بارزانی لە غیابی تاڵەبانی و مستەفادا

دلێر محەمەد
ڕەنگە هیچ پەندێک وەکو ئایەتی (...عسی ان تحبوا شیئا وهو شر لکم...) واتا:لەوانەیە دڵتان بە شتێک خۆش بێ، کە خۆی خراپ بێ بۆتان..، ڕێک بە باڵای بارزانی ئەمڕۆدا نەدوورا بێت. ئەگەر بارزانی بەر لە مردنی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا، ئەوانی وەکو ڕێگری گەورەی بەردەمی خۆی سەیر کردبێ، لە بوون بە تاکە مەرجەعی کورد یان لە بەردەم خەونەکانیدا. ئەوا ئەمڕۆ هەردوو ڕێگر لە ژیاندا نەماون و بارزانیش تا دێ بازنەی بە مەرجەعی بوونی تەسکتر دەبێتەوە و هیچ پلانێکیشی سەرناگرن و هەموو کات له پاش دەست بۆ بردنیان، دەیگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. ڕەنگە هیچ کەس وەکو بارزانی مەرگی تاڵەبانی و پاشانیش نەوشیروان مستەفای لە خۆش بەختی خۆی نەبینی بێت وەکو ڕکابەر. بەڵام ئەمڕۆ لە زۆر دۆخدا، لە بوون و مانەوەی ئەواندا لە ژیان، زۆرتر بە سودی بارزانی دەشکایەوە نەک بە زیانی. چونکە پێگەی بارزانی سەردەمی ئەوان گەلێک لە بارزانی دوای مردنی ئەوان نزمتر بۆتەوە. ئەگەر چی بارزانی هەموو ڕێگایەکی لە گەڵ تاڵەبانی و مستەفا بەکارهێنا و نەیانتوانی بیانسڕێتەوە و کاریگەرییان نەهێڵێت، تا دواجار بە مردنی خوایی، ئەم ڕکابەرانە نەمان.  ئەگەر چی هەندێ لە پارتییەکان خۆزگەی مانەوەی  تاڵەبانی لە ژیاندا دەخوازن، بەوەی کە مامەڵەکردن لە گەڵ یەکێتی تاڵەبانی ئاسانتر بوو له سەردەمی دوای ئەو. بەڵام مەبەستەکەی من زۆر لەوە جیاوازترە.

ئەگەر بیرمان بێت ڕیفرندۆم پڕۆژە و خەونێکی بارزانی بوو بە پلەی نایاب. بارزانی ئەم پڕۆژەیەی لە ئامادەنەبوونی تاڵەبانی و مستەفا، بێ منەت بە سەر هەموواندا سەپاند. سەرکردایەتی حزبەکانیش ئەیانتوانی ببنە ڕێگری ڕاستەقینەی بەردەم ئەم هەنگاوە هەستیارە، بەڵام لە بەر هەر هۆیەک بووە، بوونە شەریکی بارزانی. هەر نەبێ سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان لە کەمپەینێکی بوێرانەدا خەڵکیان لە مەترسی ئەم بڕیارەی بارزانی وشیار بکردایەتەوە و دواجاریش ڕێگریان لێ بکردایە. بەڵام وا دیار بوو بە هۆی تێوەگلانی مادی و هۆکاری دیکە و لە بەر لاوازی و شەرمنی بڕیاردانی سیاسی خۆیان چوونە بەرەی ڕیفراندۆمەوە. ئەوەی لەم مەیدانە بەرهەڵستی کرد ساشواری نەوەی نوێ بوو، کە ئەمڕۆ وردە وردە ئەو دەستەش خەریکە کەشف دەبێ کە هەر لە خزمەتی پڕۆژەکەی بارزانی بووە. ئەگەر تاڵەبانی لە ژیاندا بووایە نەک نەیدەهێشت ئەو هەنگاوە بنرێ بەڵکو بارزانیش ئەوەندە دەستکراوە نەدەبوو لە سەپاندنی. چونکە هەم تاڵەبانی توانانی وتنی نەخێری هەبوو و هەم بارزانیش ئەیزانی مانای نەخێری تاڵەبانی چییە. چاکەی تاڵەبانی بۆ بارزانی لەوەی کە باشترین پینەچی سیاسی بوو لە بەغدا بۆ هەڵە و پەڵە و لێدوانەکانی بارزانی.  لە دوای هەر نەورۆز و بۆنەیەکدا، بارزانی بەغدای ئەوروژاند و پەیوەندی ئەپساند و تاڵەبانیش هیوری ئەکردنەوە و گورج بۆی گرێ دەدانەوە. لە مەسەلەی نەوت ومووچە و پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکان، تاڵەبانی هەمیشە فریادڕەسی بارزانی بووە، کە ئێستا دوا بە یەکیان، لە سایەی بارزانی باوک و کوڕ و برازادا، لە قەیرانی قووڵ و لە دەست چووندایە. وجودی تاڵەبانی لە بەغدا وایکردبوو بارزانییەکان هەردەم خاوەن هەموو شت بن بە تەراتێنی ناوچە لە دەست دراوەکانیشەوە. ئێستا ئەپرسم کە ئاخۆ مەرگی تاڵەبانی چ کۆستێک بووە بۆ بارزانی، کەوا ئەوی دڵخۆش کردبوو بەوەی بەم مەرگە، ڕێگەی بۆ تەخت بووە. ئایا پێنەوپەڕۆ سیاسییەکان و نەخێرەکانی تاڵەبانی باوک، بارزانی لەم هەموو هەڵە ستراتیژی و بارگرانی و قەیرانانە نەدەبوارد، گەر بمابا!؟

ئەمما سەبارەت بە نەوشیروان مستەفاش، کە هێندەی لە خەمی گۆڕانکاری و چاکسازیدا بوو لە سیستمی سیاسی و لە خەمی دەرهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بوو لە دەستی پارتی، هێندە مەبەستی لە لەناوبردنی پارتی و بارزانی نەبوو. وەکو وێنای بۆ دەکرا. ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی ئامادەیی تیابوو لە پاش ئۆپۆسزیۆنی بوونی، بچێتەوە نێو شەراکەتی سیاسی لە گەڵ پارتیدا. خۆ ئەگەر پارتی و بارزانی مەرجەکانی نەوشیروانیان جێ بە جێ بکردایە لە کاتی خۆیدا، دڵنیاین کە پارتی لە ئێستای ڕاوەستاوتر و گەشەسەندووتر دەبوو نەک پێچەوانەکەی. ئەگەر یەکێتی تاڵەبانی بە هێزی سەربازی و سیاسی خۆی بووە ڕێگر لە بەردەمی کەوتنە سیاسییەکانی بارزانیدا ئەوا نەوشیروانیش خاوەنی هێزی جەماوەر و شەقام بوو لە زۆنی سەوزدا، ئەو جگە لە جوڵاندنی جەماوەری گۆڕان، سیحری لە جەماوەری یەکێتی و ئیسلامییەکانیش کردبوو. ئەو ئەیتوانی بە هۆی جوڵاندنی شەقام ڕێگە لە زۆر هەنگاوی هەڵە و کوشندەی بارزانی بگرێ لە کاتی خۆیدا و بیبوارێ لەم دۆخە خراپەی کە بارزانی و پارتی تێکەوتووە، کە ئەگەر مەرگ مەودای ئەمیشی بدایە. ناشبێت ئەوەمان لە بیر بچێت تاڵەبانی نەوشیروان مستەفا بەر لە مردنیان درکیان بەوە کردبوو کە بارزانی لە ڕێی هەڵەشەی سیاسی گەوەردایە و هەر زوو پێکەوە، پەیماننامەی دەباشانیان ئیمزا کرد. ئەو پەیماننامەیەی کە پارتی ناچار دەکرد بە ڕازی بوون بە داخوازییەکانی یەکێتی و گۆڕان پێکەوە وەکو گەورەترین کوتلە و بەرەی پارلەمانی و جەماوەری، کە ئەو دەم پێکەوە زۆرینەی ڕەهای سلێمانی و زۆرینەی هەولێر و بەشێکی بادینانیشیان لە پشت بوو. باوەڕ ئەکەم ئەو زیانەی کە بەر بارزانی و پارتی دەکەوت ئەو دەم زۆر کەمتر ئەبوو لەوەی پارتی و بارزانی بەریانکەوتووە تا ئێستا. لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە مەرگی تاڵەبانی و مستەفا، بارزانیان نەگەیاندە لوتکە بەڵکو بوونە هۆکاری ئەوەی تەنانەت عەبادییەکیش بتوانێ زەفەری پێ ببات.

29/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر