بۆچی ژمارەی کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە کەم دەکات؟!

ئارام جەمال
ئەگەر بەراوردی ژمارەی کاندیدانی  دواترین دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەین لەگەڵ ژمارەی ئەو کاندیدانەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی (١٠-١٠-٢٠٢١) پاڵاوتووە، دەبینین ژمارەکە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەکات، بۆچی؟! 

لە کورترین وەڵامدا دەڵێین لەبەرئەوەی سیستمی هەڵبژاردنەکە لە (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی PRL)ەوە گۆڕاوە بۆ (زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوە SNTV) ، کە دیارە لێرەشەوە سێ رەگەزە پێکهێنەرەکەی سیستمی هەڵبژاردنەکە گۆڕینی بەسەردا دێت:

١/ خۆکاندیدکردن لە لیستەوە گۆڕاوە بۆ  کاندیدی تاکەکەسی سەربەخۆ یان کاندیدی حزبی/ هاوپەیمانێتی. واتە بە پێچەوانەی لیستەوە کە تا چەند ژمارەی کاندیدەکانی ناو لیستەکە زیادبکرایە بۆیان باشتر بوو چونکە دەنگەکانی ناو لیستەکە هەمووی کۆدەکرایەوەو دواتر دەنگەکان دەگوێزرانەوە لە کاندیدی کەم دەنگەوە بۆ کاندیدی زۆردەنگ، بەڵام لە سیستمی هەڵبژاردنی ئێستادا دەنگی هەر کاندیدێک تەنهاو تەنها بۆ خۆیەتی و ناگوێزرێتەوە بۆ هیچ کاندیدێکی دیکە..

٢/ زیادبوونی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان لە (١٨) بازنە ( پارێزگا)وە بۆ (٨٣) بازنەی هەڵبژاردنی بچووکتر لە پارێزگا، ئەمەش توانای حزبە بەشدارەکانی هەڵبژاردن لە رنە و قاڵب دەدات و دەتوانن تەنها لە ژمارەیەک بازنەی هەڵبژاردنی سنورداردا کاندیدیان هەبێت..
٣/ بچوکبونەوەی قەبارەی بازنەکان  لە دەیان کورسی نوێنەرایەتییەوە بۆ (٣-٥) کورسی/نوێنەر، ئەمەش حزبە بەشدارەکانی هەڵبژاردن ناچاردەکات لەباشترین حاڵەتدا (٣) کاندیدیان لە بازنەیەکدا هەبێت. 

کەواتە ئەم سێ رەگەزە (کاندیدی تاکەکەسی، زیادبوونی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن، بچوکبونەوەی قەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن) ئەو سێ هۆکارەن کە هەریەکەیان بە ئاستێک حزبەکان ناچاردەکات کەمترین کاندیدیان لە بازنەکاندا هەبێت و بەمەش کۆی ژمارەی کاندیدەکان لەسەر ئاستی هەژدە پارێزگاکە بەشێوەیەکی بەرچاو  کەمدەکات..

تێبینی: ژمارەی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا (٩٠٤٦) کاندید بووە.. بۆ زانینی دۆخی ژمارەی کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەتا رۆژی ٣٠-٤-٢٠٢١، کلیکی ئەم پەیجەی (پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن KIE) بکە: 
https://www.facebook.com/kielections/posts/260412442536682

02/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر