لەشفرۆشخانەکانی عەبدولکەریم قاسم

کاوە شێخ عەبدولآ

ساڵێک بوو عەبدولکەریم قاسم دوای ئینقلابەکەی بوو بووە پیاوی یەکەمی عێراق، چەند سەرۆکعەشیرەت و پیاوی ناوداری عەرەب دەچنە لای و گلەیی لێدەکەن کە بۆچی رێگەی داوە لە بەغدا لەشفرۆشخانە.. .کە ئەوان قەحبەخانەیان پێوتووە... بکرێتەوە؟
عەبدولکەریم قاسم لە مەجلیسی پیاوە ناڕازییەکاندا دەڵێ: ئەمڕۆ ناتوانم هیچتان پێ بڵێم، بەس سبەینێ وەرنەوە و نیوەڕۆش لای من نان بخۆن.

سبەینێ سەرۆکعەشیرەت و پیاوە خێڵەکییەکان دەچنەوە بۆ لای قاسم و لەوێش نان دەخۆن. پێشتر عەبدولکەریم قاسم کاربەدەستانی کۆشکی کۆماریی ڕائەسپێرێ کە دەرگای هەموو ئاودەستەکانی ناو کۆشک دابخەن.. نزیکی پێنج ئاودەست بوون.

قاسم سفرەیەکی زۆر عەرەبییانە کە پڕیەتی لە: بەرخی سورۆکراو و سینی سەرڕێژ لە برنج و نانی زۆری ڕازاندووەتەوە بۆ میوانەکانی کەدژی لەشفرۆشخانەکانی ناو بەغدان و دەیانەوێ قاسم رازی بکەن تا دایان بخات.

میوانە خێڵەکییەکان لە برنج و گۆشتی بەرخ زۆر دەخۆن، قاسم پێیان دەڵێ نوێژەکانتان بکەن  و دواتر قسەوباسی خۆمان دەکەین. کاتێ پیاوەکان دەیانەوێ بچنە تاراتگرتن، تەماشا ئەکەن دەرگای ئاودەستەکان هەموو کڵۆم دراون. زۆربەشیان تەنگاون و ناچار خۆیان دەکەن بەناو باخەکەی کۆشکی کۆمارییا و هەریەکەیان لە بن دارخورمایەک خۆی خاڵی دەکاتەوە!

دوای گەڕانەوەی پیاوەکان بۆ دیوەخانی سەرۆک، قاسم ڕوویان تێدەکات و دەڵێ: بەڕێزان... دوێنێ باستانکرد کە دژی هەبوونی لەشفرۆشخانەن و نابێ ڕێگە بدەین هەبن. منیش وەکو ئێوە دژی ئەو شتانەم و خوازیارم نەمێنێ. بەڵام بەڕێزان ئێوە ئەمڕۆ میوانی کۆشکی  کۆماریی بوون و بینیتان دەرگای پێنج ئاودەستەکەی کۆشک داخراون. دەشزانم بەناچاری چوونە ناو باخەکەی کۆشک و هەریەکەتان ڕییاون بە بنەخورمایەکدا. بەڵام ئەگەر ئاودەستەکانی کۆشک دانەخرایەن، ئەوا بەئیسراحەت دەچوونە ئاودەستەکان و ناوباخەکەشتان گوواوی نەدەکرد!

قاسم بەردەوام دەبێ:ئێمە دەوڵەتداریی دەکەین، دەبێ ئاگامان لە قەحبە و بەرەڵڵاکانیشبێ. ئەگەر بێتو هەموو لەشفرۆشخانەکانیان لێدابخەین، ئەوکاتە ئێوە چۆن بەهۆی داخستنی دەرگای ئاودەستەکانەوە چوونە ناو باخەکەی کۆشک و پیستانکرد، لەشفرۆشەکانیش ئاوا بەناو شاردا بڵاودەبنەوەو ئەوکاتە هەر گەڕەکێکی ئێوە لەشفرۆشێکی تێ دێت و دەوڵەتیش ناتوانێ چاودێرییان بکات، ئەو کاتە شتەکە خراپتر دەبێ و شتەکە لە دەست ئێمەیش دەردەچێ!

جوابەکەی قاسم و سینارێوی داخستنی ئاودەستەکان، کارێکی زۆر ژیرانەبوو. ئەگەر دەرگای ئاودەستەکان دابخرێن، بێگومان خەڵک بندیوار و بنەدارەکان پڕدەکەن لەگوو.

دەوڵەت و دەوڵەتداریی ئەرکیان زۆر گەورەترە لەوەی خەڵک یان گروپ و عەشیرەت بیری لێدەکەنەوە. لە کتێبی "ئۆقیانووسێک لەتاوان"  کە خاتوو خەندان جەزا ئامادەی کردووە، ژنێکی سەرۆکباندی لەشفرۆشەکان دەڵێ: ئەو شار و وڵاتەی دەوترێ لەشفرۆشی تیا نییە لەسەر خەریتەی ئەم دنیایەدا نییە!

لەشفرۆشیی پیشەیەکی تازە نییە و بەهەموو دەوڵەت و هێزەکانی دنیا بنەبڕ ناکرێ. بەڵام هەر دەوڵەتە و بەشێوازی خۆی رێکیخستووە. شتەکە بەهەڵمەتی چەکدار حەل ناکرێ. دەوڵەت کە وەکو عەبدولکەریم قاسم وتوویەتی دەبێ ئاگای لە لەشفرۆشەانیشی بێت، هەر حکومەت و دەوڵەتی نەجیبزادەو خانەدان و ئینسانە بلیمەتەکان نییە. هی ئەوانەیشە کە لادەر و ئیشقۆڕ و لەشفرۆشەکانیشن.

کوردستانیش وڵاتێکی پاک و بێگەرد نییە لەڕووی لەشفرۆشییەوە. سەدان و هەزاران لەشفرۆش و لەشکڕ هەن کە لە هیچ بارودۆخێکا دەستبەرداری کڕین و فرۆشتنی سێکس نابن. ئەم شتە دەبێ رێک بخرێ بەو میکانیزمانەی دەوڵەت دەبێ بیانگرێتەبەر نەک بە پێشنیازی شەخسێک و ڕەتکردنەوەی خەڵکانی ترەوە.

بۆ خۆم زۆر زۆر دژی لەشکڕینم، لەدڵەوە بەزەییم بەو ژنانەدا دێتەوە بۆ پارە ناچارن بچنە باوەشی هەموو جۆرە پیاوێکەوە ئیتر ئەو پیاوە رەنگە پیاوێکی پۆخڵ و بێزراوبێ. بەڵام ئەم شتە نەوەستاوە بە بۆچوونی من یان هی تۆ و ئەوانی ترەوە. بەڵکو دیاردەیەکی گەردوونییەو دەبێ دەسەڵاتدار و ئینسان عاقڵەکان ریکی بخەن.

ئەگەر ئەمڕۆ دەرگای لەشفرۆشخانەکان کڵۆم بدرێ، بەدڵنیاییەوە مانگی داهاتوو لەشفرۆش و لەشکڕەکان بەناو کۆڵانەکانی شاردا بڵاودەبنەوە. چونکە بڕیار نییە لەشفرۆشەکان  هەموو ئیعدام بکرێن، کە ئیعدامیش نەکرێن دەچنە سەر پیشەکەی خۆیان بۆیە دیسان پەنا و شوێنی تر پەیدا دەکەنەوە بۆ خۆیان.


23/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر