دەسەڵات و جیاکاری ناوچەیی

سامانی وەستا بەکر
 
گومانی تیانییە کە لە هەرێمی کوردستان بێجگە لە گەلی کورد، کەمینەیەکی زۆر کەمی پاشماوەی عوسمانییەکان و چەند ئاینزای جیاوازیش بوونی هەیە.
هەرێمی کوردستان کە خۆی سنورێکی دەستکرد و دروستکراوە و دوو زۆنی سەپێنراوی جیاوازیشی لێبەرهەم هێنراوە، زۆنی سەپێنراوی سەوز و زەرد  "دروستکردنی ئەم دوو زۆنە سەپێنراو و سنورە دەستکردە کارێکە تەنانەت خراپترین دوژمنەکانی کورد، هاوشێوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی بەعسییەکانیش ڕێیان پێنەبرد و بۆیان نەکرا بەڵام پ.د.ک وە ی.ن.ک کردیان، چورایەکی ماڵێکی چوار پارچەکراو و بەشکراویان کرد بە دوو بەشەوە”.
ئەم کارەی ئەو دوو پارتە هێندە ناحەز و دوژمنکارانەیە هەرگیز مێژوو لەبیری ناکا و دوورنییە لە داهاتووا لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و حوکمڕانیەکی ڕەشید لە فێرگەکانا بخوێنرێ و ڕسواکرێ، تا نەوەکانی داهاتوو هەرگیز بوێری ئەوەیان نەبێ هەڵەی هاوشێوە دووبارە بکەنەوە.
دیسان گومانی تیانییە کە هەرێمی کوردستان لە دوو دەڤەری جیاواز پێکهاتووە ئەوانیش "زۆرینەیەکی سۆرانی و کەمینەیەکی بادینی.”
گومانیش لەوەیا نییە کە دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتەکەی لە زۆرینەیەکی بادینی و کەمینەیەکی سۆرانی پێکهاتووە، واتا لیرەیا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوەوانێ کە کەمینە حوکمی زۆرینە ئەکات یان ڕاستتر بڵێین خێزانێکی بادینان-بارزان حوکمی موتڵەقی حکومەتی هەرێمیان بەدەستە.
هەروەک چۆن گومانیش لەوەیا نییە کە دەسەڵاتی هەرێم لە نێوان دوو بنەماڵە یان ڕاستتر بڵێین دوو خێزانەوە بەڕێوە ئەبرێ، زۆرینەیەکی بارزانی و کەمینەیەکی تاڵەبانی.
گومان لەوەشا نیییە کە کوڕانی مەسعود بارزانی پێگەو دەسەڵاتی فراوانتریان هەیە لە کوڕانی جەلال تاڵەبانی.
ئەم پێشەکی و ڕوونکردنەوەیەی سەرەوە بۆ ئەوەیە کە وێنەکە ڕوونتر دیاربێ لەو لێڵیەی مێدیای هەردوو حیزب دروستی ئەکەن بۆ چەواشەکردن و سەرلێشێوانی خەڵک.

دابەشکردنی دەسەڵات و نایەکسانی:
هەڵبەتە سۆران، بادینان، گۆران، کرمانجی، زازاکی، کەلهوڕ و لۆلۆ….هتد هەمووی هەر کوردە و خاوەنداری کوردستان ئەکەن بێ جیاوازی بەڵام، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە یەکێک یان دووان لەو پێکهاتانەی گەلی کورد تایبەتمەندی زیاتر و موڵکداری و دەسەڵاتی زیاتری لەوانیتر هەبێ تەنها لەبەر ئەوەی کە باپیر یان باوکیان بەشداری خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی کردووە.
ڕاستە دەسەڵات و حکومەت لەڕێگەی سنوقی دەنگان و پرۆسەی "دیموکراتی”وە لەلایەن پارتێک یان زیاترەوە پێکئەهێرێ بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی دەنگی بەدەستهاتووی هەر یەکێک لەو پارتانە بەڵام، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە خەڵکی بە هەر کار و کردەیەکی لایەنی پێکهێنەری حکومەت ڕازیبێ ئەگەرچی بێدەنگەشی لێبکات تا تەقینەوە و گۆڕینی دەسەڵات لەکاتی گونجاوا.

دەزگاکانی بەڕیوەبردنی هەرێمی کوردستان:
زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە لە هەرێمی کوردستان سێ دەزگای خاوەن دەسەڵات هەیە بۆ بەڕیوەبردنی هەرێمی کوردستان، لەپاڵ هەردوو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری، یەکەمیان بەدەسەڵاتی ڕەها و دووەمیشیان بێدەسەڵات و ژێردەسەتەی حیزب.

دابەش بوونی دەسەڵات:
١. سەرۆکی هەرێم، بارزانی. 
٢. سەرۆکی حکومەت، بارزانی.
٣. سەرۆکی پەرلەمان، سۆرانی.
٤. ئەنجومەنی ئاسایش، بارزانی.
٥. ئەنجومەنی دادوەری، پارتی-یەکێتی.
لە هەر حکومەتێکیشا لە دوای سەرۆک وەزیرانەوە وەزارەتی ناوخۆ گرنگترین و بەدەسەڵاترینە ئەمیشیان هەر "بارزانی"ە.
لەسەرو هەمووشیانەوە بارەگای بارزانی بوونی هەیە کە قسەی کۆتای لەسەرو حکومەتیشەوە ئەگەڕێتەوە بۆ بارزانی باوک.

هەڵبەتە ئەگەر زیاتر هەنگاو بەهەنگاو بەپلەبەندی دابەزی بۆ خوارتر ئەوا ڕێژەی سۆرانی زیاتر ئەبێ لە پلە و پۆستی حکومییا کە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ڕێژەی دانیشتوانی سۆرانی زیاترە لە بادینی لە پێکهاتەی هەرێمی کوردستانا بەڵام سەرەنجام یان دەسەڵاتێکی سنوردار و کەم بایەخ یان وابەستەکراو و گرێدراوی سەرۆکی حکومەت، واتا ئەبێ فرمانی ڕاستەوخۆ لە خودی سەرۆک وەزیران یان سەرۆکی هەرێم یان وەزیری ناوخۆ وەرگیرێ "سێ کەسایەتی بارزانی" هەمووشیان لە بارزانی باوک.

خێزان و جیاکاری ناوچەیی:
هەڵبەتە سەرنجەکە لەسەر ئەوە نییە کە بادینان دەسەڵاتی زیاتری لە سۆران هەبێ هێندەی ئەوەی کە سەرنجەکە بۆ ئەوەیە کە بنەماڵەیەک و خێزانێک کۆی دەسەڵاتەکانیان لای خۆیان هێشتۆتەوە و ئەو هەموو پێکهاتە و ئاینزا و ناوچە فراوانەی دەڤەری سۆرانی لێ بێ بەشکراوە، ئەمە وێڕای دەسەڵاتە ڕەها و نافەرمی و هەڵتۆقیوەکانی تریان نمونەی گەنجە هەرزەکارەکەی کە بە مەلا مستەفا ناسێنراوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی و بنچینەیی تێنەگەشتنی ئەوانە بەتایبەتی سەرۆکی حکومەت لە داواکاری و دابینکردنی خزمەتگوزاری سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەڕین و هەلەبجە چونکوم ئەوان نەک هەر خەڵکی ناوچەکەنین بەڵکو تەنانەت بۆ سەیران و گەشت و ڕاوکردنیش ڕێیان ناکەوێتە ئەو ناوچانە، ئەوان بەجۆرێک بێئاگان لەو ناوچانە کە ناتوانن لەوە تێبگەن کە لەگەڵ ئەوەی سلێمانی لە هەولێر گەورەترە بەڵام تا ئێستاش هەر شەقامی ٦٠ مەتری سەردەمی حکومەتی بەعس گەورەترینە و هیچ شەقامێکی تری تیایا دروستنەکراوە، ئەمە لەکاتێکا شەقامی ١٠٠، ١٢٠و ١٥٠مەتری لە هەولێر دروستکراوە و ئێستاش باس لە شەقامی ٢٠٠ مەتری ئەکرێ، ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان هەولێریان لە سلێمانی خۆشترەوێ بەڵکو ئەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە دەڤەری بارزان سەر بە بەڕێوبەرایەتی هەولێرە و ئەشکەوێتە سنوری جوگرافیای شارەکەشەوە، پاشان ئەوان خۆیان لەوێ ژیان بەسەر ئەبەن و پێگەی دەسەلاتیان لەو شارەیە و هێزو توانا و دەسەڵاتی خۆیان لەوێ ئەنوێنن و بەرجەستەی ئەکەن، لەکاتێکا ئەمەیان لە سلێمانی بۆناچێتەسەر.
واتا ئەمە بەڵگەنەویستە، ئەوان تەنها گرنگی بە شوێنێک ئەیەن کە خۆیانی لێبن و تیابژین ئەگەرنا هەر پاساوێکیتر بۆ خزمەتنەکردنی سلێمانی بەتاڵ و بێ مانایە چونکوم حکومەت ڕۆڵی خێزانێک ئەگێڕێ، ئایا ئەبێت باوک پۆشاک بۆ یەکێک لە مناڵەکانی نەکڕێ و کەمترین خورادنی باتێ و دەنگی لێدابڕی و بەردەوام هەڵەیەکلی باتەوە بەچاوا کە مناڵەکە هەر بەهۆی نەزانی و ناکارایی باوکەکەوە گرفتاری بووە؟ لەبەرامبەریشا یەکێکی تر لەمناڵەکانی بە پۆشاکی زێڕین و خواردنی شاهانە و ناز بلاوێنێتەوە!
ئەوەی کە سەرۆکی حکومەت ئەیکا کت و مت ڕۆڵی ئەو باوکە ئەبینێ کە لە سەرەوە باسکراوە، حکومەتەکەی نەیتوانیوە و سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ بەسەر کۆی ناوچەکانا و دووبەرەکی و ڕقی حیزبایەتی بووە بەپێناسەی حکومەتەکەی کەچی باجەکەی بە خەڵکی سلێمانی ئەیا. ئاخر خەڵکی سلێمانی تاوانی چییە ئێوە هەردوو لاتان گەندەڵ، نابەرپرس، دەست پیس، ناڕاست، پەیمان شکێن، دڵ پڕ لەقین، ناوچەگەر و خێزان-خۆپەرستن؟

داماڵینی زۆنی سەپێنراوی سەوز لە دەسەڵات:
ڕاستە لەو دیووی دێگەڵەوە کە بە زۆنی سەپێنراوی سەوز ناسراوە کوڕانی بارزان هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە لە بەڕێوەبردن بەڵام دەسەڵاتی ڕەهای دابەشکردنی سامان و داهاتی وڵات هەر لای ئەوانە، ناڕاستەوخۆ هەر ئەوان جوڵێنەری بازاڕ یان مرادنین، مەخابن لەمەیانا زۆر بەناشرینی دەسەڵاتەکەیان بەکارئەهێنن و بەتەواوەتی مۆرکی جیاکاری و گرنگیان بە زۆنی سەپێنراوی زەرد و گەمارۆدان و خنکان و وەلانانی زۆنی سەپێنراوی سەوزیان بە ئاشکرا لێئەبینرێ.
کاتێک کە کۆی پۆستە هەستیارەکان لەلایەن یەک خێزانەوە بەڕێوەببرێن، ئەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لەکاتی کێشەکانا هاوشێوەی ئەو کێشەیەی کە ئێستا لە نێوان هەردوو زۆنی سەپێنراوی سەوز و زەردا بوونی هەیە چارەسەری ئەگەر مەحاڵیش نەبێ ئەوا زۆر قورس و دژوارئەبێ چونکە ئەو کاتە لەبری ئەوەی کێشەکان لە نێوان دوو ئایدیای حیزبی و بەڕێوەبردنی جیاوازابێت ئەوا لە نێوان دوو خێزان و چەن گەنجێکی کەم ئەزموون و خاوەن بەرژەوەندی تایبەتا ئەبێ، لە بوونی ڕەوشێکی ئاواشا کەلەڕەقی و خۆبەزلزانی و شان لە شان گیرکردن یەتە ئاراوە نەک دیالۆگ و لۆجیک بۆ لێکتێگەشین.

ماڵباتی تاڵەبانی و زۆنی سەپێنراوی سەوز:
هەڵبەتە خراپی بەڕێوەبردن و گەمارۆی سەر سلێمانی لەلایەن خێزانی بارزانییەوە نابێتەوە شفاعەت و پاساو بۆ خێزانی تاڵەبانی، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەوان بە سلێمانیان کردووە با بەدەواڕی شڕی نەکردووە.
کوڕانی تاڵەبانی و ئامۆزاکانیان و ماڵی باپیریان هۆکاری ئەو نەهاماتیی و پاشەکشێیەن کە سلێمانی بەدەستییەوە ئەناڵێنێ، ئەمانیش بۆ ڕکابەرایەتی و شان لەشاننانی خێزانی بارزانی تەڕو ووشکی سلێمانی هەڵەڵوشن و لەڕێگەی جۆراوجۆری نایاساییەوە داهاتی سلێمانی دیزەبەدەرخوونە ئەکەن، بەهۆی ئەمانەوە کار گەشتۆتە ئەوەی کە سلێمانی وەک شارێکی مەنکوب و هەژار پێناسە بکرێ لەکاتێکا کە ئەگەر سلێمانی بەدەست خەڵکی ڕەسەنی شارەکە و خەمخۆرەوەبێ، ئەوا داهاتی لە زۆربەی شارەکانی عێراق زیاترە و خاوەنی زۆرترین سامانی سروشتی و کشتوکاڵی و چینی ڕۆشنبیر و خەڵکی داهێنەرە کە نەک سلێمانی پێ ئاویان ئەکرێتەوەو خەڵکەکەی لێ بەهرەمەند ئەبێ بەڵکو ئەتوانێ هاوکاری شارەکانی تریش بکات.
ئاخر کوڕانی تاڵەبانی و ئامۆزاکانیشیان هاوشێوەی کوڕانی بارزان خەڵکی سلێمانی نین بۆیە هەست بەئازاری خەڵکی ڕەسەنی شارەکە ناکەن، مەخابن ئەوانەی حاکم و دەسەلاتداری هەرێمن تەنانەت یەک کەسیشیان خەڵکی سلێمانی نین، ئەوانەش کە حاکم و دەسەڵاتداری سلێمانین هەر خەڵکی ئەو شارەنین.
تێبینی/ حاکم و دەسەڵاتدار مەبەست لەوانەن کە قسەی کۆتاییان لایە نەک وەزیر یان پارێزگارێک کە فەرمان لە سەرو خۆیانەوە وەرەگرن.



18/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر