(داد) و (بێ داد) ەکان

دلێر محەمەد


کورد ئەڵێت بەر لەوەی (سوژنێک بکەی بە کەسدا دەرزییەک بکە بە خۆتدا). سوژن کە هەم ئەستورتر و هەم درێژتر ڕۆ ئەچێتە جەستەی ئازاردراوەوە تا دەرزییەکی بچووک. جا ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی، دەرزی ئاژەنینی بەغدادت لا بە ئازارە بیرێک بکەرەوە لە هەموو ئەو ئازارە تولانییانەی کە بە سوژن ساڵانێکە ئەیژەنیتە جەستەی گەورە و بچووکی ئەم میللەتەوە.

ئەگەر دادگا جێگەی سەندنەوەی مافە و  لە پێناو چەسپاندنی یاسا دامەزرا بێت، دەبێت وشەی داد بکاتە عەدالەت واتا بۆ عەدالەت ئەبێت ڕوو بکەینە عەدالەتخانە. کورد لە مێژە دەڵێت (داد و بێ داد) واتا کارێک کراوە کە هیچ عەدالەتی تێدا نیە. کەواتا داد و بێ داد ئەکاتە عەدالەتی بێ عەدالەت. جا ئەگەر جاران کورد بە ڕەعیەت و خاوەن ڕەعیەتەوە بێ دادییان لە گەڵ ئەکرا، گورج ئەچوونە یەک بەرەوە و بە یەک دەنک داوای دادپەروەرییان ئەکرد. بەڵام ساڵانێکە بوون بە دوو بەشەوە: بەشی ستەمکار و ستەملێکراو. ئەوەشی کە ڕاسپێردراوە ستەملێکراو و ستەمکار لە یەکتری جیا بکاتەوە، دادگا یان عەدالەتخانەکانی هەرێمە. دەی دەسەڵاتی کوردی خاوەن دادگاکانی هەرێم، تەماشایەکی ئەو دیو شیشەکانی زیندان بکەن بزانن چەندتان ستەملێکراو کردووە بە ستەمکار و داد و بێ دادتان کردوون!؟ تەماشایەکی بەر باخەڵ و گیرفانی بەتاڵی زۆرینەی خەڵکیش بکەن و بەراوردێکی بکەن لە گەڵ تەخشان و پەخشانەکانی بنەماڵە و حزب و دەربارەکانیان بزانن کامیان داد و کامیان بێ دادییە!؟ ئەنجا داد و بێ دادی و ڕووی گلەیی و دەمتان بکەنە دادگای باڵای فیدراڵی. 

عەرەبی عێراق ئەڵێن (ێ‌نی یاهو مالتی) واتاکەشی ڕێک وەکو وتە بەناوبانگەکەی سەرۆکەکەی پشووی عێراقە کاتێ لە مەسەلەی زیندانییەکانی بادیناندا وتی (من عەلاقەم پێدا نیە) روونتر بڵێم واتا زیندانی ئەکرێن یان ناکرێن هیچ پەیوەندی بە منەوە نیە، عێراقییەکانیش هەر ئەمەیان مەبەستە لەو وتەیەی پێشووتر، لێت قەوماوە یان نا بە من چی!؟

جا تێفکرە هەی دەسەڵات کە داهاتی نەوت و وەبەرهێنان وسەرچاوەکانی دیکەی وڵات بۆ بنەماڵە و حزب و دەربارەکانی وەکو نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و کچە پێش و پاش بەرزەکان و بندیوارەکان بێ، چاوەڕوان مەبە منی هەژار و منی مامۆستا و منی فەرمانبەر و منی دەرەوەی  دیوارەکەی حزب، شیوەنت لە گەڵ بگێڕم، دژی بڕیارەکەی دادگا باڵای فیدراڵی. بەڵکو بڕۆ لە خۆپێشاندانێکدا خۆت و کوڕ و برازەکەت و برا و برازا موستەفیدەکانی دیکە و کچە مۆدیلێک و چاوگێڕێکی سیاسی خۆت و ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵەکانی نەوت و ئەردۆگان و هەندێک چەکداری ستالین پەنا و هەندێکی ڕۆژ و چەند بندیوارێکی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتیش، هەموویان ببە بۆ بەر دەرگای دادگای فیدڕاڵی و لافیتەکانی فشە کوردایەتشییان بدەرە دەست. چونکە گەر داهاتی نەوت بارانیش بێ، کە قەترەیەکی بەر من نەکەێت، ببارێ و نەبارێ، ئێمە تازە نوێژی بۆ ناکەین. بە دەردی کابرا عەرەب وتەنی (یاهو مالاتنا).

کورد ئەشڵێت (زاڵم زەواڵی هەیە). لە بەر ئەوەی ساڵانێکی زۆرە زوڵم کاری سەرەکی خۆتانن لەمەیان چاک تێدەگەن. بەڵام سەبارەت بە زەواڵەکە، لە وشەی (زوال) ی عەرەبییەوە هاتووە و ئەم وشەیەش لە ڕەگی (زال) ەوە هاتووە واتا لائەچێت، تیائەچێت یان نامێنێت. ئێتر هۆکاری ئەم زەواڵە یان ئەم تیاچوونەی زوڵمەکانی زاڵم دوژمنێکی داگیرکەر بێت، دادگای فیدراڵی بێت یان کارەساتێکی سروشتی بێت، ئەوا ستەملێکراو بە ناچاری پێشوازی لێ ئەکات و ستەمکار بە خۆی و بندیوارەکانێوە هەتیو و بێکەس دەکەونە دەستی زەواڵ واتا نەمان. چونکە قەبارەی ستەمتان بە ڕادەیەک ئەستوور بووبوو، کە نزیک بوو بووەوە لە قرتاندن. ئاخۆ نەتانبیست بوو کە پێشینان وتوویانە ئەوە تەنها  ستەمە کە لە ئەستووریدا ئەقرتێ. جا ئێوە پەند لە پێشینان وەرئەگرن!؟

16/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر