2018 بۆ ناو یەكێتی، هەڵەیەكی ستراتیژی بوو؛ كۆتاییەكەی دیار بوو. هەموو بەڵێنەكانی ماڵباتی تاڵەبانی، جگە لەوەی كە دەیكەن بە سەرۆككۆمار (كە لە دوا ساتەكاندا ئامادەبوون بیفرۆشن و كۆسرەت رەسوڵ رێگەی نەدا) بریتی بوو لە تۆڵەیەكی مێژوویی لەو پیاوە و تەنانەت بەكارهێنانیشی لە داهاتووی سیاسی عێراقدا بە ئاراستەی چەسپاندنی هەژموونی زیاتری ئێران. كە ئەوە چووە سەر، بەرهەم ساڵح لە دۆستی هەرە نزیكی بارزانییەوە بوو بە كەسێكی نەخوازراو. ئەوەش ئەو ئامانجەی پێكا كە بەرهەم ساڵح نەتوانێ لە داهاتوودا بە پشتیوانیی پارتی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵدا، هیچ هەقێكیان بەسەر بەڕێوەبردنی یەكێتییەوە هەبێ.
 
دیاریكردنی محەممەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆككۆمارەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لە مەتبەخی ئێران كوڵاوە و لەم بارودۆخەدا بۆ ئێران ئەزعەفولئیمانە! ئەگەرنا هادی عامریش لەسەر ئیدانەكردنی مووشەكبارانكردنی نزیك سەفارەتی ئەمریكا لە بەغدا، دەبووایە بكەوێتە لیستی رەشی ئێرانەوە! دیاریكردنی عەللاوی سیناریۆیەك بوو بۆ فێڵكردن لە خۆپێشاندەران، ئەگەرنا پێشتریش ناوی هەبوو، بەڵام رەتكرابووەوە.
 
راستییەكەی ئەوەیە كە دوای بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆكی عێراق، لای ئەو هاوكێشەكان گۆڕا. خیلافاتی ناو باڵەكانی یەكێتی وایكرد كە ئەو خۆی وەكو فریادڕەس ببینێ، بەڵام ماڵباتی تاڵەبانی تا ئەو شوێنەی پێویستیان پێبوو بەكاریانهێنا. ئەوان وا رێككەوتبوون كە بەرهەم ساڵح لە داهاتووی یەكێتیدا رۆڵێكی تەشریفاتیی هەبێ، بەڵام چۆن دەبوو سەرۆكی عێراق بچێتە لای سەرۆكی كوردستان، بچێتە لای وڵاتانی ناوچەكە و بچێتە لای زلهێزەكان، بەڵام ئەخیرەن پرس بە دوو ئامۆزاكە بكات یان ناچار بێت یەكێكیان لەگەڵ خۆیدا ببات!
 
بارزانی نوقتەكەی دانا
 
(3)

 
سەردانی كتوپڕی سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ لای كاربەدەستانی كوردستان و لەسەرووی هەمووشیانەوە سەرۆك بارزانی، چەندی پەیوەست بێت بە دۆخی ناوخۆی عێراق و حكومەتی داهاتووەوە، هێندەش پەیوەست بوو بە دۆخی ناوخۆی یەكێتی. بەرهەم ساڵح لەو دیدارەدا ئومێدەوار بوو بارزانی پشتیوانیی لێ بكات كە ببێتە كەسی یەكەمی یەكێتی. پێناچێ ئەوەی ئەو دەیویست هاتبێتەدی. بە تایبەتیش دوای ئەو قەیرانانەی كە لەم ماوەیەی رابردوو روویانداوە، مەیلی پارتی بە ئاراستەی خۆبەدوورگرتنە لە رێڕەوی رووداوەكانی ناو یەكێتی بە ئاراستەی نەگەتیڤ و مامەڵەكردنە لەگەڵ ئەمری واقیع.
 
پارتی لە رابردووشدا مامەڵەی لەگەڵ ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا نەكرد، بڕیارێكی درووست بوو یان هەڵە؟ خۆیان بەرهەمەكەیان چنییەوە. ئێستا وەختیەتی كە ناوەندی بڕیاری جاران، ئەگەر شتێكی مابێ بیسەلمێنێ، بیخاتەڕوو!

 

سەرچاوە| ماڵپەڕی ڕووداو


11/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر