تۆپهاوێشتن بەبێ خوێنڕشتن!

کاوە شێخ عەبدولآ

ئەو ساتەی بەدیار شاشەیەکەوە دانیشتووی شعوورت لای خۆت نامێنێ، کە تیپە دڵخوازەکەت نزیکی گۆڵ دەکەوێ، ناتوانێ بووەستی و تەکانێک.. جووڵەیەک نەکەی!
زۆر زۆر ئەستەمە کەسێک سەیری یاری بکات و بتوانێ بۆ چەند دەقیقەیەک رێک بووەستێ تەنانەت ئەگەر بیشت بەستنەوە. بەملادا.. بەولادا... هەڵدەستیتەوە و پاڵ دەدەیتەوە، زۆر نابات دەست فڕێ دەدەی ئیتر دەست فڕێدانەکەت یان توڕەییە یان ئیشارەتە بۆ یاریچییەکانی ناو شاشەکە تا ئاوا بکەن و وابڕۆن!
ژن و پیاو .. گەورە و بچووک دەخرۆشێن، ڕەنگبێ تەنیا ماوەبێ کە لەناو ماڵدا بۆ دەربڕینی خۆشیی یان تووڕەیی پڕ بەگەرووت بقیژێنە کەس لۆمەت نەکات. ئەگەر لە حاڵەتێکی ئاساییدا ئەو دەنگەت بەرز بکەیتەوە، دنیایەک لۆمە بکرێی و دووریش نییە بت شکێنن!
لە مۆندیالدا تەواوی بەشەریەت دەچنە سەر  دینێک ئەویش دینی دووگۆڵییە.  تەنیا ڕووداوە کە دانیشتووانی گۆی زەوی بەهۆی یارییەکەوە لە یەک کاتدا شادن یان زیز!
حاڵەتێکی زۆر سەیرە ململانێی دووگۆڵیی. بوغز و کینەی تیا نییە. هاندەری دوو تیپی دژ بە یەک دەتوانن لەسەر قەنەفەیەک یان سەر مێزێکا پێکەوە دانیشن. ئەمیان دەقیژێنێ بۆ گۆڵی تیپە خۆشەویستەکەی، ئەویان بزەیەکی تاڵ دەکات و هیچی تری لەدەست نایەت.
شەڕێکە بێ خوێنڕشتن. سەرکەوتن و شکانە بەبێ دروستبوونی دوژمنایەتیی. یاریی دووگۆڵیی، تەنیا ململانێی مرۆڤە کە بەهۆی ئەوەی سیاسیی نییە، دۆڕاو و براوە بەتامەزرۆییەوە سەیری کێبڕکێکانی دەکەن.
لە ساحەی یاریدا هێرشبەر و بەرگریکار دوایین توانای خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ بردنەوە، کەچی هەرهەموویان هەوڵ دەدەن کەمترین یاسای یارییەکە پێشێل بکەن. تەنیا شەڕ و ململانێشە کە یاساشکێن و لادەر دەمودەست سزای خۆی وەردەگرێ!
مۆندیال و دووگۆڵیی، ڕۆمانسیترین شەڕی مرۆڤن کە پڕیەتیی لە چێژ و تامەزرۆیی.
بەڕاستیی مۆندیال دیاری مرۆڤایەتییە بۆ مرۆڤ!

11/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر