کچان و کوڕانی ئەحمەد هەردی

کاوە شێخ عەبدولآ

ئەحمەد هەردی شاعیر، زۆر بێدەنگانە شاعیر و نەتەوەپەروەربوو، بەو بێدەنگییەی خۆیەوە بە سەنگینیی مایەوەو ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە گەشەپێدانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی  دا. هەردی شاعیر هەرگیز وەکو مننەت نەیفرۆشتەوە بە میللەتەکەی.

بێجگە لە شیعر و زمانە پاراوەکەی، هەردی شاعیر چەندین کچ و کوڕی پێگەیاند کە هەریەکەیان بە ئەندازەی خۆی، بوونە کەسانی گرنگ و رۆڵگێڕ لەناو میللەتی خۆیاندا ... بۆ نموونە کاک ئاسۆس هەردی کە یەکێکە لە کەسایەتییە نەگۆڕاوەکانی میدیای ئەهلیی و ئازاد لە باشووری کوردستان و کۆڵەکەیەکی ئەساسی ئەو میدیایەش بوو.

کچ و کوڕەکانی ئەحمەد هەردی فریشتەی بێهەڵە نین، ئەوانیش مادەم کاریان کردووە و کەسانی بەرچاون، بێگومان هەڵە و پەڵەیان هەیە، بەڵام لە بری بێڕێزی وناوزڕاندنیان، دەبوو پاداشتی مەعنەوی بدرێنەوە. چونکە ئێستا دەگمەنە خێزانێک هەبێ وەکو خێزانی هەردی کە بە بنەماڵە خزمەتی رۆشنبیریی و تەندروستی و ڕۆژنامەوانیی میللەتی خۆیان بکەن بەبێ پاداشت و شاباشی حزب.

من لە نزیکەوە هیچکام لە کچ و کوڕەکانی هەردی ناناسم، بەڵام بیست ساڵ زیاترە لەڕێی کتێب و نووسین و میدیاوە، بەناوی ئەوان ئاشنام و رێزێکی زۆریان هەیە لام. بۆیە کە دەبینم ئەو هەموو بێڕێزی و سوکایەتییە بە کەسێکیان یان چەند کەسێکیان دەکرێ، بەڕاستی خەفەت دەخۆم کە بۆچی خەڵکی ئێمە بەو ڕادەیە بێڕێزی بە کەسانێک دەکات کە پەرۆشی میللەتی خۆیانن و بەو جۆرەی کە توانیویانە خزمەتی میللەتی خۆیان دەکەن.

بێڕێزی بە کچان و کوڕانی ئەحمەد هەردی، هەر ئەوە نییە کە چەند ژن و پیاوێک دەشکێنرێن، بەڵکو دەترسم کە ئەمە بەردەوامبێ و خەڵکی پاک و نیەتباشی تر بێومێد ببن لەوەی کە پەرۆشی ژیان و کەرامەتی خەڵکی  بن کەچی بەوجۆرە پاداشت بدرێنەوەو ناچاربکرێن کۆڵ بدەن و سەری خۆیان کز بکەن.

29/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر