کوردستان نیزامی پادشاهی یان..؟!

عەلی کەریمی

لە کەسمان شاراوە نییە ئەمڕۆ کوردستان لە باشور، بە ناو کۆمەڵێک قەیراندا  دەڕوات و دەتوانم بڵێم لە وتاری مزگەوتەکان تا دەگاتە ڕێنماییەکانی رێگە و بان و خوێندن و پەروەردی مناڵان و هەموو کەلێن و کونەبەرەکانی کۆمەڵگا جیاوازی و لێکدابڕان و قەڵشتی گەورە بەدی دەکرێت. جێی نکولی نییە ئەم جیاوازی و یەکڕیزنەبوونی توێژ و چینەکانی کۆمەڵگا لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی کوردەواریماندا ڕەنگی داوەتەوە و خەریکە ئەم قەڵشتانە دەبنە دۆڵ و هۆی هەرچی لێک دوورکەوتنەوەی تاکەکان و سەرکردەکانی ناو کۆمەڵ لە یەکتر و تەنانەت بێگانەبوونی هەموو نوخبە و ڕۆشنبیر و دابەش بوونیان بەسەر گوتار و هێژمۆنی چەند حیزبێک کە خۆیان بە خاوەنی سەدان و هەزاران شەهید دەزانن و وەک ساحێب موڵکی هەموو کوردستان و تاکەکانیش وێنای خۆیان دەکەن.

 
لەناو سەدان و بگرە زیاتر، وتار و کۆمێنتی ڕۆژانەی خەڵکی "ڕۆشنبیر" و ئاکادێمی، نوخبە و سیاسی و هەموو خویندەواران بە ڕوونی و ئاشکرا دەبینین و دەخوێنینەوە ڕیزەکانی گەلی کورد، لە یەکتر زۆر لێک جیاواز و پەڕش و بڵاون، لەسەر هیچتێک یەکدەنگی نییە و تەنانەت لەمەڕ فاکتە حاشا نەکراوەکان و دەڕبڕینەکانی خۆشمان لە ماوەیەکی کورتی ڕابردوو!

 
وەزیر و پەرلمانتار و نوخبەی حیزبی ڕۆژانە لەسەر شاشە و ناو مۆبایلەکانمان دەبینین بەو پەڕی سوکی و بێشەرمی هەردەمەی لە سازێک دەدا و بەهەوایەک سەما دەکات و هیچ بەلایەوە عەیب نییە و تەنانەت نێوچاوان و برۆکانیشی تێکنانێت کە ماوەیەک پێش دژی ئەم قسانەی خۆی بوو و ڕوانگەی شتێکی تر بوو، تەواو پێچەوانەی ئەمەی ئەمڕۆ کە دەیڵێت و بانگەشەی بۆ دەکات. ڕوژانە لەبەر ڕۆشنایی و زاڵ بوونی بیری پۆپۆلیستی بە چەپ و ڕاستدا هیچ فەرقی پێناکەن و خەریکی گەوجاندنی میللەت یان باشتر بڵێم خەریکی پەیدا کردنی موشتەری و ئێعتبارێکی درۆینە (کاژب) بۆ خۆیانن.

 
تاکی کورد لە ژێر سێبەری حیزبە کلاسیک و تازەنەکراوەکان خەریکی داوەشان و تێکچوونی باری دەروونی و کەسایەتی خۆیەتی و تووشی داڕمان و سەرلێشێواوییەکی تەواو و مەترسیدار بووەتەوە.

 
دڵنیا نەبوون لە دواڕۆژ و دڵەڕاوكێ (سترێس) بۆ ئینسانەکان نەخۆشێک و بەڵایەکی کوشندەیە و ئەمە ئەم ڕاستییەیە کە عیلم سەلماندویەتی و دوکتورەکان دەفەرموون دەبێتە هۆی کەم ژیان و پەیدا بوونی نەخۆشییە پیسەکانی وەک زەخت و شەکرە و جەڵتە. بە تێڕادیوی دەتوانم بڵێم کەمتر تاکێکی کورد لە باشور دەبینم لە فەقیر و دەوڵەمەند و سادە و بەرپرس دڵنیا بێ لە دواڕۆژێکی ئاسودەیی خۆی و ماڵ و منداڵی، کەمتر دایک و بابێک شک دەبم کە پڕ بە سییەکانی هەوا هەڵمژێت و دڵنیا بێت لە بەخێوکردن و پەروەردەی دروست و تێر و تەسەلی منداڵەکانی و بە دڵەڕاوکێ شەوان سەر نەنێتە سەر سەرین.

 
سیستمی وڵات بەڕێوەبردن لە وڵاتان لەسەرتاسەری جیهان هۆکارە بۆ ئاسودەیی، ئاشتی، شەڕانگێزی، پەروەردە، فەقیری و دەوڵەمەندی، عەدالەت و زۆربەی وردەکارییەکانی ژیانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا. سیستم لەناو کۆمەڵگا دەبێتە زامنی زانین و ئاگاداربوونەوە لە دواڕۆژ و لەسەردەمی قەیران و شەڕ و ئاشتی. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا و بریتانیا لاوەکان و خەڵک دەزانن گەر شەڕیش سەرهەڵدا ئەوە ئەوان ناچن بۆ سەربازی و دەوڵەت خۆی ئەڕتەشی پرۆفیشۆناڵ و دائیمی هەیە، یان ئەگەر پارەت لە بانکدا هەبێ و ئەو بانکە تووشی ئیفلاس بێ ئەوە بیمە کراوە و زۆرجاران حکومەت خۆی لە ئاستی هاووڵاتیان بە بەرپرس دەزانێت و قەرەبوویان بۆ دەکاتەوە. بەعەکسەوە لە زۆر وڵاتانیش هەتاکوو  یەک یان دوو ساڵ سەربازی بۆ حکومەت نەکەی تەنانەت ئیجازەی سەفەریشت پێ نادەن و نە حکومەتیش زامنی پارەی تۆیە. 

 
مەبەستمە بڵێم باشوری کوردستان چیتر بەم چەشنە ئیدارە ناکرێت و لە ناکاو هەربینا دیمان هەڵەنگوێت و  وردوخاش ببێت.

 
ئەوەی کە تاکی کورد تا ئێستاش نازانێ حدوود و ماف و ئەرکەکانی بەرامبەر وڵات و حکومەت چییە بەلای منەوە زۆر سروشتی و دەبێ وا بێت. بۆ نموونە من دڵگرانم لەو هەموو کۆشک و ڤێلا و سەیارەی گرانی سەرکردەکان، جیاوازی لە نیوان فەقیر و دەوڵەمەند زۆر بە زەق و ناعەدالەتی دەزانم، خوێندن و پەروەردەی منداڵە سەرۆک و ئەوانی دیکەم پێ هەزم ناکرێت و دەیان شتی لەم بابەتە. چونکی من وا ڕاهاتم کە تا سی ساڵ پێش هەموو شۆڕشگێر و پێشمەرگە و لە شاخ بووین، بە بێ هیچ بریار و گوڕینی سیستم چۆن دەکرێ ڕازی بم بەم هەموو جیاوازیی و سەرەڕۆییە. لەئاخر ڕۆژەکانی تەمەنی شا ڕۆژنامەنووسی بی بی سی لەتاران لێی پرسی بۆچی کوشک و قەڵای تۆ ئاوا فاخرە و ئی سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی وەک بریتانیای عوزما زۆر سادەیە!؟ گووتی نا تۆ هەڵەی من پادشام و ٢٥٠٠ ساڵ پادشاهی لەم وڵاتەدا هەیە، تۆ بێخود من لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی خۆتان بەراورد دەکەی کە خودا دەزانێ دەورەی داهاتوو چۆن وەلا دەندرێت، دەبێ من لەگەڵ مەلەکەی بریتانیا بقرساوێنی، ئەوکات دەزانی کە کۆشک و تەلارەکانی من لەگەڵ مەلەکەی ئێوە هەر لە قەبڵانیش نایەت، رۆژنامەنووسەکە بە تەواوی بێدەنگ بوو، بە لایانەوە زۆر ئاسایی بوو شای وڵات ئاوا بژی!

 
هەروەتر لەسەردەمی  شا و سەدام کەم کەس بەگلەیی و نارازی بوون لە ئاست ژیانی ئەوانە، هەموو کەس وا ڕاهاتبوو کە  شا وسەرۆک کۆمار سێبەری خوان لەسەر عەرز و تاڕادەیەکی زۆریش قبوول کرابوو، دەستور و سیستمی ولات وابوو!

 
لەبەر ئەوەی هیچ سیستم و دەستورێک لە باشور باسی سەرکردە و خودانی نەکردووە ئاساییە کە تاکەکان بە زەقی ببینن ئەوان چۆن دەژین و ڕادەبوێرن و کوڕە هەژار لە ئاوارەیی و دەریاکان چیان بەسەر دێت.

 
کۆمەڵگای کوردی لە ئەمڕۆدا تەواو دابەش بووە و ڕۆژانە سەدان وتار و "ڕۆشنییر"مان گوێ لێ دەبێ بە گورانی و هەڵپەڕکێ مەدح و ستایشی سەرۆکیان دەکەن و وا وێنا دەکرێت کە ئەوان زۆر بەوە شادمان و ڕازین کە وەک خودان سەیریان بکەن و ئەمە لایان زۆر سرووشتییە، سەرۆک دەبێ وا بێت و ئەو سێبەری خوایە لەسەر عەرز!

 
ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە ڕێفراندۆمێکە بۆ دانانی سیستمی بەڕێوەبەری وڵات و زۆر لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی واجبتر و لە پێشترە، هەموو دەزانین و دەمانزانی هەموو کورد بە دە پەنجە مۆڕ دەکات بۆ سەربەخۆیی و لە ژێرباڵی بەغدادا نەمان.

 
"ڕۆشنبیر"، خوێندەوار و سیاسی ئەوبەر لە مێژە دەڵێن ئێمە بە کوڕ و کوڕەزا و و سەت پشتی سەرۆک ڕازین خودانمان بن. نە پێی قەڵس دەبن و نە لایان غەریبە سەرۆک و منداڵیان وەک فێرعۆن و ئەمیرزادەکان و پادشاکان بژین و تەنانەت پێیان وایە ئەمە زۆریش سروشتییە و حەقی خۆیانە و تەنانەت کۆمەڵێک پیاوی ئایینی و مەلا بەیعەتیان پێدەکەن و فتوا دەردەکەن ئەوەی قسەیان پێ بڵێت و بە سوکی باسیان بکات خوا غەزەبیان لێدەگرێت و بە کورتی زۆر کەڕەتان گوێمان لێبووە کە دەڵێن وڵات پادشای دەوێت!

 
خۆ ئەم قسەیە نە عەیبە و نە ئیراد، دەکرێ بێتە باس و پێشنیارێک بێ بۆ سیستمی دەستور و وڵات بەڕێوەبردن.

 
بۆیە دەڵیم لە ئەمڕۆدا بۆ نەمانی گرژی و کێشەی زیاتری ناو کۆمەڵگا هەرچی زووە بچین بۆ رێفراندۆمێک لەمەڕ ئەم پرسە، منی سیکۆلار و دژە پادشا، هەموو لایەک دڵنیا دەکەم گەر لە رێفراندۆمێکدا بە دەنگی زۆرینە گوتیان وڵات دەبێتە پادشاهی وە یان بە بنچینەی ئاینی ئیسلام شەرع دەکرێت و حاکم و دادگا دادەندرێت، ئیتر دوو ڕێم زیاتر نابێ یان ئەوەتا قبووڵی دەکەم و یانیش وای دادەنێم ئیتر وڵات دیکتاتۆری و مەزهەبییە و دەبێ جێی بێڵم!

 
ڕێفراندوم بە زۆرینە بۆ دانانی سیستم لە وڵات و دەستور ئەرکێکی هەنوکەییە بۆ ئاسودەیی و تەنانەت نەمانی قین و توڕەیی  وقەڵەشتی زیاتر لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵگادا، ئەمڕۆ ستایش و مەدحی سەرۆک بیزارکەر و توڕەمان دەکات بەڵام سبەی کە بوو بە پادشا وەک ئەرک حیسابی بۆ دەکرێ و دەبێ هاوڵاتی بە دەستور شاهنشای خۆی نەک تەنیا خۆش بوێت بەڵکو بیشی پەرەستێت و  جاری واشە وەک مەلەکە و پادشاکانی سەدەکانی ناوەڕاست پاشەڕۆکەکانیشان بە متفەڕک و موبارەک بە دەست کۆ کاتەوە و بە لایەوە ئاسایی بێت!



28/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر