بێدەنگی وملكەچ كردن، تاوانەكانی توركیا ناوەستێنێت!

د. کامەران مەنتک

ئەمڕۆ وەك وەزارەتی بەرگری توركیا خۆی رایگەیاند، زیاتر لە بیست فڕۆكەی ئەو وڵاتە بۆردومانی كۆمەڵێك پێگەی پارتی كرێكارانی كوردستانیان كردووە لە هەرێمی كوردستان، لەنێو ئەو فڕۆكانە، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان وڤانتۆم 16 هەبووە، ئەو هێرشە یەكێكە لەگەورەترین هێرشە ئاسمانیە راگەیەنراوەكان، كە پڕ بەپێستی وشە، لەلایەك هەرێمی كوردستانی كردۆتە گۆڕەپانی شەڕێكی گەورە، لەلایەكی تر، بێباكانە هەموو رێساو یاسا نێودەوڵەتیەكان پێشێل دەكات! ئەوەی جێگای سەرسامیە، هەموو لایەنە ناوەخۆیی وهەرێمی وجیهانیەكان لەم سەرەڕۆیی تاوانكاریەی توركیا بێدەنگن، لەسەر ئاستی ناوەخۆ حكومەتی هەرێم وەك ئەوەی نەبای دیبێت نەباران، قڕقەپ لێی دانیشتووە ونووزەی لێوەنایەت، باوەڕناكەم لەدنیا جگە لەو حكومەتە، حكومەتێكی تر هەبێت بەو شێوەیە وڵاتەكەی سوتماك بكرێت وخەڵكی بێتاوانی بكرێتە ئامانج وا بێدەنگ بێت، رووداوەكان ئەوە دەسەلمینن توركیا لەهەرێم جیاوازی لەنێوان پەكەكە وخەلكی مەدەنی كوردستان ناكات، گرنگ لای ئەو كورد بكوژرێت وماڵی كوردان وێران بكرێت، رۆژانە لەهەواڵەكان گوێمان لێدەبێت، چەندین خەڵكی بێتاوان بەهۆی تۆپباران وبۆردومانەكانی توركیا كوژراون، حكومەتی هەرێم ومیدیای گاڵتەئامێزی ئازادو حیزبە بەناو گەورەو بەناوەڕۆك بچووكەكانی هەرێم كەس دەنگی لێوە نایەت، ئەوەی كارەساتەكە گەورەتر دەكات، لە بێدەنگیەكە پڕ شەرمەزارتر ئەوەیە زۆر جاران پاساویش بۆ توركیا دێننەوە وپارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتبار دەكەن، وەك ئەوەی فڕۆكەكان هی ئەو حیزبە بێت كوردستان بۆردومان بكات وتۆپهاوێژەكانی ئەو بن گوند ومنداڵ وپیرو ئاژەڵ وداروبەردی ئەو نیشتمانە بۆردومان بكەن، نازانم سوودی بوونی حكومەتێك لەچیدایە بوێری ئەوەی نەبێت بەیەك وشەش ئەو تاوانكاریە سەركۆنە بكات، كە بەرامبەر وڵاتەیكەی دەكرێت، نازانم سوودی ئەو هەموو كۆمپانیا بەناو حزبانە چین لەكوردستان، ئایا رۆڵیان پاساو بۆهێنانەوە بۆ توركیا ودادۆشینی خەڵكی كوردستانە!؟ چ شەرمەزاریەكە بۆ میللەتێك حزبی لەو شێوەیە قبووڵ بكات ولەهەڵبژاردنەكان دەنگی بۆ بدات ودەنگی بۆ ساختە بكات! وایلێهاتووە میدیاكانیش بوێری ئەوەیان نیە تەنانەت هەواڵی ئەو تاوانانەش بڵاوبكەنەوە، كە توركیا دەرهەق بەخەڵكی كوردستان دەیكات، توركیا لەبەرزەقەی چاوی جیهان نەخۆشخانەیەكیان لەشەنگال بۆردومان كردو ژن ومنداڵی كوردانیان كوشت، ئەو میدیا وپێگە ئەلیكترۆنیانەی لەهەرێم ئەو هەواڵەیان گواستەوە لەپەنجەی دەست تێناپەڕن، تۆ بڵێی میدیاكانی كوردی لەپەنای ئازادی بیروڕاوە، تەنیا كاریان سووك كردن و تێكشكاندنی هەموو بەهاكانی كورد بێت، دەكرێت وڵاتێك بەو شێوەیە هێزی میدیایی كڕابێت وسوپایەیك لەجاشی قەڵەم بەدەست دروست كرابێت! ئەو هێرشەی ئەوڕۆ فڕۆكەكانی توركیا كردیان وخۆیان گەیاندە سەر سنوورەكانی ئێران، نیشانەی گەلەكۆمەكیەكی زۆر ترسناك ورێككەوتنێكی هەرێمی وجیهانی زۆر مەترسیدارە، ئەگەر ئێران گڵۆپە سەوزی پێنەكردبێت فڕۆكەكانی توركیا ناگەنە ئەو شوێنانە، ئەگەر ناتۆ وئەمریكا گڵۆپی سەوزیان بۆ توركیا پێنەكردبێت، فڕۆكەكانی توركیا تەنانەت بوێری ئەوە ناكەن، بەسەر ئاسمانی هەرێمیشدا بفڕن. بەراستی ئەوەی ئەو بێدەنگیەی لەهەرێم دەبینرێت سیاسەت كردن نیە، بەڵكو شەرمەزاریەكی سیاسی و حزبی وگەلی ونیشتمانیە، چاو گرتن وبێدەنگ بوون هەرێمی كوردستان ناپارێزێت، ئەوەی هەرێمی كوردستان دەپارێزێت شكاندنی ئەو بێدەنگیە ئابڕووبەرانە وپڕ شەرمەزاریەیە! ئەو هێرشەی ئەوڕۆ فڕۆكەكانی توركیا كردنیانە سەر هەرێم، سەرەتای قۆناغێكی پر مەترسیدارە، بێدەنگی وملكەچكردن، هەرگیز هەرێم رزگار ناكات، بەڵكو پەرتەوازەو ریسواتری دەكات!.


24/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر