بیركردنەوەی كوردی

خەلآت عومەر

-5-
دكارێم بچمە سەر بەندوباوی بیركردنەوە، تا هزر بەكار بخەم و ئاوەز بۆ سەرەتاگەیەك ساز بدەم، دەروازە بۆ وەدیهێنانی داهێنانی جیاوازی بكەمەوە، دەرەنجامی بۆ كۆی گەردوون هەبێت.
بیركردنەوەی كوردی پای سنوورداری (كوردبوون) نییە، بەو شێوازەی ئەزیش خۆم و كات و ڕەنجەوەری هزردارم بۆ بەخت كردووە، لەبەر ئەو بەهادارییەتی، سوود و مفا و كاریگەری بۆ كۆی سروشتی گەردوون هەبێت.
لەم سەردەمەدا دەرەنجامی چاوچنۆكیی مرۆڤ سەلماندوویەتی، ئەگەر پێكڤە نەبینە خەباتكار بۆ ڕزگاركردنی هەسەرەكەمان و بەتەنگ پارێزگاریی ژینگەكەیەوە نەبین، هەموان فەوت دەكەین. سروشتیش باكی بەوە نییە كێ‌ تاوانكارە و كێ‌ بێ‌تاوان.
ڕەنگە ئێمەی كورد و خەڵكانی دیكە و زۆریش كاریگەریی خراپمان نەبێت لەو دەردودووەی بە سەرپای ژینگەی گەردوون و تێكدانی سروشتدا هاتووە. كەمۆكەی پشكیشمان نەبێت لە ناساغڵەمیی بارودۆخی گشتییدا، بەڵام دەرەنجام باری گران پێش هەموان بەسەر شان و ملماندا دەكەوێت.
ساڵانێكی لەمەوبەر وتارێكی (تۆماس فرێدمان)ی ئەمریكایی سەرنجی ڕاكێشام، باس لەوە دەكات: "لەپای چییە كورد و عەرەب و تورك و فارس و جوو، دەرگیری ململانێ‌ بوون، چونكە ئەوان لە كۆتاییدا دووچاری چارەنووسێكی زۆرخراپتر دەبن، كە وشكەساڵی و تێكچوونی ئیكۆسیستمە."
لەم سەروبەندەدا نابێت خۆ بەوە بلاوێنین، ئەركی ئێمە نیە شان ژێربار بخەین، بەڵكوو دەبێت نۆرەی پێشەنگایەتی ببینین لەوەی، بەر بە كارەسات بگرین.
(زەردەشت)ی فەیلەسووف و پەیامبەر بەر لە لەدایكبوونی ئەو شارستانیەتەی بە زایینی (مەسیح) دەست پێدەكات، بە تەنگ ئەوەوە هاتووە، كە تێكچوونی ژینگە سەرەخۆرە دەبێت، ئەگەر ئەم سروشتە نەڕازێنینەوە و پڕی سەوزەواریی نەكەین و نەچێنین و سوپاسگوزارانە بە تەنگ ئاوەدانكردنەوە نەبین، بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی ئەو نەخۆشییەی وانێكی دیكە بەكایەیان هێناوە و بریتییە لە دەردی خۆپەرستی و خۆخۆیی، دووچاری كارەسات دەبین.
ئەم ڕازە با بمێنێت، بزانم چەندم ئاو لەدووی بێڵ دێت، بۆ ئەوەی بەسای بیركردنەوەی كوردییەوە بۆی بهۆنمەوە.
پێم وانییە و (پێ‌وابوونی) من بایەخدار نیە، دەمەوێت بەڵگەی زانستیی بسەلمێنم، شارستانیی كوردی لەمێژینەی مێژووە.پێش ئەوەژی ئەم دنیا چەپگەردەی ئێستا لە باشترین نموونەیدا، جیهانی سەرداری بازاڕە و مرۆڤ و گیاندار و دار و بەرد و سروشتی بە كاڵا كردووە، پێشەنگ بووە لەوەدا، لە وەردی كۆمواری گەردووندا تۆوی (چاكایەتی) بڵاو بكات و بیچێنێت.
هەروا لەخۆڕا نەهاتووە لە بەرامەبەر زۆر دەستەواژەی وەكی (كولتوور، ڕۆشنبیری، ڕۆشنگەری)دا، بیركردنەوەی كوردی بە پێشەنگ، خاوەنداریی گوزارشتی (چاند)ی لە (چاندن)ەوە داهێناوە.
بیركردنەوەی كوردی لەم وەردەدا (پووچنوێگەری)ی شارستانی دووچاری ژار و بیم و گەمارەیی كردووە، لەژێر خۆڵەمێشەوە دەبێت ئەم ئاگرە، ئەمی كورد بیگەشێنینەوە.
لەم خەباتكارییەدا (دێو و درنج) بەرۆكمان دەگرن. وشەی (درنج) لە ئاوێستادا (هێزی درۆ)یە و (مەزدایی) فەلسەفەی (زەردەشت) بۆ هەڵتەكاندن و ڕەتكردنەوەی هاتووەتە ئارا.
هیچ رێگا و ڕێباز و سایە و سەیوان نییە، جگە لەوەی ئەم بیركردنەوەیە ببێتە كارنامە و تێشوو، تا سەرەتای جیاواز لەپێناو كۆمواری هەرچیی بوونەوەر و ئافەریدەی سروشتدا هەیە بدۆزێتەوە.
وازی و گەمەت لێ‌ بچووك دەكەنەوە، وا دەكەن بتترجێننە چوارچێوەیەكەوە، دوای شتۆكەی وا بكەویت هیچ بایەخی نییە.
بەم پچۆكەی گۆشەی ژیانەوەی تێی دەخزێنرێم و دەچۆڕێندرێمە قەوارەی سنووردارییەوە، ڕووبەرووی دەربڕینی وەهای ڕاز دەبمەوە، نازانم بۆ چییە؟
چلۆنە دەبێت ئاوها دەربڕین بەپای بچووكییەوە بەردەستە بێت و نوێنەرایەتیی خۆی لە دەستەوسانیدا ببینێتەوە؟

هێندێك جار بیركردنەوەی كوردی لەدوورەوە دەڕوانێت و نیگا دەكات و دیدەن دەهۆنێتەوە، گوزارشتی ڕاست و سەختی هەڵبژاردووە. لە بەرامبەر (ئەولادی عەسر)دا كورتبینیی ڕامیاریی كوردۆكەی لە خۆبێگانەشدا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە "لەم رۆژگارە تیژڕەوەدا، ئەم ڕەنجەوەرییە چ بایەخێكی دەبێت، كاتێك هەموو شت پێچەوانە دەبێتەوە و لە باشترین دۆخیشدا بە مۆلەق دەكەوێتەوە؟"
لێرەوە پرسیارێك بەرۆكت دەگرێت، ئەگەر سەرسەختیش نەبیت، ئێسكت نەرم بێت، بەسەر خۆتا دەچەمێیتەوە و لەخۆ نامۆبوونت دەتخاتە چەوتەوێڵی چاڵی بەسەرخۆچوونتدا، چونكە پرسیار بایەخدارە و لەوەش بریتییە: "چۆن دەتوانیت بەردەوام بیت و چیت پێ دەكرێت؟ ڕەنجەوەریت چییە و چلۆن كاریگەرییت بایەخداریی پەیدا دەكات و دەتوانێت كەمۆكی پچۆكی گۆڕانكاریی دروست بكات و سەرەتاگەش سەرپێ بخات؟"
بەرلەوەی چاوەڕوانی بیركردنەوەی ژیربێژانەم لێ بكەیت، بەوە وەڵام دەدەمەوە، كەلله ڕەقی و پێداگری و سووربوون و قیرسیچمەیی و سەرسەختی، توێشووی ڕێگای دووری بەدەرخستنی ئامانجی مەزنە.
دەپرسیت ئامانج كامە؟
وەڵامی پرسیارت دەدەمەوە، دبێژم:
ڕێگا خۆی ئامانجەكەیە، ڕێگا گرتنە بەر خۆی برییتیە لە (ئامانج).
لێكۆڵینی زانستی كایەی پەرەپێدانی مرۆیی لەم سەردەمەدا، لەگەڵ فەلسەفەی جێبەجێكاریدا هاوتا دەبنەوە، بە سەرداربوون و جێشیان بە بەهاداریی میتافیزیكیی لێژ كردووە.
جا بۆ وا نەكەن، ئەوەی سوودی نیە، بۆچ خۆی پێوە سەرقاڵ بكەین؟
(ئالان دینۆ)ی فەرەنسایی نووس، دانەری كتێبیی (لیمیدۆكراتژی)یە، كە بە ئینگلیزی (میدۆكراسی)یە و ئەگەر دەربڕینی كوردی واتاداری هەڵینەگێرێتەوە، وا دەزانم خراپم بە كوردی نەكردووە، چەندین ساڵ لەمەوبەر لە نووسینمدا بە (ڕژێمی پووچگەری) بەكوردیم كردووە.
فارس پاشگری (گەری) كوردی دەكەنە (گەرایی) و لە كوردیان بردووە. بابانیان شێوێ‌، جا چییان لە كورد نەبردووە؟
كتێبەكە بۆ سەر چەندین زمان وەڕگێردراوە. بە كوردییش كراوە و چ ئاگاشم لە نموونە كوردییەكەی نیە. چەندینی ساڵ لەمەوبەر كە باسی ئەم كتێبەم كردووە، وەك هەوڵێكی نوێ‌ بە نموونەم نەگرتووە و بانگی شارەزا بە گوێماندا بدات، بەڵكوو وەك بەڵگەی پووچگەری (پووچنوێگەری)ی شارستانی خۆرئاوا بە نموونەم گرتووە، كە چۆن ئەم شارستانییە وەك دەردودوو، دووچاری مرۆڤایەتی بووە؟
لە نیوەی دووەمی ساڵی نەوەدەكاندا، لەگەڵ هاوڕێیانمدا گۆڤاری (بوون)مان وەشاندووە. كتێبی (كۆتایی مێژوو)ی (فرانسیس فۆكۆیاما)ی ئینگلیزی نووس و ڕەچەڵەك ژاپۆنی دەنگی دابووەوە. لە دوا ژمارەی ئەو گۆڤارەدا (كە وەك هەر خەونێكی كوردی لەبار برا) زۆرترین ڕەخنەم لە بیروبۆچوونی دانەرەكەی گرتووە.
ساڵان دێن و دەچن، وەكوو بێشكە دەمانلاوێنن، یانژی وەكوو چەرخوفەلەك دەمانشێوێنن، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە هەر ئەوەیە سەنگینە و بە كەفوكوڵ نابێت.
لە یەكێك لە ئایەتەكانی كتێبی (قورئان)ی پیرۆزی موسڵماناندا نووسراوە (فَأَمَّا الزَّبَدُ فَێژْهَبُ جُفَا‌وً ۖ ۆأَمَّا مَا ێنفَعُ النَّاسَ فَێمْكُپُ فِی الْأَرْچِ) (ئایەتی هە ڤدە سوورەتی ئەلڕەعد). بە واتای (كەفوكوڵ دادەمركێتەوە و ئەوەیشی بە كەڵكی خەڵك دێت ئەوەیە، لەسەر زەوی دەمێنێتەوە).
كتێبەكەی (فرانسیس فۆكۆیلما) كەفوكوڵی ڕۆژگاری خۆی بوو، دوو جاریش هەمووی بەدرۆ كەوتەوە. وەك من نووسیبووم، دوای دەیان ساڵ و لە كتێبی دیكەدا خۆی سەلماندی و بەرپەرچی خۆی دایەوە و بەپێچەوانە كەوتەوە. بۆچوونەكان لە سەرزەوی بەهادارییان بۆ نەمایەوە.
ئەوی بەم راِزە كوردییانەیەشم باوەڕ ناكات، بڕوانێتە نووسینەكانم لە دۆسیەی (كۆتایی مێژوو)ی گۆڤاری (بوون)دا و دواجار بە كتێبەكانی دواتری (فۆكۆیاما)ی بەراورد بكات.
بۆهیچ نا، بۆ ئەوەی بزانیت گرنگ ئەوەیە چی دەمێنێتەوە؟
باسی خۆپەسەنی ناكەم، باسی ڕەنجەوەریی ئامانج و ڕێگا گرتنەبەر دەكەم، كە لەم ڕەوتی خوێندنەوەیەدا زەبری خۆنەخوێندنەوە ئەمانباتە سەر نامۆبوونێك، كە ئەوسەری (پووچگەری)یە.
وەكۆڵینی زانستی سەلماندوویانە، پڕی مرۆ بێ‌ ئامانجن و كەمۆكه ئامانجداری بەرچاو دەگرن، ئەوانەیش ئامانجیان هەیە سەردار و كارا دەبن.
مرۆڤ نۆهەد و حەوت لە سەتا ژیان دەگوزەرێنن، بەبێ‌ ئەوەی ئامانجیان هەبێت، لە سەتی سەت تەنیا لە سەتا سێ‌ ئامانجیان هەیە و ئامانجدارن، ئەو لە سەتا سێیەن هەموو جیهان بەڕێوە دەبەن.
لات سەیر نەبێت كەمینەی كەمۆكی ئامانجدار بەڕێوەمان دەبەن!
دەیگوزەرێنین، وەك چۆن دەیان و سەتان و هەزاران ساڵ گوزەراندوومانە.
بەرهەمی بە ئایدۆلۆژیابوونی زانست و بە ئاوێتەبوونی لەگەڵ بەرژەوەندیی بازاڕداریدا، كە وای كردووە بەجیهانیبوون بەبازاڕبوونی جیهان بێت، دەستەواژە و گوزارشتی بێ‌ سەمەر وەبەر دێنن.
بڕوانە لە نێوخۆی ئەم چەند ساڵەدا چ دەستەواژەیەك بەدەنگ دێنن و دبێژن "عارەب میوانی كوردستان نەبن لەبرسا دەمرین!"
دەك بمرن! ئەم دەستەواژەیە چاوچنۆكیی بازاڕی لەپشتە، هوردە بۆرژوا و هەتیومەتیوی نەخوێندەوار، كە لە ئاوی لێڵدا مەلە دەكەن، بۆ ئەوەی بازاڕی چاوچنۆكی پەرە پێبدەن، فوو به كەڕەنای كەڕی نەزانیندا دەكەن.
لەسەرواری خۆمان یاسا و ڕژێمی ئابووریمان هەبوو، یاسامان بۆ دابەشكردنی كار هەبووە، ئاڵوگۆڕ و یەكسانی و ڕژێمی خۆماڵمان دامەزراندووە و خەڵك لاسایی ئێمەی كردووەتەوە. ناویان لێ ناوە و پێان فرۆشتووینەتەوە و ئێمۆكەش چونكە خاوەنداریی بیركردنەوەی كوردی نەبووین، خۆبەكەمزان بووین وامان زانیوە هەنگمان لە كلۆرەداردا دۆزیوەتەوە، كە شتۆكەی ئەوانمان بەدەست خستووەتەوە.
هێندێك بۆچوون دەهۆنمەوە، خۆبەكەمزانی نەزان پێیانوایە خۆ بە كوردبوونەوە با دەدەم. وان نازانن (كوردبوون) چارەنووس نییە و بژاردەیەكە لەنێوان زۆرتریندا وەك بەخت هەڵمبژاردووە.
بەپێی بەندوباو و خوێندنەوەی سیپاڵەی شارستانی، دەمەوێت بنووسم " نازانم ئەگەر كورد نەبوومایە چیم دەكرد و چۆن ڕەنجەوەریم بەخت دەكرد، بۆ ئەوەی بەكوردی خۆم بدۆزیایەتەوە."
دەزانم تانەم لێ‌ دەدەن، نەخۆشیی ناخۆشیی نەساغیی بیركردنەوەی پێچەوانە وا بە ئەنداز دەكرێت، گوایا بەندوباوی نەتەوەیی دەهۆنمەوە.
ئەمەم پێ شەرم نییە، بەڵام ناولێنانەكە هەو نییە و هەودای هزر و ئاوەز و خەیاڵ لە شوێنێكە بە زانینەوە وابەستەیە، بۆیە لام دروست نییە.
میترائییەكان، كە لە بەرەبابی سەرەتای كوردن، ئەوانەن لە دژی تاریكیدا خۆرپەروەر بوون. بیهێنە پێش چاوت، جیهانێكی پڕی تاریكی، كە هەردەم خۆر دەدرەوشێشتەوە، خەڵكێك ئارا دەبن دژی تاریكین و شەبەنگی خۆر و ڕووناكی دەلاوێننەوە. ئەمە لە میسۆلۆجیای دێرینی شارستانیی كورددا تۆمار كراوە.
ئەم بیروباوەڕە لە بێزنتییەكانەوە پەڕیوەتەوە بۆ ئەورووپا و كراون بە كتێبی جۆراوجۆر و بە خۆمان فرۆشتراوەتەوە.
25ی مانگی 12ی گریگۆری، كە خۆرئاواییەكان بە یادی لەدایكبوونی (مەسیح)یان كردووە، بە سەدانی ساڵ لای میتراییەكان جەژنی لەدایكبوونی خواوەندی (میترا)یە.
بابانتان شێوێ‌ چیتان نەدزیوە و ماڵی ئێمەش نەشێوێت، كە باوەڕمان بە درۆكانتان كردووە.
گەورەترین ماشێنی سەردەمی پووچگەرایی، بەرگرتنە لە (بیركردنەوە)، چوون بیركردنەوە گومان لەسەر ئەو یەقینە دروست دەكات، سەرداری پووچگەرایی باڵادەست كردووە.
بیركردنەوە گەورەترین تاوانی ئەم سەردەمە و هەڵبژاردنی قورسترین ڕێگای ئامانجێكە لەوسەری تاریكایی رێگاكەوە تروسكایی بۆ سەرلەنوێ رۆشنكردنەوەی ئەم گەردوونە دێنێتەوە.
بۆ زاخاودانی ئامانجێك دەرفەت هەبێت بیركردنەوەیە، بۆ سەختیی ڕێگا وهەڵزنان بە كێو و كەمەر و هەرداندا، وا دیارە بیركردنەوەی كوردی تێشووە.

ناچارم زۆرتر بڵێم، لەوەشدا ناهەقت ناگرم بۆت ببمە سەریەشە، بەڵام ئەم سەرئێشاندنەم لە ئایندەدا بە مفا و بەهاداری بۆت بمێنێتەوە، چاترە بە پووچییەتییەوە سەرقاڵت بكەم.
هەرچەند دەمەوێت سەرت نەیەشێنم و كۆتایی پای ڕاز بهێنم، دووچاری بەرپرسیاری دەبمەوە و سەرەتا دەهۆنمەوە، تا خیانەت لە بەرپرسیارییەتێك نەكەم، كە سەرەتای بیركردنەوەی كوردییە.


14/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر