لەبری شەرمەزاریی و ڕیسوایی….!

د. کامەران مەنتک
رژێمە دیكتاتۆرەكان توانیان ژن ومنداڵی كورد زیندە بەچاڵ بكەن، توانیان شار وگوندەكانی كوردستان كیمیاباران وئەنفال بكەن، بەڵام هەرگیز وەك ئەو حیزب ودەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی كورد نەیانتوانی تاكی كورد بەوشێوەیە ریسوا بكەن، بەرهەمی سی ساڵی رابردوویان، هەرێمی كوردستانیان كردە هەرێمی سیخوڕ وتریاك خۆر ودز وجەردە وپیاو كوژەكان، میتی تورك وئیتیلاعاتی ئێران لەهەرێم تەراتێن دەكەن، هەر رۆژەی شۆڕشگێڕێكی كورد لەبەر زەقەی چاوان وبەرۆژی رووناك تیرۆر دەكەن، هەواڵەكان پڕن لە بۆردومانكردنی درۆنەكانی توركیا بۆ ئۆتۆمۆبیلەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان وشەهیدكردن ولەناوبردنی دەیان گەنجی وڵاتپارێز، كە تاكە تاوانیان ئەوەیە خەون بە ئازادی میللەتەكەیانەوە دەبینن، چ شەرمەزاریەكە گەنجی كورد وا پەروەردە بكرێت، كە لەپێناو بڕێك پارە، كە دڵنیام لەویش شەریكە بەشی هەیە، سیخوڕی بۆ دەزگا هەرێمیەكان بكات وبراكانی خۆی تیرۆر وخەڵتانی خوێن بكات، ئایا ئەمە تەنیا تیرۆر كردنە یاخود پڕۆسەیەكی بازرگانییە و لەپەنایەوە چەندین بەرپرسی نابەرپرس گیرفانیان گەرم دەبێت!.

راستە مێژووی كورد پڕیەتی لە جاشایەتی وخۆفرۆشی، بەڵام ئەو جاشایەتی وخۆفرۆشیە هەرگیز خەڵكی دڵسۆزی كوردستان نەیكردووە، ئەو كەسانە كردوویانە، كە دەسەڵاتدار بووینە ولەپێناو مانەوە وخۆشگوزەرانی خۆیان هەموو وڵاتیان تەسلیمی داگیر كەران كردووە، ئەوان بووینە گەنجی كوردی دڵسۆزیان ناچار كردووە، كە پەنا بۆ هەموو شتێك بەرێت، تەنیا بۆئەوەی لەدەستی ئەوان رزگاریان بێت، زۆربەی ئەوانەی وەك جاش دەناسرێن ورۆژێك لەرۆژان راوی پێشمەرگەیان دەكرد، گەنجی دڵسۆز و وڵاتپارێز بووینە و لەڕقی ئەوانە چەكی جاشایەتیان هەڵگرتووە، هەر بۆیە دوای راپەڕین ئاشت بوونەوە و ویەكتریان لەهەمێز كردەوە! لەمەودوا دەبێت مێژوونووسانی كورد مێژووی كورد وسەركردە جاش وخۆفرۆشەكان لەیەكتر جیابكەنەوە وبەجیا لەسەری بنووسن، لەبەرئەوەی سیخوڕ ونیشتمان فرۆشەكان وڵاتیان نیە، ئەوان بەشێك نین لەمێژووی ئەو نەتەوەیە، هەركاتێك ئەوانە لەمێژووی نەتەوەكەمان تووڕهەڵدران، بەشێكی زۆری كێشەكانی كورد چارەسەر دەبێت!

خەڵكی دڵسۆزی كوردستان لەوەتەی هەیە قوربانی دەدات وسەركردە بەناو سەركردەكانی دەیفرۆشن ودەیخەنە دەستی دوژمنەكانی، ئەگەر وانەبێت بۆچی تا ئێستا سەركردەیەكی باشوور، نەخۆی نەكەسێكی نزیكی نەكوژراوە ونە لەگوڵ كاڵتری پێگوتراوە! بۆچی قاسم لۆ، شەرەفكەندی، تیرۆكران، بۆچی وڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان و هەموو دنیا بەدوای ئۆجەلانەوە بوو، تاوەك لەكونجی زیندانیان ئاخنی، ئەی بۆچی پێشوازی لەبەناو سەركردەكانی باشوور دەكرێت، بۆچی ئەوان تا تەمەنی …. دەژین وتەنانەت لەناو كونە شاخەكانیشدا، لەكاتیكدا پێشمەرگەكان بە سكێك تێر ودەیان سك برسی دەژیان، ئەوان ژیانێكی شاهانەیان دەبردە سەر!

كام سەركردەی باشوور هەبووە، نەك خۆی بەڵكو كەسێكی نزیكیشی لەشەڕێكی رووبەڕووبوونەوەی دوژمندا گیانی بەخت كردبێت؟ بۆچی هەزاران خانەوادەی كورد لەباشوور وێران بوو، منداڵی هەژاری كورد لەشارەكان، لەچیاكان، لەگوند وپێدەشتەكاندا، بەناوی كوردایەتیەوە راوەدوونران وتیرۆر كران، كەچی ماڵی سەركردەكان تادێت بەرزتر وئاوەدانتر دەبیتەوە! ئەوە چی دەگەیەنێت فڕۆكەكانی توركیا، تۆپەكانی ئێران، وڵاتەكەت بۆردومان دەكەن ونەك مرۆڤەكان بەڵكو دارەكانیشت دەبڕنەوە دەیسوتێنن، تۆش بەرگریان لێبكەیت، پێشوازیان بكەیت ودەست لەناو دەست بەروویان پێبكەنی! دەمەوێت بنووسم ئای ئەمە چ شەرمەزاریەكە، چ ریسواییەكە، بەڵام نەشەرمەزاری ونەریسوایی ئەو دۆخە پێناسە ناكات، بۆیە دەبێت لەبری ئەو وشانە بەدوای وشەی تردا بگەڕێین، شەرمەزاری بۆ رەفتاری كەسانێك شیاو نیە، كە هەموو تەمەنیان بۆ فرۆشتن وبێبەهاكردنی گەل و وڵاتەكەیان تەرخانكردووە!.

17/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر