چەند سەرنجێک لەسەر کورسی پێکهاتە نەتەوەییەکان(کەمایەتییەکان)

ئارام جەمال
@ ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەربکرێت کە بەشێک لە یانزە کورسییەکە لە دەست یەکەمیان بسەنرێتەوە و بەشی دووەمی لێبدرێت، بەڵکو چارەسەری دروست ئەوەیە و بۆ ئەوەیە کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە رەگی کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە..

@ ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) ئەوەندە بە تەنگ مافی پێکهاتەکانەوەن بۆچی کاندیدی کلدۆ سریانی و ئاشوری و تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی ناخەنە نێو لیستەكانیانەوە؟!..

@ هیچ دەق و دۆکیۆمێنتێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نییە کە رێگەبگرێت لەوەی پێکهاتەکان تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆئەوەی لە دەرەوەی ئەوان دەنگدەری تر (دەنگدەری تایبەتی کورد) دەنگیان بۆ نەدات و دەرفەتی بردنەوە لە کەسانی سەربەخۆی پێکهاتەکان لە دەرەوەی پارتی بسەنرێتەوە .

@  ستافی ئۆفیسی یۆنامی لە هەولێر ئەوە رەتدەکەنەوە کە ئەو پێکهاتانە تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بە بێئەوەی ئەو ستافە ئەوەمان پێبڵێن کە ئەم حوکمەیان لە کوێوە هێناوە و پشت بە چ بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی نێودەوڵەتی دەبەستن. خۆ ئەگەر پاساوەکەیان دروستکردنی جیاکارییە ئەی خۆ دانانی کۆتا لە بنەرەتدا جیاکاری نیە بە دیوە پۆزەتیڤەکەیدا..؟

@ بە بیری یۆنامی دەهێنمەوە کە ئەو رێکارە لە ماددە سی و شەشی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەبوو، بەڵام ساڵی (2009) یەکێتی لەبەر موراعاتکردنی پارتی و لە ترسی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەمواری چوارەمی یاساکەدا بڕگەی چوارەمی لابرد کە لە دەڵێت ( دەنگدەرانی پێکهاتەکان پاڵێوراوی پێکهاتەکە هەڵدەبژێرن)..

@ هەتا ئێستا سوودمەندی سەرەکی لەو یانزە کورسیەی پێکهاتەکان پارتی بووە، هەربۆیە پارتی لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا بەو مەرجە مل بە خواستی چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری دەدات کە رێکاری دەنگدان بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان وەکخۆی بمێنێتەوە، کە دیارە بە پلەی سەرەکی هەر ئەمەشە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو..

تێبینی: ساڵی 2017 پەیپەرێکم لەسەر شێوازەکانی کۆتای  پێکهاتەکان ئامادەکردووە و تێیدا باسی ئەو چارەسەرییەم کردووە کە ئێستاش جەختی لەسەر دەکەمەوە..
https://kielection.wordpress.com/.../%da%a9%db%86%d9.../...

04/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر