‌خولانەوە لە ناو بازنەدا

بەیار عومەر عەبدولآ
ئێمە پشتیوانی تەواوی خۆپیشاندانەکان دەکەین و پێمانوایە یەکێک لە فشارە ڕاستەقینەکان، خۆپیشاندانی جەماوەریە، کە ئێستا خۆشبەختانە دەستیپێکردۆتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم خۆپیشاندان و فشارانە کاریگەریان هەبێت، پێویستە هاوکات هەوڵی فیدرالیەتی پارێزگاکان بدرێت، چونکە ئێستا خۆپیشاندانەکان لە سلێمانیە، لە کاتێکدا دەسەڵات لە هەولێرە.

بەڵام کە دەسەڵات و داهاتمان هێنایەوە بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، ئەوکات خۆپیشاندانەکان کاریگەری زیاتر و گەورەتریان دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی موچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران. ئەگەرنا وەک 17ی شوبات، چەندین گەنجی جوانمان لێشەهید دەبێت، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری و بەرەوپێشچون ڕوبدات.

سەبارەت بە خەباتی پەرلەمانیش، کاک نەوشیروان لە دواهەمین کۆبونەوەیدا ڕایگەیاند کە (خەباتی پەرلەمانی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە). مەبەستی ئەوە بوو کە گۆڕانکاری لە کوردستانی عێراقدا چیتر لە ڕێی پەرلەمانەوە ناکرێت. یەکێک لە بۆچونەکانی ئەوەبوو کە موچە و خۆشگوزەرانی هەر پارێزگایەک، لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە دەستەبەربکرێت، کە خۆی یەکێک بوە لە ئەندازیارەکانی و لە دەستوری عێراقدا چەسپاندویەتی.

بە کورتی هەم شەڕی ناوخۆ و هەم خەباتی پەرلەمانی تاقیکرانەوە و دەرکەوت کە هیچیان ئەنجامیان نیە. یەکەمیان بوە هۆی ماڵوێرانی، و دوهەمیان بوە هۆی دروستکردنی چەند کادرێکی حکومی و پەرلەمانی و دەوڵەمەندبونیان لەسەر حسابی هەژاربونی زۆرینەی کۆمەڵگا. کەواتە ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی ڕێگەیەکی نوێیە کە فیدرالیەتی پارێزگاکانە، کە تاکە ڕێگەی چارەسەر و ڕزگاربونە لەم دۆخە ناهەموارەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە.

لە دوای یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی هەولێر و سلێمانیەوە و بۆ زیاد لە 10 ساڵ دەچێت، هەر یەک لە یەکێتی و گۆڕان ڕۆڵیان دابەش کردوە؛ بەشێک لە یەکێتی و گۆڕان دەچنە دەسەڵاتەوە و پارە بۆ حزب و بنەماڵە پەیدا دەکەن، بەشەکەی تریشیان ڕۆڵی معارەزە دەگێڕن.

پێش هەموو هەڵبژاردنێک بە چەند مانگێک ئەو بەشەیان کە ڕۆڵی معارەزە دەگێڕن، دەکەونە هەندێک نمایش کە گوایە شەڕ لەسەر میللەت و موچە دەکەن بۆ ڕاکێشانی سۆزی هاوڵاتیان و بەدەستهێنانەوەی دەنگ.

دوای هەڵبژاردنەکان، بەو دەنگانەوە، کە بەهۆی استغلالکردنی سۆزی هاوڵاتیانەوە بەدەستیان هێناوە، یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێکدەکەونەوە و زۆرینەی کادرەکانیان بەوانەی معارەزەشن پشتیوانی چونە حکومەت دەکەن لەگەڵ پارتی و لە پەرلەمان دەنگی پێدەدەن، بە ناوی ئەوەی گوایە بۆ خزمەت و چاکسازی چون. هەتا چوار ساڵی تر بەم شێوەیە بەڕێیدەکەن.

چەند مانگێک پێش هەڵبژاردن، هەمان سیناریۆ بێ زیاد و کەم دوبارە دەبێتەوە، و دەڵێن ئەم حکومەتە دز و گەندەڵە و خزمەتی هاوڵاتیان ناکات؛ تا ئەو ڕادەیەی ڕەنگە لە حکومەتیش بکشێنەوە. لە ژێر ئەم بیانوانەدا دیسان سۆزی هاوڵاتیان دەجوڵێننەوە و دوبارە دەنگی پێکۆدەکەنەوە و پاش هەڵبژاردن دەکەونەوە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی. هەموو ٤ ساڵ جارێک ئەم سیناریۆیە دووبارەدەبێتەوە. میللەتیش هەمو جارێک بە دەستی بەتاڵ لە هەڵبژاردن و هاوکێشە سیاسیەکان دێتەدەرێ.

ئەمەی ئێستا ڕوودەدات، لەجیاتی بەرەوپێشچون، خولانەوەیە لە ناو بازنەیەکی داخراودا و گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.

بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، هەموو جارێک، بەشێکی زۆری میللەتی ئێمە، پێش هەڵبژاردنەکان، سەرلەنوێ سۆز و عاتیفە بەسەریاندا زاڵ دەبێتەوە و ئەوەیان بیردەچێتەوە کە چی ڕویداوە و دیسان باوەڕ بەم سیناریۆ سواوانە دەکەن و جارێکی تر متمانە بەم هێزانە دەکەنەوە. دوای هەڵبژاردن میللەت وەکو هەموو جارەکانی تر توشی شۆک و بێئومێدی دەبێتەوە، وەکو ئەوەی یەکەمجار بێت ڕویدابێت.

وەک کوردەواری دەڵێن ئەگەر جارێک خەڵەتام، خوا سەبەبکارم بگرێت، ئەگەر دوو جار خەڵەتام خوا خۆم بگرێت. بەڕای من ئێستا کاتی ئەوە هاتوە لۆمەی خۆمان بکەین. ئەوە ئێمەین متمانە دەدەینەوە بەو حزبانەی کە لە جیاتی موچە و خزمەت، کار لەسەر سۆز و عاتیفەمان دەکەن. هەموو جارێک پێش هەڵبژاردن دەبن بە زمانحاڵی میللەت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و پاش هەڵبژاردنیش بۆ چوار ساڵی تر لەگەڵ پارتیدا دەچنەوە حکومەت.

میلەتی هۆشیار، سیاسی ڕاستگۆ و بەتوانا حوکمی دەکات و میلەتی عاتفیش، سیاسی دوڕو و خەڵەتێنەر حوکمی دەکات. بە کورتی، خۆشباوەڕی ئێمە کاری سیاسیەکانی زۆر ئاسان کردوە. سیاسیەکانی یەکێتی و گۆڕان بە ئاسانی بەرگەی ٤ ساڵ ڕەخنە و قسەی ناخۆش دەگرن، چونکە شارەزا بون و دەزانن چەند مانگێک پێش هەڵبژاردن، دەتوانن سۆزی خەڵک بجوڵێننەوە و هەموو هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی خۆیان پێچەوانە بکەنەوە.

پارتیش زۆربەی کایەکانی سیاسی و سەربازی و ئابوری کۆنترۆڵ کردوە و گوێ بەو نمایشانەی ناو پەرلەمان نادات. بگرە ئەو نمایشانەی ناو پەرلەمان بە ناڕاستەوخۆ خزمەت بە پارتی، و تەنانەت یەکێتی و گۆڕانیش دەکات، چونکە دەبێتە هۆی دامرکاندنەوەی توڕەیی خەلک. بە نیسبەت ئەوانەوە نمایشێکی ناو پەرلەمان زۆر باشترە لە تەقینەوەی جەماوەری و ڕاپەڕین.

کەواتە کاتی ئەوە هاتوە یەکێتی و گۆڕان لە جیاتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵ دابەشکردن و نمایشی ناو پەرلەمان و کات کوشتن، کە هیچی لێسەوز نەبوە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە، جگە لە جوڵاندنی سۆزی هاوڵاتیان و بەدەستهێنانی دەنگ پێش هەڵبژاردن، دەستبکەن بە ڕێگەخۆشکردن بۆ فیدرالیەتی پارێزگاکان و هێنانەوەی داهات و دەسەڵات بۆ ئەم سنورە و دابینکردنی موچە و خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوری.

هەمان بۆچون بۆ هەولێر و دهۆکیش ڕاستە، دەکرێت ئەوانیش لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە موچە و خۆشگوەرانی زیاتر بەدیبێنن و تا ڕادەیەک ڕزگاریان بێت لە دەسەڵاتی سەرکوتکەری پارتی.

پێویستە کەرکوکیش بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ و دەسەڵات بدرێتەوە دەست کەرکوکیەکان و ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگیرێت؛ چونکە کەرکوک هەردوو ئەزمونی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی تاقیکردەوە و لە هەردوکیاندا زەرەرمەند بوو، نەوتەکەی بۆ چینێکی تاڵانچی سیاسی و دوکەڵەکەی بۆ خەڵکەکەی بوو. ئێستا کاتی خۆشگوزەرانیە بۆ خەلکی کەرکوک لەڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە.

بە کورتی، بۆ هەر موچەیەک کە مافێکی سەرەتایی هەر موچەخۆرێکە، چیتر فەرمانبەران و هاوڵاتیان ماندو نەکرێن بە نمایشی ناو پەرلەمان و یەکتر تۆمەتبارکردنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، کە یەکەمیان ڕۆڵی دەسەڵات و دوانەکەی تر هەردوو ڕۆڵی دەسەڵات و معارەزەش لە یەک کاتدا دەگێڕن. لە جیاتی ئەوە، یەک جار لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە، کێشەی موچە و گوزەرانی هاوڵاتیان چارەسەر بکرێت.

03/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر