هەر پارێزگایەكی هەرێم، وەك هەموو پارێزگاكانی تری عێراق، ساڵانە حكومەتی فیدڕاڵ لە یاسای بوجەی عێراق بوجەیەكی تایبەتیان بۆ دابین دەكات لە بوجەی گشتی عێراق بەناوی بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان. ئەو بوجەیە بەدەرە لە سەلاحیەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیرەكانی هەردوو حكومەتیش.
پارەی ئەم بوجەیە پێشتر ڕاستەوخۆ دەدرا پارێزگاكانی هەرێم وەك هەر پارێزگایەكی تری عێراق. لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە حكومەتی هەرێم، بە فشاری حیزبی و بەهێزی جوت حیزبی دەسەڵاتدار، توانی بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان تێكەڵ بە بوجەی گشتی هەرێم بكات و پێكەوە ڕادەستی حكومەتی هەرێم بكرێن.
ئەمە دەگەیەكی زۆر خراپ بوو بۆ پارێزگاكان درا، چونكە مەحروم كران لەو بوجە تایبەتە بە هەر پارێزگایەكەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. وەك دەبینن لە هەندێ پارێزگا و قەزا و ناحیەكان هەموو چاڵاكیەكانی بنیاتنان و خزمەتگوزاری وەستاون، بە تایبەتیش لە ناو شاری سلێمانی وە هەروها خراپی زۆربەی ڕێگاوبانەكانی نێوان شار و دەوروبەریان ئەگەر سوودی بۆ دەسەڵاتداران نەبێت.
بوجەی پەرەپێدانانی پارێزگا مەبلەغە پارەیەكی زۆرە بە گوێرەی ڕێژەی دانێشتوان و ڕێژەی مەحرومیەت و پێویستیەكانی هەر پارێزگایەك ساڵانە بۆیان دابین دەكرێت، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٠ بوجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر نزیكەی یەك ملیار دۆلار بوو، بێگومان ئێستا زۆر زیاترە. ئەم پارەیە ڕاستەوخۆ دەبێ بۆ پارێزگاكان بچێت، بۆ پرس و پڕۆژە و پێویستیەكانی پێشكەوتن و گەشەكردنی پارێزگا و قەزا و ناحیە و گوندەكانی دەبێ سەرف بكرێت، وە نابێت پارەی پەرەپێدانی پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی تر بگوازرێتەوە و لەم ئیستحقاقە تایبەتیەی خۆی بێبەش بكرێت، وەك ئێستا لە هەرێم دەیبینین.
ئەم بوجەیە بە سەرپەرشتی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان خەرج دەكرێت. حكومەتی فیدڕال و حكومەتی هەرێم مافیان بەسەریەوە نییە و نابێ بخرێتە ژێر دەستیان، وەكو ئێستا لە هەرێم دەكرێت.
ئەندام پڕلەمانە خەمخۆرەكانی كورد لە پەڕلەمانی عێراق، دەبی هەوڵی جدی بدەن لە پڕۆژە یاسای بوچەی عێراق، بوجەی پەرەپێدانی لە پارێزگاكان جیا بكەنەوە لە بوجەی گشتی هەرێم و بە یاسای بوجە جارێكی تر بیگەڕێندرێتەوە بۆ بەجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و بگەرێندرێتەوە بۆ هەر یەكە لە پارێزگاكانی هەرێم و ڕاستەوخۆ ڕادەستی پارێزگاكان بكرێت.
لە ئێستادا، سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەست بەسەر بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێمدا دەگرێت و بەكەیفی خۆی تەخشان و پەخشان و تەسەڕوفی پێوە دەكات، هەندێ پارێزگا خەنی دەكات و ئەوانی تریش گەنی دەكات. بەشێكی تریش لە ئیستحقاقاتی خەڵكی پارێزگاكان بۆ مەرامی تایبەتی حیزبی بەكاردێت وەك بە میلیشیایی كردنی كۆمەڵگە بە دامەزراندنی دەیان هەزار چەكدار (زیاتر لە دوو سەد هەزار بەناو پێشمەرگە هەیە) دامەزراندنی كادیری حیزبی بەناوی فەررمانبەر و موچەخۆرە بندیوارەكانی حیزبەگان و دوو موچە و سێ موچە و زیاتریش، بە بەرژەوەندی حیزبە دەسەڵاتدارەكان.
گێڕانەوەی ئەو پارە زۆرەی پەرەپێدانی پارێزگاكان ڕاستەوخۆ بۆ پارێزگان وەكو پێشان، پارێزگاكانی هەرێم كە لە ئێستادا مەحرومكراون، دەبوژێنەوە، زۆر هەڵی كار بۆ خەڵكەكە دەڕەخسێندرێ، ڕێژەی بێكاری و هەژاری كەم دەبێتەوە، خزمەتگقزاری شارەوانی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ڕێگەوبانەكان و خوێندنگاكان باشتر دەكرێن. بوچەی پەرەپێدانی پارێزگا، وەك لە ناوەكەشی ئاشكرایە، ئاماژەیە بەو ڕاستیەی كە تایبەتە بە پارێزگاكانەوە، حكومەتی هەرێم مافی وەرگرتن و تەسەروفكردنی پێوەیان نییە بە دەستور و یاسا كارپێكراوەكان. لە ئێستادا مافی پارێزگاكان دەدرێتە حكومەتی هەرێم و گەوتوەتە قوڕگی شێرەوە و دەرنایەت، ئەمە ئیجرائاتێكی نادەستوری و نادادپەروەرانەیە دژی پارێزگاكانی هەرێم و مەحروم كراون لەو شایستە داراییانەیان كە لە بوجەی حكومەتی فیدڕالیەوە بە هەموو پارێزگاكانی عێراق دەدرێت.