جەنگی جیهانیی سێیەم یان سەفەربەلک

دانا هەڵەبجەیی

دەنگی دەهۆڵی جەنگێک وا خەریکە لە پەنا گوێماندا زرمەی لێهەڵدەستێت، شریقەی شەیپوری دوا فەرمانی هێرش لە ئان و ساتدایە، B52 فڕکانفڕیەتی، گەورەترین کەشتیی جەنگیی جیهان لەنگەری گرتووە، هێز و ئۆردوی ئەمریکا هەرچی ئاوی چواردەورمانی تەنیوە،،،.
کەچی لەمەڕ خۆمان هەم لە خەوە ڕۆژانەی ڕەمەزانین، هەم گوێی گا پر بووە لە نووستوان، لە تاو پڕکردنەوە کابینەی نۆ و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنەکان، خاڵیکردنەوەی ئەوەی شەوان تێیان تەنیەوە، نە حکومەت ئاگادارە، نە هۆشداریش ئەدرێ بە هاوڵاتی.
ئەگەر دەسەڵاتدارنی ناوچەکە پێیان وابێت، ئەمە بۆی هەیە تەنیا گوڕەشە بێت یاخود ئەگەر جەنگیش هەڵگیرسێت، وەک شەڕی خەلیج و جەنگە کلاسیکییەکان ئەبێت، ئەوا هێشتالە خەو و خورافیاتدا ئەژین.
بژاردەی جەنگ:
جەنگی ئەمجارە جەنگی تەکنەلۆجیا و سەتەلایت، کلیک و جی پی ئێسە، بە ژمارەیەکی کەمی سەرباز گەورەترین و بە تواناترین ماشینی جەنگ بەڕێوە ئەبرێت، ئیتر شەڕی بەرەیی و ڕووبەرووبونەوە و چەکی سوک، سەردەمی بەسەر چوو.
لە ماویەکی کورتدا هەرچی پێگەی گرنگ و هەستیاری سەربازی و ئابووری و دەسەڵات هەیە خاپور ئەکرێت. پاشاگەردانی و ئاوارەیی باڵ ئەکشێنیت بەسەر چەند ناوچەیەکی دیاریکراودا.
شاراوە نییە، کە مەبەستی ئەم جەنگە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئیتر وەردە هێزە دروستکراوەکانی خودی ئێرانیش ئایندەیان هەمان ئایندەی ئێران ئەبێت، ئیتر کێ ئەچێتە پاڵی، بۆ هەمیشە هەڵناسێتەوە.
سعودیە وەک زەنگینترین وڵات و ئیسرائیلیش وەک بەتواناترین هیزی ناوچەکە، هاوپەیمانی ئەمریکان لەم جەنگەدا. ئیتر هەرێمی کوردستان و عێراق ئەبێت خۆیان ساغ بکەنەوە، ئەگینا بە ساغی دەرناچن،،،.
بژاردەی ئابڵوقە:
ئەگەر گریمان جەنگیش هەڵنەگیرسا، بەڵام ڕۆژانە ئابڵوقە و ئەمبارگۆی ئابوریی لەسەر ئێران زیاد ئەکرێت، هەروەک چۆن لەم ماوەی پێشوودا بەهای دراوی تمەن هاڕەی کرد، وە لیرەی تورکیاش زیڕەی لێ هەستا، هەروا بەردەوام ئەبێت، تا میللەت خۆی شەڕی نان و جەنگی برسییەکان پەرپا ئەکات. 
ئەم شەڕی ئابڵوقەیە کاریگەری تەواوی لەسەر هەرێمی کوردستان ئەبێت:
یەکەم؛ ساڵانە هەرێم  بەهای چوار ملیارد دۆلار، ئاڵوگۆڕی ئابوریی و بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، کە بە تەواوی ئەمە تێک ئەشکێت و کاریگەرییە نێگەتیفییەکەی ئەکەوێتە بازاڕی هەرێمیشەوە. وە وەک ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەم خەڵک توشی برسییەتی و سەفەربەلک ئەبن.
دووەم؛ هەرێم هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک بەرپرسیارییەکی نەتەوەیی و مێژووی و مرۆڤایەتی، ئەبێت هەرێم دەرگای واڵا بکات بۆ ئاوارە و لێقەومانانی ئێران و ڕۆژهەڵات، هەروەک ئەوان چۆن لە کۆڕەوەکەی 1991 پشت و پەنامان بوون.
ئەم دوو خاڵە لە هەردوو بژاردەکە ڕووداێکی چاوەڕوانکراوە، بۆیە ئەبێت بە هەند وەربگیرێت.
بە کورتی مەبەستمە کە بڵێم ئەبێت حکومەتی هەرێم وەک حکومەت، هەم یەکێتی و پارتی وەک دوو هێز، ئامادەباشی خۆیان بۆ ئەم دۆخە ئۆرگانیزە بکەن.، وەک ژووری قەیران و ئابوری و جەنگ دامەزرێنن، وە هاوڵاتیش وریابکەنەوە لە دەستگرتن و بەفیڕۆنەدان و پاشکەوتکردنی خۆراک و شمەک و سوتەمەنی، تیمی فریاگوزاری مەدەنی و تیمی هاوکاری خۆبەخش دامەزرێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر ئەگەرێک و کارەساتێک. 
میدیاکانیش وەک ئەرکێکی مۆڕاڵی خۆیان ئەبێت هۆشیاری و هۆشداری بدەن، بەشداری کارامەی پاراستن و ئاشتی کۆمەڵایەتی و جێگیربوون بکەن.
وە بەتوندی لە لایەن حکومەتەوە ئاگاداری بازرگانی چاوچنۆک بن، بە تایبەتی گەمەکارانی  بەهای دۆلار و ئازوقە.
ئەم دۆخە زۆر ناکێشێت و گۆڕانکاریی و ئاشتی و ئاوەدانی ئەگەڕێتەوە بۆ هەرێم، ئەگەر سیاسی و دەوڵەتدارانی خۆمان، دڵسۆزانە و ژیرانە بڕیار بدەن و هەڵسوکەوت بکەن.
بە سادەیی باسمکرد بۆ ئەوەی لە سەختییەکەی بگەن.


12/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر