لەداگیركەریەوە بۆ خاوەن ماڵی

د. کامەران مەنتک
بەشی دووەم

بەرپرسە توركەكان لەمێژە داوای گەڕانەوەی هەریمی كوردستان بۆ سەر توركیا دەكەن، بۆیەكەم جا ئەو داوایە لەلایەن سەرۆك كۆماری توركیا سلێمان دیمیریل لە ساڵی 1992 ، واتە لەكاتی شەڕی پەكەكەو حكومەتی هەریم دركێنرا، دواتر سەرۆكە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو وڵاتە لەزۆر بۆنەی جیاوازدا ئەو سەردولكەیان دووبارە كردەوە، كە رەنگ بێت لەهەمووان زیاتر سەرۆك كۆاری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بوو بێت، چونكە ماوەیەكی زۆرە لەدەسەڵات ماوەتەوە.

داگیركاری توركیا دوای سەرهەڵدانی كێشەی زینی وەرتێ بەقۆناغێكی تردا تێپەری و پێشكەوتنێكی گەورەتری بەخۆیەوە بینی، دوای ئەو كێشەیە، واتە لەدوای نیسانی ساڵی (2020) ەوە توركیا هەوڵدەدات راستەوخۆ هەریم داگیربكات، ئێستا لەگەرمەی قۆناغەكانی داگیركردنیدایەو بازگەی توركیا بەشێوەیەكی راستەوخۆ گەیشتۆتە گەلی بالنداو لەبەرەو پێشوەچوونی بەردەوامدایە، هەژموونی سەربازی خۆشی بە تەواوی سەپاندۆتە سەر دەڤەری بەرواری بالاو دەیەوێت لوتكە ستراتیژی و  لوتكەی مه تين و كوره ژار و گاره و  ئامێدی و بەشێكی زۆری ده ڤه ری به رواری باڵای كۆنتڕۆڵ كردووە، بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە فەیس بووك بڵاودەكرێنەوە، ئێستا میتی توركی بە یارمەتی موختاری گوندەكان و ناوچەكانی پارتی راسەوخۆ حوكمی ئەو ناوچەیە دەكات، كۆمەڵگای سیرری، كە گەورەترین بنكەی سەربازی تیایە وەك سەنتەرێكی چالاكیەكانی بەكاردێنێت و بەئاشكرا فڕۆكەكانی توركیا لەو ناوچەیە كاردەكەن، وەك برادەرێكی خەڵكی ناوچەكە، كە لەناو رووداوەكانە پێی راگەیاندم، كاتێك میتی تورك گەنجانی كورد دەكوژێت لەرێگای موختاری گوندەكانەوە دەیەوێت خاوەنەكانیان بدۆزێتەوە!.

توركیا ئێستا بەچڕی كار دەكات بۆ بەستنەوەی ناوچەستراتیژیەكان بەیەكترو بەردەوام خەریكی دروستكردنی رێگاو پردی نوێیە لەناوچەكە، واتە لەماوەی سی ساڵی رابردوودا داگیركاری توركیا لە هەموو قۆناغەكان گەرم و گوڕتر بووەو تەنیا پارتی كرێكارانی كوردستان لەرێگای شەڕی پارتیزانیەوە هەوڵدەدات رێگا لەو داگیركاریە بگرێت، بەڵام تواناكانی ئەوانیش سنووردارەو هیچ هاوسەنگیەكی هێز لەنێوان ئەوان و هێزەكانی توركیا دا نیە، زۆرینەی هێزەكانی باشوور لینكێكیان لەگەڵ توركیا هەیەو بە بێدەنگ بوونیان بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ پشتگیری ئەو داگیركاریە دەكەن. ئەم بێهەڵوێستیە یارمەتی داگیركەری تورك دەدات ئاسانتر قۆناغەكانی داگیر كاریەكەی ببڕێت. ئێستا توركیا كار لەسەر ئەوە دەكات، نەك وەك داگیر كەر بەڵكو وەك خاوەن ماڵێك خۆی وێنا بكات و راشكاوانە ئەوە لە تاكی كورد بگەیەنێت، كە ئیتر لەمەودوا ئەو خاوەن ماڵەو خاوەن ماڵی راستەقینە لە میوانێكی رەزا قورس زیاتر نیە، دەیەویت ئەو هەستە لای تاكی كورد لە باشوور دروست بكات، كە ئەو ئەو هەریمەی كڕیوەو كرێچی نیە، خاوەن ماڵیش بۆی هەیە هەموو رەفتارێك لەگەل مالەكەی خۆی بكات، بیسوتینیت، بیفرۆشێت، رەزو باخ و دارستانەكانی لە رەگەوە هەلكەنێت، گەنجەكانی شوون بزر بكات و تیرۆریان بكات!.

بە قۆچانی خاوەن موڵكایەتی توركیا رەوایی دەداتە هەموو تاوانە قیزەونانەی دەكەونە وچارچێوەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی. جێگای داخە خویندەوارانی كوردیش پاساو بۆ ئەو داگیركاریە دیننەوەو تەنانەت بە بیانووی رێگا خۆشكردن بۆ بەكارهێنانی فڕۆكە درۆن، پاساو بۆ جینۆسایدی توركیا بۆ دارستان و رەزو باخەكانی كوردستان دێننەوە!.

22/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر