دینكم دنانیرکم

دلێر محەمەد

کولتوری کوردی، پڕ پڕە، لە وتەی فەلسەفی پڕ مانا و پەندی پێشینانی، وتراوی، دوای ڕووداوگەلێکی دووبارە و ئەزموون کراو.

پێشینان وتوویانە (پارە بدە مەلا لە مزگەوت دەرکە).

 پارەدان واتا بەرتیل دان، واتا بەخشینی پارەی حەرام، لە مزگەوت دەرهێنانی مەلاش، واتا دابڕینی لە خودا و لە پەرستن و بردنی بۆ هەر جێگا و هەر فەرمانێک بە ئارەزووی بەرتیل دەر.

مەلا واتا پیاوی ئایین. ئەبوو مەلا هەرگیز‌ سەر بە سەرکردەی، بەندەی خودا نەبووایە و سەر بە حزب و بیر و بزاوتی، دەستکردی، مرۆڤی بەندەی خوداش نەبووایە. مەلا دەبوو، سەری بە هیچ بارەگایەکی حزبیش نەکردایە. بە بارەگا و حزب و سەرکردە ئیسلامییەکانیشەوە. چونکە مەلا سەر بە خودا و  سەر بە بارەگای خودا و ئایینە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە ئایین دەست نادات ببێ بە بەرنامەی حزبی و خوداش ناکرێت خودای حزبێک بێت و مەلاش نابێت ئەندامی حزبی بێت.

 هەموو ئەمانە لە بەر ئەوەیە کە خودا و بارەگای خودا و بەرنامەکەی و مەلاکانیش، موڵکی گشتی و مرۆڤایەتین، ناکرێ و نابێت بە حزبی و سیاسی بکرێن. سنور و جوگرافیای جموجۆڵی مەلا و ئایین، بەرماڵ و میحراب و مزگەوتە، لەو شوێنانەشەوە ڕێک ئەکرێ، بچنە ناو ڕوح و دڵی مرۆڤەکانەوە. هەر کات ئەمانە چوونە ناو جوگرافیای بازاڕ و سیاسەت و فەرمانەکانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە، ئەوە ئیتر، خۆیان و ئایین ناشرین ئەکەن و ژیان و بازاڕ و سیاسەتیش ئەشێوێنن. مەلا نابێت مۆرکێکی حزبی و تایبەتی هەبێت، مەلا دەبێ موڵکی گشتی و هی هەمووان بێت، بەوانەشەوە کە دژن و بێ باوەڕیشن.

کاتێک مەلا ڕوو لە کەعبە وەرئەگێڕێ و بە دوای پارە ئەگەڕێ، ئیتر ئەبێت لە دەرگای ئەم حزب و ئەو حزب و ئەم سەرۆک و ئەو سەرکردە بدات، نەک لە دەرگای خودا.

هەندێک وەزیفە و فەرمان هەن لە نێو کۆمەڵگادا، کە دەبێت ژیان و گوزەرانی شایستە بۆ فەرمانبەرنیان دابین بکرێ، بەجۆرێک چاو لە دەستی حزب و سیاسەت و بازاڕ نەبن. لەوانەش‌ مامۆستا و دکتۆر و دادوەر و پیاوانی ئایین و…هتد. هەر کام لەمانەش‌ بوون بە کەسانی سەر بە حزب و سەرکردە، ئەوا بزانن کە ئەمان ئیتر لە خوایی بوون و دادپەروەری و پەروەردەکار دادەماڵدرێن و چارەسەریش نابەخشن.

تایتڵی ئەم وتارە ئەگەڕێنرێتەوە بۆ وتەیەکی (مەنسوری‌ حەلاج ٨٥٨-٩٢٢) کە ڕوو بە ڕووی پیاوانی ئایینی سەردەمی خۆی کردووە کاتێ وتوویەتی (دینکم دنانیرکم و نسائکم قبلتکم و…) وا دیارە، دیاردەی فرۆشتنی دین بە دینار، زۆر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ کۆنترە، بەڵام ئەوەی هەیە ئێستا باوی دینار نەماوەو کڕینی دین بە دۆلاری ئەمریکی و ڕیاڵی سعودی و قەتەرییە.


24/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر