چل ساڵ بۆ دواوە و هەشتاش بۆ پێشەوە

دلێر محەمەد
(لكل فعل، رد فعل، یعاكسە فی الاتجاه و یچاعفه فی القوە) واتا (هەموو كردارێك پەرچەكردارێكی هەیە، بە ئاراستەی پێچەوانە و بە هێزی دووبەرانبەر) ئەمە وتەی من نیە و یەكێكە لە یاساكانی جووڵەی نیوتن. بە كورتی ئەگەر تۆ تۆپێكی ئاسن بكێشیت بە دیوارێكی كۆنكرێتیدا، ئەوا بە هێزكی دووبەرانبەر ڕوو بە ڕووی خۆت ئەگەڕێتەوە. ئەگەر چی ئەم یاسایە لە بواری فیزیادا دۆزراوەتەوە، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانە و ڕووداو و كار و كردەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیشدا، هەستی پێ دەكەین.
(فعل) لێرەدا واتا كردەیەكی توند یان پەستانێك یان زۆردارییەك. بۆ نموونە گەر بەردێك لە پەنا زەلامێك دابنێین، زەلامەكە هیچ كاردانەوەیەكی ئەوتۆی، بۆ بەردێكی جێگیر نابێت. بەڵام گەر هەمان بەرد بە ئاراستەی هەمان زەلام بهاوێژین، ئەوا سەرەتا هەوڵی خۆپاراستن و پاشان پەلاماردان دەدات، ڕەنگە بە هەمان بەرد یان چەند بەردێك.
جەماوەری نێو خۆپیشاندانێكی ئارام هیچ دام و دەزگا و هیچ چەكدارێكی دەوڵەتی لێ نابێت بە دوژمن و هەتاوەكو لە نێو ئەو دام و دەزگایەوە یاخود لە لایەن ئەو چەك بەدەستانەوە، پەلامار نەدرێ. 
لەچك و پەچە لە باشوری كوردستان زۆرداری نیە، كەچی خەڵكانێك بە ئارەزووی خۆیان، دەیدەن بە سەریندا، بگرە هەندێكیان ئامادەن، تەنها دوو كون بۆ بینین بهێڵنەوە و سنتیمتر دووجایەكیش پێستی لەشی خۆیانت نیشان نادەن. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە چل ساڵە، لەچك بە زۆر ئەسەپێنرێ، بەڵام دەبینین ساڵ دوای ساڵ، دەبێت بە بار بە سەر‌، سەر و شان و ملی كچان و ژنانی ئێران و كوردستاندا و هەمیشە لە دەرفەتی لابردن و تا دواجار سووتاندن و خستە ژێر پێشی تێدەكەوێت.
ئەگەر چی كۆمەڵگای كوردی بەگشتی، كۆمەڵگایەكی خێڵەكی خاوەن پەیوەندی خێزانی توندوتۆڵ بووە و ئەمەش بۆ خۆی هەندێ داب و نەریتی لێ كەوتۆتەوە، وەكو هەڵسوكەوت و پۆشین. بەڵام ئەمە كردەیەكی خۆبەخۆ و بێ هیچ زۆردارییەكی ڕاستەوخۆی دەرەكی بووە. هەربۆیە تا ڕادەیەك قبووڵكراو بووە. بەڵام ئەوەی جمهوری ئیسلامی لە چل ساڵی ڕابردوو بە زەبر و زەنگ سەپاندوویەتی، سەرەداوی پەرچدانەوەیەكی بەهێزی دووبەرانبەری ئەو زۆردارییە، ئەوا ئێستا دەركەوتووە. كۆمەڵگای كوردەواری، خاوەنی جۆرێك لە ئایین پەروەری ئاشتییانە بووە و بە جۆرێكیش، جیاواز‌ لەوانی تر و كەمێك كراوەتر و شلتر‌، ئەم گیانی ئایین پەروەرییە، لە سەرپۆش و پۆشاكیدا ڕەنگی دابووەوە. ئەمە لە بەر ئەوەی لە ژێر زەبر و كاریگەری هیچ لایەنێكی دەرەكی نەبووە، ئەمە بۆ دۆخی بەر‌ لە هاتنی جمهوری ئیسلامی. بۆیە هیچ كات كاردانەوە كورد لە ڕوو بە ڕوو بوونەوەی سیستمی سیاسی بە هۆكاری زەبری ئایینی نەبووە، لە پێش ئەم كۆماری سێدارە و ستەمەدا. بەڵكو هەمیشە هۆكاری زمان و كولتور و سەروەری نەتەوە و خاك بووە.  بەڵام كاتێك جمهوری ئیسلامی دێت  چڵ ساڵ بە ئاسن و ئاگر هەر هەمان ئایین ئارەزوومەندانە، بە سەر گەلانی ئێراندا ئەسەپێنێ، كە ئایینەكە، بە جۆرێك لە جۆرەكان، پێشتر قبووڵكراو بووە. بەڵام ئەم كرداری زەبرەی لە گەڵدا نەبووە. لێرەدا ئیتر، ئایین و سەپاندنی ڕێوڕەسمەكانی، وابەستە دەبێت بە زەبر و زەنگ و ستەمەوە. بەمەش وردە وردە، ڕق و كینەی خەڵكی كورد لە سیستمەكەوە كە نەتەوەییە دەگۆڕێت بۆ ڕق هەڵگرتن لە خودی ئایینەكە و ڕێساكانی. ئەوەی زیاتر كە دەیبینین گڕكانی ئەم ڕقە لە شارێكی وەكو سەقزەوە تەشەنە دەسێنێ و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و تەواوی ئێرانیش ئەگرێتەوە. ڕەنگە لە بەدبەختی خودی جمهوری ئیسلامییە كە ژینا ئەمینی كچە كورد، بوو بە قوربانی زەبری سپاندنی یاسایەك لە سوچێكی تاران و دواتر  بوو بە چەخماخەی هەڵگیرسانی شۆڕشێك دژی تەواوی سیستەمە ئیسلامییەكە. هەر ئەم كچە كوردەش‌ بوو بە هۆی كۆكردنەوەی تەواوی گەلانی ئێران دژ بەم ئیسلامگەراییە زۆرەملێیە.  لەو سۆنگەیەشەوە كە جمهوری ئیسلامی ئەگەر جارێك ستەمی لە بەشە فارسەكەی ئێران كردبێت، ئەوا دووجار ستەمی لە بەشە كوردستانییەكەی ئێران كردووە. ئەگەر فارسێك تەنها ستەمی بە زۆر سەپاندنی ئایینی لە سەر بووبێ، ئەوا كوردێك لە ڕێگەی بە زۆر سەپاندنی ئایینەوە ستەمی نەتەوەییشی لێكراوە. بە هەر حاڵێكە ئێران ویستی بە لەچك سەپاندن تەواوی گەلانی ئێران بە یەكپۆشی ئیسلامی بپۆشێت، بەڵام ئێستا سووتاندنی هەمان پۆشاك، تەواوی جیاوازییەكانی یەكخستووە دژ بەم سیستمە ئیسلامییە سەپێنراوە. ئەم شۆڕشە كە سەرەتاكەیمان لێرە دیارە و كۆتاییەكەی نادیار. ئەگەر بێتوو كۆتایی ئەم وەرچەرخانە ناوازەیە، بە دڵی كچە بێسەرپۆشەكانی شەقام و دژ بە ئاخوندە عەمامە بە سەرەكان  بسووڕێ. ئەوا كۆمارە ئیسلامییەكە دەڕووخێ و دەبێت بە مێژوویەكی تاریكی ئێران و بۆشایی سیاسی دروست دەبێت. گەر ئەوانەی ئەو بۆشاییە پڕ دەكەنەوە، زوو بە زوو وڵات بەرەو كەناری ئارامی ببەنەوە. ئیتر جارێكی دیكە خۆری سیستەمی ئایینی، لە ئاسمانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەڵنایەتەوە. بە هەموو گریمانەیەك ئەوانەی ڕەنگ و ڕووی سیستەمی داهاتوو دادەڕێژن، هەر نەبێ خۆری ژن و ژیان و ئازادی، زۆر بە ڕوونی لە ناوەندی ئاسمانی ئەو سیستەمە هەڵدێت. بەمەش ژن دەبێتە سەر قافڵە و ئازادیش ئەبێتە لەمپەر لە بەر دەم ستەمی ئایینی و ژیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بە چەندین قۆناغ پێش گەلان و وڵاتانی موسوڵمانی دەوروبەر دەكەون. ماوەتەوە بڵێم بە ڕوخانی ئەم كۆمارە زۆردارییە، دونیایەك وڵاتی‌ ئیسلامی و عەرەبی و حزب و كەسایەتی ئیسلامی و نائیسلامی  عەرەبی و كوردی  بۆ هەتایە هەتیو ئەكەون. گەر عاقڵانی سیاسی داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دیاری بكەن، ئەتوانن ئێران بگۆڕن بە وڵاتێك، تیشك و پریشكی ئازادی و دیموكراسی بەر سەرجەم وڵات و میللەتانی ناوچەكەش بكەوێت.





11/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر