یەکێتی و پارتیش داوای لێبوردنێک قەرزارن

رێبوار كەریم وەلی

بەسەرنجدان لە ژمارەی دەنگی حزبە سیاسییەکان لە کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠، دەردەکەوێ کە جگە لە یەکگرتووی ئیسلامی ھەموو حزبەکانی دیکە لە رووی ژمارەی دەنگدەرەوە لە پاشەکشەیەکی دراماتیکیدان.
*
کەمکردنی ئەو ژمارە زۆرەی دەنگ، بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە تەنھا لەو چوار ساڵەدا، سەدان ھەزار دەنگدەری نوێ پەیدا بوونە، دەبێ بۆ حزبەکان لە رووی سیاسی و رێکخستنی جەماوەرییەوە وەک کارەسات ئەژمار بکرێ، نەک مەستی سەرکەوتن بن!
*
ژمارەی کورسی پێوەری سەرکەوتن نییە، چونکە لەو سیستەمە پێڕەوکراوەدا، ئەو کورسییانە لە ھەموو حاڵەتێکدا، بۆ سێ پارێزگاکە مسۆگەر بوون، ئەوەی مابۆوە ئەوانە کەرکوک، موسڵ و دیالە بوون کە لەوێش ھەر بەزمەکەی جارانە بەنسبەت کوردەوە.
*
کەمکردنی دەنگ ئەگەر بەشێکی پەیوەست بێت بەوەی حزبەکان نەیانتوانیوە تەزویر بکەن، بەشەکەی دیکەی و ھەرە کاریگەرەکەی دەرخەری ئەو راستییەیە کە دەنگدەر متمانەی بە حزبەکان نەماوە. حزبەکان لەو دوو بژاردەیە دەبێ یەکیکێان وەکو ئەسبابی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان قەبوڵ بێت. جا خۆیان سەرپشکن!
*
بە نسبەت یەکێتیی نوێ کە چەند مانگێکە بانگەشەی ئەوەی بۆ خۆی دەکرد کە حزبی مافیا و قاچاخچی بووە رەنگبێ دەستخستنی ١٥-١٦ کورسی سەرکەوتن بێت! بەڵام بە دەستھێنانی تەنھا ١٥٠ ھەزار دەنگ لە ھەموو عێراق، دەبێ جێی ھەڵوەستە بێت و، پێویستیشی بە داوای لێبوردنێک دەکات. پێش ھەموانیش لە نورەدین!
*
پارتیش کە بە حیسابی خۆی کورسیی لە دەست نەداوە، پتر لە سێ سەد ھەزار دەنگی دۆڕاندووە. تەنھا لە بادینان کاندیدێکی یەکگرتوو، پتر لە دوو کاندیدی سەرکەوتووی پارتی دەنگی ھێناوە و، لە ھەولێریش ئەنجامەکان ھی پێداھەڵاگوتن نین. بە تایبەتیش لەو شوێنانەی نەوەی نوێ کاندیدی ھەبووە، ئەگەر زیاتر لە کاندیدێکی ھەبوایە ئەگەری سەرکەوتنی ھەبوو. 
مەعقول نییە سەرۆکی دەزگای ھەڵبژاردنی حزب بیت و سەرکەوتنت مسۆگەر نەبێ و بچییە ناو کێبەرکێوە!؟
بۆیە پارتیش داوای لێبوردنێک قەرزاری دەنگدەرەکانیەتی.
*
جا خۆشترین شت بە نسبەت پارتی و یەکێتییەوە ئەوەیە کە بە ھەردووکیان نزیکەی ملیۆنێک موچەخۆر و، کاتێکیش دەیانەوێ کۆنگرەی حزبی بکەن، یەکی یەک ملیۆن ئەندامیان ھەیە!
*
داوای لێبوردن شمولی بزووتنەوەی گۆڕان ناکات. ئەوان دەمێکە دوکانەکەیان ئیفلاسی کردبوو، بەس ھەر پێداگر بوون لەسەر ئەوەی بازاڕیان دەبێتەوە! گۆڕان باجی بێھەڵوێستیی خۆی دایەوە، حزب کە بێھەڵویست بوو دەنگدەرەکەشی بەرامبەری ھەمان رەفتار دەنوێنێ. بە تەحەدداوە گۆڕان یەک سەبەبی نەبووە تا دەنگدەرەکەی بڵێ لەبەر ئەو ھۆکارە دەنگی پێدەدەم. بۆیە تازە سوھراب مردووە و ھیچ دەرمانێکیش زیندووی ناکاتەوە.

12/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر