منداڵ و سیاسەت و پەروەردە

سامانی وەستا بەکر
مناڵ ئەو مرۆڤە خنجیلانە پڕ سۆز و خۆشەویستی و بێ تاوانەی کە بە خۆشی و خۆشبەختی خێزان و بەشێکی سەرەکی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی دائەنرێت، بۆ دروستکردنی تاکێکی سودبەخش و بە بەرھەم، دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگە ئەبێ زۆر بەوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ مناڵ بکەن.

مناڵ تەنھا پێویستی بە خۆراک و پۆشاک نییە تا سکی تێربێ و پۆشتە و پەرداخ دەرکەوێ، بەڵکو پێوستی بە سیستمێکی سیاسی گونجاو ھەیە کە بتوانێ حەزەکانی تێربکات و وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە باتەوە کە لای مناڵ دروست ئەبێ ھەر لە زمان پژانییەوە تا ئەو کاتەی ئەبێ بە کەسایەتییەکی سەربەخۆو پێگەشتوو ئامادە.

سیستەم:
بریتییە لە چەند پێکھاتە یان بەش، کە کارلێک ئەکەن و پێکەوە کارئەکەن بۆ بەدیھێنانی ئامانجێکی دیاریکراو، بەجۆرێک ھەموو دامەزراوەکان ھاوبەش و ھاوکار و چاودێری سەریەکتربن و بەدابڕانی ھیچ لایەکیان رەوتی کارکردن تێک نەچێت.

کایەی پەروەردەش لە چەند بەشێک پێک یەت وەک، قوتابخانە، خێزان، ئاین، میدیا...ھتد ئەم پێکھاتانە پێویستە کارلێکردن (تعامل)یان لەگەڵ یەکتر ھەبێت و بەپێچەوانەی یەکتر کارنەکەن، بۆئەوەی ئامانجەکانی پەروەردە بێننەدی.

لێرەوە روون ئەبێتەوە کە بۆ دروستکردنی وڵاتێک کە بە سیستم و دیسپلین کاربکات، ئەوا ئەبێت مناڵ بە ئەمانج بگیرێت تا ئەو کاتەی خودی مناڵەکە ئەبێت بە بەشێک لەو سیستەمە، بۆ ئەو کارە ھەرە گرنگەش ئەبێت  پەروەردە و سیاسەت و  پەروەردەی سیاسی بەردەوام لە تازەگەریا بێت و ئامادەی وەڵامدانەوەی کۆی ئەو پرسیارانە بێت کە ئاڕاستەی ئەکرێت.

پێگەیاندنی سیاسی:
بریتییە لەو پرۆسە گەشەپێدانەی کە لە ڕێگەیەوە تاک و کەسەکان ئاڕاستە سیاسییەکانیان و شێوازی ڕەفتاریان وەرئەگرن، ھەربۆیە ڕەفتاری سیاسی نادروست و ناحەز یان دروست و شایستەی کەسانی سەرکردەی سیاسی و باڵا دەست و بەڕێوەبەرانی دەوڵەت ئەبێت بە بەشێکی گرنگی پەروەردەی لایەنی کەمی سیاسی مناڵان و کە ئەکرێ وەک کارێکی بۆماوەی لە پاشەڕۆژدا لە کارەکانیاندا ڕەنگباتەوە، کە ئەکرێ نمونەی وڵاتانی تازە پێگەشتوو و یان زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی ئەفریقا وەرگرین کە دەسەڵات و سیستمی سیاسی ئەگەر پاش چەندین دەیەش لەلایەن نەوەیەکی نوێوە بەڕێوەبرێت، بەڵام ھەر ھەمان کێشە و ھەر بەھەمان عەقڵیەت وڵات بەڕێوە ئەبرێت کە ھەرێمی کوردستانتش نمونەیەکی زیندووی ئەو بابەتەیە.

کەواتە پێگەیاندنی سیاسی پرۆسەیەکە، بۆ ئەوەی تاکەکان ڕەفتارەکانیان و ئاڕاستە سیاسییەکانیان لە ھەموو قۆناغە جیاوازەکانی ژیان گەشەی پێ بدرێت، بگوجێنرێت لەگەڵ پێشھات و ڕووداوەکاندا تا داھێنان بەردەوامبێت و لە چەقبەستووی دوورکەونەوە.

پێگەیاندنی سیاسی، لە قۆناغی منداڵییەوە دەست پێ ئەکات، لە کاتێکا کە منداڵ توانای ھەیە لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیی دەوروبەری خۆیا پەیوەندی دروست بکات، کە  دەربارەی نەتەوە و نیشانەکان و دروشمە  سیاسییەکان، ئاراستەکانی بۆ دروست ئەبێ.

"دێڤد ئیستۆن" و "جاک دەنیس" پێیان وایە، منداڵ لەو کاتەوە دەست بە کرانەوە دەربارەی جیھانی سیاسی ئەکات، کە توانای پرسیارکردنی ھەبێت لەسەر ئەو شتانەی کەوا  لە دەوروبەری ڕوو ئەیەن، بۆ نمونە دروست بوونی کۆرپەلە، کارکردنی ئامێرەکان، ھۆکاری ڕۆژھەڵاتن و ئاوابوونی....ھتد.

جیھانی سیاسیی منداڵ پێش قۆناغی سەرەتایی دەست پێ ئەکات، لەو قۆناغەیا ڕووبەڕووی خێراترین گۆڕانکاری ئەبنەوە، کاتێک ھەست بە گۆڕانکارییەکانی دەرەوەی خێزان ئەکەن و ھەندێک جاریش ئەبنە ھۆکارێک بۆ بیرکردنەوەو بەداواداچوون و ئیتر پژاندنی ئەو پرسیارانەی کە وەڵامەکانیان ھەرچونێک بێت زۆربەی کات ئەبێتە مایەی باوەڕھێنانی ئەوان، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەش زۆر گرنگە کە تا مرۆڤ دڵنیا نەبێت ھیچ وەڵامێک نەیاتەوە. کەواتە ساڵانی بنەڕەت و گرنگ بۆ دروستکردنی ھاووڵاتیی چاک لە لایەن سیستەمی سیاسییەوە، لە نێوان ساڵانی سێیەم تا سیانزەیەمدایە.

لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی سیستمێکی سیاسی کارا و پەروەردەیەکی سیاسی تازەگەر و ھاوچەرخ و  گرنگیدانی حکومەتەکان بە کەرتی پەروەردە، کۆڵەکەی سەرەکی خۆشگوزەرانیە و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

بە چوار قۆناغ  ڕووداوە سیاسییەکان تێکەڵ بە ھزر و بیری منداڵ ئەبن:
یەکەم: بەسیاسیکردن،  جووڵاندنی ھەستیاریی منداڵە بۆ بواری سیاسی.
دووەم: دەستنیشانکردن (التشخیێ)، بەکارھێنانی ھەندێک ڕووی دەسەڵاتە وەکوو خاڵی پەیوەندیی نێوان منداڵ و سیستەم.

سێیەم: بەرزکردنەوەی دەسەڵات، تا بگاتە پلەی نموونەییی باڵا، مناڵ لێرەیا ھەستی خۆشەویستی یان ھەستی ڕقلێبوونەوەی لا دورست ئەبێت بەرامبەر دەسەڵات، لێرەیا مناڵ زیاتر لایەنی سۆز بەسەریا زاڵ ئەبێت نەک بەرەنجامی بیرکردنەوەیەکی مەعریفی بێت.

چوارەم: دامەزراندن (التڕسیس)، لێرەیا ھزری مناڵ لە وێناکردنێکی کەسێتیی ھەندێک لە کەسەکانی دەسەڵات، ئەگوازرێتەوە بۆ وێناکردنی دامەزراوە سیاسییەکان.

ئەم  قۆناغە قۆناغێکی گرنگ و بنەڕەتیی پرۆسەی پێگەیاندنی سیاسییە، سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی ھاووڵاتیی باش، لە میانەی فێرکردنی مناڵ بە کۆمەڵێک بەھا و ئاراستەی گرنگ، کە لە دواجارا ئەم بەھا و ئاراستانە ڕەنگدانەوەی سەرەکیان ئەبێت لەسەر کەسایەتی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی تاک لە کۆمەڵگەیا. لە دواجاریشا ئەبێتە ھۆی ئەوەی کە کۆی بونیادی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی بەشەرعی بناسێنێ، ئەمەیش گرنگترین ئامرازە کە پشتگیری بۆ سیستەمی سیاسی دروست ئەکات.

پەروەردە:
پێویستە پەروەردە لەگەڵ بەھا بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا یەک بگرێتەوە، ئەگەرنا تاکێک دروست ئەبێت کە توانای خۆگونجاندنی نابێت لەگەڵ کۆمەڵگاکەی، ئەوکاتە یان ئەوەتا کەسایەتییەکی ناھاوسەنگ دروست ئەبێت، یان توشی ململانێیەکی دەروونی ئەبێت، ئەگەرچی ئەرکی پەروەردە دروستکردنی تاکێکی ئامادەکراوە بۆ ژیان و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ دەوروبەر، وێڕای ئەوەی بەھاکانی کۆمەڵگا لە گۆڕاندان و بەھای نوێ جێگەی بەھا کۆنەکان ئەگرێتەوە، بەڵام ئەم گۆڕانە بەشێوەیەکی پلەبەندی و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی کە ڕوئەیات، ھەندێجاریش ئەبێتە ھۆی بەریەکەوتن لەنێوان دوو نەوەیا کەھەر یەکەیان دنیا بینییەکی جیاوازیان ھەیە و دژی یەکتر ئەجەنگن، بەڵام پەروەردە ئەبێ رۆڵی ھەبێت لە ڕواندنی بەھا نوێکان و بژارکردنی بەھا کۆنەکانی کۆمەڵگا، بەواتایەکی دیکە پەروەردە ھەڵئەستێ بە دروستکردنی ھاوسەنگییەک لەنێوانیانا، یاخود پەروەردە تاکێک ئامادە ئەکات کە توانای قوتتدانی شتە نوێکانی ھەبێت و تاکێک بێت ئامادەی گۆڕان بێت، نەک کۆنە پارێز و توندڕەو و ناھاوسەنگ. خۆ ئەگەر وانەبێ ئەوا خودی سیستم ئەبێت بە ستەم لە فێرخواز و قوتابیان و کۆمەڵگایەکی ھاوسەنگ و بەختەوەر دروست نابێت.

سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا بریتیە لە سیستەمێکی ئۆتۆکراسی کە بنەما شەرعیەکەی وەلای تەقلیدیە بۆ حیزب و سەرۆک. سیستەمێکی تەقلیدی و دەسەڵاتی بنەماڵە کە لەسەر بنەمای ئەقڵ ومەنتق دانەمەزراوە، ھەربۆیە نەیتوانیوە ‌و نەشی ویستوە ببێتە سیستەمێکی موئەسەساتی ڕاستەقینە.

کەواتە بۆ گۆڕانکاری گرنگە تاک و خێزان و مامۆستا لە بری دەسەڵات کار لەسەر پێگەیاندنی نەوەی داھاتوو بکەن لەسەر سیستمێکی مۆدێرن و پەروەردەیەکی شارستانی بەجۆرێک فێرخواز و مناڵان فێری لە خۆبوردەیی، بەخشندەیی، ئاڵوگۆڕ، ڕاستگۆی....ھتد بکرێت بەئومێدی ئەوەی کە دابڕانێک لەنێوان سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆ و نەوەی داھاتووا دروستبێت لە ڕووی ھزرو ڕەفتار و دنیابینیانەوە بۆ بەڕێوەبردن.

30/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر