ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ی زینی وه‌رتێ!

د. کامەران مەنتک
بەشی سی و سێ و بەر لە كۆتایی

جێگای سەرنجدان و لێوردبوونەوەیە، لەكاتێكدا هەموو تواناكان بۆ تێكشكاندنی گەنجی كورد بەكاردەهێنرێت و بنەماكانی تێگەیشتن و پێگەیشتنی چرووك و بێبەها دەكرێت، لە هەمان كاتدا منداڵی بەرپرس و ئەوانەی كۆمەڵگای كوردیان بەناوی كوردایەتیەوە بە كۆیلە كردووە، دەنێردرێنە باشترین زانكۆكانی دنیاو بە ملیۆنان دۆلاریان لێ خەرج دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەوەی خاوەن كۆیلەكان تا هەتایە وەك خاوەن كۆیلە بمێننەوەو نەوەی كۆیلەكانیش بەردەوام بن لە كۆیلایەتی!. لەرێگای خاوەن كۆیلەكانیشەوە، كە لە بنەڕەتدا خۆیان كۆیلەو چاوساغی وڵاتانی دەوروبەرن، جڵەوی پێشكەوتن و گۆڕانكاری لە كوردستان لەدەست خۆیان بهێڵنەوەو رێگای هەموو پێشوەچوونێكی لێبگرن. ئەگەر بەوردی بیر لەو هاوكێشەیە بكەینەوە دەبینین پڕۆسەیەكی زۆر ئاڵۆزەو زۆر بەوردیش كاری لەسەر دەكرێت!. ئەمە یەكێك لە هۆكارە سەرەكی و بنەڕەتیەكانی ئەو چەق بەستنەیە، كە لەماوەی سی ساڵی رابردوودا هەموو كایەكانی كۆمەڵگای كوردی گرتۆتەوە.

هیچ ئاسایی نییە نەتەوەیەك زیاتر لە سەدەیەك قوربانی بدات و بەوە فریوبخات، كە خەبات لەپێناو رزگاربوون و سەربەخۆیی دەكات، لە زێڕێنترین دەرفەتدا، كە هەموو هاوكێشە هەرێمی و جیهانیەكان هەڵوەشابێتەوە، ئەو نەتوانێت تاقە هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بنێت و بگرە بەپێچەوانەوە رێك ببێتە پاسەوانی دواكەوتوویی خۆی و رێگا هەموو پێشوەچوونێكی كۆمەڵگاكەی بگرێت!. 

ئێستا خەریكە نەوەی بەكرێگیراوو جاشە ناوخۆیی و هەرێمییەكان، گەڕێكی تر لە فریودانی خەڵكی كوردستان دەستپێدەكەنەوەو ئەمجارە بەناوێكی ترەوە دەیانەوێن گەنجان و خەڵكی كوردستان بەگشتی فریو بدەنەوە، نەوەی ئەوانەی كوردستانیان دووچاری شكست و ماڵوێرانی كرد، خەریكە وەك قارەمانێكی ترو سەردەمیانەتر دێنەوە مەیدان و خۆیان نمایش دەكەن، دەیانەوێت وەكو باب و باپیرانیان هەمدیس هەموو ئەو توانایانە چرووك بكەنەوە، كە لە هەوێنی كۆمەڵگای كوردیدا هەیە. بۆیە گەر بمانەوێت هەنگاو بەرەو چارەسەری كێشەی كورد بنێین، بەر لەهەموو شتێك دەبێت هەوڵبدەین ئەو هەڵمەتە لەسەر نەوەی نوێ و گەنجانی كورد رابگیرێت و لەجیاتی ئەو سووكایەتی پێكردنە، یارمەتیان بدرێت بۆ گەشەپێدانی تواناكانیان و هەموو دەرگاكانیان بۆ بخەینە سەر پشت، بۆئەوەی بوێرانەو ئازادانە ئەركی بەرپرسیاریەتی قۆناغەكەی خۆیان بگرنە ئەستۆ!. 

جێگای داخە كۆمەلگای ئێمە لەجیاتی ئەوەی جوانیەكانی گەنجەكانی خۆی ببینێت، كە لەهەموو چركەیەكدا ئامادەیی هەموو قوربانیدانیكیان هەیە بۆ وڵاتەكەیان، دێت لەسەر چەند كاریكی دزێوو راگوزەر، كە بەرهەمی سیاسەتە چەوت و گوماناویەكانی ئەو كەسانەیە، كە میللەتێك و نیشتمانێك لەپێناو بەرژەوەندیەكانی خۆیان دادەدۆشن بە نمونە وەریدەگرێت و زەقی دەكاتەوە. بۆیە جەخت لەسەر پڕۆسەی خۆ ناسین دەكەمەوە، چونكە ئەو دێوجامانە تووڕ هەڵدەدات، كە لەبەرچاومان دروستكراوەو راستەقینەكان وەك ئەوە دەبینین، كە هەیە نەك وەك ئەوەی بۆمان دروست دەكرێت، نەبینین و فەرامۆشكردنی تواناكانی گەنجان، وەك ئەوە وایە تۆ دژی ئەو هێزە بوەستیەوە، كە ئەستوندەی پتەوی مانەوەی نەتەوەو كۆمەڵگاكەتە، ئەو نۆستالیژیایەی ئێستا تاكی كوردی تیایدا دەژیت، خەریكە لە سنووری سروشتی خۆی دەردەچێت و وەك ئامڕازێكی شەڕ دژی تواناكانی نەتەوەكەمان بەكاردەهێنرێت، خەریكە دەگاتە ئاستی پیرۆزكردنی مێژووێكی ساختەو دروستكراوی بێ بنەما!. كە ئەمە توانای نوێبوونەوەو تەنانەت مانەوەش لە كۆمەڵگاكەمان لەناو دەبات!. 

نەوەكانی رابردوو چیان كردووە، تاوەكو گاڵتە بە نەوەی بكەن و بە بێتواناو تەنانەت وەك كەم ئەندامێك سەیریان بكەن!؟ ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی خەباتی قۆناغی هەشتاكان دەزانن و هەمیشە لەگێڕانەوەی یادەوەرییەكانی خەباتی شاخن و خەریكی چنینەوەو گێڕانەوەی مێژووێكی پڕ لە درۆو ساختەن، هەر خۆیان راشكاوانە ناڵێن چەند هەزار پێشمەرگەیەكی راستەقینە لە شاخەكاندا هەبووە بەرامبەر ئەوە سەدان هەزار جاش و خۆفرۆش هەبووە!. ئایا هەر نەوەی كۆن نەبوو، بەناوی خەبات و كوردایەتیەوە سەری پێشمەرگەیان دەبڕی و پێشكەش بە دوژمنەكەیان دەكرد، ئایا هەر ئەو قارەمانە كارتۆنی و بێبەهایانە نەبوون بەناوی نیشتمان پەروەریەوە جووتیارەكانی كوردیان دەچەوساندەوە لە نانە رەقەی ناوماڵەكانیان هاوبەشیان دەكردن، وەك ئێستا خۆشیان لە بیرەوەریەكانی خۆیان بێشەرمانە باسی دەكەن، دەستدرێژیان دەكردە سەر ژن و كچی ئەو جووتیارو گوند نشینانەی نمەكیان دەكردن!، ئایا دەكرێت، ئەو مێژووە پیرۆز بكرێت و بەچاوی گەنجی نوێ و نەوەی نوێ دابدرێتەوە. ئایا قۆناغی هەشتاكان پڕشەرمەزاریترین قۆناغی مێژووی كورد نیە و لە پەنای شۆڕشی نوێی گەلەكەمان و شۆڕشی گوڵان بە هەزاران گەنجی دڵسۆزو خێر لەخۆنەدیوی كوردستانیان بە دەستی یەكتر بەكوشتن نەدا!؟.

ماویەتی...

22/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر